خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوانیان چییه‌ ؟

لوبنان و كوردستان.. بنه‌ماڵه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی حوكمڕانیى

ره‌نج نه‌وزاد 2020.08.09 12:18 PM
1167 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

لوبنان وڵاتێکی بچوک و لاواز و دابەشبووە بەسەر چەندین تایفە ومیلیشادا، بە گشتی سێ پێکهاتەی سەرەکین؛ مەسیحی و شیعە و سوونە، ئەو پێکهاتانەش لە ناوخۆیاندا دابەش دەبنەوە بەسەر وردە گروپی تر.
هەر پێکهاتەیەک ناوچەی هەژموونی خۆی هەیە، بە ڕادەیەک لوبنان کە ڕووبەرەکەی لە پارێزگای سلێمانی بچووکترە، بە شێوەیەکی گشتی دابەش بووە بەسەر سێ ناوچەدا، وەک ئەوەیە سێ دەوڵەت لەو وڵاتە بچوکەدا بوونی هەبێت. 
هەر یەک لەو گرووپانە لە حکومەت و پەرلەمانی لوبنان، نوێنەری بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن نەک بەرژەوەندی گشتی لوبنان، ساڵانێکە حیزبوڵای نزیک لە ئێران، زۆرترین دەسەڵاتی هەیە لە لوبنان، هەر یەک لەو گرووپانە نوێنەری وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی ترن.
لوبنان بەهۆی شەڕی ناوخۆوە، ئابووری و ژێرخانی شەکەت بوو، لە دوای شەڕی ناوخۆوە، ئابووری لوبنان بە گشتی پشت بە کەرتی گەشتیاری (لوبنان یەکێکە لە جوانترین وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە) وەبەرهێنەری بیانی و کڕینی خانوبەرە لە لایەن بیانیەکان و خزمەتگوزاری تر وەک بانکەکان... دەبەستێت.
واتە بە گشتی، ئابووری لوبنان پشت بە دەرەوە دەبەستێت نەک ناوخۆ، لە ئابووریەکی لەم شێوەیەدا، ئەوا لوبنان پێویستە هەمیشە لە ڕووی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنیەوە باش بێت و کێشەی نەبێت، تا گەشتیار و وەبەرهێنەری بیانی بێنە لوبنان بێ ترس وبە متمانەیەکی زۆرەوە.
بۆ وەبەرهێنەرە بیانیەکان، ئەوا لوبنان ساڵانێکە متمانەی نەماوە، چونکە لوبنان قەرزارترین وڵاتی عەرەبیە، به‌پێی داتای ٢٠١٨ لوبنان بڕی ٨٦ ملیار دۆلار قەرزارە، لە کاتێکدا (GDP)ی لوبنان نزیکەی ٥٦ ملیار دۆلار بوو، واتە قەرزی لوبنان بە ڕێژەی زیاد لە١٤٠٪ زیاترە لە توانا داراییەکەی، بەپێی بانکی دراوی نێودەوڵەتی، بۆ وڵاتێکی وەک لوبنان  درووست نییە ئەو ڕێژەیە ٦٠٪ تێپەر بکات.

ساڵانی 1975 ـ 1990 لوبنان گیرۆده‌ی شه‌رێكی ناوخۆیی قورس بوه‌وه‌

 

لە لایەکی ترەوە، بەهۆی نا سەقامگیری سیاسی، لوبنان ساڵانێکە دەناڵێنێت و شوێنێک نییە وەبەرهێن متمانەی پێ بکات، چونکە خەڵک زۆربەی هەژارە و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام هەیە، ئەمەش دۆخێکی گونجاو نییە بۆ وەبەرهێنان.
کەواتە لوبنان بۆ ئەوەی بیەوێت سەرنجی وەبەرهێنەرە بیانیەکان ڕاکێشیت، ئەوا پێویستە لە ناوخۆ هەندێ هەنگاو بنێت، وەک کاراکردنەوەی ئابووری و جوڵاندنی بازار، بۆ ئەمەش پێویستی بە پارەیە، وەک باسکرا داهاتی سەرەکی لوبنان پشت بە دەرەوە دەبەستێت، ساڵانێکشە گەشتیار و وەبەرهێنەر کەمتر دێنە لوبنان بۆیە لەو ڕووەوە ناتوانێت داهات پەیدا بکات تا گەشە بە ناوخۆ بدات، ڕێگەی دووەم بریتییە لە قەرز و هاوکاری دەوڵەتانی تر، بەهۆی کەڵەکە بوونی ئەو هەموو قەرزەی سەر لوبنان و سستی ئابووریەکەی، بانک و دەوڵەتان و وەبەرهێنەرەکان متمانەیان نییە قەرزی تر بدەنە لوبنان.
دەوڵەتانی کەنداو و فەرەنسا و ئەمریکاش نایانەوێت هاوکاری لوبنان بکەن، چونکە لە لایەن حیزبوڵا و ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، جاران زۆر کات سعودییە و فەرەنسا هاوکارییان دەکرد، ئێستا ئەو هاوکارییانە کەمترە یا نەماوە، بە هۆی هەژموونی ئێرانەوە.
کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لەوەی حکومەتی لوبنان لە ناوخۆ داهات بەدەست بهێنێت، ئەمەش بە کەمکردنەوەی خەرجی وزیادکردنی داهات بەدی دێت، واتە پێویستە باج بخاتە سەر کۆمپانیا گەورەکان و سەرمایەدارە دەوڵەمەندەکان، هەروەها هانی سەرمایەدارە لوبنانییەکان بدات وەبەرهێنان بکەن لە ناوخۆ، لە پاڵ ئەوانەشدا خەرجی کەمبکرێتەوە، ئەمەش دیسانەوە بەربەستی زۆری لە پێشە.

چه‌ند مانگێكه‌ خۆپیشاندان شه‌قامه‌كانی به‌یروت جێناهێڵێ

کێشەی سەرەکی لوبنان ئەوەیە، ئەوانەی لە حکومەت و پەرلەمانن، هەر خۆیانن خاوەن کۆمپانیا گەورەکان و بازار، واتە پێویستە ئەندامانی حکومەت و پەرلەمانی لوبنان، سەرەتا باج بخەنە سەر خۆیان و پارەی خۆیان بگەڕێننەوە بۆ دەوڵەت و سنورێک بۆ گەندەڵی و دزییەکانی خۆیان دانێن. 
هاوشێوەی ئەم قەیرانە لە هەرێمی کوردستان دەیبینین، سەرۆکی حکومەتی کوردستان خەریکە خۆی و حیزبەکەی و گەلەکەی و نیشتیمانەکەی بە سامانی سروشتی و مرۆییەوە ڕادەستی کڵاوەکەی بەغداد دەکات لە پێناو ئەوەی بەغدا چەن ملیۆن دۆلارێکی مووچەخۆران بنێرێت، لە کاتێکدا بنەماڵەی سەرۆکی حکومەت و هاوبەشەکانی تری حکومەت، بە ملیارەها دۆلاریان هەیە و ئامادە نین لەبه‌ر بەرژەوەندی دەسەڵاتی خۆشیان بێت، بەشێکی بچوک لەو پارە دزراوە بدەنە مووچە خۆران.
لە کاتێکدا چ لە لوبنان و چ لە هەرێمی کوردستان ئەگەر ئابووری و بارودۆخی سیاسی باش بێت، ئەوا هەر دەسەڵاتدارەکان سوودمەندی یەکەم دەبن، بەڵام لەبەرئەوەی سیاسیەکانی لوبنان هاوشێوەی ئەوانەی هەرێمی کوردستان، لە پاڵ ئەوەی زۆر گەندەڵن، مرۆڤگەلێکی بچوک و لاوازن لە ڕووی بیرکردنەوە و جیهانبینیەوە، ئینتیمای سەرەکیان بۆ حیزب و پێکهاتە و عەشرەتەکانی خۆیانە، نەک بۆ نیشتیمان، لە دواجاریشدا ئەوە لە بەرژەوەندی وڵاتانی ترە، وەک چۆن هەرێمی کوردستان بووەتە بازارێکی سیاسی و ئابووری بۆ تاوان و ژەهرەکانی تورکیا و ئێران، بەهۆی دوو حیزبەوە کە مانەوەی خۆیان بەو دوو دەوڵەتە داگیرکەرەوە بەستوەتەوە نەک بە گەلی خۆیان، لە کاتێکدا ئەگەر پشت بە گەلی خۆیان ببەستن، ئەوا دەتوانن هەژموونیان هەبێت بەسەر تورکیا و ئێران، نەک زەلیل و سەرشۆر بن بەرامبەر ئەو دوو دەوڵەتە.

بازنه‌ی ناره‌زایه‌تییه‌كان له‌ كوردستان به‌رده‌وام فراوان ده‌بن

 

واتە ئەگەر یەکێتی و پارتی هێزی خۆیان لە کوردەوە وەربگرن، زۆر بەهێزتر دەبن وەک لەوەی هێزی خۆیان لەو دوو داگیرکەرەوە وەربگرن، کە دواجار تورکیا و ئێران هەر وەک دوو دووژمن سەیری ئەو دوو حیزبە دەکەن، بەڵام دوو دووژمنی خەسێنراو و بێ ئیرادە.
بۆ پرسی گەشتیاری لە لوبنان، ئەوا دیسانەوە بەهۆی نا سەقامگیری سیاسیەوە، گەشتیاران کەمتر دەچن بۆ لوبنان، جاران کەرتی گەشتیاری لوبنان پشتی بە هاووڵاتیانی کەنداو دەبەست، بەڵام لە ئیستادا سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو کە نیگەرانن لە لوبنان بە هۆی هەژموونی ئێرانەوە، ڕێ بە هاوڵاتیانیان نادەن بچن بۆ لوبنان بۆ گەشتوگوزار تا لوبنان زیاتر ڕۆبچێت لە قەیرانا و لەگەڵشیدا حیزبوڵا بەرەو پوکانەوە بچێت.
لە دۆخێکی وادا کە لوبنان باجی ئەوە دەدات لە ئێرانەوە نزیکە، دەبوو ئێران هاوکاری بکردایە، بەڵام ئێرانیش چەن سالێکە ئەگەر دۆخی لە لوبنان خەراپتر نەبێت ئەوا باشتر نییە.
لە ئێستادا لوبنان دەیەوێت لە ڕێگەی ڕاکێشانی سۆزی دەوڵەتان، بەهۆی ئەو کارەساتەی تووشی بوو لەم رۆژانەدا، هەندێ هاوکاری و داهات بە دەست بهێنێت بەڵام ئەمەش قوورسە، چونکە دەوڵەتان متمانەیان بە حکومەتی لوبنان نییە، دەکرێت لەم کاتە قوورسەدا، سیاسیەکانی لوبنان هەوڵی دزینی ئەو هاوکاریانە بدەن کە لە وڵاتانی ترەوە بۆیان دێت، یاخود حیزبوڵا هەوڵبدات ئەو دۆلارەی کە دێتە لوبنان بەهۆی هاوکاریی دەوڵەتانەوە، بۆ ئێرانی بنێرێت و هاوکاری دراوی داتەپیوی ئێران بکات...
هاسۆزییەکی گەورە هەیە بۆ لوبنان لەم چەن ڕۆژەدا، چاوەڕوان دەکرێت هاوکاری و یارمەتی زۆر بگاتە لوبنان، بەڵام ئەستەمە لوبنان بتوانێت بەو هاوکارییانە چارەسەری قەیرانەکانی بکات، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت تا مانگی یانزە و کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل بەردەوام بێت لە گورز وەشاندن لە هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا لە ناویشدا حیزبوڵا و لوبنان.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ