بۆچى ده‌بێت به‌رگریى له‌ مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه بكه‌ین ؟

تورك.. 900 ساڵ هۆكاری نه‌هامه‌تیى كورد

هونەر تۆفیق 2020.06.26 09:07 PM
873 جار خوێندراوەتەوە

بەتەنیا سەیرکردنێکی سەرپێیی لەو نەخشەیەی تورکیا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئامادەی دەکات، بە ناوی (عەهدی میللیى)یەوە بەسە، بۆئەوەی لە دیدی سیاسیی و جیوگرافیی دەوڵەتی تورکیا تێبگەین بەرانبەر بە کورد و نیشتمانەکەی.
پەیوەندیی کورد و تورک دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٩٠٠ ساڵ پێش ئێستا، کاتێک تورکە سەلجوقییەکان لە خۆرئاوای ئێستای تورکیا ( ئانادۆڵ ) وە پاڵیان بە بەیزەنتەکانەوە ناو خۆیان لە شوێنەکەیان دەوڵەتی سەلجوقی ڕۆمیان دامەزراند، کە دواتر عوسمانییەکان بوونە میراتگریان.
کورد هەمیشە دیواری بەرگریی خۆرهەڵاتی تورکەکان بووە، لە شاڵاوەکانی مەغۆل و دواتر سەفەویەکاندا، کوردەکان تورکەکانی ئانادۆل ( تورکیای ئێستا) یان پاراستووە.
لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، هەرچی نەتەوەی ناو دەوڵەتی عوسمانی هەبوو، بە ئەرمەنی، مەقدۆنی، یۆنانی و عەرەبەوە لە تورکەکان هەڵگەڕانەوە و دژی عوسمانییەکان بوونە هاوپەیمانی ڕوس و ئینگلیز و فەرەنسیەکان، تەنیا کورد نەبێت تا دواسات لەگەڵ تورکەکاندا مانەوە و دژی بەریتانی و فەرەنسی و ڕوسەکان دەجەنگان، بەشداریی کاریگەری دروستکردنی کۆماری تورکیاش بوون.
بەڵام پێچەوانەی هەڵوێستی کوردەکان، تورکیا لە هەردوو بۆچوونی سیاسیی و فەرهەنگیدا کورد بە دوژمن و مەترسی گەورەی سەر خۆی دەزانێت.
بۆچوونی فەرهەنگی تورک لەو پەندەوە دەناسرێتەوە کە دەڵێن: "کورد گیرفانێکی دڕاوە  بە کەڵکی ئەوە نایەت هیچی تیادا هەڵبگریت"، لە دیدە سیاسیەکەشیانەوە لە زمانی تەواوی سەرکردەکانی تورکەوە دەگوترێت: تەنیا ئەو کوردە دۆستە کە مردووە، دەنا زیندووەکانیان دەبێت وەک دوژمن سەیر بکرێن.

به‌پێی نه‌خشه‌ی 2023ی توركیا هه‌رێمی كوردستان خراوه‌ته‌ ناو سنوری توركیاوه‌

لەو باگراوندە کورتەی پەیوەندیی نێوان تورک و کوردەوە، پێم سەیرە لەناو کورددا بۆچوونێک هەبێت کە پێی وابێت پەکەکە بیانو دەدات بە تورکیا هێرش بکاتە سەرمان ؟! یان بۆچی پەکەکە قەندیل چۆڵ ناکەن ؟!
پەکەکە هەبێت یان نەبێت بە نەخشەی عەهدی میللیەکەی تورکیادا دیارە و نایشارێتەوە، ئەوان تا سلێمانیش بە مستەعمەرەی خۆیان دەزانن و ئیش بۆ داگیرکردنەوەی دەکەن، پەکەکە بە بەربەست دەزانن، کەچی کورد هەیە خۆی بە پەکەکە دەڵێت: با قەندیل چۆڵ بکەن ! بە مانای با تورکیا پرۆژەکەی بهێنێتەدی !!
پەکەکە دەستی وەرنەداوەتە کاروباریی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان، بەڵکە پێش دروستبوونی پەکەکەش تورکیا دەستی لە ژیان و بوونی ئێمەدا هەیە و هۆکاری هەرچی نەهامەتی سیاسییە بەسەر کورددا هاتووە:
- ١٩٣٦ کاتێک دەوڵەتی عێراق و بەریتانییەکان داوایان لە کوردەکانی عێراق کرد ڕێنووسێکی تایبەت بەخۆیان دیاری بکەن، بۆ ئەوەی بە کوردی پێی بخوێنرێت، کوردەکان پیتی لاتینیان هەڵبژارد، ئه‌وه‌ تورکەکان بوون دەستیان خستە خوێندنی کوردی عێراقەوە فشاریان خستە سەر عێراق نابێت کورد بە پیتی لاتینی بنوسێت و بخوێنێتەوە !
- ١٩٧٠ کاتێک کوردەکان لەگەڵ عێراقدا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئۆتۆنۆمی، تورکەکان بوون، شڵەژان و داوایان لە عێراق کرد ڕازیی نابن جێبەجێ بکرێت.
- حیلفی سەنتۆ ( بەغداد) لە ١٩٥٥دا تورکەکان بوون لە دژی کورد دروستیان کرد.
- مفاوەزاتەکەی ١٩٨٤ یه‌كێتی و عێراق، بە فشاری تورکیا هەڵوەشایەوە.

مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ تاكه‌ گه‌ره‌نتییه‌ بۆ سه‌رنه‌گرتنی پیلانه‌كه‌ی توركیا


- فەشەلی کۆمەکی سیاسیی نێودەوڵەتی و دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کورد لە عێراقدا، تورکیا پەکی خست.
ئەمانە هەمووی دەستتێوەردانەکانی تورکیان لە کاروباری ناوخۆی کورد و عێراق لە دژی کورد، بەرلەوەی پەکەکەش بوونی هەبێت لە هەرێمی کوردستاندا، کەچی بێ لەوەی ئاگامان لەخۆمان بێت، خەریکە پەکەکە تاوانبار دەکەین، گوایە هۆکاری دوژمنکارییەکەی تورکیایە بەرانبەر بە ئێمە.
بەڕای من بۆ ئەوەی بەرگریی لە پلانی داگیرکارییەی تورکیا بکرێت، کە وەک لە نەخشەی عەهدی میللیەکەی تورکیادا هەیە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، پێویستە بەرگریی لە مانەوەی پەکەکە بکرێت، چونکە بە بوونی ئەوانەوە ناهێڵرێت ئەو پلانەی تورکیا سەربگرێت.
هێرشەکەی دوێنێی کونە ماسیش باشترین بەڵگەیە بۆ وەک یەک سەیرکردنی تورکیا بەبێ جیاوازی بۆ کورد، کە دەستپارێزی لە ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی کورد ناکەن، لە ناو سەیرانگەکانیشدا بێمنەتانە کورد دەکوژن.
ئەگەر دەوڵەتێک زەڕەیەک شەرەفی عەسکەریی هەبێت، لە کاتی بۆردمانکردنی دوژمنەکانیدا، خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ، لە دوژمنەکانی جیا دەکاتەوە و دەستپارێزی دەکات، بەڵام تورکیا، دوێنێ هەمووانی بەیەکەوە بەبێ جیاوازیی کۆمەڵکوژ کرد.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ