پاش 100 رۆژی حكومه‌ته‌كه‌ی

مه‌سرور بارزانی له‌ به‌رده‌م شه‌ڕی گه‌نده‌ڵیدا

كه‌مال چۆمانی 2019.12.09 01:55 PM
221 جار خوێندراوەتەوە

كه‌مال چۆمانی

رۆژنامه‌نووس
توێژەر لە (پەیمانگای تەحریر بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست)

مەسڕوڕ بارزانیی گەندەڵیی کۆتایی پێ ناهێنێت، ئەو تەنها هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی گەندەڵیی لە دەستی گەندەڵکارانی پێش خۆیەوە بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. بارزانی تا ئەو کاتە دژایەتیی گەندەڵیی دەکات کە بە قازانجی خودی خۆیی و کۆمپانیاکان و کەسوکاری دەوروبەری بکەوێتەوە، دژ بە نەیارەکانیشی بێت. بارزانی دژ بە گەندەڵییە لە بواری نەوتدا تا ئەوکاتەی نەیارەکانی ئەو گەندەڵییە دەکەن، هیچ كێشەیەکی لەگەڵ گەندەڵییەکانی خۆیی و دارودەستەکەی نییە.
بارزانی گەر دەیەوێت شەڕی گەندەڵیی بکا، دەبێت شەڕی کۆمپانیا گەورەکان بکات، ئینجا ئەو شەڕە بچوکانەی کە بە ناوی ریفۆرم و ریشەکێشکردنی گەندەڵییەوە دەستیپێکردوە مانادار دەبن.
جارێکی تریش گوتم، بارزانیی دەیەوێت بڵێ ئەوانەی پێش ئەو حوکمڕان نەبون، گروپێک چەتە و مافیای نەوت بون، وڵاتیان وێران کردوە و ئەو هاتۆتە سەر وێرانەیەک. لەگەڵ هاوڕاییم لەگەڵ بارزانیی، خۆی بەشێکە لەو وێرانەیە. کۆمپانیاکانی، میلیشیاکانی، تیڤیی و دەزگاکانی، بازرگانە چەتەکانی دەوروبەری، بەشێکن لە دروستکردنی ئەو وێرانەیە.
بارزانی دەیەوێت بڵێت ئەو رزگارکەرە، بۆیە دەبێت پشتیوانیی بکەین و ئاراممان هەبێت تا بەڕێزیان سەرکەوتو بو، بەڵام ئەو تەنها بانگەشەی هەن نەک کردار. ئەوەی واشیکردوە رەوشی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان کەمێک باشتر بێت، حکومەتەکەی مەسڕوڕ بارزانیی نییە، بەڵکو ئەو بودجەیە کە لەڕێی بەغدادەوە دێ. ئەمەش سەرکەوتنی بارزانیی نییە، بەڵکو حکومەتی نوێی عێڕاق، کورد لە بەغداد دوای ریفراندۆم و فشارەکانی ئەمریکا و ئەوڕوپایە پێکەوە.
- لە ١٠٠ رۆژی کابینەی بارزانییدا رەوشی تەندروستیی و پەروەردە و فێرکردن هیچ باشتر نەبوە. لە پلانیشی دایە ئەو کەرتانە زیاتر بداتە کەرتی تایبەت، واتا ئەو کەرتانە ئەگەر لەڕێی کەرتی تایبەتەوە کەمێكیش پێشکەوتن بە خۆیانەوە ببینن، تەنها سەدا ١٠ی کۆمەڵگا قازانج دەکات، سەدا ٩٠ی دەبێتە قوربانیی، ئەگەر زیاتریش نەبێ. مادام بارزانیی هیچ پلانێکی بۆ پەروەردە و تەندروستیی نییە، دەشیەوێت ئەو دو کەرتە زیاتر بخاتە ژێر چەپۆکی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر کەرتی حیزبییە، هیچ جێی هیوا نییە.
- لە سەد رۆژی تەمەنی حکومەتی مەسڕوڕ بارزانییدا؛
- تەنانەت داهاتی یەک رۆژی نەوتیش دیار نییە چەندە و چۆن سەرفرکراوە.
- خوارزاکەی کە تەمەنی هێشتا لەژێر سییەکانە و خاوەنی تەنها بەکەلۆریۆسە دژی هەمو قانونەکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان بۆتە سەرۆکی زانکۆیەکی حکومەتیی.
- لەڕێی پارلەمانەوە قانونێکی هەموارکردۆتەوە کە ئەو مافە لە وڵاتییان دەستێنێتەوە کە پارێزگار بە دەنگی ئەوان هەڵببژێردرێ، ئەنجومەن دەتوانێت پارێزگار هەڵبژێرێت. -بێگومان لابردنی نەوزاد هادیی و دانانی فەرسەت سۆفیی کارێکی باش بو، بەڵام گۆڕینی قانونەکە کوشتنی بەشداریی و هەبونی رای وڵاتییانە لە پڕۆسەی دیموکراسییدا-.
یان ئەگەر راست دەکا؛
- فەرمو بڕیارێک دەربکە موڵکی گەل/حکومەت/دەوڵەت بۆ گەل بگێردرێتەوە. با لە باوکی خۆیەوە دەستپێبکا کە سەرۆکایەتیی هەرێمی داگیرکردوە لە پیرمام، ئینجا لە زاوا و ئامۆزاکەی خۆیەوە دەستپێبکا. ئەوکات، گەلی ئێمە بانگەشەکانی بارزانیی بەجدیی دەگرێت. ئەگەرنا، لە راستییدا، بارزانییش وەک کۆی سیاسییەکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان، تەنها دەزانێت راستیی نەڵێت.
لە پاڵ هەمو ئەوانەشدا، هەر هەوڵێکی چاکسازیی هەبێت، بچوکیش بن، لە نەبونی باشترە. ئەگەر بارزانییش بیەوێت کابینەکەی لەگەل کابینەکانی بارزانییەکەی تر بەراورد بکا لە ٢٠ ساڵی رابردودا، ئەوا بەدڵنیایی کابینەکەی خۆی زۆر باشترە، چونکە بەڕاستیی بارزانییەکەی تر لە ٢٠ ساڵی رابردودا هێندە وێرانکاریی لە کۆی سێکتەرەکانی ژیانی حوکمڕانیی، ئابوریی و تەنانەت کۆمەڵایەتییش دروستکردوە کە هەرکەسێک بێت کەمێک لەو هەر باشتر دەبێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ