چاره‌سه‌ر ده‌دۆزرێته‌وه‌ ؟

زانست لە بەردەم ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستەپاچەیە ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.03.25 03:12 PM
90 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ڕه‌فعه‌ت
بۆ وەڵام ئەم پرسیارە با لێرەوە دەست پێبکەین کە تەمەنی کۆرۆنا ڤایرۆس (کۆڤید ١٩) تەنها سێ مانگە.‏
لەماوەی ئەم سێ مانگەدا، زانایان توانیوانە هەموو تایبەتمەندی و نهێنییەکانی ئەم ڤایرۆسە ئاشکرا بکەن، لەوانەش ‏تایبەتمەندییە جێنەتیکییەکانی، قەبارە و شێوەی، خێزانی فایرۆسەکە، سەرچاوە و هەڵسوکەوتەکانی، ژینگە و گەشەکردنی، ‏کاریگەری لەسەر تەمەن و جێندەر و کەسە جیاجیاکان و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی، هتد،.‏

پێکهاتەی ڤایرۆسەکە
هەر لە هەفتەی یەکەمدا، زانا چینییەکان توانییان هەم شێوە و قەبارە و هەم پێکهاتەی جینەتیکی ئەم ڤایرۆسە ئاشکرابکەن ‏هەم ژمارەی جینەکانی و هەم خێزانی ڤایرۆسەکە و هەم پێکهاتەی تری ڤایرۆسەکە. زانست ئەوەش دەزانێت کە ڤایرۆسی ‏کۆرۆنا شێوەی تۆپێکی درکاوی هەیە. هەر دڕکێک لە دوو نیوەی بەیەکەوە لکاو پێکهاتوون. ڤایرۆسەکە کاتێک چالاک ‏دەبێت کە دوو نیوەی دڕکەکە لەیەکتری دەترازێن و جیا دەبنەوە. ئەو دوو نیوە دڕکانە بەجۆرێک پرۆتینەوە دەلکێن کە پێی ‏دەوترێت (ئەی سی ئی ٢) و ئەم پرۆتینەش لە خانەکانی پێستی مرۆڤدا هەن. هەرکاتێک دوو نیوە دڕکەکان بەپرۆتینەکەوە ‏لکان بەهۆی ئەنزیمێکەوە کە لەجەستەی مرۆڤدا هەیە و پێی دەوترێ "فەرین" لەیەکتری جیادەبنەوە و ڤایرۆسەکە چالاک ‏دەبێت و دەتوانێت بچێتە خانەی جەستەوە.‏

ژینگەی گەشەکردنی ڤایرۆسەکە
زانینی پێکهاتەی ڤایرۆسەکە یارمەتیدەری سەرەکی بوو بۆ زانینی مانەوەو و ژینگە و گەشەکردنی ڤایرۆسەکە و چٶنییەتی ‏تێکشکاندنی ئەم ڤایرۆسە. زاناکان زانیویانە کە ئەم ڤایرۆسە لەدەرەوەی جەستەدا مانای نییە و ڤایرۆسەکە بەتەنییا و ‏لەدەرەوەی جەستەدا ناتوانێت بژیت، بەڵام دەتوانێت لەسەر رووبەری جۆراوجۆر بۆ ماوەیەک بمێنێتەوە. بۆ نموونە توانای ‏مانەوەی لەسەر ئاسن و پۆڵا و موقەبا و پلاستیکی هەیە و لەهەرکامێکیشیان بۆ ماوەی جۆراوجۆر دەمێنێتەوە. جگە لەوە، ‏زاناکان وردەکاری مانەوەی ئەم ڤایرۆسەیان لە ژینگەی گەرم و ساردا وە هەروەها لەتەمەنی جۆراوجۆر و تەنانەت لە گروپی ‏خوێنی جۆراوجۆریشدا ئاشکرا کردووە.‏

پۆلێنکردنی ڤایرۆسەکە
دۆزینەوەی پێکهاتەو ژمارەی جینەکانی ڤایرۆسەکە هاوکار بوو بۆ پۆلێنکردن و دۆزینەوەی خێزان و گروپی ڤایرۆسەکە کە ‏بە خێزان یان گروپی کۆرۆنا ناسراوە. خێزانی کۆرۆنا پێشتر لە شەش ڤایرۆس پێکهاتبوو، کۆرۆنا ١٩ بوو بەحەوتەم ‏ڤایرۆسی ئەم خێزانە. لەماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا مرۆڤ لەگەڵ چوار لە گروپی خێزانی کۆرۆنا ئاشنان کە بریتین لە هەر ‏یەک لە ‏: OC43, HKU1, NL63, 229E
لەم ١٠٠ ساڵەدا بەئاستی جۆراوجۆر ئەم چوار جۆرە ڤایرۆسە مرۆڤی ئیزعاج کردووە بەڵام هیچیان وەک کۆرۆنا١٩ کوشندە ‏نەبوون.‏

زانا چینییەکان توانییان شێوە و قەبارە و پێکهاتەی جینەتیکی ئەم ڤایرۆسە ئاشکرا بکەن

 

دوو گروپی تر لە ٣٠ ساڵی رابردوودا دەرکەوتوون. یەکەمییان سارس لە چین و دووەمیشیان ڤایرۆسی مێرس لە عەرەبستانی ‏سەعودی. ئەم دوو جۆرە ڤایرۆسەی خێزانی کۆرۆنا لەهەر چوار ڤایرۆسەکەی پێشتر ناوم هێنان مەترسیدارتر بوون، بەڵام ‏لەئاست کۆرۆنا١٩ کاریگەرییەکانییان لۆکاڵی بوو و سنووردار هەژمار دەکرێن.‏

دۆزینەوەی چارەسەر.‏
پێچەوانەی بانگەشەی دەستەپاچەی زانست، زاناکان و لەسایەی ئەم زانیارییانەی کەمن لەسەرەوە ئاماژەیەکی رووکەشیانەم ‏پێداون توانیویانە زیانە گیانییەکانی ئەم ڤایرۆسە سنووردار بکەن، هەم لەرێگای دۆزینەوەی شێوازی رێگریکردن لە ‏بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لە شێوازی کوشتنی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا و لە بڵاوکردنەوەی وشیارییەکی جیهانی لەم بوارەدا.‏
ئێستا جیهان وشیارییەکی گشتی دەربارەی ئەم ڤایرۆسە هەیە. هەر هەواڵ و پێشکەوتنێکی زانستی هەبێت، هەر هەمان رۆژ ‏لەسەرتاسەری دوونیا دەزانرێت. مەگەر ئەمە جگە لەزانست چ شتێکی ترە ئەم کارەی کردبێت. ‏
جگە لەوە، هەر زوو زانست لەرێگای زانینی جەنەتیک و پێکهاتە و سروشت و هەڵسوکەوتی ئەم ڤایرۆسە زانییان کە؛‎
رەنگە لە نێوان ٤٠٪ تا ٧٠٪ی خەلکی جیھان توشی ڤۆیرۆسی کۆڕۆنا بێن‎.
لە ٨٠ی ئەوانەی توشی کۆڕۆنا دێن لەماوەیەکی دیاریکراوی کورتدا بەتەواوی چاک دەبنەوە‎.

چاکبوونەوە بە رێژەی سەرو ٩٥% بەهۆی رێنماییە زانستی و پزیشکییەکانەوە بووە

ئەو ٨٠٪یە چاک دەبنەوە بێ ئەوەێ ھیچ ڤاکسین (لوقاح) و چارەسەرییەک به‌كاربهێنن‏‎.
ئەو ٨٠٪ کە چاک دەبنەوە تەنھا پێویستە لەسەرییان پابەندی رێنماییە زانستییە تەندروستییەکان بن‏‎.
ئەو لە ٢٠ی کە یەکسەر چاکنابنەوە، ‏‎
ڕێژەیەکی کەمتر لە ٥٪ لەژێر مەترسی مەرگدا دەبن.‏
چاکبوونەوە بەرێژەی لەسەرووی ٩٥% لەخۆیەوە نەهاتووە، بەڵکو بەهۆی رێنماییە زانستی و پزیشکییەکانەوە بووە، هەر لە ‏هاندان بۆ خواردنەوەی ئاوی گەرم لەکاتی توشبووندا تا شیوازی زیادکردنی بەرگری جەستە و بەهێزکردن و بەکارهێنانی ‏هۆیەکانی هەناسەدان.‏
ئەوەی تا ئێستا زانست پێی نەگەییشتووە دۆزینەوەی ڤاکسینێکی دژە ڤایرۆسەکەیە. هۆکاری ئەمەش زیاتر بۆ رۆتینی ئیداری، ‏ملنەدانی وڵاتان بۆ شان خستنە ژێر ئەمبارەوە، خێرایی تەشەنەکردنی ئەم ڤایرۆسە، کورتی ماوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە و ‏لەهەمووشی گرنگتر مەترسی بوونی کاریگەری نەرێنی لاوەکی هەر دەرمان و ڤاکسینێک کە تازە دەدۆزرێتەوە. سەرەرای ‏ئەوەش هەوڵەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەلایەک و هەوڵی وڵاتان بەجیا، لەوانەش یابان جێگای ئومێدن. ئەوەشمان ‏لەبیر نەچێت ئەگەر ڤاکسین، دەرمان، جورعە یان هەرشتێکی تری دژە کۆرۆنا بدۆزرێتەوە ئەوا رەنگە تەنها بۆ ئەو لە ‏‏٢٠%ی توشبوان بەکاربهێنرێت کە مەترسییان لەسەرە یان نەخۆشی ترییان هەیە و وەک هەر نەخۆشییەکی تر، زانستی ‏پزیشکی نایەتە ژێرباری بەکارهێنانی دەرمانەکە بۆ هەموو کەس، هەڵبەت بەشێکی بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکان و ‏بەشێکی تریشی بەهۆی پێویست نەبوونیەوە دەبێت. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ