سه‌رۆكه‌كه‌ی ئاڵای سپی هه‌ڵكردووه‌

په‌رله‌مان.. دامه‌زراوه‌یه‌كی ته‌ماشاكه‌ر و ئیفلیج و ته‌سلیم بوو

جه‌مال حه‌مه‌ ڕه‌شید 2020.03.31 03:43 PM
1513 جار خوێندراوەتەوە

جه‌مال حه‌مه‌ ڕه‌شید

نوسه‌ر
پارێزه‌ر

زانراوە لاى هەموان کە پەرلەمان دوو ئەرکى سەرەکى هەیە کە ئەوانیش دەرچواندنى یاسا و چاودێرى کردنى حکومەتە، بەڵام وا دیارە پەرلەمانى کوردستان بەتاڵ کراوەتەوە لە ئەرکەکانى و لە ئێستادا ئەو دەزگایە هیچ ڕۆلێکى ئەوتۆى نیيە و ئیفلیج کراوە.
هۆکارى سەرەکى دروست بونى پەرلەمان و هاتنە کایەى سیستمى پەرلەمانى وەک یەکێک لە گرنگترین جۆرى سیستمى سیاسى، ئەوە بوو کە ببێتە چاودێرى حکومەت و سنورێک بۆ دەسەڵاتى جێبەجێ کردن دابنێت، بەڵام پەرلەمانى کوردستان لە ئێستادا تەنها ڕۆڵى تەماشاکەر دەبینێت.
لە ساڵانى پێشودا بینیمان چۆن حکومەت دەستکارى موچەى فەرمانبەرانى کرد و بەشێکى لێ پاشەکەوت کرد، لە کاتێکدا سیستمى موچە بە یاسا ڕێکخراوە، بەبێ ئەوەى پەرلەمان بتوانێت ئەم کارە نایاسایى یەى حکومەت ڕابگرێت! کە ئەمەش تەجاوەز و دەستدرێژى حکومەتە بۆ سەر دەسەڵاتى یاسادانان.

لە ئێستاشدا سەرەڕاى ئەوەى هێشتا حکومەت قەرزارى فەرمانبەرانە و نەیتوانیوە هیچ لەو بڕە قەرزەى موچەى فەرمانبەران بگێڕێتەوە، وا جارێکى تر بە نیازە بە ناوى یاساى چاکسازیەوە و بە هاوکارى پەرلەمان بە تەواوى سیستمى پاشەکەوت بە یاسایى بکات.

یان دەبینین لەم دۆخەى ئێستادا کە هەرێمى کوردستان بەهۆى کۆرۆناوە بە بارێکى نا ئاسایى دا دەڕوات دەبینین بە بێ ئەوەى بارى نا ئاسایى ڕاگەیەنرا بێت، حکومەت تەجاوەز دەکاتە سەر دەسەڵاتەکانى پەرلەمان و بە ڕێنمایى سزاو باج دەسەپێنێت، لە کاتێکدا بەپێى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم بە هاوکارى پەرلەمان سەرۆکى هەرێم دەیتوانى بارى نا ئاسایى ڕابگەیەنێت و ئەوکات ڕێکارەکانى حکومەت هێزى یاسایى دەبوو، بەڵام ئەمە نەکراو یاسا پێشێل دەکرێت و پەرلەمان هەر دەنگى نیە!
یان دەبینین سەرۆکى پەرلەمان دەڵێت پەرلەمان ناتوانێت قانون دەربکات چونکە حکومەت تواناى جێبەجێ کردنى نیە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە پەرلەمان وازى لە یەکێک لە دوو ئەرکە سەرەکیەکەى خۆى هێناوە کە دەرکردنى قانونە! باشە لە کوێ ى دنیادا بوە ئاوا سەرۆکى پەرلەمان ئیعلانى بێ دەسەڵاتى خۆى بکات و پەرلەمانى تەسلیمى حکومەت کردبێت؟
دەسەڵات بە سروشتى خۆى خولیاى پاوانخوازیە و ئەوە پەرلەمانە کە سنورێک بۆ ئەو پاوانخوازیە دادەنێت و ناهێڵێت حکومەت لە سنورى خۆى دەربچێت، بەڵام کاتێک پەرلەمان خۆى لاواز بێت و ئیعلانى بێ دەسەڵاتى خۆى بکات دەبێت حکومەت چى بکات!

سەرۆکى په‌رله‌مان ئاڵاى سپى بۆ حکومەت هەڵکردووه‌


پەرلەمانێک چەندین ساڵە ئاگادارى بودجە نەبێت و نەزانێت داهات و خەرجیەکان چەندە و سەرۆکەکەى بڵێت قانونەکانى پەرلەمان جێبەجێ ناکرێت و تواناى لێپرسینەوەى هیچ بەرپرسێکى نەبێت و لە کاتى پێویستدا بۆ وەڵامى پێویستیەکانى خەڵک یاساى پێویست دەرنەکات ، ئیتر دەبێت پێویستى و گرنگى ئەم دەزگایە چى بێت جگە لە بارگرانى لەسەر سامانى گشتى؟
سەیر ئەوەیە وەک سەرۆکى پەرلەمان دان بنێیت بەوەى کە پەرلەمان ناتوانێت بە وەزیفەو ئەرکى خۆى هەڵسێت، بەڵام ئامادە نەبیت بەرپرسیارى هەڵبگریت و دەست لەکار بکێشیتەوە! بە ڕاستى ئەمە کارەسات و دەردى کوشندەى بەرپرسى کوردە.
کاتێک پەرلەمان لە لایەن سەرۆکەکەیەوە ئاوا ئاڵاى سپى بۆ حکومەت هەڵکردبێت، ئیتر هەر ئەو بێ باکیە لە حکومەت چاوەڕێ دەکرێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ