ئێوارەیەك لەگەڵ چەكدارەكانی ئەنسارولئیسلام

یاسین تەها 2019.12.22 07:16 PM
3235 جار خوێندراوەتەوە

یاسین تەها

رۆژنامەنووس و توێژەر

شارەزای کاروباریی عێراق

ماستەر لە مێژووی ئیسلامیی ـ زانکۆی مەنسورە ـ میسر

هاوینی 2002 شەڕو پێكدادانەكانی نێوان چەكدارانی ئەنسارولئیسلام و هێزەكانی یەكێتی كە سەروكاریی حكومەتی هەرێم (ئیدارەی سلێمانی) دەكرد رۆژ لەدوای رۆژ گەرمتر ئەبوو، لەوكاتەشدا رۆژنامەی (هاوڵاتی) بەرێژەیەكی زۆر سەرچاوەیەكی متمانەپێكراوی خەڵك بوو بۆ هەواڵ و راپۆرتی پەیوەست بە كێشمەكێشەكانی هەڵەبجەو هەورامان و وردەكاریی كڵافەی ئاڵۆسكاوی ناو ئیسلامییەكان.
دەستەی نووسەرانی ئەم رۆژنامەیە بیرۆكەی گفتوگۆی رۆژنامەوانی سەركردەكانی ئەنساریان بەكارێكی باش زانی بۆ گواستنەوەی وێنەیەكیتری شەڕو پێكدادانەكان و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ رۆژنامەنووس یەحیا بەرزنجیدا رایانسپاردین كە بچینە بیارە و لەوێ لەسەر وادەیەكی دیاریكراوی پێشوەخت لەرێگای ئیمەیڵەوە لەگەڵ سەركردەیەكی گروپەكە بەناوی محەمەد گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی بكەین. بەرزنجی قەمەرەیەكی سەواكرد بە (300) دینار كە تا ناو سەیدسادق شارەزابوو، عەسرێكی درەنگ چووینە ئەوێ و سەركردەكەی ئەنسارمان دی كە پێشتر لەبزوتنەوەی ئیسلامیشدا میدیاكاربو، لەوێ هاوكارییەكی سنوردار كراین لەسەر گفتی ئەوەی جارێكیتر بگەڕێینەوەو لەسەر بنەمای ئەم یەكترناسینە بەراییەمان.

ئەبو عەبدوڵای شافیعی ناسراو به‌ (وریا ره‌ش)، یه‌كه‌م ئه‌میری گروپی ئه‌نسارولئیسلام


بۆ جاری دووەم كە بڕیارماندا بچینەوە چەند رۆژێك نێوانی بوو لەگەڵ سەردانی پێشتر و كاتێكی دەمەو عەسربوو، لەبەر گومان و دڵەڕاوكێش لە ئەركەكەمان وامان بەباش زانی پێشتر بچینە لای ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی م. سدیق عەبدولعەزیز لەهەڵەبجە بۆ پرس و ڕای ئەوەی وەك بەدەم ئەم وادەو گفتەوە بچین یان نا؟ بەوپێیەی شارەزای ناوچەكەو دراوسێی ئەنسارولئسلام بوون، كەچووینە لای لە بارەگای م. س بزوتنەوە خۆی ئاسا پێشوازی لێكردین و وتی ئەگەر هەر سوورن بڕۆن با كاك فڵانە كەس بێت لەگەڵتان نەكا دووچاری كێشە ببن، لەوێ وەها خۆتان بناسێنن كە میوانی بزوتنەوەی ئیسلامین و لەئەمانی ئێمەدان.

دوا عەسرێك چووینە بیارەو چەكدارێك لە خاڵی پشكنینەكە سەری هێنایە ژوورە: هیچی نا شەرعیتان پێ نییە؟، ئیتر شۆفێری تاكسییەكە كە ناوی لەتیف بوو تێگەیشت بۆ چ گۆبەنێك ئەچین و ئەم ناوچەیە كوێیە. زەردە پەڕێكی ئێوارە چوینە بارەگایەكی گەورەی ئەنسارولئیسلام لەناو بیارە، لەگەڵ دابەزینیشماندا پاسەوان و دەرگاوانەكان پەلاماری سەیارەكەیاندا كە مووروی شینی چاوەزاری بە دەعمی پێشەوەی سەیارەكەوەبوو بەتوندی هەڵیان پڕوكاند و وتیان ئەو (شرك) ـە چییە پێتان. لەتیف سوێندی خوارد و كەوتە پاكانە كردن كە ئەم سەیارەكەی كڕیوە ئەو موروانەی پێوە بووەو خەتای نییە لەوەدا.
لەناو بارەگا چاوەڕێی سەركردەكەی ئەنسارمان دەكرد، قوبڵی سور و زەڵاتەو دۆی سارد لە سەر سەفرەی ژێر كەپرێكی بەردەم بارەگاكە دانرا چونكە چەكدارەكان هەر بە رۆژی روون دابەش ئەبوون بۆ پاسەوانی و كەمین دانان. فەرموو فەرموومان لێكراو دۆیەكی ساردی خۆماڵی خۆشیان دەرخوارد داین، بەڵام هەرچیمان كرد و كۆشامان لەتیف نەیخوارد، بانگی مەغریب درا قامەتی نوێژ دابەسترا، ئێمەش دەستنوێژمان شوشت و چووینە ریزەوە ئەبینین لەتیفی شۆفێر دەرقاچەی شەرواڵەكەی نوشتاندووەتەوە عەینی هی چەكدارەكانی ئەنسار (إزار) ی كردووە نەبادا بەدەردی نوشتەو چاوەزارەكە بڕوات.
دوای نانخواردن چووینە لای سەركردەكەی ئەنسار بەڵام بەبێ ئەوەی بهێڵن نە ریكۆردەر و نە قەڵەم و كاغەز دەربكەین و وتیان لەسنووری ئێمە دەرچوون دەست بكەن بە یاداشتكردنی ناوەڕۆكی ئەوەی ئێستا گوێبیستی دەبن و ببورن لەوەیاندا. دوای دیدارەكە ماڵئواییمان لەبارەگا كرد و هێشتا تاریكی دانەهاتبوو لەنزیك زەردەهاڵ لادراینە شیوێكەوەو لەوێ كۆمەڵێك چەكدار كە پیاوێكی ڕیش ماش و برنج باڵا مامناوەند بەناوی مام والی سەرۆكایەتی دەكردن و خەڵكی سنوری خەلیفان و هەریر بوون كەوتنە هەڕەشەلێكردن و چاو سووركردنەوە لێمان.

دوو چه‌كداری ئه‌نسارولئیسلام

 

+ كێ رێگەی داوە بێ بۆ ئێرە؟ ئێوە هەمووتان جاسوسن و ئەبێ تەمێ بكرێن.
_ كاكە ئێمە لەسەر ئەمانی ئەمیرەكانی خۆتان هاتوین و ئەگەر شتێك لەخۆمان شك ببەین یان پیاوخراپ بین بەپێی خۆمان نەئەهاتین بۆ سنوری دەسەڵاتتان.
+ ئەمیركان كە رێگەیان داوە بەئێوە بێن بۆ ئێرە بێ ئیشن، ئەگینا كوشتنی كافر و هەڵدانەوەی گۆڕی موشریك و جیهادكردن مقابەلەو تەجیل و جەریدەو قسەكردنی پێ ناوێ و لەجیاتی ئەوە چەندین ئیشیتری مەیدانی هەیە بۆ نایكەن؟! (ئەمە كاتێكە هێشتا مشتومڕی هەڵدانەوەی گۆڕی شێخانی نەقشبەندی لەبیارە هەر گەرمە).
_ راستە و ئەوەیان ڕوانینی جەنابتە بۆ شێوازی كاركردنتان بەڵام ئازاردانی ئێمە ڕەوا نییە چونكە یەكەم ئێمە لەسەر وەعد و بەڵێن هاتوین، دووەم میوانی بزوتنەوەشین و سێیەم پێمان نەوتراوە مەین و ئینكاریمان كردبێت.. تەنانەت خوداش تا ئاگاداریی كەسێكی نەكردبێ سزاو لێپرسینەوەی لەگەڵ نەكردوون.
+ یەكێك لەچەكدارەكان لەپڕا قسەی بەمام والی بڕی: ئەوەیان زۆر دەمی درێژە با تەمێی بكەین..
_ كاكە بۆچی دەمم درێژە ئێمەش موسوڵمانین و وەك ئێوە نوێژ ئەكەین، ئیتر چۆن ڕەوایە ئازارمان بدەن یان بمانكوژن..
+ ئەها دەی سا وەڵا مادەم نوێژ ئەكەن و ڕازین لەژێر دەستی كافر دانیشتن و بەحوكمی ئەوان ڕازین ئەوە مورتەدن و بشكوژرێن خوێنتان نییە و ئەوانیتر كافر و ئێوە مورتەدن (چەكدارەكە)
+ مام والی بەتوڕەییەوە: جارێكیتر نەڵێی میوانی بزوتنەوەین، ئێستا ئێوە لەدەستی ئێمەدان و هەر بڕیارێك بدەین 20 بزوتنەوەش قسە بكات هیچ ناخوات... لەم كاتەدا چاوساغە هاوەڵەكەمان لەگەڵ مام والی دەمی تێگیرا و بەخێرایی بەرەو بارەگاكە گەڕایەوە تا شێك بكات بۆ رزگاركردنمان.
+ بڕوانە سەیری ئەمانە ناكەیت چۆن ئەیانەوێ فریومان بدەن و جلی كوردیشیان لەبەر كردووە بۆ ئەوەی گومان نەكەین جاسوسن.

_ لەم كاتەدا یەحیا بەرزنجی وتی كاكە ئەوە چ قسەیەكە هەموومان كوردین و منیش بەرزنجیم و وەك ئێوە كوردم خۆ لەئەستێرەیەكەوە نەهاتووین..
+ مام والی: ئەها... خزمی ... تاغوتیشی "دەی دەی"...
_ دەممان بووە تەڵەی تەقیوو و هێندەیتر هەڵوێستمان لاوازبوو، بەڵام شانسمان هەبوو كە چاوساغەكەی م. سدیق لەبارەگاكە خەڵكی هێناو بەپڕتاو هاتن كە ئەوانە لەسەر ئیزنی خۆمان هاتوون و لێگەرێن با بڕۆن و بەمجۆرە لەدەستی چەكدارەكانی مام والی دەریانهێناین.
لە شەوێكی تاریكدا و بەبێ هەڵكردنی لایتی سەیارە چاوساغەكەمان گەیاندەوە هەڵەبجە، لەوێش ماجەراكەمام بۆ م. سدیق گێڕایەوەو سوپاسمان كرد و بەرەو سلێمانی گەڕاینەوە، كاتێك كە گەشتینە گومرگەكەی سەید سادق یەحیا بەلەتیفی شۆفێری وت ئیتر مەترسی نەماو ئەوانە پۆلیسی حكومەتن، ئەوجا لە چەكدارەكانی ئەنسار خراپتر لەتیف تەقییەوە بەڕوومانداو هەرچی خراپەیە پێی كردین لەسەر ئەوەی بەسەرمان هێنا و وتی "ئێوە ئەگەر خۆتان لا مەبەست نەبوو، من ماڵ و مناڵ و دایك و خوشكم هەیەو بۆچی ژیانتان خستمە مەترسی؟.
یەحیا پرسی: تۆ واز لەوە بێنە، ئەوە لەمەترسی دەرچووین، توخوا بۆچی لەو دۆ ساردە تازە خۆشەت نەخوارد خۆ زۆرمان پێ وتیت، بەخوا خەسارت لەخۆت دا... ئەویش هێشتا هەر توڕەیە: بەخوا جوانە من لەسەر موروویەكی شینی دەعمیی سەیارەكەم خەریكبوو سەرم بكەن بەقوڕا، تۆش ئەتەوێت ماستاوو دۆ بئاڵێ بە سمێڵی درێژما و لەسەر بەرسمێڵ نەكردنیش سەرم بچێ بە قوڕا.
تێبینی: هەرچەندە 18 ساڵ زیاتر بەسەر ئەم ماجەرایەدا تێپەڕیوە بەڵام تا ئێستا باسمان نەكردووە چونكە پاش راوێژكردن لە هاوڵاتی وترا ئێمە بۆ ئەوە ناچین بۆ ئەو جێگایانە تا خۆمان ببینە هەواڵ و پێویست ناكات. لەم رۆژانەش كە رابەری پێشووی بزوتنەوە م. شێخ سدیق كۆچی دوایی كرد لەگەڵ یەحیا بەرزنجی ئەو یادەوەرییەمان بیری یەكتر هێنایەوەو لەنێوانی خۆمان وتمان ئەوە بۆ نەیگێڕینەوە.

یاسین تەها


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ