له‌ نێوان تاران و واشنتۆن چی ده‌كات ؟

عه‌لاویی، پیاوێك رێكنه‌كه‌وتنی شیعه‌كان هێنایه‌ پێشه‌وه‌

سه‌روه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یى 2020.02.04 01:28 PM
152 جار خوێندراوەتەوە

سه‌روه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یى

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس
خاوه‌نی 3 كتێبی چاپكراو

پاش چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆر بۆ ده‌ستنیشانکردنی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی عێراق که‌ به‌ ته‌واوی که‌وته‌ ژێر کاریگه‌ری ئاڵۆزییه‌کانی ئێران و ئه‌مریکاوه‌، محه‌ممه‌د تۆفیق عه‌لاوی له‌ لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ ڕاسپێردرا، عه‌لاوی که‌ به‌رده‌وام له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ به‌سراوه‌ی کوڕه‌ مامی خۆی واته‌ ئه‌یاد عه‌لاوی بووه‌، له‌ پاش ده‌سپێکردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی عێراق ناوی وه‌ک یه‌کێک له‌ بژارده‌کانی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران که‌وته‌ نێو ناوه‌نده‌ میدیایی و سیاسییه‌کان.
عه‌لاوی وه‌ک که‌سێکی ئۆپۆزسیۆنی سه‌دام ناوی هاتووه‌، به‌ڵام مێژوویه‌کی وه‌های له‌ خه‌باتی سیاسی و ته‌نانه‌ت له‌ بواره‌کانی دیکه‌شدا نییه‌، ئه‌و به‌شێکی زۆری ته‌مه‌نی خۆیی له‌ لوبنان و به‌ریتانیا به‌ سه‌ر بردووه‌، شرۆڤه‌کاران سیاسی به‌ که‌سێکی ناو ده‌به‌ن که‌ ڕه‌نگه‌ بتوانێت عێراق له‌ ململانێ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌ دوور بگرێت و هاوسه‌نگیش له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ دابین بکات.

به‌رهه‌م ساڵح شانی عه‌لاویی خسته‌ژێر به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌

 

ئه‌گه‌ر له‌ ئاماری ده‌نگه‌کانی ناوبراو له‌ په‌رله‌مانی عێراق ورد ببینه‌وه‌، پیشان ده‌دات که‌ هێنده‌ پاڵپشتی خه‌ڵکی نه‌بووه‌، باشتر بڵێین که‌ محه‌ممه‌د تۆفیق عه‌لاوی که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی خۆشه‌ویستی عێراقییه‌کان نه‌بووه‌، ئه‌و له‌ دوو خولی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ساڵانی 2014 و 2018 بۆ په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵنه‌بژێردرا و ئه‌مه‌ش باشترین به‌ڵگه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ جه‌ماوه‌رێکی زۆری نییه‌.
عه‌لاوی له‌ دوو خولی سه‌رۆکایه‌تی نوری مالیکی که‌ وه‌ک وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌کان به‌شداریی کابینه‌کان بووه‌، به‌ هۆکاری جیاواز له‌ پۆسته‌که‌ی کشایه‌وه‌ و کارنامه‌یه‌کی ئه‌وتۆی له‌م بواره‌شدا لێ نه‌بینراوه‌.
به‌ڵام محه‌ممه‌د تۆفیق عه‌لاوی به‌ ده‌ستپێکردنی خۆپێشاندانه‌کانی عێراق که‌وته‌ به‌ره‌ی خه‌ڵک و پاڵپشتی خۆیی بۆ داواکارییه‌کانی ئه‌وان ڕاگه‌یاند و له‌ ڕێگای میدیاکانیشه‌وه‌ جه‌ختی له‌ سه‌ر پێویستی جێبه‌جێکردنی ئه‌و داواکارییانه‌ کرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ ڕاشکاوانه‌ ڕه‌خنه‌شی له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی گرتبوو به‌ بۆنه‌ی لادانی عه‌بدولوه‌هاب ساعدی فه‌رمانده‌ی هێزی دژه‌ تیرۆری عێراق.

ده‌ستنیشانکردنی عه‌لاوی ئه‌نجامی نه‌بوونی ڕێکه‌وتن له‌ سه‌ر کاندیده‌کانی دیکه‌ و ڕاگه‌یاندنی دوا موڵه‌ته‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار بووه‌

ده‌ستنیشانکردنی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی عێراق به‌ ڕه‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ شێعه‌کان بووه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین که‌ ده‌ستنیشانکردنی عه‌لاوی ئه‌نجامی نه‌بوونی ڕێکه‌وتن له‌ سه‌ر کاندیده‌کانی دیکه‌ و ڕاگه‌یاندنی دوا موڵه‌ته‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار بووه‌.
عێراق له‌ ئێستادا زیاترین کێشه‌ و گرفتی تێدا ده‌بینرێت، چین ئه‌و کێشانه‌ی که‌ ڕووبه‌ڕووی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ بوونه‌ته‌وه‌؟
عه‌لاوی له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا ڕووبه‌ڕووی چه‌ند کێشه‌یه‌کی جیدی ده‌بێته‌وه‌ که‌ ده‌توانێت کاریگه‌ریی له‌ سه‌ر داهاتووی سیاسیی ئه‌و هه‌بێت.
سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندی خۆپێشانده‌ران بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری عێراق و باشترکردنی دۆخی ئه‌م وڵاته‌ به‌ ده‌ست بێنێت، ئه‌گه‌ر سه‌رۆک وه‌زیران له‌ باشترکردنی دۆخی وڵات سه‌رکه‌وتوو بێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ داهاتوو زیاتر به‌ سه‌ر کێشه‌ و گرفته‌کاندا زاڵ ده‌بێت.
خه‌ڵک و مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای عێراق داوای به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌که‌ن، هه‌ڵبژاردنێک که‌ به‌ دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی و پارێزه‌ری ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵک بێت، ئه‌م کێشه‌یه‌ش له‌ زووترین کاتدا به‌رۆکی سه‌رۆک وه‌زیران ده‌گرێته‌وه‌.

زۆرینه‌ی شه‌قام پشتیوانی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاویى ناكه‌ن


به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ شێعه‌کان له‌ په‌رله‌مان بڕیاری ده‌رکردنی هێزه‌کانی بێگانه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌مریکایان په‌سه‌ند کردووه‌ و به‌ هۆی ئاڵۆزییه‌کانی تاران – واشنتۆن پێداگری له‌ سه‌ر جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌که‌ن. له‌ پاش خۆپێشاندانه‌که‌ی به‌غدا که‌ ئاکامی بانگه‌وازه‌که‌ی موقته‌دا سه‌در بووه‌، هه‌وڵه‌کان بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان له‌ لایه‌ن شێعه‌کانی نزیک له‌ ئێرانه‌وه‌ زیاتریش بووه‌، عه‌لاوی چۆن ڕووبه‌ڕووی ئه‌م کێشه‌یه‌ ده‌بێته‌وه‌؟ جێبه‌جێکردن و جێبه‌جێنه‌کردنی ئه‌و تووشی کێشه‌ ده‌کات.
سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ دیسانه‌وه‌ هه‌مان کێشه‌ی پاراستنی هاوسه‌نگیی له‌ نێوان ئێران و ئه‌مریکای له‌ به‌رده‌م ده‌بێت، کێشه‌یه‌ک که‌ له‌ پاش کوژرانی قاسم سوله‌یمانی زیاترین کاریگه‌ریی له‌ سه‌ر داهاتووی عێراق ده‌بێت.

ئه‌م هاوسه‌نگییه‌ش ده‌بێت له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ له‌ نێوان ئێران و دراوسێکانی وه‌ک سعودیه‌ و تورکیاش دابین بکرێت.
سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی عێراق ده‌بێت له‌ ڕووی سیاسی و ئابوریشه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌، چاکسازیی و هه‌نگاوی به‌په‌له‌ی هه‌بێت، ئه‌م هه‌وڵانه‌ش له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ به‌ وردی چاودێری ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر عه‌لاوی سه‌رکه‌وتوو نه‌بێت ئه‌سته‌مه‌ له‌ پاش هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ کورسییه‌که‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ بمێنێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ