" پێویسته‌ پارتی ئیعتراف به‌ پێگه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی بكات"

رێبوار کەریم وەلی: باى باى پارتى

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.03.31 12:16 AM
2810 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

رێبوار کەریم وەلی

کاندیدکردنی عەدنان زورفی لە لایەن سەرۆک بەرھەم ساڵحەوە، ھاوکاتە لەگەڵ ناتەبایی ماڵی شیعی کە نەیانتوانی لەسەر ناوزەدکردنی کەسێک رێک بکەون. بژاردەی یەکەمی سەرۆک(حەمەتۆفیق عەللاوی) کە دەرھاوێشتەی ھەمان بابەت بوو، لە لایەن بەشێکی بەیتی شیعی، کورد و سوننەوە فەشەلی پێھات. کەس کاکە حەمەی نەدەناسی، بەڵام بە یەکێتیشەوە سەرۆک بەرھەمیان کوتا!
*
لە کاتێکدا کە لەسەردەمی عەبدولمەھدیدا، یەکێتی پەلەقاژەی وەرگرتنی یەک وەزارەتی بوو و دار و بەرد رەجای لە پارتی دەکرد یەک وەزارەتیان پێبدات، کاکە حەمە (بە تەنسیق لەگەڵ سەرۆک بەرھەم) داینابوو کە ھەر چوار وەزارەتەکەی کورد ھی یەکێتی بن. دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ بەرھەم ساڵح کە خۆی لای یەکێتی شیرین بکات؛ بۆ سەرکردایەتیی نوێی یەکێتیش کە بڵێن: "ببینن ئیتر رێشمەکە لە دەست خۆمانە." سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆیان تۆمار بکەن.
*
رەنگبێ ئەگەر ئەو ھەلە بۆ پارتی ھەڵکەوتبایە، پێویستی بە گەڕانەوە بۆ ناو ماڵی کوردی نەبایە؛ چوار وەزیر! ھەمووشی پارتی یان نزیک لە پارتی. خوا نەیبڕێ! یاللا کاکە حەمە.  
*
یەکێتی بەھۆی ئەو بارودۆخە تازەیەی کە دوای کۆنگرەی چوارەوە ھاتە ئاراوە، پێویستی بەوە ھەبوو کە نییەتپاکیی سەرکردە نوێیەکانی خۆی پێشانی پارتی بدات، بێ سێ و دوو و، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە رەتکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار (کە لە حزبەکەی خۆیانە) سوکایەتییە بە پێگەی سەرۆک، ھاودەنگ لەگەڵ پارتی و حزبەکانی دیکە عەللاوییان رەت کردەوە.
*
پارتی لەو پەیامە تێگەیشت؟ نەخێر. چونکە ھێشتا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر بیرکردنەوەی پارتیدا نەھاتووە. ھەمووی چەند رۆژ پێش ئێستا بوو کە لە چەند سەعاتێکدا، ھەشت بەیاننامەیان لە دژی یەکتری دەرکرد، تەخوینکردن و تۆمەتبارکردن بە تیرۆر! رێک بەیاننامەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ. یەکێتی بە بەیاننامەیەکی حزبی، کۆتایی بە وەزعەکە ھێنا و پەیامێکی ھەڕەشەئامێزی تووندی دایە پارتی، بەڵام ئەو پەیامە دەبێ بە سەرەتا وەربگیرێت.
*
لێرە بەدواوە تا سەرکردایەتیی پارتی دان بەو سەرکردایەتییەی ئێستای یەکێتیدا، بەتایبەتیش بە پێگەی سەرۆک (نەک ھاوسەرۆک)ی یەکێتی لاھوور جەنگی- دا نەنێت، پێناچێ یەکێتی لە ھەنگاوەکانی داھاتوودا، پێ بەپێی پارتی و سیاسەتەکانی بچتە پێشەوە. 
*
لە مەسەلەی پێکھێنانی حکومەتی تازە لە بەغدا، ئەمجارە یەکێتی بە تەنھا دەکەوێتە گفتوگۆ و رەنگبێ لێرە بەدواوە ھیچ حیسابێک بۆ بۆچوونی پارتی نەکات. کەمترین شتێکیش کە دەتوانێ بیکات ئەوەیە کە بە بیانووی پشتیوانیکردن لە سەرۆککۆمار (کە تا ئێستا سوورن لەسەر ئەوەی پشتیوانیی لێ بکەن)، پەرلەمانتارەکانی خۆیان سەرپشک بکەن بۆ ھەر ھەنگاوێک کە لە داھاتوودا پێویست بکات بینێن.
*
یەکێتی تا راددەیەکی زۆر بەسەر ئاستەنگە ناوخۆییەکانی خۆیدا زاڵ بووە، پارتی چەند جارێک سەرکردایەتییەکەی تاقیکردنەوە، ئەنجام ھەر ئەوە بوو کە لە کۆنگرەکەیان بڕیاریان لێداوە. کەواتا لە زرووفە ناسکەدا، ھەست دەکرێ ئەوەی گرژیی دەوێ وەک ئەوە وایە فیشەک لە قاچی حوکمڕانیی کوردستان بدات کە ئێستا ئەرکە قوورسەکەی کەوتۆتە سەر شانی پارتی. 
*
یەکێتی رەنگبێ وا بە ئاسانی بیر لە بژاردەی کشانەوە لە حکومەت نەکاتەوە، بەڵام بە دوور نازانرێت دوای ئەوەی کە ئیتر خۆیان کۆکردۆتەوە، داوا بکەن لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی بەغدا، لە کوردستانیش ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت. لێرەدا ناوەڕۆکی پەیامەکەی یەکێتی روونە کە ئەگەر پارتی بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکات، ئەوا دەربەستی ھیچ ھەنگاوێک نابن. لەو رووەوە پێویست دەکات کە پارتی لە بەرزترین ئاستەوە رێگە نەدات یەکێتی لە شەراکەتەوە پێ بنێتە قۆناغی ئینفیرادەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ