پرۆژه‌ى توركیا له‌ لیبیا سه‌رده‌گرێ ؟

توركیا له‌ لیبیا.. خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیخوان و كۆنترۆڵكردنی وزه‌

ره‌نج نه‌وزاد 2020.05.14 02:04 PM
704 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

به‌شی (5)
تورکیا....
هاتنی پارتی داد وگەشەپێدان بۆ سەر حوکم ٢٠٠٢، سەرەتای گۆڕانکاری لە سیاسەتی تورکی دەستیپێکرد، گۆڕانکاری لە رۆڵی تورکیا لە ناوچەکە وجیهانیش، بەوەی تەنها بایەخ بە رۆژئاوا وئەوروپا نەدات وبەڵکو بایەخ بە جیهانی ئیسلامی وناوچەکانی دەوروبەری خۆشی بدات (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ئەفریقیا، بەلقان وقەوقاز) وجیهانی ئیسلامی بکاتە پانتایی هەژموونی خۆی لەوێشەوە بەرەو هەژموونێکی جیهانی، واتە زیندووکردنەوەی ئیمبراتۆریەتی عووسمانی بە شێوەیەکی نوێ کە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت، چونکە تورکیا پێیوایە کەرەستەی ئەوەی هەیە ببێتە دەوڵەتێکی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان، لە ڕووی مێژوویی وجیوپۆلەتیکەوە، ئەو دەرەفەتەی هەیە، بۆیە دەبێت تورکیا لەو ڕۆڵەی کە رۆژئاوا پێی بەخشیبوو بێتە دەرەوە، کە رۆڵی ڕێگرتن بوو لە تەشەنەکردنی هەژموونی سۆڤیەت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وناوچەکە لە کاتی جەنگی سارددا. ئەمەش تیۆریستی سەرەکی پارتی داد وگەشەپێدان داود ئۆغلۆ لە نووسینەکانیدا بە تایبەت لە کتێبی قووڵایی ستراتیجی ئاماژە بەوانە دەکات.
بێ گومان ئەم ئاڕاستە ئیسلامیە لە داد وگەشەپێدان وئۆردۆگان وئۆغلۆە درووست نەبووە، بەڵکو سەرەتاکانی لە نەجمەدین ئەربەکان و هەروەها وەک ویستێکی شاراوە وچەپێنراو لە کۆمەڵگەی تورکیدا هەبووە هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیایی کەمالیەوە، تورکیا پاشماوەی عوسمانیە وکۆمەڵگەیەکی موسوڵمانن، بەڵام ئاڕاستەی ئیسلامی تیایدا کپ کرابوو لە ڕێگەی ئەتاتورک وکەمالیستەکانەوە. بەڵام داد وگەشەپێدان وئۆردۆگان ئەو ئاڕاستە ئیسلامیەیان ئازاد کرد وکردیان بە بنەمایەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، هەرچەن تا ئێستاش تورکیا لە ناوخۆ بەپێی دەستور وڵاتێکی عەلمانیە، وئۆردگانیش ئەوەی قبول کردوە ودانی پیادەنێت.

سێ ئامراز یا سێ ڕێگەی سەرەکی هەیە، تورکیا لەسەردەمی ئۆردۆگان بەکاری دەهینێت بۆ بڵاوکردنەوەی هەژموونی تورکیا لە ناوچەکە ولەجیهانیش: ١-ئایدولۆژیایی ئیسلامی وبەتایبەت ئیخوانی، لەگەڵ بەهاری عەرەبی زۆر زیاتر بەڕوونی دەرکەوت، ئەمەش لەبەر ئەوەی فکری ئیخوانی وەک ئیسلامێکی میانڕەوە وئەمریکاش بە تایبەت ئۆباما لە کاتی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی پشتگیری دەکرد، هەروەها ئیخوانیەکان لە وڵاتانی عەرەبی وجیهانی ئیسلامی لەسەر ئاستی جەماوەری پێگەیەکی گەورەیان هەیە، لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پشتگیریی جەماوەرێکی گەورە بەدەستبهێنرێت وهەژموونی لە زۆر وڵاتدا هەبێت. ٢- وزە (نەوت وگاز)، بە واتای ئەوەی تورکیا ببێت بە شوێنی بە یەکگەیشتنی فڕۆشیار وکڕیاری وزە، بەوەش هەردوولا پێویستیان بە تورکیا دەبێت.٣- ناسیونالیزمی تورکی، بە مانای زیادکردن وفراوانکردنی هەژموونی تورکیا لە جیهان وناوچەکە، بۆ بەرژەوەندی تورک، چونکە تورکیا دەوڵەتی تورکە بە تەنیا. لە لایەکی ترەوە، بەکارهێنانی ئەو کەمینە نەتەوەییانەی کە خۆیان بە تورک دەزانن لە دەوڵەتانی تر ولەدەرەوەی تورکیا، بۆ هەژموونی تورکیا بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا، بۆ نموونە بایەخدانی تورکیا بە کەرکوک لەبەر کەمینە تورکمانەکەی.

توركیا یاریزانێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ شه‌ڕ و قه‌یرانی لیبیادا

لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە کۆتاییەکانی ٢٠١٠ وسەرەتاکانی ٢٠١١ ئیخوانەکان لە زۆربەی وڵاتەکان لە ناو جەماوەردا پێگەیەکی گەورەیان هەبوو. ئیدارەی ئۆباما لە نێوان بەرگری کردن لە حکومەتە دیکتاتۆرەکان وپشتگیری خۆپێشاندەران، پشتگیری خۆپێشاندەرانی هەڵبژارد، چونکە دەیزانی ئەو حکومەتانە ئیتر کاتیان بەسەرچووە وپاراستنیان تێچوونێکی زۆری دەوێت و ئەمریکاش ناشرین دەکات، وهەر وەها پێیوابوو ئیخوانەکان نموونەی ئیسلامی میانڕەون وجیاوازن لە ئەلقاعیدە، لەوانەیە کاریگەر بووبێت بە ئەزموونەکەی داد وگەشەپێدان، کە فێلبازانە وبە نەرمی کاریان دەکرد سەرەتا. بەشێکی زۆری ئەو کۆمەڵگە عەرەبیانە پێیان وابوو ئەم ستەمکارانەی وەک موبارەک وقەزافی... بە هۆی ئەمریکاوە حوکم دەکەن ودەپارێزرێن، بۆیە بۆ بە دەستهێنانی دۆستایەتی حکومەتە تازەکان وکۆمەڵگەی عەرەبی، ئەمریکا پشتگیری بەهاری عەرەبی کرد. هاوکات ئۆردۆگانیش بە توندی پشتگیری خۆپێشاندەرانی دەکرد، چونکە دەیزانی حکومەتە تازەکان ئیخوانی دەبن. ئەو کاتیش ئۆردۆگان لە ناو تورکیا بەهێزببوو وپشتگیری ئەمریکاش بۆ ئەو ڕووداوانە، وای لە ئۆردۆگان کرد بێ ترس لە هێزی عەلمانیەکانی تورکیا، هاوکاری ئیخوانەکان بکات بۆ هاتنە سەر حوکم، بەوەش سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ئاڕاستەیەکی ئیسلامی وەرگرت.
تورکیا پێیوابوو ئەو جەماوەرەی کە پشتگیریان دەکات وئەو حکومەتە تازانەی کە درووست دەبن، دەبنە دۆستی تورکیا وتورکیاش هەژموونی دەبێت لەو وڵاتانە، بە تایبەت کە حکومەتە تازەکان دەکرێت سەرەتا لاوازبن وتورکیا هاوکاری سیاسی وئابووری وهەواڵگیریان بکات. ئەو شۆرشانەش دەکرێت زۆربەی هەرە زۆری جیهانی عەرەبی وئیسلامی بگرێتەوە، بەویش تورکیا خۆشەویست دەبێت لە جیهانی نوێی عەرەبی وئیسلامی، بەوەش هەژموونی دەبێت بەسەر ئەو هەموو دەوڵەتە دەوڵەمەند وگرنگانەی ناوچەکە، کەواتە دەبێتە وڵاتێکی بە هەژموون لەسەر ئاستی جیهانیش، هاوشێوەی زلهێزێک.
چەن ساڵی سەرەتای دوای بەهاری عەرەبی، دەتوانین بڵێن بەهاری تورکیا و ئۆردۆگان بوو، چونکە لە زۆریک لەو وڵاتانە ئیخوانەکان گەیشتنە دەسەڵات، بەڵام ئەم بەهارە کورت بوو، چونکە لە ساڵی ٢٠١٣ مورسی بە کودەتایەکی سەربازی لابرا وسیسی بووە سەرۆک، پاشان لە وڵاتانی تریش ئیخوانەکان نەیانتوانی بەردەوام بن لە حوکم، حیزبی نەهزەی تونسی لە دووەم هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەبوو، هاوکات لیبیا ویەمەن وسوریا بەرەو شەڕی ناوخۆ چوون. پرۆژەی ئیخوانی ئۆردۆگان وتورکیا، تا ڕادەیەکی زۆر شکستی هێنا. بەڵام هاتنی سیسی بە لابردنی مورسی، گورزێکی کەمەر شکێن بوو بۆ تورکیا، چونکە ئیخوانەکان لە ناو یاریگای خۆیان دەرکرانە دەرەوەی، بە کودەتای سەربازیش، کودەتای سەربازی مۆتەکەیە بۆ ئۆردۆگان، چونکە تورکیا مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە کودەتای سەربازی، هەروەها لابردنی ئیخوانەکانی میسر بە کودەتای سەربازی، خەریک بوو دووبارە بێتەوە لە ساڵی ٢٠١٦ دژی خودی ئۆردۆگان لە تورکیا، بۆیە لابردنی ئیخوانیەکان لە میسر، بۆ ئۆردۆگان دۆڕاندنێکی سەخت بوو، جگە لەوەی لە دەستدانی میسر لە لایەن ئیخوانیەکانەوە، ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ شکستێکی گەورەتر لەسەر ئاستی عەرەبی وئیسلامی بۆ ئیخوانەکانی دەرەوەی میسر.
تورکیا لەوانەیە خوێندنەوەی ورد نەبووبێت بۆ هەندێ خاڵ، بۆ نموونە، سعودیە وئیمارات بە هەموو توانایەکی دبلوماسی وئابووری وهەواڵگری وتەنانەت چەکداریش کەوتنە دژایەتی بەهاری عەرەبی، تورکیا لەوانەیە حیسابی بۆ تواناکانی سعودیە وئیمارات نەکردبێت وەک پێویست. هەر وەها لەوانەیە ئۆردۆگان پشتی بە پشتگیری ئەمریکا بەست بێت بۆ ئیخوانەکان، لە کاتێکدا جیاوازی زۆرە لە نێوان کاریگەی پشتگیری ئەمریکا بۆ ئیخوانەکان وکاریگەری دژایەتی سعوودیە وئیمارات وهاوپەیمانەکانیان بۆ ئیخوان وبەهاری عەرەبی، چونکە هاتن ولابردنی ئیخوانەکان بۆ ئەمریکا ئاسایشی نیشتیمانی وبەرژەوەندییە باڵاکانی ناخاتە مەترسیەوە، بەڵام بەهێزبوونی ئیخوانەکان وگەیشتنیان بە دەسەڵات لە زۆر وڵات، پرسی مان ونەمانە بۆ دەسەڵاتدارانی سعودیە وئیمارات وبەحرین... لێرەوەیە ئەو پشتگیریە سادەیەیی ئەمریکا رۆڵی کەمترە لەو دژایەتیە بەهێزەی ئیمارات وسعودیە. هەر وەها کولتوری دیموکراسی بەڕادەیەک لاوازە لەو وڵات وکۆمەڵگانە، ناکرێت تەنها پشت بە شەرعیەتی دەنگدان ببەسترێت بۆ حکوم کردن (ئیخوانەکان بە پرۆسەی دیموکراسی دەسەلاتیان گرتە دەست، هیچ سەرۆکێکی میسر وەک مورسی شەرعیەتی دیموکراسی نەبووە ونییە). جگە لەوەی لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەش بە تایبەت میسر، زۆریک لە نوخبەی رۆشنبیران وهونەرمەندان وسەرمایەدارەکان دژی ئیخوانەکان بوون، بە هاوکاری گەورەی سعوودیە وئیمارات، توانیان لە ماوەیەکی کەم مورسی لابەن.

نه‌خشه‌كه‌ رێكه‌وتنی ئه‌ردۆغان و سه‌راج بۆ دابه‌شكردنی سنوره‌ ئاوییه‌كانی ده‌ریای ناوه‌راست ده‌رده‌خات


دوای لابردنی ئیخوانەکانی میسر لەسەر حوکم، کێشەیەکی تر بۆ ئۆردۆگان درووست بوو، کە بەرەی دژ بە تورکیا بەهێزتر بوون، پێشتر سعودیە و ئیمارات بوو، دوای ٢٠١٣ ئەو بەرەیە بوونە سێگۆشەی سعودیە-ئیمارات-میسر. ئەو بەرەیە گورزی گەورەیان لە تورکیا دا لەسەر ئاستی دبلوماسی وئابووری وسەربازی تورکیایان ماندوو کردوە، تەنانەت هۆکارێکی گرنگی دابەزینی دراوی تورکی وهاڕەکردنی، دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی ئیمارات وسعودیە، چونکە هەردوو دەوڵەت وەبەرهێنانی گەورەیان هەبوو لە تورکیا، دوای بەهاری عەرەبی، ئەو دوو دەوڵەتە کشانەوە لە بازاری تورکیا، بەوەش مامەڵەکەن وخواست لەسەر دراوی تورکی کەمبووەوە، پاشان بووە هۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی.
لێرەوەیە لیبیا گرنگیەکی گەورەی هەیە بۆ تورکیا، چونکە تاکە دەوڵەتە کە هیوایەک ماوە ئیخوانەکان دووبارە دەسەڵات بگرنەوە دەست، هەروەها گرنگی لیبیا لەوەدایە، کە سنورێکی زیاد لە ١٠٠٠کم ی هەیە لەگەڵ میسر، ئەگەر ئیخوانیەکان دەسەڵات بگرنەوە دەست لە لیبیا، ئەوا تورکیا زۆر بە باشی دەتوانێت سیسی هەراسان بکات و دەرەفەتێکیش دەبێت بۆ جوڵاندنی ئیخوانەکانی میسر وهاوکاری کردنیان و دوبارە گرتنەوە دەستی دەسەڵات لە میسر. هەرچەن بە هۆی بوونی نزیکەی ١٥ ملیار دۆلاری تورکیا لە وەبەرهێنان لە ناو لیبیا لە کاتی قەزافی، تورکیا کەمێ دواکەوت لە پشتگیری خوپێشاندەران، بەڵام کە زانی قەزافی دەروخێت وئیسلامیەکانیش بەهێزن لەوێ، پشتگیری دەربڕی. ئێستاش هاوکارییەکی گەورەی بەرەی سەراج دەکات.
پاڵنەرێکی سەرەکی تری تورکیا لە لیبیا، خۆی لە گاز ونەوت دەبینێتەوە، تورکیا بەکاربەرێکی گەورەی وزەیە، خۆشی زۆر هەژارە لە وزە، بۆیە دەیەوێت ببێتە پردێک لە نێوان ئەو دەوڵەتانی وزە دەفرۆشن و ئەو دەوڵەتانەی وزە دەکڕن، واتە شوێنی گواستنەوەی وزە بێت، جوگرافیاکەشی گونجاوە بۆ ئەوە. ئەمەش وا دەکات هەردوو بەرەی کڕیار وفرۆشیار پێویستیان بە تورکیا بێت، ئەوەش هێزە بۆ تورکیا، هەروەها مسۆگەر کردنی بەردەوامی وزەیە بۆ ناوخۆی تورکیا.

لە دوای دۆزینەوەی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست وپشتگوێ خستن وبێ بەشکردنی تورکیا لەو گازە لە لایەن میسر وئیسرائیل وقوبرس ویۆنانەوە، تورکیا تاکە چارەی بۆ گەیشتن بەو ناوچەیە، بۆ بەشداری لە سودی گازەکە یا ڕێ گرتن لەوەی وڵاتەکانی تر سودی لێ ببینن وببنە سەرچاەیەکی وزە بۆ ئەوروپا، کە ڕەنگە ئیتر رۆڵی تورکیا کەمتر بکاتەوە وەک ناوەندی گواستەوەی وزە. بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا دوو هەنگاوی نا، دانەیەکی لە ڕێی قوبرسی تورکیەوە کە تەنها تورکیا دانی پیاناوە وەک دەوڵەت، دەستی بگات بە گازی ئەو ناوچەیە وخۆشی پشکنین وگەڕان بکات بۆ دۆزینەوەی گاز. هەنگاوێکی تری بریتی بوو لە ڕێکخستنی سنور لەگەڵ لیبیا. هەردوو هەنگاوەکە لە ڕووی یاسای نێودەولەتیەوە، ڕێگە پێنەدراوە. چونکە قوبرسی تورکی وڵات نیە ووەک بەشێک لە تورکیاش دانی پیانەدراوە.

هەروەها تورکیا لەگەڵ لیبیا سنوری ئاوی لە نێوانیاندا نییە، بەڵکو چەن دوورگەیەکی یۆنانی لەوانە دورگەی کریت دەکەوێتە نێوان تورکیا ولیبیا، بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ئەوا یۆنانە لە ڕێگەی دوورگەی کریتەوە دەکرێت سنووری هەبێت بە لیبیاوە نەک تورکیا. بەڵام تورکیا بازی داوە بەسەر دوورگەی کریت و ڕاستەخۆ لەگەڵ لیبیا سنوری درووست کردوە، کە ئەمەش تەواو نا یاساییە. لە کاتی سەردەمی موبارەک تورکیا ویستی هەمان ڕێکەوتنی سنوور بکات لەگەڵ میسر، بە بازدان بەسەر قووبرس، بەڵام میسر ڕازی نەبوو بەوە. بەڵام حکومەتی (الوفاق)ی لیبی بۆ مانەوەی خۆی ڕازی بوو بەو ڕێکەوتنە نایاساییە. تورکیا دەیەوێت بەهۆی ئەو گازە تازە دۆزراوەی دەریایی ناوەڕاست ببێتە خاوەن گازی سروشتی، یاخود ئەو گازە لە ڕیگەی تورکیاوە بگوازرێتەوە بۆ ئەوروپا.
مەبەستێکی تری تورکیا لە لیبیا ولە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ سەراج، ئەوەیە کە دەیەوێت دەسەڵاتی هەبێت لە دەریایی ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەوەی وا دەردەکەوێت کە تورکیا سنورێکی فراوانی هەیە بە دەریایی ناوەڕاستەوە بە تایبەت لە دەریایی ئیجەوە کە بەشێکە لە دەریایی ناوەڕاست، بەڵام دەسەڵاتی بەسەر دەریایی ناوەڕاستدا زۆر سنوردارە، وتوانای پشکنینی بۆ گاز ونەوت لە دەریایی ناوەڕاستدا زۆر کەمە، چونکە بە سەدان دورگەی یۆنانی بڵاوبوونەتەوە بە دەریایی ئیجەدا بەرەو ڕووی تورکیا، هەوەها لە ناو دەریایی ناوەڕاستدا، قوبرس و دورگەکانی تری یۆنان لەوانە دورگەی کریت ڕێ لە تورکیا دەگرن بێتە ناو دەریایی ناوەڕاست بەو شێوەیەیی خۆی دەیخوازێت سوودی لێ دەبینێت.
بە پێی ڕێکەوتنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ یاسای دەریاکان ١٩٨٢ کە تورکیا بەشدار نەبووە تیایی وباوەڕشی پێ نییە، سنوری ئاوی نێوان دوو دەوڵەت لە کەیسی تورکیا ویۆنان بۆ نموونە، سنورەکە لە نزیکترین دوورگەی یۆنانی لە تورکیاوە دەستنیشان دەکرێت، دوورگەکانی یۆنانیش زۆر نزیکن لە تورکیاوە، بەپێی ئەو ڕێکەوتنە، ١٢ میلی دەریایی سەر بە سەرەوەری خاکی دەوڵەتەکەیە. بەمەش تورکیا تەواو دەسەڵاتی کورت دەکرێتەوە لە دەریایی ئیجە ودەریایی ناوەڕاست. ئەمەش یەکێکە لە نیگەرانیەکانی تورکیا لە پەیماننامەی لۆزان ١٩٢٣، کە پێی وایە غەدری لێ کراوە وسوودی بە یۆنان وقوبرس گەیاندوە وزیانی لە تورکیا داوە. تاکە دەوڵەت کە ڕازی بووە ئەو ویستە نا یاساییانەی تورکیا قبول بکات وڕێکەوتنی لەگەڵ بکات لەسەر دیاری کردنی سنووری ئاوی بێ گوێدانە دوورگەکانی یۆنان، تەنها لیبیایە وئەویش لەڕێگەی حکومەتەکەی تەرابلوس کە حوکمی بەشیکی کەمی لیبیا دەکات.

تا پێش بەهاری عەرەبی تورکیا تا ڕادەیەکی باش هەوڵی دەدا تیۆرییەکەی داود ئۆغلۆ جێبەجی بکات کە سفرکردنەوەی کێشەکانە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، هەر لەو چوارچێوەیەش پەیوەندی تورکیا لەگەڵ باشووری کوردستان بووە پەیوەندیەکی فەرمی ولەسەر بنەمای بەرژەوەندی. بە پێی ئەو تیورییە تورکیا دەبێت هەوڵبدات کەمترین نەیار وزۆرترین هاوکار ودۆستی هەبێت لە ناوچەکە، بەڵام لە دوای بەهاری عەرەبی بەتایبەت لەم چەن ساڵەی دوایی، ئۆردۆگان شکستی خواردوە لەو ڕووەوە، چونکە لە ئیستا ئیمارات وسعودیە وئەوروپا، قوبرس ویۆنان ومیسر، سوریایی ئەسەد، ڕووسیا لە هەندێ ڕووەوە، بە تایبەت لە لیبیا، ئەمریکا تا ڕادەیەک.. هەموویان کیشەیان لەگەڵ تورکیا هەیە. تەنانەت ئەو هەوڵە فێلبازیانەشی شکستی هێنا لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد. ئەمانەش هۆکارێک بوون بۆ دوورکەوتنەوەی ئۆغلۆ لە ئوردوگان ودرووستبوونی کێشەی قووڵ لە نێوانیان.
خودی تیۆری سفرکردنەوە کێشەکان، لەگەڵ ئەوەی تیۆرییەکی جوان وسەرنج ڕاکێشە، بەڵام تا ڕادەیەک نا واقعیە، لەگەڵ دینامێکێتی سیاسەت وهاوکێشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگونجێت، بە تایبەت بۆ ماوەیەکی درێژ، هەر وەها تورکیا تاکە یاریکەر نییە کە خۆی بڕیار بدات کەی کێشەکان چارەسەر بکات یا کێشە درووست بکات، یاریکەری تریش هەن بڕیار دەدەن لەوبارەیەوە. ئینجا خەونی زیندووکردنەوەی هەژموونی عوسمانلی وفراوانکردنی هەژموون لە ناوچەکە ولە جیهان، خۆی لە خۆیدا بێ کێشە وقەیرانی گەورە نابێت وڕوونادات. هاوکێشەی وا هەیە، یا دەبێت بێ لایەن بیت، یا کە چوویتە ناویەوە دەبێت نەیارت بۆ درووست بێت، بۆ نموونە بەرگری کردن لە ئیخوانەکان، واتە دژایەتیکردنی سعوودیە وئیمارات.
لە ئێستادا لیبیا گونجاوترین شوێنە وتاکە هیوایە بەوەی ئیخوانیەکان تیایدا بگەڕێنەوە بۆ سەر حوکم و تورکیاش لە ڕێگەی لیبیاوە بتوانێت ببێتە خاوەن گاز یا سودمەند بێت لەو گازەی دەریایی ناوەڕاست، یاخود هیچ نەبێت ڕێ نەدات کەس سود لەو گازە ببینێت تا نەبێتە رکابەرێک بۆ بازاری تورکیا کە دەیەوێت زیاتر ببێتە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی وزە. تورکیا لە میسر شکستی هێنا، لە سوریا ئەسەد مایەوە، وکوردانی رۆژئاواش ئەگەر هەیە دەستکەوتێک بەدەست بێنن، ئەمەش شکستێکی تری تورکیایە. لیبیا دەرەفەتێکە، ئەگەر بچوکیش بێت، بۆ گەڕانەوەی دەستکەوتەکانی پێش ٢٠١٣، بەڵام ئایا سعودیە وئیمارات ومیسر لە لیبیاش سەردەکەون بەسەر تورکیا، بە تایبەت ئەمجارە ڕووسیاش لە بەرەی سعودیە وئیمارات ومیسرە تا ڕادەیەک، ئەوەی کە تا ئێستا ڕوونە، بریتییە لە بەردەوامی فەوزا لە لیبیا، ئەمەش ماندووکردنی زیاتری تورکیایە وزۆربوونی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتیە لەسەر تورکیا، کە ڕەنگە سەربکێشیت بۆ ناڕەزایەتی ناوخۆ. سعودیە وئیمارات ومیسر ئامادەن، ئەگەر شەڕەکەی لیبیاش نەبنەوە ویەک لا نەکەنەوە، بەڵام ڕێ نەدەن تورکیا سەرکەوتوو بێت وسەراج هەموو لیبیا حوکم بکات.
هەر لە سەرەتای بەهاری عەرەبیەوە، سعودیە وئیمارات، هەوڵیانداوە یا ئیخوانەکان لاببەن ودۆستەکانی خۆیان بێننە سەر حوکم، یاخود فەوزا وشەڕی ناوخۆ درووست بکەن وڕێ نەدەن ئیخوانەکان حوکم بکەن وبەهاری عەرەبیش ناشرین بکەن وشکستی پێبێنن، کە تا ڕادەیەکی زۆر لەوەدا سەرکەوتوو بوونە تا ئێستا.

 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ