ڕۆژئاوا لە ڕوسیا ده‌ترسێت ؟

گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ ترسناكه‌كه‌

د.سەردار عەزیز 2020.07.13 11:28 AM
1196 جار خوێندراوەتەوە

د.سەردار عەزیز

نوسەر و توێژەر
مامۆستای زانکۆی کۆرک ـ ئیرلەندا


لێڤایەسان ئەفسانەیەکی ئاینی جولەکەیە. بەڵام ئەوەی زیاتر لە دونیای ئێمەدا ناسراوە، ناونیشانی کتێبە هەرە بە ناوبانگەکەی تۆماس هۆبزە. بە کورتیەکەی یانی دەوڵەتێکی گەورە و بەهێز کە هەموان لێی بترسن. لای هۆبز مرۆڤ بونەوەرێکی خراپەکارە، دەبێت سەرکردیەک یان حکومەتێکی وەهای هەبێت کە لە کۆکراوەی هەموو خراپەکارییەکان خراپتربێت، هەتا مرۆڤەکان وەها لێبکات لە خراپەکانیان خۆیان بە دوور بگرن. ئەمە یەکێکە لە تێزە سەرەتاکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی.
دیارە مەبەستی سێرگێ میدڤیدیڤ لە کتێبەکەیدا ئەوەیە کە دەوڵەتی ترسناکی ڕوسی گەڕاوەتەوە. سێرگێ میدڤیدیڤ مامۆستای زانستە سیاسیەکانە لە قوتابخانە باڵای ئابوری لە مۆسکۆ. ئەوەی وەها لەم کتێبە دەکات کە دەگمەن بێت، بە بەراورد بە ئەو هەموو کتێبانەی تر کە بەردەوام لە سەر ڕوسیا دەنوسرێت، ئەوەیە کە نوسەرەکەی هێشتا لە ناو ڕوسیادا دەژی. لە ڕۆژئاوا و دونیادا خولیایەکی گەورە هەیە بۆ تێگەیشتن لە ڕوسیا و بەتایبەتی لە کەسایەتی ڤلادیمێر پوتن. ئەم کتێبە وەک کتێبەکانی تر نیە لە کە لە سەر ڕوسیا نوسرابێت، بەڵکو لە زۆر ڕوەوە تایبەتە.
بۆ من لە مێردمنداڵیەوە روسیا بەشێک بوو لە خەیاڵم. کاتێک لە تەمەنی پانزە و شانزە ساڵیدا دەستم بە خوێندوە کرد، ئەوەی بەردەست بوو ، لە هەموو بوارێکی تر زیاتر، ئەدەبیاتی ڕوسی بوو. بە هۆکاری ئەوەی کە زۆرێک لە کورد، بە هۆی پەیوەندی باشی عێراق و ڕوسیا، چوبونە ڕوسیا و زمانی روسی فێربوبون. جەلال تەقی یەکێک بوو لە وەرگێرە باشەکان. بەڵام کتێبەکانی سەردەمی مێردمنداڵی بە گشتی ئەدەبی بوون. سێرگێ زۆر سود لە ئەدەب دەبینێت بۆ ڕاڤەکاریەکانی و ئەدەب ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە داڕشتنی خەیاڵی ڕوسیدا.

به‌رگی كتێبه‌كه‌ی سێرگێ میدڤیدیڤ

لە سەردەمی کارکردن لە سەر تیزی دوکتۆراکەم، کە تەرخانکراوە بۆ مۆدێرنە لە پەراوێزی ئەوروپادا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کەیس، ڕوسیاش زۆر هاوشێوە دەهاتە بەرچاوم. ڕوسیا وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەراوێزی ئەوروپادایە و پەیوەندییەکی زێدە ئاڵۆزی لە گەڵ ئەوروپادا هەیە.
کتێبەکەی سێرگێ بە وتاری کورت کورت ناوەوەی ڕوسیامان پێدەناسێنێت، کە چەندێک پڕ لە ئاڵۆزی و دابراوە لە دونیای ئاگایی ئێمە. سەرەتا حەزئەکەم هەندێک لە سەر ستایڵ قسە بکەم. سێرگێ ئەکادیمییەکی ڕوسی دەرەکیە. بەو مانایە میتۆدی بیرکردنەوەی سیاسی وەک شارەزایانای تری سیاسی نیە لە ناو ڕوسیادا. سێرگێ خۆی ڕەخنەی ئەمە دەکات. بە دیدی ئەوە لە ناو ڕوسیادا شتێک نیە ناوی زانستی سیاسەت بێت. ئەوەی لەوێ زاڵە جیوپۆلەتیکە. ئەو ئەم زاڵکردنەی جیوپۆلەتیک بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ناخوازرێت ڕۆڵی تاک و گروپ و کێشەکانی کۆمەڵگا زەق بێتەوە. جیوپۆلەتیک، کە ئەمڕۆ لە ڕوسیا بە تەوژمێکی تایبەتەوە سەریهەڵداوە وەک لە تێزەکانی ئەلکسەندەر دوگیند دەیبینین، ئامانجی ئەوەیە کە ڕوسیا وەها وێنا بکات کە لەبەردەم هێرشی ڕۆژئاوادایە. بۆیە ڕوسیا دەبێت خۆی لە ڕۆژئاوا بپارێزێت، نەک تەنها لە ڕوی سەربازی و ئاسایشەوە، بەڵکو لە ئاستی کەلتوری و جیوپۆلەتیکەوە. تێزی ڕوسیا دەخوازرێت ئابلۆقە بدرێت و ڕوسیا لە بەردەم مەترسیدایە و ڕوسیا دەبێت ، ڕێگە نەدات ناتۆ لە سنورەکانی نزیک بێتەوە هەموو بۆ ئەوەیە کە لە ناوەوە خەڵکی ڕوسیا دەستەمۆ بکەن.
سێرگی بڕوای وەهایە کە ڕۆژئاوا لە ڕوسیا ناترسێت و دەزانێت لە ناوەوە چەند قلۆرە، لەم ڕوەوە زۆر ناوناتۆرە هەیە بۆ ڕوسیا، لە نێویاندا سەربازگەیەکە لە دەوری چەند کێڵگە نەوتێک. ڕوسیا کە لە ڕێگای میدیا و سەرباز و سایبەرەوە هەوڵدەدات وێنایەکی وەها بۆ خۆی دروست بکات کە هێزێکی جیهانییە، لە ناوەوە ناتوانێت ڕێگاوبانەکانی خۆی قیرتاو بکات. بە جۆرێک بە دیدی سێرگێ ڕوسیا بە ئاراستەیەک دەڕوات کە بریتی بێت لە کۆمەڵێک شاری لە یەکتر دابڕاو. ئەو بە بەتانییەک وێنای دەکات کە لە لایەن پەروانەوەی خورابێت.

پۆتین ئامانجی ئەوەیە ڕوسیا وەها وێنا بکات لە بەردەم هێرشی ڕۆژئاوادایە 

لە ئاستی ستایڵدا سێرگێ دژ بەم تێزی جیوپۆلەتیکەیە و دیدێكی ڕەخنەییانەی هەیە بۆ دەسەڵات. بەڵام ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنج بوو بۆ من، هاوشێوەیی کاربوو. ئەم کتێبەی سێرگێ کۆمەڵێک نوسراوە کە وەک ستون لە ڕۆژنامە لیبرالەکانی ڕوسیادا بڵاوبوەتەوە، لە توێی ئەم کتێبەدا سێرگێ کۆیکردونەتەوە و جارێكی تر پیاداچونەوەی بۆ کردوون. ئەم کورتە سەرنجانە لە ڕوداو و دیاردە و بۆنەی جیاواز هەریەکەیان لە ڕوانگەیەکەی نوێوە ڕوسیامان بۆ ڕاڤە دەکەن، کە بۆ چاودێری دەرەکی لە زاڵبونی دوو قوتابخانەی جیوپۆلەتیک و ئەدەبیاتی کەسایەتی پوتین ناتوانین بیانبینین. کەسایەتی پۆتن مایەی سەرنجێکی زۆرە لە ڕۆژئاوا، چونکە کۆمەڵێک خەسڵەت لە خۆی دەگرێت کە لە چیرۆکە سیخوڕییە ئەفسانەییەکان دەچێت.
کورتە نوسینەکانی سێرگێ کراوە بە چوار بەشی سەرەکییەوە: بەشی یەکەم لە ژێر ناوی شەڕ بۆ پانتایی. بەشی دووەم، شەڕ بۆ سیمبول. بەشی سێیەم، شەڕ بۆ جەستە و بەشی چوارهەم، شەڕ بۆ یادەوەری. ئەم شەڕانە کە ڕوسیا لە ناوەوە دەیکات، کارێكی ڕۆژانەیە لە پێناو مانەوە و تۆکمەکردنی ئەو ڕژێمیە کە ئێستا لە دەسەڵاتدایە.

بە گشتی سێرگێ هێڵێکی مێژویی دەبینێت کە لە سەدەی شانزەوە هەتا ئەمڕۆ درێژدەبێتە. لە سەردەمی ئیڤانی تۆقێنەرەوە هەتا ئەمرۆ. ڕوسیا ناوێرێت لە خۆی بنواڕێت و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە ڕوابوردوەکەی بەرهەمبهێنێتەوە بۆ ئەوەی لە ئێستا و داهاتوی خۆی بپارێزێت. بە زمانێکی تر ڕوسیا ناتوانێت واقیعی خۆی ببینێت و ڕێگە نادات کە زانست و ژانڕە و کەسایەتی دروستبێت کە هەوڵی ئەمە بدات. سێرگێ بە ئازارەوە باسی ئەوە دەکات کە مانای چیە لە ڕوسیای ئەمڕۆدا ڕۆشنبیر بیت. بە دیدی ئەو دەبێت هەمیشە بەو پەڕی ئاگاییەوە وشەکانت هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی خۆت لە سزا و بەندیخانە و هەڕەشە بپارێزێت. بەڵام ئەو ئەمە بە نەرێتێکی کۆنی ڕوسی دەزانێت.
کتێبەکەی سێرگێ دەربارەی بابەتی ئاڵۆز و گرنگن بەڵام بە زمانێکی دەوڵەمەند. سیڕگێ فرە ژانڕەیە، لە ئەدەبەوە دەگوێزێتەوە بۆ مێژوو، لەوێوە بۆ زانستی سیاسەت و ئابوری. ئەم فرە دیسیپلین و فرە ژانڕەییە بۆ من مایەی چێژێکی زۆربوو. شێوازێکە کە خۆم زۆر هەوڵئەدەم کاری پێبکەم.
تێگەیشتن لە ڕوسیا بۆ کورد هەمیشە گرنگ بوە. لە ئێستا و داهاتودا گرنگی زیاتر دەبێت. روسیا دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیی هەبێت وەک هێزێک و ئەکتەرێک. لە کوردستانی ڕۆژئاڤا هێزێکی بڕیاردەرە. لە باشور ئەکتەرێکی سەرەکەی بواری نەوت و غازی هەرێمە. لە میانەی پەیوەندی لە گەڵ تورکیادا کاریگەری زۆری هەیە لە سەر کوردستانی باکور و هەروەها لە پەیوەندی لە گەڵ ئێراندا کاریگەری هەیە لە سەر پرسی کورد لەو وڵاتەدا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ