خەونی هەڵوەشاندنەوەی حەشد بەتاڵكرایه‌وه‌

بۆچى كازمیى خۆی كرد به‌ ژێر عه‌باى حه‌شدى شه‌عبی دا ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.19 01:23 AM
936 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

بەهێز حسێن ـ نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس
پێم سەیر نەبوو كە مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزەكانی چەكداری عێراق سەردانی دەستەی حەشدی شەعبی كرد، چونكە تا ئەمڕۆ گەورەترین و كاریگەرترین هێزی چەكداری عێراق حەشدی شەعبییە و لە بەردەوامی ئەم كابینەیەی كازمیدا رۆڵێكی گەورە و كاریگەر دەگێرێت لە تێكدان یان پاراستنی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق، واتا دەتوانێـت بۆ كازمیی ببێتە پشتوپەنایەكی گەورە و دەشتوانێـت هەموو شتێكی لێ تێكبدات .
لە وتەیەكی كورتدا و لەو سەردانەیدا ( كازمیی ) چەند پەیامێكی روونی گەیاند كە ئەمانە بوون :
1- حەشدی شەعبی هێزێكی چەكداری بە یاسا رێكخراوە و بەشێكی كاریگەرە لە سیستمی بەرگری عێراق، دووپاتیشیكردەوە كە كابینەكەی بە هەموو شێوەیەك شایستەی دارایی و چەكوتەقەمەنیان بۆ دابین دەكات و موچەش بۆ تەواوی شەهیدەكانیان دەبڕێتەوە.
2- تەواوی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە كە دراونەتە پاڵ حەشدی شەعبی، واتا شەرعیەتدان بە كارەكانیان.

مسته‌فا كازمیى له‌ به‌رده‌م فالح فه‌یاز به‌ لاوازیی ده‌رده‌كه‌وێ


3- دووپاتیكردەوە كە وەلائی حەشد بۆ نیشتیمان و ( مەرجەعی باڵای شیعە - ئایەتوڵا سیستانی بێت)، كە ئەمەشیان واتا وەلائی تایفیی ئەگەرچی دەستەواژەی (نیشتیمانیی )شی بەكارهێنا.
4- دووپاتیكردەوە كە حەشدی شەعبی زامنكارێكی دڵسۆزی یەكێتی خاكی عێراقن.
5- دووپاتیكردەوە كە ئەو خۆشی یەكێكە لە ئەندامانی حەشدی شەعبی.
لەم پەیامە روونانەی كازمیدا ئەوە دەخوێنرێتەوە، كە ئەم سەرۆكی حكومەتەش مۆركی تایفیی پێوە دیارە و ناتوانێت دەستبەرداری هێز و تواناكانی حەشدی شەعبی بێت و بیكانتانە دوژمن لە خۆی، هەروەها وەلائی خۆی بۆ مەرجەعییەتی سیستانی دووپاتكردەوە و خەونی هەڵوەشاندنەوەی حەشتی شەعبی بە تاڵكردەوە .

كازمیى هیچ ئاماژەیەكى بە ڕۆڵی گەورەی پێشمەرگە نه‌كرد لە تێكشكاندنی داعش


كازمیی كە دەستخۆشی له‌ حەشدی شەعبی كرد، بەوەی ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە زامنكردنی یەكێتی خاكی عێراق، ئاماژەیەكی ڕوونە كە ئەویش پشتیوانی بەكارهێنانی هێز بووە لە دەركردنی پێشمەرگە لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 لە ناوچە (جێناكۆكەكان).
كاتێكیش باسی لە رووبەڕوبوونەوەی داعش كرد وتی: ئەوە سوپا و حەشد و هێزە ئەمنییەكان بوون شكستیان بە داعش هێنا، بەبێ‌ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە رۆڵی گەورەی پێشمەرگە بكات لە تێكشكاندنی داعش و پاراستنی هەرێمی كوردستان و كەركوك و خوورماتوو و خانەقین.
بە لەبەركردنی جلوبەرگی رەسمی هێزەكانی حەشدی شەعبی پەیامی ئەوەیدا، كە ئەویش ئەندامێكی حەشدە و شانازیشیان پێوە دەكات.
بەكورتی و كورمانجی؛ كورد بە تایبەتی دەبێـت بەرچاوی ڕوون بێت بەرامبەر بە كازمیی و هیوای گەورەی لەسەر هەڵنەچنێت، پێویستە باش لەوە تێبگات كە كازمیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاكانی شیعەدا سیاسەت دەكات و درێژكراوەی دەسەڵاتی شیعەگەراكانی پێش خۆیەتی.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ