"دەبوایە گۆڕان ھەڵوێستێکی ڕاشکاوانەى هه‌بووایه‌ به‌رامبه‌ر ڕاده‌ستنه‌كردنی نه‌وت"

بۆچى باشترین بژاردە بۆ کورد محەمەد تۆفیق عەلاوی بوو نه‌ك مسته‌فا كازمیى ؟

كۆژین سدیق 2020.05.14 04:30 AM
1245 جار خوێندراوەتەوە

كۆژین سدیق

رۆژنامه‌نووس

سازدانی كۆژین سدیق

لەم دیدارەدا لەگەڵ پۆلەتیک، کاوە محەمەد ئەندامی په‌رله‌مانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، باس لە ھۆکارەکانی ڕێکنەکەوتنی ھەرێمی کوردستان و بەغدا و قوڵبوونەوەی کێشەکان دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پێویستە حکومەتی ھەرێم ھەموو داھاتە نەوتییەکان و ئەوانی تریش ڕادەستی بەغدا بکات، ده‌شڵیت مستەفا کازمی بێ ئەوەی بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم بدات، سەرۆکی ھەرێم ڕۆژێ پێش ئەوەی ڕابسپێردرێ پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی.

پۆلەتیک: جیھان بە دەست کۆرۆناوە دەناڵێنی ھەر وڵاتێک بەقەدەر قەبارە خۆی زیانی پێگەیشتوە، عێراقیش بەدەر نییە لەو زیانانە پێشبینیتان چییە بۆ داھاتووی عێراق؟
کاوە محەمەد : بێگومان ئەو قەیرانەی کە بەھۆی کۆرۆناوە سەرانسەری جیھانی گرتۆتەوە، زیاتر کاریگەریی لەسەر ئابوریی ئەو وڵاتانە دەبێت کە ژێرخانی ئابوریەکی بەھێزیان نییە، وە بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی تەنھا پشت بە یەک سەرچاوەی داھات دەبەستن، بەتایبەت تریش عێراق تائێستاشی لەگەڵ بێت تەنھا پشت بە داھاتی نەوت دەبەستێت، ھەرچی کەرتەکانی تریشە لە پیشەسازیی و گەشتیاریی و کشتوکاڵ ئەوانە ھیچ بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدراوە، ئەمە وایکردوە کە ئەو قەیرانەی کۆرۆنا زیاتر کاریگەریی بەسەر ئەو جۆرە وڵاتانەوە ھەبێت بەتایبەتیش عێراق، ھەموانیش دەزانن نرخی نەوت بەھۆی ئەو قەیرانەوە و بەھۆی ڕێکنەكه‌وتنی وڵاته‌ بەرھەمێنەرەکانی نەوت زۆر دابەزیوە لە ماوەی ڕابردوو، ئەمانەش وایکردوە کە دۆخێکی سەخت و دژوار لە عێراقدا دروستبێت بەتایبەتیش لە ڕووی ئابورییەوە.

پۆلەتیک: نێوماڵی شیعە لەئێستادا زۆر ناکۆکە تەنانەت گەیشتۆتە ئەوەی ئەو کاندیدەی خۆیان ھەڵیدەبژێرن پاش ماوەیەک پشتی تێدەکەن، ھۆکاری ئەمە چییە؟
کاوە محەمەد : بێگومان ئەو کێشەی ئێستا دروستبووە لە عێراقدا کێشەیەکی قوڵە و تەنھا ھی ئەم کابینەیەی عادل عەبدولمەھدی و ئەم قۆناغەی ئێستا نییە، ئەم کێشەیە لە دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی ھەموو ئەو کێشانەیە کە لە ٢٠٠٣ وە دەوڵەتی عێراقی لەسەر بتیاتنرایەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، ئەو دەستەبژێرە دەسەڵاتدارەی کە لەو کاتەوە تائێستا عێراقیان بەڕێوەبردووە لەڕاستیدا شکستیان ھێناوە، ئەو شێوازی بەڕێوبردنە و ئەو عەقڵیەتی بەڕێوه‌بردنە کە تائێستا لە عێراق دەسەڵاتی ھەبووە و بەڕێوەی بردووە بەڕاستی شکستیھێناوە، تائێستا ھیچ شتێکی ئەوتۆی پێشکەش نەکردووە، بۆ ئەوەی بتوانرێت عێراق لە ڕووی ئابوریی لە ڕووی سیاسیی لە ڕووی ئاسایش، لە ڕووی خزمەتگوزاریی ببێتە دەوڵەتێک لایەنی کەمی پێداویستیەکانی خەڵک دابین بکات.

كاوه‌ محه‌مه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ـ گۆران

بۆیە ئەمە کێشەیەکی گەورەی دروستکردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ھەبووە بە پلەی یەک لەسەر ململانێکانی ناوماڵی شیعە بەھۆی ئەوەی شیعە زۆرینەی عێراق لە ڕووی دانیشتوانەوە پێکدێنێت، ئەمە ڕەنگدانەوەی ھەبووە زۆرینەی سیاسی دروستکردووە لەناو پەرلەمان و لەناو دامەزراوەکان، جگە لەوەش ئەو ململانێیانەی کە لە نێوان ھەردوو لایەنی ئەمریکا و ئێران لە ناو عێراق بۆ سەپاندنی ھەژمونی خۆیان لە عێراق و کایەی سیاسی. ئەمانەش دیسانەوە ڕەنگدانەوەی ھەبوو لەسەر ناو ماڵی شیعە،  لەناو ھەموو ھێزە سیاسیە عێراقیەکانی تر بەتایبەتر شیعە، ئەمە وایکردوو کە لەڕاستیدا بابەتی ڕێکەوتن لەسەر کاندیدێک ببێتە کێشە، چونکە ھەر کاندیدێک کە دیاریی دەکرێت دەبێت ھەموو لایەنە شیعەکان لەسەری ڕازی و کۆک بن، جگە لەوە دەبێ ھەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکیش سازانیان ھەبێ لەسەری، جگە لەوەش ئەمەی ئەمجارە لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی لە دوای ئەو خۆپیشاندانانە بوو کە لە ١ ی ١٠ ساڵی پارەوە دەستیپێکرد، کە خۆپیشاندەرانیش فاکتەرێکی بەھێزبوون بۆ ئەوەی ئەو حکومەتە دەستلەکاربکێشێتەوە، ئەو ڕووداوانەی کە ڕووشیاندا کە جێگەی نیگەرانی بوون، داوا دەکرێت کە دەبێت خۆپیشاندەرانیش لەو کاندیدە ڕازی بن، ئەمانە ھەمووی بەیەکەوە قورسە لە کەسێکدا بدۆزرێتەوە و ھەمووشی لەسەری ڕێبکەون،  جگە لەوەش ھێزە سیاسییەکان خۆشیان ڕازی بن لە پشکەکانیان لە کابینەکەدا، ڕاستە ئەوان لە ڕاگەیاندن لەسەرەوە دەستی سەرۆک وەزیرانیان کردۆتەوە و خەڵکی سەربەخۆ دابنرێت و ھەرچی لە بەرژەوەندی خەڵکە ئەوە دابنرێت بەڵام ھەمووشی لە ژێرەوە داوای پشکی خۆی دەکات لە وەزارەتەکان .

پۆلەتیک:  کاریگەریی  کەسایەتی مستەفا کازمی چییە کە لایەنە سیاسیەکانی وەک کورد و سوننە پشتیوانی دەکەن ؟ 
کاوە محەمەد :  ئەمە جێگەی پرسیارە بۆ ئێمەش،  پێموایە و ڕاشمگەیاندووە کە باشترین بژاردە بۆ ئێمە وەک  کورد و بۆ عێراق ھەمووشی و بۆ ئەوانەش کە دەیانەوێت گۆڕانکاریەک لە چۆنیەتی بەڕێوبردنی وڵات و چاکسازی بکرێت محەمەد تۆفیف عەلاوی بوو.
ناڵێم ھەموو ئەو خەسڵەتانەی تێدابوو کە لە سەرۆک وەزیرانێکی سەرکەوتوو لە عێراق چاوەڕێ دەکرێت بەڵام پێموایە لەوانەی کە پێشتر و تا ئێستاش ڕاسپێرداون باشتر بوو، ئەو بەرنامەکەی ئەوە بوو کە پشتیوانی خەڵک بەکاربھێنی و پشتیوانی خۆپیشاندەران بەکاربھێنێ بۆ ئەوەی بتوانی چاکسازیی بکات و حسابێکی ئەو تۆ بۆ حیزبەکان و ئەو  دەستەبژێرە سیاسییە عێراقییە نەکات کە بە کورد و عەرەب و تورکمان سووننە و مەسیحی و ھەموویانەوە. لەبەرئەوە ئەم بەرنامەیە ھێزە سیاسیەکانی ترساند لەوەی کە چاکسازی بکرێ، بۆیە ھەموویان گەلەکۆمەکیان لێکرد بەتایبەتیش سەرکردایەتیە دیارەکانی کورد لەگەڵ سوننە ئەو ھاوپەیمانیەیان کرد بۆ ئەوەی ڕێگە لەوە بگرن، ئێستا کازمی کە ھاتووە دیارە وەک لێی دەخوێندرێتەوە کازمی جیا لەو تێڕوانینەی کە محەمەد تۆفیق عەلاوی ھەیبووە، ئەو دەیەوێت ھێزە سیاسیەکان ڕازیبکات وە پشکیان بداتێ لە کابینەکە بەتایبەتی سوننە و کورد وە شیعەکانیش، بێگومان بۆیە ئەمە وایکردووە کە زۆربەی زۆری ھێزەکان لەسەری ڕێبکەون و ڕازی بن بۆ ئەوەی کابینەکە په‌سه‌ند بكرێت 

كاوه‌ محه‌مه‌د: محەمەد تۆفیق عەلاوی ده‌یوسیت چاكسازیی بكات به‌ڵام كازمى ده‌یه‌وێ لایه‌نه‌كان ڕازیی بكات

پۆلەتیک: لەماوەی ڕابردوو ده‌گوترا عادل عەبدولمەھدی بۆ كورد باشە و لایەنەکان گەشبین بوون، بەڵام دواتر بینیمان کورد پشتگیری نەکرد، بۆچی كورد پشتگیریی نەکرد بۆ مانه‌وه‌ی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ؟
کاوە محەمەد : لەڕاستیدا ناڵێم ھەموو کورد چونکە دەبێ جیایی کەینەوە بەتایبەتیش ھێزە دەسەڵاتدارە کوردییەکان، مەبەستم بە پلەی یەک پارتی و بە پلەی دوو یەکێتی پشتیوانێکی بەھێزی دکتۆر عادل عەبولمەھدی نەبوون، عادل عەبدولمەھدی  پێشتریش وەکو مێژووی سیاسیی خۆی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ کورد ھەبووە  وە ھەمیشە ئەو دۆستێکی ھەرە نزیکی کورد بووە، وە تێگەیشتنێکی باشی ھەبووە بۆ کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، وە لەو سەردەمەی وەزیری نەوتیش بووە ئەو خۆی عەرابی ئەو ڕێکەوتنەبوو کە لەسەر بابەتی  نێوان ھەرێم و بەغدا ڕێکەوتنە نەوتیەکە کە ٥٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بوو ئەو کاتە کەرکوکیش بە دەست ھەرێمەوە بوو ٣٠٠ ھەزاری کەرکوک و ٢٥٠ ھەزاری ھەرێم کە ڕادەست بکرێت ڕۆژانە، لە بەرامبەردا بودجەی ھەرێم بنێردرێ.
ھەموو ئەوانە ئەو دەستی گەورەی و بنەڕەتی تێداھەبوو،  کە سەرۆک وەزیرانیش بووە ئەو یاسایەی کە یاسای بودجەی ٢٠١٩ لە ڕاستیدا ئەویش دەوری ھەبوو ئێمەش لە پەرلەمان ئیشمان بۆ کرد، بۆ ئەوەی موچەی خەڵک جیا بکرێتەوە لە ململانێی نێوان ھەرێم و بەغداد،  دەبوایە حکومەتێ ھەرێم لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ وە پابەندی بە یاساکە بکات وە  ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتەکە ڕادەستی بەغداد بکات، بەڵام ئەمەی نەکرد و وایکرد کە دکتۆر عادل عەبدولمەھدی ئیحراج ببێت لە بەردەم ھێز و لایەنە سیاسیە شیعەکان و بەرامبەر شەقامیش، دواتریش ئەو خۆپیشاندانانە کە ھاتنە پێشەوە  بێگومان ئەوە بووە ھۆی ئەوەی کە عادل عەبدولمەھدی نیگەران بێت لەوەی کە کورد  وەک حکومەتی ھەرێمیش وەک دەسەڵاتدارانی ھەرێم ھیچ پشتیوانییەکیان نەکرد، وە سەرەنجام کاتێک ھاتن ڕێکەوتنیان لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی کرد کە حوکمەتەکەی دەستیلەکارکێشابۆوە، لەژێر گوشاری خۆپیشاندەران یانی ڕێکەوتێکی زۆر خراپ  سیاسەتێکی نادووربینیانە لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە بەڕێوەبرا وە ئەو ڕێکەوتنە کرا کە ڕێکەوتنێکە، کە پێم وایە زۆر فشۆڵە لەبەرئەوەی حکومەتەکە لە بنەڕەت حکومەتی دەستلەکارکێشاوەیە، واتە دەبوایە سوپاسی ئەو پشتیوانی و ئەو تێگەیشتنەی عادل عەبدولمەھدی بکرابایە نەک ئاوا بە پەلەپڕۆزێ کە کازمی ھێشتا ڕانەسپێردرابوو سەرۆکی ھەرێم ڕۆژێ پێشتر پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی، وە دواتریش ھێز و لایەنە سیاسیە کوردییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕی، بێ ئەوەی مستەفا کازمی  بەڵێنێکی دابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد و کێشەی موچە، کە ژیانی خەڵک ئەمڕۆ لە چ دۆخێکی خراپدایە، وە جگە لەوەش کێشەکانی ماددەی ١٤٠ و ئەوەی کە پەیوەندی بە پێشمەرگە و شایستەی جوتیاران ھەیە ھیچ شتێکی ئەوانەی نەبوو، تەنھا بابەتەکە لەسەر ئەوە بوو چەن پۆست و چەند وەزارەت دەدرێت بە کورد، كه‌ ژێربەژێر پارتی دوو  وەزارەت و یەکێتیش وەزارەتێکی وەرگرت.

پۆلەتیک : پێتوایه‌ دوای عادل عه‌بدولمه‌هدی، به‌غدا چۆن له‌گه‌ڵ  هه‌رێم مامه‌ڵه‌ ده‌كات ؟
کاوە محەمەد : پێموایە دۆخێکی زۆر سەخت لەبەردەم عێراق و لەبەردەم ھەرێم  ھەیە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێکەوتن، چونکە لە ڕاستیدا ھەلێکی  زۆر ھەبوو ئەو کاتەی نرخی نەوت باش و بەرزتر بوو،  پێشتریش دۆخی عێراق لە ھەموو ڕوویەکەوە جێگیرتر بوو کە ئەو کاتە دەتوانرا ڕێکەوتن بکرێت نەک ھەر لەسەر بواری نەوت و دارایی لە ھەموو بوارەکانی تر، بەڵام بێگومان ئەو فرسەتە نەقۆزرایەوە بەتایبەتیش ئەو کاتەی عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیران بوو، باشتر لە کێشەکان دەگەیشت و ئیشی بۆ دەکرد ئێستا پێم وایە لەم دۆخەدا کە پێشبینی ناکرێت وا زوو نرخی نەوت بەرزبێتەوە، ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئابوریی زۆر زۆر خراپتردایە، عێراق خراپە بەڵام ھەرێم خراپترە، ھەرێم بەھۆی سیاسەتی شکستخواردووی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتەوە لە حکومەتەکانی پێشوو ھەرچی داھات و دارایی و ئابوری ھەرێم ھەیە داتەپیوە، ھەرێم توشی نەک ئیفلاس دەتوانم بڵێم  لەژێر ئیفلاسەوەیە، وە ئەو قەرزانەی کۆمپانیاکان کە جێگەی گومانە و ھیچ شەفافیەتێک نییە، بەردەوام ئەو پارە و داھاتە دەدرێت بە قەرزی کۆمپانیاکان و کۆتای نایەت ئەمە زۆر قورسە، یەکێکە لە گرێ کوێرەکان دەبێتە ڕێگر لەوەی کە ھەرێم و بەغدا بتوانن لەسەر ھەندێ خاڵ ڕێبکەون کە بتوانرێت کێشەی دارایی چارەسەر بکرێ، لەبەرئەوە ئەمە لە ڕاستیدا قورسە بەڵام لەھەمانکاتیشدا ئەستەم نییە، حکومەتی ھەرێم پێویستە ھەتا زووە ھەوڵ بدات کە ھەرچی داھاتی ھەرێم ھەیە لە نەوت و غەیری نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، وە ئێمەش بە ھەموو لایەک ھەوڵی ئەوەمان داوە و دەدەین موچەی فەرمانبەران چ موچە خۆران و چ شایستە داراییەکانە وەکو بودجە شەڕی لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی لە بەغداوە بنێردرێ.

پۆلەتیک : کازمی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا یاخود بەرژەوەندییەکانی ھەرێم دەستەبەردەکات ؟
کاوە محەمەد : لەڕاستیدا ھیچ بەڵێنێکی نەداوە بە ئەستەم دەبینرێت، چونکە ئەو کەرەستانەی کە پێشتر لەبەردەست بوون لە دۆخە ئابورییە باشەکەی کاتی عادل عەبدولمەھدی زیاتر بوو لەوەی ئێستا، کە بتوانن کێشەکانی چارەسەر بکرێ و ماف و شایستە داراییەکانی کوردستان دابین بکرێت ئێستا قورسترە، بەڵام بێگومان دەبێ حکومەتی ھەرێم سیاسەتی خۆی چۆنییەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ بەغدا بگۆڕێت داھاتەکان تەسلیم بکات و ئێمەش ھەوڵ دەدەین و بەدڵنیایەوە شەڕ لەسەر موچە و مافە دەستوریەکانی کورد دەکەین لە بەغدا.

كاوه‌ محه‌مه‌د پێیوایه‌ كورد هه‌ڵه‌ی كرد كاتێك رێكه‌وتنه‌كه‌ی جێبه‌جێنه‌كرد و عادل عه‌بدولمه‌هدی ئیحراج كرد

پۆلەتیک : سەرەتای کێشەکانی نێوانی ھەرێم و بەغدا لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟
کاوە محەمەد : کێشەی ھەرێم و بەغدا کۆمەڵێک کێشەیە کە کێشەی مێژووین  لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، کێشە لە نێوان کورد و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە ھەبووە ئەوەی کەپەیوەندی بە کێشەی خاکەوە ھەبووە، جگە لەوەش بوونی کورد لە عێراقدا وەک ھاوڵاتی پلە یەک حسابی بۆ بکرێت وە ئێمە بەژداربین لە بڕیاردانی سیاسی و چارەنوسی سیاسی عێراقدا، ئەم کێشانەن پێشتر ھەبووە، ئەمەی دوای ڕووخاندنی سەدامەوە بەرە بەرە کێشەی تریان بۆ زیادبوو بەتایبەتیش ئەوەی کە پەیوەندی بە شایستە داراییەکان و بابەتی نەوت و چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتە فیدڕالیەکان لە نێوان ھەرێم و بەغدا، پێموایە ئەوەی کە وایکرد ئەم دۆخە خراپە دروستببێ ناحیکمەتی سیاسەتی سەرکردەکانی ھەرێمە، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمە بۆ خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئابوری ھەرێم و لەگەڵ کەیسی نەوت لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، لەبەرئەوە ئەمە وایکرد کە لە ٢٠٠٧ وە ھەرێم دەستی کرد بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت تا ٢٠١٣ ش دیارە بەغدا بودجەی دەنارد بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵام دوای ئەوە لەبەرئەوەی حکومەتی ھەرێم ئامادەنەبوو کە بەشێکی ئەو نەوتە ڕادەستی بەغدا بکات ئیتر ببوە ھۆی ئەوەی بودجەی ھەرێم لە بەغدادەوە ببڕێ، ئەو دۆخە خراپە دروستبێ و ئێستا ڕۆژ بەڕۆژ خراپتربێ .

پۆلەتیک : هۆكاری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکەوێتە ئەستۆی چ لایەنێک؟
كاوە محەمەد :  بەپێی یاسای بودجە کە بڕگەی (ج) (ماددەی١٠) کە ئێمە کاتی خۆی شەڕمان لەسەرکردوو جێگەمان کردوەوە وەکو پەرلەمانتارانی کورد لەڕووی یاساییەوە نابێ ئەو پارەیە ببڕدرێ ئەو مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانه‌، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە تەنھا لەڕووی ئابوریەوە لەبەرئەوەی ئێستا نرخی نەوت دابەزیوە  دوو ھۆکار ھەیە ھۆکارێکیان دیارە پەیوەندیان بە ڕووە سیاسیەکەوە ھەیە، یەکێکی تریشیان لەڕووی ئابورییەوە کە عێراق پێشتر ٧ ترلییۆن داھاتی مانگانەی بوو ئێستا ترلیۆن و نیویک داھاتی دەستدەکەوێت، ئەمە بۆتە ھۆی ئەوەی کە ئێستاکە ناتوانێت لە ترلیۆن و نیو دینار  ٤٥٣ملیار مانگانە بنێرێ بۆ ھەرێمی کوردستان، لەبەرئەوە ئەمە وایکردووە کە بوەستێنرێ  بۆیە داوا دەکەن کە یاسای بودجە بەشی تریشی ھەیە کە پێویستە حکومەتی ھەرێم چیتر نەوتەکەی خۆی سەربەخۆ نەفرۆشێ بە ناشەفافی و کەس نەزانێ داھات و پارەکەی بۆ کوێ دەچێ و ڕادەستی بەغدادیش نەکرێ، جگە لەمەش داھاتەکانی تری مەرزەکان و ناوخۆ و ھەرچی ھەیە حکومەتی ھەرێم بەشاراوەیی دەیھێڵێتەوە، جگەلەوەش خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھیچ سودی لێنابینێ و موچەی خەڵکی ھەرێمیش نادات وە ھیچیش ناداتە بەغداد لەبەرئەوە داوادەکەن ئەگەر پابەندی خۆیان ١٥ مانگ ئێستا دەبێتە ١٦ مانگ ئەمجارە ئەگەر بینێرن جێبەجێکردووە بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ بەرامبەر بە ھەرێم کە پێویستە ھەرێمیش ئیتر لەمەودوا ئەو پابەندیە نەوتیەی خۆی جێبەجێ بکات .

پۆلەتیک :  لەماوەی 15مانگی ڕابردوو دەبوایە ھەرێم مانگانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل ڕادەستی سۆمۆ بکات بەڵام نه‌یداوه‌‌، ئێستا ناکۆکیەکان گەشتونەتە لوتکە و ھەموان باسی دەکەن ، ھاوکات لەماوەی ڕابردوو ئێوه‌ش له‌وه‌ بێده‌نگ بوون، بۆچی ؟
کاوە محەمەد : لەڕاستیدا پێم وانییە، ئێمە بێدەنگ نەبوین و قسەمانکردووە ئێمە وەکو پەرلەمانتارانی گۆڕان یان چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە بەغداد قسەی خۆمان کردووە، پێمانوایە کە دەبوایە حکومەتی ھەرێم ئەو نەوتە ڕادەستی بەغداد بکات، بەڵام کە نەیکردووە وەک دەزانن بابەتی نەوت قۆرغکراوە لە ھەرێمی کوردستان جگە لەوەی ناشەفافە لە لایەن ئەو دەسەڵاتدارانەی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی وە دەتوانم بڵێم نەک ھەر پارتی و یەکێتی وەکو دوو حیزب، بەڵکو چەند کەسێک و چەند گروپێکی ناو ئەو دوو حیزبە جگە لەوان کەسی تر لە وردەکارییەکانیان نازانن وە دەسەڵاتیان بەسەر ئەو بابەتە نییە.
لەبەرئەوە ئەوان بەرپرسیارن بێگومان ھەر لایەنێکی تریش بەژداربێ لە حکومەت بەشی خۆی بەرپرسیاری دەکەوێ بە گۆڕانیشەوە، من پێموایە دەبوایە ھەڵوێستی گۆڕان ھەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاوانەتری لەو بابەتە ھەبووایە، لایەنی کەم  وەزیری داراییەکەی لە گۆڕانە، کە ئەو داھاتی نەوت ھەمووی کە ناگەڕێتەوە ناو وەزارەتی دارایی بەشێکی کەمی لێدراوەتە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە، دەبوایە گۆڕان وەکو بەژدار لە حکومەت پێداگری لەسەر ئەوە بکردایە .

پۆلەتیک: لەگەڵ سەرکردایەتی گۆڕان ئەم پرسەتان باسکردووە ؟
کاوە محەمەد : ئێمە لەڕاستیدا شتێکی ئەوتۆ نەبووە لەسەر ئەو بابەتە دانیشتنێکی تایبەت بۆ ئەو بابەتە بکرێ لەگەڵ سەرکردایەتی خۆمان، بەڵام ئێمە بەتەکید ڕاوو بۆچوونەکانی خۆمان گەیاندووە .

پۆلەتیک : لە ئەگەری قوڵبونەوەی کێشەکان ئایا پارێزگاکان راسته‌وخۆ ده‌توانن دانوستان له‌گەڵ به‌غدا بكه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌ریم بۆ چاره‌سه‌ری بوجه‌ و مووچە،  له‌ ئیستادا ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ گونجاوه‌ ؟
کاوە محەمەد : ئەمە یەکێک بووە لە ئەگەرەکان پێشتریش باسکراوە و ھەوڵدراوە کە ئەمە بکرێ، کە لەڕاستیدا ئەمە شکستی بەڕێوبردن و سیاسی ئەم حکومەتە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەێنێت کە خەڵک بگاتە ئەوەی نان و مووچە و قوتی ڕۆژانەی ببڕدرێ، وە ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە ھاتبێ چەندین ساڵە وە ئێستاشی لەگەڵ بێت پارەکە لەڕاستیدا ناچێتە دەستێکی سەلامەتەوە، بۆیە خەڵک ئەم داواکارییەی ھەیە ئەوە یەکێکە لەو بیرۆکانەی کە باس دەکرێت بۆ چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان  وە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەڕێگەی پارێزگاکانەوە، بێگومان پارێزگاکانیش دەتوانن ئەوە بکەن بەڵام ھیوادارین کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی چارەسەری ئەو کێشانە بکات وە لەناو ھەرێمی کوردستانیش سیاسەتی لامەرکەزییەتی ئیداری پەیڕەو بکات بتوانێت کە ژیانی خەڵک و مووچەی خەڵک دابین بکات .

كاوه‌ محه‌مه‌د: پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ كورد داهاتی نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا بكات

پۆلەتیک : حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاندووە ئامادەیە ھەموو مەلەفی نەوت ڕادەستی به‌غدا  بەڵام بەغدا ته‌نها بەمە ڕازی نییە، ئایا ھۆکەری ئەمە دەگه‌ڕێتەوە بۆچی؟
کاوە محەمەد : ھۆکاری ئەوەیە کە کاتی خۆی دەبوایە کە نرخی نەوت نرخێکی باشی دەکرد ئەو کاتە ئەمە بکرایه‌، ئەوەیان نەکرد تا پارەیەکی باشیان لە نەوت دەستدەکەوت بێمنەت بوون لە بەغدا بەڵام ئێستا کە نرخی نەوت زۆر زۆر دابەزیوە پارەیەکی ئەوتۆ ناکات کە عێراق خۆی بە نرخێکی کەم دەیفرۆشێ ھەرێمی کوردستان لەوەش کەمتر دەیفرۆشێ لەبازاڕ ھەزرانفرۆشنی دەکات. لەبەرئەوە ئێستا ھەرێم تووشی دۆخێکی خراپ و شڵەژان بووە کە ناتوانێ مووچەی خەڵک دابین بکات، بۆیە پەنای بۆ بەغدا بردووە، بەغداش بێگومان ئەمە دەزانێ بۆیە ئێساکە پێی وایە ھیح دادی نادات ئەگەر بێت و ئێستاکە ئەو نەوتەش ڕادەستبکرێ ڕەنگە ھیچ کاریگەریکی ئەوتۆی نابێ لەسەر ئەوەی بەغدا لەڕووی ئابورییەوە بتوانێ ئەو کێشانەی خۆی چارەسەر بکات، بەڵام بێگومان ئەمە دەبێتە کارتێکی بەھێز ئەگەر بێت و ھەرێم داھاتەکانی نەوتی و بێجگە لە نەوتی ڕادەستی بەغدا بکات پێموایە لە ھەموو ڕوویەکەوە ئێمە پێگەمان بەھێزتر دەبێ بۆئەوەی بتوانین ھەموو  شایستە داراییەکانی خۆمان لە بەغدا وەربگرین .

پۆلەتیک : لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی ھەرێم و به‌غدا، هه‌ڵوێستی ئێوه‌ وه‌ك گۆران چی ده‌بیت  
کاوە محەمەد : باپێش ڕووداوەکان نەکەوین جارێ نازانین ڕەنگە لەگەڵ برادەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە جڤاتی نیشتمانی و ئەوان قسە بکەین، باشترە ئەوان قسەی خۆیان بکەن لەوبارەیەوە من بۆخۆم وەکو پەرلەمانتار ئەو ڕۆحە ڕەخنەگرانەی خۆم درێژە پێدەدەم، وە پێموایە پێویستە ھەموو لایەک گوشار لەسەر دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێم بکەین، بێگومان لەھەمانکاتیشدا ئێمە ئەوەی کە پەیوەندی بە بەغداوە ھەیە شەڕ لەسەر ماف و موچەو داواکارییەکانی کورد دەکەین و کە کردومانە وە ئەو گوشارانەمان لەسەر ھەردوو لا دەبێت ھەم بەغدا و ھەم ھەرێم بۆئەوەی چیتر مووچە و ژیانی خەڵک نەکەوێتە سوت و کێشەو ململانێکانی ھەردوولا .

پۆلەتیک : دەگوترێت ئێوە لە بەغدا دژایەتی کوردستان دەکەن و کار بۆ نەمانی قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکەن ئایا ئەم قسەیە ڕاستە ؟ 
کاوە محەمەد : ئەوانه‌ى ئیشیان لە دژی قەوارەی ھەرێمی کوردستان کردووە ئەوانەن کە ئابوریی ھەرێمی کوردستانیان وێرانکردووە، ئەوانەن کە ھیچ حسابێکیان بۆ دامەزراوەکان نەکردووە، یان ھیچ حسابێکیان بۆ سەروەری یاسا نەکردووە، ئەوانەن کە ھەرچی نەوت و سەرچاوەکانی داھاتی ھەرێمە تاڵانیان کردووە، مێژووی ئەوان پڕیەتی لە پەیوەندی گوماناوی و ڕێکەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ ئێران و تورکیا لەگەڵ عێڕاقی سەدامیشدا و ٣١ ئاب و وە عێڕاقی دوای سەدام و ئەو ڕێکەوتنانەی کە لەگەڵ ھێزە شیعیەکان و سوننەکاندا کردوویانه‌، ھەمیشە بازرگانیان بە ماف و داواکارییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ بەدەستھێنانی پۆست و پارە بۆ حیزیەکانیان، ئەوان بێ خوێندنەوەیەکی دوورمەودا ڕیفراندۆمێکیان کرد لەسەدا پەنجاو یەکی خاکی ھەرێمی کوردستانیان ڕادەستی عێراق کردووە، کە لەڕاستیدا گوێیان لە ھیچ کەسێک و ھیچ لایەنێک نەگرت و سواری سەری خۆیان بوون و ئەم سەرکێشیە سیاسیە بێمانایەیان کرد، ئەوانەن کە کیانی ھەرێمی کوردستانیان تێکداوە نەک ئێمە كه‌ شەوڕۆژمان خستۆتە سەریەک بۆ ئەوەی بەرگریی لە مافی خەڵک بکەین لە کیانی ھەرێمی کوردستان بکەین لە نیشتمان و لە ھاوڵاتیان بکەین، کە پێگەیەکی بەھێزتری ھەبێ نەک کورد تەنھا بەدوای پۆست و پارە بکەوێ بەڵکو ئێمە لێرە ھاتوین شەڕ لەسەر مافە دەستورییەکانی خۆمان دەکەین، لەسەر بابەتی ناوچە کێشە لەسەرەکان لەسەر بابەتی مووچەی پێشمەرگە شایستە داراییەکانی جوتیاران لەسەر ھەموو ئەوانەی ئێمە وەک کورد دەورمان لەبڕیاردانی سیاسی ھەیە . 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ