حوشتر و گازی میسان

گۆڕانكارییەكانى كەشوهه‌وا و كوشتنى حوشتر لە ئوسترالیا

عه‌بدولموته‌لیب ره‌فعه‌ت 2020.01.12 08:19 PM
1627 جار خوێندراوەتەوە

عه‌بدولموته‌لیب ره‌فعه‌ت

مامۆستای زانكۆی گه‌رمیان
پسپۆری ژینگه‌ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو

ماوەى چەند رۆژێكە وڵاتى ئۆسترالیا روبەرووى گرفێكى زۆر گەورە بووە كە هەرگیز لە مێژووى ئەو وڵاتەدا دیاردەى لەو جۆرە ڕووى نەداوە، ئەویش ئاگركەوتنەوەیه‌ لە دارستانەكان و دەشتاییەكان ئەو وڵاتە، ڕاستە ئەو وڵاتە ساڵانە دارستانەكانى بەشێوەى كتوپڕ توشی ئەو ڕووداوە دەبێت بەڵام هەرگیز بەم شێوەیەى ئێستا نەبووە. 
ئۆسترالیا وڵاتێكى زۆر خۆشە تەنانەت خاوەن هەزارەها شوێنى سەیرى و سەمەرەیە كە ئەم وڵاتە لە وڵاتانى ترى جیهان جیا دەكاتەوە، هەروەها كەشوهەواى ئەم وڵاتە زۆر خۆش و گونجاوە بۆ مرۆڤ، لە سەدەكانى ڕابردوودا ئیمپراتۆریەتى بەریتانى بە وێنە جوانەكانى ئۆسترالیا سەرەنجى خەڵكى بەریتانیا و سكۆتلاند و ئیرلاندى ڕادەكێشا بە مەبەستى گواستنەوەیان بۆ ئۆسترالیا، بەڵام ئێستا بە هۆى گۆرانكارییەكانى كەشوهەواوه‌ كە ڕووبەرووى جیهان بوەتەوە بە گشتى و ئۆسترالیا بە تایبەتى واى كردووە پلەكانى گەرمى لەو وڵاتە ڕوو لە بەرزبوونەوە بكات وڵات توشى كەم ئاوىی و قەتیسبوونى گەرما ببێت.
دیارە هۆكارى گۆرانكارییەكانى كەشوهەوا زۆرن ڕەنگە بە یەك بابەت نەتوانرێ باس بكرێت بەڵام دەرپەڕاندنى گازى میسان بۆ بەرگى هەوایى یەكێكە لەو هۆكارانە، گازى میسان یەكێكە لە گازە گەرمكەرەوەكان و كاریگەریى لەسەر دیاردەى قەتیسبوونى گەرما زۆر زیاترە لە كاریگەریى گازى دووان ئۆكسیدى كاربۆن، چونكە گازێكى جێگیرە و لە نێو هەموو گازە گەرمكەرەوەكان بەرپرسە لەسەر 20% قەتیسبوونى گەرما.

بۆ یه‌كه‌مجار حوشتر له‌ هیندستانه‌وه‌ براوه‌ بۆ ئوسترالیا


سەرچاوەكانى دەرپەڕاندنى گازى میسان زۆرن و یەكێك لەو سەرچاوانە ئەو ئاژەڵانەیە كە بە كاوێژكار ناسراون (Ruminant)، وەكو مانگا، حوشتر، بەراز، مەڕ، بزن ...هتد. تایبەتمەندى ئەم جۆرە ئاژەڵانە ئەوەیە كە گەدەیان پێكهاتووە لە چوار بەش و لە كاتى جوینى خۆراكدا بە تەواوەتى خۆراكەكە ناجون بەڵكو لە یەكێك لەو چوار بەشەى گەدەیان هەڵیدەگرن ودواتر دووبارە ئەیجون.
هەروەها لە بەشێك لە گەدەیان جۆرە بەكتریایەكى تێدایە كە تایبەتە بە شیكردنەوەى خۆراك و لە ئەنجامدا گازى میسان بەرهەمدێنێت كە بە بەكتریاى (Methanogen) ناسراوە. 
هەروەها پاشماوەى ئەم جۆرە ئاژەڵانە بە بەردەوامى گازى میسان دەردەپەڕێننە بەرگى هەوا و بۆیە تا ئێستا پاشماوەى ئەو جۆرە ئاژەڵانە لە زۆربەى وڵاتان بەكاردێت بۆ مەبەستى زۆر وەكو بەرهەمهێنانى وزە، بوونى ئەو جۆرە ئاژەڵانە لە ژینگەدا هۆكارێكن بۆ بەرزبوونەوەى رێژەى گازى میسان لە بەرگى هەواییدا.

لە ساڵانى ڕابردوودا وڵاتانى كەنداو ژمارەیەكى زۆریان لە ئۆسترالیا كڕى و گواستیانیانەوە


مێژووى بوونى حوشتر لە ئۆسرالیا بۆ نزیكەى ساڵانى 1840-1850ز ئەگەرێتەوە ئەو كاتە كە لە هیندستانەوە ئەم جۆرە ئاژەڵەیان هێنا بۆ مەبەستى گواستنەوە، بەڵام لەگەڵ پەیدابوونى ئامرازى نوێى گواستنەوە لە هەموو ناوچەكانى ئەو وڵاتە پێویستیان بەو ئاژەڵانە نەما بۆیە لە ناوچە بیابانەكانى ئۆسترالیا مانەوە بە بێ سەرپەرشت و رۆژ لە دواى رۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە. بۆ نمونە لە ناوەراستى سەدەى ڕابردوو ژمارەیان 20 هەزار بوو بەڵام ئێستا باس لە زیاد لە یەك ملیۆن و نیو حوشتر دەكرێت لەو وڵاتە، 
لە ساڵانى ڕابردوودا وڵاتانى كەنداو ژمارەیەكى زۆریان لە ئۆسترالیا كڕى و گواستیانیانەوە. 
وڵاتى ئۆسترالیا ئێستا و دواى ئەو كارەساتە كە تووشی بووه‌ یەكێك لە پلانەكانى ئەوەیە كە نزیكەى 10000 (ده‌ هه‌زار) حوشتر لەناو ببات بە هۆى ئەوەى كە ئەم ئاژەڵە بووەتە هۆكارێك بۆ دەرپەڕاندنى گازى میسان بە رێژەیەكى زۆر. 

به‌پێی پلانه‌كه‌ی حكومه‌تی ئوسترالیا 10 هه‌زار حوشتر قه‌تڵوعام ده‌كرێن

 


دیارە ئەمە ڕاستییەكى حاشا هەڵنەگرە و بەپێى سەرچاوە زانستییەكان لە بوارى ژینگە و پیسبووندا هەر حوشترێك ساڵانە توناى دەرپەڕاندنى 100 رەتڵ گازى میسانى هەیە واتا چوار جار زیاتر لە ئۆتۆمبیلێك. واتا حوشترەكانى ئۆسترالیا ساڵانە تواناى بەرهەمهێنانى دوو ملیۆن تەنى مەتریان هەیە لە كاربۆن (C). 
ئەمە جگە لە زیانەكانى تر وەكو لە ناوبردنى دانەوێڵە و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، لە كاتى كارەساتەكەدا زۆرێك لەو جۆرە ئاژەڵە نزیكبوونەوە لە شارۆچكە و لادێیەكانى ئەو وڵاتە بۆ ڕزگاربوونیان لە ئاگر و دەستكەوتنى ئاو تەنانەت خەڵكى ئەو ناوچانەیان بێزار كردبوو، بەڵام ئەمانە هەر هەمووى هیچ بیانووى ڕاستەقینە نین بۆ حكومەتى ئەو وڵاتە بۆ ئەنجام دانى ئەو كوشتاركارییە، چونكە ئۆسترالیا یەكێكە لە وڵاتە پێشەنگەكانى جیهانه‌ لە (سامانى ئاژەڵ) و بەخێوكردنى جۆرى تر لە كاوێژكاران، بۆ نمونە بەراز، مانگا، مەڕ و بزن، كە هەموویان سەرچاوەن بۆ دەرپەڕاندنى گازى میسان، لە نێویاندا مانگا كە بەرپرسە لە سەر 25% لە كۆى گشتى دەرپەڕاندنى گازى میسان لە جیهاندا، هەروەها چاندنى چەڵتوك كە گەورەترین سەرچاوەى دەستكردە بۆ دەرپەراندنى گازى میسان، وبوونى زەلكاوەكانیش سەرچاوەیەكى ترە بەڵام خۆناكرێت مرۆڤ دەستبەردارى ئەو كارانە بێت، بەڵكو رێگەى زانستى نوێ هەیە مرۆڤ بیگرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەى دەرپەڕاندنى ئەو گازە، دەكرێت ئەو ئاژەڵانە لە برى كوشتنیان بفرۆشرێنە وڵاتانى تر وەكو وڵاتانى كەنداو.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ