دابەزینی مێژوویی نرخى نه‌وت

هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی نرخى نه‌وت له‌ 12 ساڵى ڕابردوودا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.16 06:52 PM
843 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

یادگار عه‌لی ـ مامۆستای زانكۆ
لە مانگی نیسانی (2020) ـەوە تەنگژەیەك ڕووی لە بازاڕی جیهانی نەوت (ئاڵتونی ڕەش) كرد، لەبەر مەترسیداریەكەی هەندێك بە (مێژوویی) وەسفی دەكەن، هەندێكی تریش كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بەبڕی (10) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە (مێژوویی) ناودەبەن.
نرخی بەرمیلێك نەوتی ئەمەریكی (73%) نرخەكەی لەدەستدا و گەیشت بە (4.71) دۆلار و نەوتی خاوی برێنت بۆ (18.10)دۆلار دابەزی، هۆكاری سەرەكی پشت ڕوداوەكەش بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە كە ژیانی گشتیی پەكخست.
ئەم تەنگژەیە یەكەمجار نییە لە بازاڕی ئاڵتونی ڕەشی جیهانیدا ڕوودەدات.
لە ساڵی (2008) و لە كاتی قەیرانی دارایی جیهانی، نرخی نەوت گەورەترین دابەزینی تۆمار كرد، نرخی یەك بەرمیل گەیشت بە (47) دۆلار.

لە سەرەتای ساڵی (2010) دا؛ بازاڕی نەوتی جیهانی بوژانەوەی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەت ئەوكاتەی كە مەترسیەكانی قەیرانی دارایی جیهان بەرەو ڕەوینەوە ڕۆیشت، نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ (71) دۆلار بەرزبویەوە، لە سەرەتای ساڵی (2011)دا؛ نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشت بە (100) دۆلار.

 ساڵی 2008 كاتی قەیرانی دارایی جیهان نرخی نەوت گەورەترین دابەزینی تۆمار كرد


هەروەها لە ساڵی (2012) دا؛ ئابوری جیهان قۆناغی سەقامگیریی زیاتری بەخۆیەوە بینی و نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ (112) دۆلار بەرزبویەوە. پاشان لەساڵی (2013)دا؛ نرخی نەوت زیاتری لە جێگیریدا مایەوە و هەر بەرمیلێك لە نێوان (110 بۆ 113) دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرا.
لە ساڵی (2014) دا؛ دیسان شتی چاوەڕواننەكراو لە بازاڕی جیهانی نەوت ڕویدا، نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزینی تۆماركرد، بەجۆرێك لە پێنج ساڵی پێشتردا هاوشێوەی نەبوو، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برنت بۆ (57) دۆلار دابەزی.
هەروەها لە سەرەتای ساڵی (2015)دا؛ نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت گەڕایەوە بۆ (60) دۆلار، لە ساڵی (2016)دا؛ دیسانەوە بینەری گەورەترین دابەزینی نرخی نەوت بوین لە (14) ساڵی پێش خۆی، نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ (27) دۆلار دابەزی و هۆكارەكەشی بۆ زۆری ڕێژەی بەرهەمهێنان و پڕبوونی عەمبارەكانی نەوت چ لە وڵاتانی بەرهەمهێن و چ لەوڵاتانی بەكارهێن گەڕێنرایەوە.
لەنۆڤێمبەری (2015)دا؛ وڵاتانی ڕێكخراوی (ئۆپیك پڵەس)، كە لە (23) وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت پێكدێن و (13) وڵاتیان لەناوچەی ئۆپیك پێكهاتبون، ڕێككەوتن: بەرهەمهێنانی (1.2) ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە كەمبكەنەوە، پاشان لەدیسەمبەری (2016)دا؛ وڵاتانی دەرەوەی ڕێكخراوی ئۆپیك بەسەرۆكایەتی ڕووسیا ڕێككەوتن بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی (600) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
لە ساڵی (2017)دا؛ ڕێككەوتنەكان كەوتنە بواری جێبەجێكردن و نرخی نەوت بەرزبونەوەی تۆماركرد و هەر بەرمیلێك نەوت بە (55) دۆلار مامەڵەی پێوەكرا، بە دوای ئەوەشدا؛ لە ساڵی (2018) دیسان نرخی نەوت بەرزبونەوەی تۆماركرد و نرخی هەر بەرمیلێك بۆ (65) دۆلار بەرزبویەوە.

سەرباری ڕێكەوتنی (ئۆپیك پڵەس) هێشتا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی چاوەڕوانكراوی تۆمار نەكردوە


لە ساڵی (2019)دا؛ بازاڕی نەوت سەقامگیری زیاتری بەخۆیەوە بینی و ئۆپیك ڕێككەوتنەكانی نوێكردەوە و نەوت نرخی خۆی پاراست و هەر بەرمیلێك لە (65) دۆلار وەستا، بەڵام لەمانگی شوباتی (2020) دا؛ بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان، نرخی نەوت گەورەترین دابەزینی مێژوویی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بۆ (25.6) دۆلار دابەزی، تا لەكۆتایی مانگی نیساندا؛ ئۆپیك پڵەس بڕیاری گەورەترین كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی لەمێژووی خۆیدا و كە بریتیە لە (10) ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و لەمانگی ئایاردا ڕێكەوتنەكە كەوتە بواری جێبەجێكردن.
سەرباری ڕێككەوتنی (ئۆپیك پڵەس)، هێشتا لە بازاڕەكانی جیهان نرخی نەوت بەرزبونەوەی چاوەڕوانكراوی تۆمار نەكردوە و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە (29)دۆلار و (84) سەنت و یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمەریكیش بە (24) دۆلار و (20) سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت.
تائێستا دیارنییە ئایا ڕێككەوتنی ڕێكخراوی (ئۆپیك پڵەس) توانای قوتاركردنی نرخی نەوتی لەو داڕمانە گەورەیە هەیە كە دووچاری بووە، یان دەبێت جیهان چاوی لە دوای كۆرۆنا بێت ؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ