کارتی تورکەکان چییە ؟

ئه‌نجومه‌نی پیران.. سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی ئه‌مریكا دژی توكیا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.12.12 12:58 PM
329 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ره‌فعه‌ت

دوێنێ کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی (سێنات)ی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر پرۆژە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سزادانی دەوڵەتی تورک.
لەم بڕیارەی کۆمیتەی سێناتدا دوو خاڵ جێگای سەرنجن.
خاڵی یەکەم؛
ئەو پرۆژە یاسایەی کە کۆمیتەکە بۆ سێناتی ناردووە تا دەنگی لەسەربدەن بەناوی” یاسای ساڵی ٢٠١٩ بۆ پتەوکردنی بەرژەوەندییە ئاساییشییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا و رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش".
ئەمەش رێک بەمانای ئەوە دێت کە دەوڵەتی تورک بەوە تۆمەتبار دەکرێت و لەبەر ئەوەش سزا دەدرێت چونکە ئەو هێرشە داگیرکارییەی بۆ سەر رۆژاڤا بەمانای لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و زەمینە خۆشکردن بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش دێت.
دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە سێناتەکان لەپەیامەکانیاندا باس لەوە دەکەن کە ئەو سزایە بەهۆی کڕینی رۆکێتی ئێس-٤٠٠ بەسەر دەوڵەتی تورکدا دەسەپێنرێن و ئەوەش پێدەچیت بۆ رێگرتن بێت لە ڤیتۆی ترەمپ.
لە کۆی ١٨ ئەندامی کۆمیتەکە ١٤ ئەندام دەنگیان بەڵی بوو بۆ تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایە و تەنها ٤ ئەندام دژی بوون. ئەمەش ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە، چونکە بەمانای ئەوە دێت کە بەشێکی بەرچاوی سێناتە کۆمارییەکانیش لەگەڵ سزا ئابوورییەکانن بۆ سەر تورکیا.
جێی باسە، ژمارەی سێناتەکانی کۆنگرێس ١٠٠ سێناتە و کۆمارییەکان تێیدا زۆرینەن. مەترسی ئەوە هەبوو (هەڵبەت هێشتاش ئەو مەترسییە ماوە) کە کۆمارییەکان لەبەر خاتری پێگەی سەرۆکەکەیان (ترەمپ) لە دژی ئەو پرۆژە یاسایە بوەستنەوە، بەڵام پێدەچێت بەشێکی بەرچاوییان لەگەڵ دیموکراتەکان هاودەنگ بن و پرۆژە یاساکە تێپەڕێنن.

كۆنگرێس

ئێستا دوو هەنگاو ماوە، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە یاساکە.
هەنگاوی یەکەم دەبێت سێنات رۆژێک دیاری بکەن و دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە بدەن.
هەنگاوی دووەم دەبێت ترەمپ واژۆ بکات.
ئایا ترەمپ واژۆی دەکات ئەوە پرسیارە قورسەکەیە، بەڵام ئەگەر واژۆشی نەکات، هێشتا کۆتایی پرۆژەکە نییە و ئەمجارەیان ئەنجوومەنی نوێنەران بەزۆرینەی دەنگ دەتوانن بیکەنە یاسا.

کارتی تورکەکان چییە ؟
کارتی یەکەم تۆڵەیە: کارتی ئینجەرلیک و کورەجیک
چاوشئۆغلوی وەزیری دەرەوەی تورک گوتی ئەگەر سێنات ئەم یاسایە تێپەڕێنێت ئەوا تورکیا تۆڵە دەکاتەوە و کارتی ئینجەرلیک و کورەجیکی بەدەستەوەیە.
ئینجەرلیک وەک بنکەیەکی ئاسمانی ئەمریکای لێیە و ئەمریکا لە رێگای ئەنجەرلیکەوە توانیویەتی هاوسەنگی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بپارێزێت و سیمبۆلی هاوپەیمانی ئەمریکا و تورکە، جگە لەوە پێدەچێت چەند سەرە بۆمبی ئەتۆمیشی لێبێت.
کورەجیکیش بنکەیەکی راداری ئەمریکای لێیە کە جاسوسی بەسەر جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێراندا دەکات.
چاودێران پێیان وایە کە تورک کارتی ئینجەرلیک بەکارناهێنێت چونکە کارتێکە هەمیشە بۆ بەرژەوەندی خۆی لە دژی ئەمریکا یان بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا بەکار دێنێت، ئەم کارتەی بفەوتێت، ئیتر ناتوانێت وەک پێشتر موناوەرە لەگەڵ ئەمریکا بکات و فشاری بۆ بێنێت.

ئەو پرۆژە یاسایانەی لە کۆنگرێس دەردەچن ئەگەر لەکاتی خۆشیدا جێبەجێ نەکرێت، دواجار هەر جێبەجێ دەکرێت

کارتی دووەم: ترەمپە
ترەمپ تاکە ئومێدی تورکەکانە، بەڵام دیار نییە ئەگەر سێنات یاساکە تێپەڕێنێت، تا چەند لەم بارە ناهەموارەدا کە کار لەسەر عەزل کردنی ترەمپ دەکرێت، ترەمپ دژی بڕیارەی سێنات دەوەستێتەوە، بەتایبەت کە پەیامی سێناتەکان ئەوەیە کە ئەوان سزاکە بەهۆی کڕینی رۆکێتی ئێس-٤٠٠ی روسی دەسەپێنن.
دەرەنجامەکە هەرچییەک بێت، درزی نێوان تورک و ئەمریکا تادێت فراوان دەبێت.
ئەوەشمان بیر نەچیت، ئەو پرۆژە یاسایانەی لە کۆنگرێس دەردەچن ئەگەر لەکاتی خۆشیدا جێبەجێ نەکرێت، دواجار هەر جێبەجێ دەکرێت، باشترین نموونە یاسای رزگارکردنی عێراقە کە کۆنگرێس لە ١٩٩٨دا تێیەپراند و لەکاتی خۆیدا جێبەجێ نەکرا، بەڵام دوای پێنج ساڵ ئەمریکا جێبەجێ کرد.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ