ئیفلیجبوونی بازاڕی نه‌وت

جه‌نگی نرخه‌كان.. له‌ نێوان پۆتین بن سه‌لمان

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.03.30 04:28 PM
1305 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

دانا عه‌بدولعه‌زیز

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرونا لە سەرەتای مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠١٩ لە وڵاتی چین، لەپێناو پاراستنی ھاوڵاتیانی لە پەتای کۆرۆنا چین باری نائاسایی ڕاگەیاند و سەرجەم بزاوتە ئابوورییەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی ھەڵپەسارد کە تائێستاش بەردەوامی ھەیە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی بۆ سەر ئابوریی چین بە تایبەت و ئابوریی جیھان بە گشتی ھەبوو.
دوای ئەوەی کە ڤایرۆسەکە لە وڵاتی چین نەگیرسایەوە و بازیدا بۆ وڵاتانی تری جیھان و دواتر بوو بە پەتایەکی جیھانی ھەروەک ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند.
ئەم بارودۆخە وایکرد کەوا ئابوریی جیھان گورزێکی کوشندەی بەرکەوێت و پاشەکشێیەکی گەورە لە ئابوریی سەرجەم وڵاتاندا ڕویدا.
وەستانی بزاوتە ئابورییەکان لە سەرتاسەری جیھان کاریگەریی کردە سەر پیشەسازیی نەوت بە جۆرێک کەوا خواست لەسەر نەوت بەڕێژەیەکی زۆر کەمیکرد، نەوتێکی زۆر لە بازارەکانی نەوتدا کەڵەکەی کرد، لەگەڵ ئەمانەشدا وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت بەردەوام بوون لە بەرھەمھێنان و خستنە بازاڕی نەوتی خاو، دەرئەنجام ئەمە بووە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت بە شێوەیەکی خێرا کە لە ٥٦ دۆلارەوە بۆ ٢٩ دۆلار دابەزی، ئەمەش بازاری نەوتی توشی جۆرێک لە ئیفلیج کرد.
بۆ راگرتنی ئەو دابەزینە خێرایەی نرخی نەوت پێویست بوو کەوا وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت ڕێژەیەک لە بەرھەمھێنان و خستنە بازاڕی نەوت کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی ھاوسەنگی بگەڕێتەوە بۆ بازاری نەوت، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکخراوی ئۆپێک کەوتە بزاوت لەپێناو دروستکردنی ھاوسەنگی لە بازاری نەوتدا، چونکە رێکخراوی ئۆپێک لە ٤٠٪‏ نەوتی جیھان بەرھەمده‌هێنێ، لەنێو وڵاتانی ئەندامیش لە رێکخراوەکە سعودیه خاوەنی زۆرترین ڕێژەی بەرھەمھێنانە و بەو ھۆیەشەوە کاریگەریی سعودیه بەسەر بڕیارەکانی ئەو رێکخراوەدا تەواو رەنگی داوەتەوە.

پێكه‌نینی پۆتین و بن سه‌لمان بۆ یه‌كتر له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپیك و ڕوسیا هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو

بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاری نەوت و دروستکردنی ھاوسەنگی لە بازاڕدا پێویست بوو کەوا ئۆپێک لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین بەرھەمھێنەرەکانی نەوت لەسەر ئاستی جیھاندا( روسیا) رێکەوتنێک ئیمزا بکەن بۆ کەمكردنەوەی ڕێژەی بەرھەمھێنانی نەوت و کەمکردنەوەی بڕی خراوە ڕوو بۆ بەرزکردنەوە و ڕاگرتنی نرخی نەوت لە ئاستێکدا کە جێگای ڕەزامەندی ھەمووان بێت، ڕێکخراوی ئۆپێک داوای لە ڕوسیا کرد کەوا بڕی بەرھەمھێنانی نەوتەکەی کەم بکاتەوە بە ڕێژەی ( ١,٥) یەک ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل، بەڵام روسیا ئەم پێشنیازەی ئۆپێکی ڕەتکردەوە لەبەر دوو ھۆکار.
ھۆکاری یەکەم ڕوسیا پێیوایە ناکرێت بەو ڕێژە زۆرە بەرھەمھێنانی نەوت کەمبکاتەوە چونکە ئەمە کاردەکاتە سەر پێگەی روسیا لە بازاڕی نەوتدا پێگەی روسیا بێھێز دەکات، ھۆکاری دووەم پێیوایە کە ئەمە لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە و ئەوکات ئەمریکا دەتوانێت زیاتر پەرە بە کەرتی نەوتی خۆی بدات، ئەم ھەڵوێستەی ڕوسیا بووە ھۆی توڕەکردنی شازادەی جێنشێنی سعودیە و ھانیدا کەوا لە کێبڕکێی روسیادا سعودیه بڕی بەرھەمھێنان زیاد بکات و نەوتی خۆی ھەرزان فرۆش بکات، بەمەش بازاڕی نەوت دووچاری گورزێکی کوشندە ھات و نرخی نەوتی خاو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دابەزینە.
لێرەدا پرسیارێک لەدایک دەبێت، ئایا کامیان براوە دەبن لەو شەڕەدا ؟ پۆتین یان بن سەلمان ؟
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەست کەوێت دەبێت بەراوردێک بکەین لە نێوان ھێز و پێگەی ئابوریی ھەردوو وڵاتدا.
ڕوسیا، بە ڕێژەی سەدا ٤٠ پشت بە داھاتی نەوت دەبەستێت لە دابینکردنی داھاتی گشتیدا، ئەوەی تر لە پیشەسازی سەربازیی چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی شەڕکەر و سیستمی موشەکی بەرگریی و پیشەسازیی شارستانی وەک ئۆتۆمبێل و کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی و سەرچاوە سروشتییەکانی تری وەک غاز و ئاسن و زێڕ و ئەڵماس ھتد بەدەست دێنێت.

هیچ هیوایه‌ك بۆ به‌هێزبوونه‌وه‌ی بازاری نه‌وت دیار نییه‌

ڕوسیا شەشەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیھان لە ڕووی یەدەگی زێڕ کە خاوەنی ٢٢٠٠ تۆن زێڕە، خاوەنی لەسەدا ٣٠ی کۆی سەرچاوە سروشتیەکانی ترە جگە لە نەوت لە سەرتاسەری جیھاندا، گەورەترین بەرھەمھێنەری ئەڵماسە لەسەر ئاستی جیھان بەجۆرێک کەوا لە سەدا ٢٥ی کۆی ئەڵماسی جیھان روسیا بەرھەمی دێنێت، لە ئێستا ڕۆژانە ( ١١,٨) ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، خاوەنی (٦٠٠) ملیار دۆلار یەدەگی نەختینەیە، ٢٠ ملیار دۆلار كورتهێنانی ھەیە لە بودجه‌ی ٢٠٢٠ دا، دوازدەھەمین ھێزی ئابورییە لەسەر ئاستی جیھان.
سعودیه، بەڕێژەی لەسەدا ٩٥ پشت بەداھاتی نەوت دەبەستێت لە دابینکردنی داھاتی گشتیدا، ڕۆژانە بڕی ( ١٢,٥) دوازدە ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، خاوەنی (٥٠٣) ملیار دۆلار یەدەگی نەختینەیە، ٥٠ ملیار دۆلار كورتهێنانی ھەیە لە بودجەی ٢٠٢٠ دا ، ھەژدەھەمین ھێزی ئابورییە لەسەر ئاستی جیھاندا.
ئەم ژمارەو داتایانەی سەرەوە پێمان دەڵێن کەوا ئابوریی روسیا نەرمترە و زیاتر بەرگەی قەیران و بومەلەرزەی ئابوریی دەگرێت وەک لەوەی سعودیە، بەمەش دەتوانین بڵیین زەرەرمەندی یەکەم لە جەنگی نەوتدا سعودیە و سعودییەکان و خودی شازادەکانی ئەو وڵاتە دەبن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ