گەڵاڵی، هۆزێکی گەورەی کوردن‌و لە دێر زەمانەوە لە وڵاتی شارەزووری کۆن نیشتەجێ بوون. بەشی زۆریان ئێستا لە ڕۆژهەڵاتو باشووری کوردستان نیشتەجێن. بە چەندین شوێن‌و وڵاتی جیهاندا بڵاوەیان کردووەو لە هەندێ شوێن بچڕبچڕ و، لە هەندێ کیشوەر تۆق تۆق مۆڵیان داوە. لەم بەشەی کوردستان گەڵاڵی پێنجسەد ساڵێکە لەگەڵ تیرەکانی هۆزی گەورەی جـاف تێکەڵنو، لەو ماوەدا تا ئەم درەنگە، کۆچەر بوون‌و گەرمیانو کوێستانیان کردووە.
هۆزی گه‌ڵاڵی چه‌ندین كه‌سایه‌تیی دیاریان تێدا هه‌ڵكه‌وتووه. یه‌كێك له‌وانه (تۆفیق ئاغای گەڵاڵی) بووه.
تۆفیق ئاغا کوڕی عەباس ئاغا کوڕی ئەحمەد ئاغای گه‌ڵاڵی، لە (۱۸۷۰ ی عیسایی) لە دایکبووە، دایکی لە بەگزادەکانی بـانەیە، تۆفیق ئاغا چوار ژنی هێناوە، بەرهەمی ئەو هاوژینیانەی، شەش کوڕ و پێنج کچ بووە. ساڵی (۱۹٤۸) کۆچی دوایی کردووەو لە گۆڕستانی گوندی (ئەحمەد بڕندە)ی وارماوا، ئەسپەردەی خاک کراوە. خوێنه‌وارو زمان‌زان بووه. جگه له كوردیی، فارسی‌و عهرهبیو توركی‌و بڕێک ئینگلیزیشی زانیوە. به‌شداریی شۆڕشه‌كه‌ی (شێخ مه‌حموودی حەفید)ی كردووه‌و، ماوەیەک كراوه به مودیر ناحیه‌ی وارماوا، کە ئەو کاتە ناوەندی ناحیەکە گوندی (فەقێ جنە) بووە. فەقێ جنە گوندێکە لە ڕۆژئاوای دەربەندیخان٫
فەقێ جنە، بە ناوی فەقێیەکەوە ناونراوە کە لەوێ خوێندوویەتی‌و گوایە توانیویەتی جنۆکە بگرێ.
دێڕە شیعرێکی گۆرانیی فۆلکلۆر هەیە ئەڵێ:
" هـەڵـسـە! بـا بـڕۆیـن، بـۆ فەقێ جنە
نووشتەیەک بکەین لەم بەختی منە!"
تۆفیق ئاغای گەڵاڵی خوێنه‌وارو زمان‌زان بووه و جگه له كوردیی، فارسی و عه‌ره‌بی و توركی و بڕێک ئینگلیزیشی زانیووە
ئەچینەوە بۆ لای تۆفیق ئاغای گەڵاڵی..
كاتێك شێخ مەحموودی حەفید دوورخراوه‌ته‌وه بۆ هندستان، تۆفیق ئاغاش دوور خراوه‌ته‌وه بۆ به‌ریتانیا. له‌وێ هەندێک خۆی فێری ئینگلیزیی کردووە.
نامەیەکی دەستنووسی شێخ مەحموودی حەفید ماوە، کە بۆ تۆفیق ئاغای نووسیوە، ناوەرۆکی نامەکە سەبارەت بە ئیشێکی تۆفیق ئاغایە کە لای (بابە عەلی)ی کوڕی شێخ مەحموود بووە، شێخ ئیعتیزاری هێناوەتەوە بۆ تۆفیق ئاغا و، پێی ئەڵێ لەو کاتەدا بابە عەلی لە پۆستی وەزارەت نەماوەو (ساڵەح جەبر) وەزارەتی نوێی تەشکیل کردووە، نامەکە مێژووی (۳۱‌ی ۳‌ی ۱۹٤۷)و واژۆی شێخ مەحموودی لەسەرە.
تۆفیق ئاغا، به‌شدار بووە له شۆڕشه‌كه‌ی پێشەوا (قازی محه‌مه‌د) له مهاباد، یه‌كێك له كوڕه‌كانی به ناوی (حـەسەن) له لایه‌ن مەئموورەکانی ڕژێمی شای ئێرانه‌وه ده‌ستگیر کراوەو، به به‌رچاوی تۆفیق ئاغاوه له ژێر ئهشكهنجهیەكی تونددا شه‌هیدیان کردووە. بەوەشەوە دەستبەرداری نەبوون، بۆ ماوەی سێ ساڵ (تۆفیق ئاغا)یان دوور خستۆتەوە بۆ تـاران.
گەڵاڵییەکان لە کۆندا کۆچەر بوون‌و ئاژەڵدارییان کردووە، بە دوای لەوەڕدا گەڕاون بۆ وەتکردنی مەڕوماڵاتیان، لە سەرەتای بەهاردا گەرمیانیان جێهێشتووەو بەرەو شارەزوور و ئێلاخەکانی پێنجوێن‌و مەریوانو سەقز ڕۆشتوون، لە کۆتایی پاییز و سەرەتای زستانیشدا گەڕاونەتەوە بۆ هەوارگەکانیان لە گەرمیانو تا نزیکی گوڵاڵە (جەلەولا) و قەرەتەپە ڕۆشتوون، بەڵام زۆربەی کاتیان لە پووش و پەرێزی دەشتو هەردەی (شاکەل)دا بردۆتە سەر.
تۆفیق ئاغا، به‌شدار بووە له شۆڕشه‌كه‌ی پێشەوا (قازی محه‌مه‌د) له مهاباد و یه‌كێك له كوڕه‌كانی به ناوی (حـەسەن) شه‌هید بووە
شاکەل لەبەر دوو هۆکار بۆ گەڵاڵییەکان گرنگ بووە، یەکەم لەبەر ئەوەی بەگزادەو سەرخێڵو پیاوە گەورەکانی گەڵاڵی زۆر دۆست‌و دڵسۆزی کەسایەتیی ڕۆحیی (شێخ سەعید شاکەلی) بوون کە دەکاتە باوکی صۆفیو خواناسی دەشتی گەرمیان (شێخ ئەحمەدی شاکەلی)و باپیری شێخ محمد شاکەلی و شێخ سەعید شاکەلی. مەزاری شێخ سەعید شاکەلی لە گوڕستانی شاکەلییەکانە لە نزیک گوندی (سەیدە)ی گەڵاڵی لە ڕۆژئاوای کەلار. گەڵاڵییەکان بە ڕادەیەک وابەستەی شێخ سەعید بوونە، زۆر جار سوێندیان بە سەری شێخ‌و تەنانەت ئەو دار و دەوەنانە خواردووە کە لە نزیک تەکیەو بارەگاکەی شێخ سەعید ڕووابوون.
دووەم، هەردە و دەشتی شاکەل لەوەڕ و پاکژێکی چاکی هەبووەو جێی ڕەوە ئاسکی کێوی بووە، لەبار بووە بۆ ئاژەڵداریی. گەڵاڵییەکان بۆ موبارەکیی، کەسێکیان وەفاتی کردبێ لەو گۆڕستانە بە خاکیان سپاردووە، تا چاوبڕکا قەبری گەڵاڵییە، زۆر جاریش گەڵاڵییەکان لە کاتی مەرگیاندا بۆ لاواندنەوەی ئەو پیاوە گەورانەو ئازیزانی کۆچکردوویان بە شین‌و گریانەوە ئەم دێڕەیان وتووەتەوە:
" هەر خـۆم بە قوربـان چەفتە و کڵاوت!
هەر شـاکەل خۆشە، پـەی ئـاسکەڕاوت!"
وچانێکی زمانەوانیی لەتەک وشەی (پـەی):
ــ پەی: وشەیەکی کۆنی کوردیی (گۆرانی = هەورامیی = ماچۆزوان و جافی)یە، لە باری ڕێزمانەوە ئامرازیی پەیوەندییەو بە مانای (بـۆ) دێت.
ئەم (بـۆ)ی ئامرازی پەیوەندییە جیاوازە لە ئامزازی پرسی (بـۆ)ی سۆرانی، هەروەها جیایە لەو (بـۆ)یەی ماچۆ کە بە مانای (بـۆن) دێت.
بێسارانی ئەڵێ:
" قیـبلەم! وە شەو بۆ .. قیبلەم! وە شەو بۆ
مەیل کەر وە جەستەم، شەوێ وە شەو بۆ
بـدەم نە دەمـاخ شـەوبۆت چوون شەوبۆ
تــــا دڵــم ســـاکـن بـە بـۆی شـەوبـۆت بۆ "!
لە دێڕی یەکەمی ئەم پارچە شیعرەی بێسارانیدا سێ جار (بـۆ) هاتووە کە هەر سێکیان بە مانای (بوون) دێت.
لە دێڕی دووەمدا پێنج جار (بـۆ) هاتووە، چواریان بە مانای (بـۆن)و پێنجەمیان بە مانای (بوون) دێت.
ئەم (پـەی)یە کە گەڵاڵییەکان لەو دێڕە شیعری لاواندنەوەدا بەکاریانهێناوە، لە مەدرەسەی شیعریی گۆران‌دا زۆر بەکارهاتووە، مەلای جەباری (مەلا فەتاحی جەرباری ١٨٠٦-١٨٧٦) ئەڵێ:
"(پەی) یەکێ بمرە! پەرێت مەردە بۆ
ئـەو، جە تۆ زیـاتر ئـیمـان ھەردە بۆ "
واتە:
((بۆ کەسێ بمرە! کە بۆت مردوو بێ! ئەو لە تۆ زیاتر باوەڕی بە خۆشەویستیی بەتین‌و، وەفاو، دڵسۆزیی ببێ)).
ــ پەی: لای کورد بە مانای (دۆزینەوە، پەی پێ‌بردن، دەرکپێکردن)یش دێ.
ــ پەی: بە مانای (قۆڵایی، بن)یش هاتووە، مەلەوانێک لە گۆمی قووڵدا مەلە بکات‌و بیەوێ پێی بدا لە بنی گۆمەکە، ئەڵێ ناتوانم (پەی دایەڵم). کورد بە دەریای قووڵ‌و گەورە ئەڵێن (بەحری بێپەی).
ــ پەی پەی، پەیاپەی: بە مانای (تاو تاو، وردە وردە، پێ بە پێ، خۆش خۆش، یەک لە دوای یەک) دێ، مەولەوی ئەڵێ:
" سـەدای ئـاسـیاوچی مەیـۆ پەیـاپەی
ئاسیا‌و خاڵییەن، نەوبەتەن! سا! دەی!"
واتە:((خودا ئەم (بوون)ـەی لە شێوی ئاشێکدا سازاندووەو، فریشتەی گیانکێشانی کردووە بە ئاشەوانی، ڕۆژانە خەڵک ئەکاتە قوڕگی ئەو ئاشەداو وەک باراش ئەیانهاڕێو گیانیان ئەکێشێ، ئەوەتا ئاش خاڵیی بووەو ئیزرایل خۆش خۆش بانگمان ئەکاتو ئەڵێ نۆرەتانە! دەی! وەرن با گیانتان بکێشم)).
وچان بەسییەتی!
باسی تۆفیق ئاغای گەڵاڵی ئەکەین..
ئه‌و كه‌سه به ته‌مه‌نانه‌ی كه (تۆفیق ئاغا)یان دیوه، ئێستاش سه‌رسامن به ویقار و ههڵسوكهوتو نه‌فه‌س بهرزییو، دهستو دڵفراوانیو، ههستناسكیی تۆفیق ئاغا.
تۆفیق ئاغای گەڵاڵی پیاوێکی ئەدەبدۆست بووە، بە (سۆرانی و هەورامی) شیعری ناسک‌و تەڕ و پاراوی نووسیوە. چەند پارچەیەک لەو شیعرانەی ماون. زۆر دۆستی شاعیر و خواناسی دەشتی گەرمیان (شێخ ئەحمەدی شاکەلی) بووەو هاوزەمان ژیاون. دیارە هاموشۆ و کاتڕابواردنی خۆشیان پێکەوە بووە.
تۆفیق ئاغای گەڵاڵی پیاوێکی ئەدەبدۆست بووە، بە (سۆرانی و هەورامی) شیعری ناسک‌و تەڕ و پاراوی نووسیوە
" به یــادی ڕاو و، سـه‌یرانی (شاكه‌ل)
بـبـینم به چـاو، ئـاسـكـان گه‌ل گه‌ل
ته‌ركم كرد وه‌ته‌ن، نـاوچـه‌ی كوردستان
به تـاڵییو خه‌می دهشـتهكهی گه‌رمیان
ئێسـتـاكه، زیـاتـر ده‌ردم بــوو كاریی
نه ڕاو ئـاســك مـــا، نـه یــادگـــاریی
نه خـاوه‌ن (شاكه‌ل) ئهبـیـنم به چــاو
نه دڵ خـاڵـیـیـه له خـه‌فـه‌ت یه‌ك تـاو
نه پۆلی ئاسـكــان وه‌ك جـاری جاران
نه ده‌نگی هاتـهاتی چـاپووك سواران
شه‌و و ڕۆژ لـه بـیـری كـولـلـه و مـارم
له كـاری گـه‌ردوون هه‌ر خـه‌مـه كـارم
بهشـكـوم داخـهكـهی جێی چـاكهكاران
ئـــاوه‌دان كـاتـۆ (شـاكهل) وه‌ك جـاران ".
(شێخ ئه‌حمه‌دی شاكه‌لی)یش بەم نامە، وەڵامی (تۆفیق ئاغا)ی داوەتەوە:
" كـزهی خسته جه‌رگ، دڵه‌ی خه‌مبارم
چـه‌ند قـاتی كـردۆ ده‌رد و ئـــــازارم
كـــهلامـی دڵـســـۆز (ئـاغــای گهڵاڵـی)
به دڵــســۆزیی ئـه‌و دڵــم بـوو حــاڵی
دۆسـتهكهی گـیـانی! ڕاستت فه‌رمووه!
(شـاكـهل) وێـرانـه و، عـهزیهتـت بووه!
لـه‌گـه‌ڵ هـــاوڕێــیــان ڕاوت كـردووه!
كــاتت به سـه‌یـران ســهرف كـردووه!
به‌و یـادی سه‌یران ئه‌مساڵ وه‌ك ساڵان
ته‌ركت كرد وه‌ته‌ن، ناوچه‌ی كوردستان
نه بــهزم مــاوه، نه كـه‌یـف و ســه‌یران
نه زه‌وق و شه‌وق و، زه‌مزه‌مه‌ی جاران
لات كــۆ بــۆتـهوه! مـهیـنـهت فــراوان!
بۆ شـه‌وقی هـاوڕێـی شێخی گه‌رمیان
ئـهزانــێ، ئێـســتـا ده‌ردت كـاریـیه!
كـهیـفـت ڕووخــاوه! نــا دیـاریـیـه
بـه‌ڵام ئـه‌ی هـــاوڕاز! ڕهفـیـقـهكهی دڵ!
تۆ هه‌رگیز نه‌خۆی ڕێی مه‌ینه‌ت به دڵ!
بـه تهوفـیـقـی زات، تـاكی بێ هـاوتـا
ڕاوی تـیــا ئه‌كه‌ی! لــه‌و زێـد و مـــاوا
ئهگهرنــا به ڕای ئـێـمـه‌ش وه‌ك یــاران
به‌م گـشـت ده‌رده‌وه هـه‌ی بۆ مه‌زاران "*
هـه‌ی: ئامرازی بانگه‌وازكردنه لای کورد و عەرەب، بە عەرەبیی (حَیَّ)یە، کە بانگ ئەدرێ ئەڵێن:(حَیَّ عَڵێ الَّصلاه٘) واتە:(نوێژە! وەرن بۆ نوێژکردن!). لە کوردەوارییدا کەسێ خوازبێنی کچەکەی نەکرێ ئەڵێ (خۆهـەی توور ناکەم!).
هەر ئەم (هەی)یە کە بەقاڵ هاواری پێ ئەکات بۆ بانگردنی کڕیارانی.
* هـه‌ی بۆ مه‌زاران: واته هه‌ی بۆ گۆڕســتان، یان با بچین بۆ گۆڕستان. مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئاواتی ڕاوهئاسكو سه‌یرانه‌كه‌ی (تۆفیق ئاغا) لە دەشتی شاکەلدا به‌دی نه‌یه‌تەوە، ئه‌وا وه‌ك یارانی پێش خۆیان، ئه‌و هه‌موو خهفهتو ئاواتە ئه‌به‌نه ناو گۆڕه‌وه.
تێبینی:
هه‌ردوو نامه‌كه به شـێوه‌زاری (ماچۆ = هه‌ورامی) نووسراون له كاتێكدا نه تۆفیق ئاغا و نه شێخ ئه‌حمه‌د، هیچ كامیان هه‌ورامی نه‌بوون، بەڵام تا ئەوکاتەش ئەو شێوەزارە لای شاعیرانی کلاسیک‌و پیاوانی ئاینی‌و عیرفانیی زمانی ئەدەبیو شیعر نووسین بووە.
ئێمه هەردوو شیعرەکەمان هێناوەته سه‌ر شێوازی کوردیی ناوەڕاست (سۆرانی)، ئه‌وه‌نه‌ی گونجا بێت به‌های شیعریی هه‌ردوو نامه‌كه‌مان پاراستووه، هەرەوها له ڕووخسار و ناوه‌رۆكدا. ئەگەرچی له‌هجه‌ی هه‌ورامیی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی وه‌های هه‌یه له ڕووی مـیلۆدیو مۆرفۆلۆجییه‌وه، كه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه له سۆرانی‌دا كه‌من، بۆیه ڕه‌نگه له كاتی گۆڕینی هه‌ر ده‌قێكی شیعریی له هه‌ورامییه‌وه بۆ سۆرانی، به‌شێك له چێژی ده‌قه‌كه ون ببێ.