ئاڵۆزبوونى گرێكه‌

ملكەچكردنی هەرێم.. تاقیكردنەوە ڕاستەقینەكەى به‌رده‌م كازمى

یاسین تەها 2020.08.08 04:21 PM
539 جار خوێندراوەتەوە

یاسین تەها

رۆژنامەنووس و توێژەر

شارەزای کاروباریی عێراق

ماستەر لە مێژووی ئیسلامیی ـ زانکۆی مەنسورە ـ میسر

دانوستانە چڕوپڕەكانی دوای نیسانی ئەمساڵ رێككەوتنی دەست و دەمی هەرێم و بەغدایان لێ نەكەوتەوە، سەرباری ئەوەی لەمپەری زۆر گەورەیان تێپەڕاند؛ گرێی رادەستكردنی نەوت بە نمونە، هۆكاری ئەمەش زیاتر بۆ نەبوونی زەمینەی سیاسی و ئابووری و شڵۆقیی هاوكێشەی هێز دەگەڕێتەوە لە ناوەند.
بەغدا كە خۆی تازە بەسەختی بەرخورد لەگەڵ بارگرانییەكانی كۆرۆنا دەكات، هیچ ناچار نییە ببێتە فریادڕەستی هەرێمی كوردستان و وەك دەڵێن "كوڕی خۆی بە قوربانی كچی خەڵك بكات".
لە ئێستادا خەمی حكومەتی بەغدا دابینكردنی ڕێكوپێكی موچەیە لە وادەی خۆیدا كە وەك یەكەم پێشینە دواكەوتنی مانگانەی نزیك دەبێتەوە لە 7_ 10 ڕۆژ لە كۆی وەزارەت و دەزگاكان.

كێشەی گەورەی سەرۆك وەزیران میلیشیا چەكدارەكانە

لە لایەكی تر كێشەی گەورەی سەرۆك وەزیران میلیشیا چەكدارەكانە كە لە بەرچاوی دنیا وێنەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیان ژێر پۆستاڵەكانیان نا، هیچ شتێكیش لەگەڵ ئەمانەدا ناكرێت ئەگەر هاوتاكەی بە زیادەوە بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەكرێت.
لە ئێستادا "ملكەچكردنی هەرێم" مەرج و تاقیكردنەوەی ڕاستەقینەیە بۆ هەر سەرۆك وەزیرانێك كە بیەوێت لە ناوەڕاست و باشوور هەنگاوێك بنێت بە پێچەوانەی سەردەمی عەبدولمەهدی كە "حەوت دەرمانە" یەكی لە كورد و میلیشیاكان و هێزە كاریگەرەكان دروستكردبوو بۆ ئەوەی هیچ گوێ بە بۆڵە و ناڕەزایەتی شەقام نەدات و ئەوەبوو راپەڕینی تشرینی بەدواداهات (2019). 

'ملكەچكردنی هەرێم' مەرج و تاقیكردنەوەی ڕاستەقینەیە بۆ هەر سەرۆك وەزیرانێك

گرێی رێككەوتن بەغدا كە زۆر ئاڵۆز بووە، روویەكی مەسەلەكەیە، رووەكەی تری پەیوەندی بە بەرنامە و بژاردەی ناوخۆی هەرێم خۆیەوە هەیە، ئاخۆ لە لایەك چی ئەكات بۆ كاركردنە سەر ئەو هاوكێشەیە لە لایەك و كردنەوەی گرێ كوێرەكان.
لە لاكەی تر چۆن رێگە لە داڕمانی تەواوەتی بارودۆخ دەگرێت كە هیلاك و شەكەتە بەدەست لێكەوتەی كەڵەكەبوونی قەیرانەكانەوە هەر لە شوباتی 2014 تا جەژنی قوربانی ئەمساڵ.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ