عێراق له‌ ویلایه‌تی به‌غدا و به‌سره‌ زیاتر نه‌بووه‌

سنورەکانی عێراق تا ساڵی 1914

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.08.10 12:48 PM
162 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

 د.جەبار قادر 
چەند ڕۆژێکە خەریکی خوێندنەوەی ژمارەکانی، ڕاستتر بەشەکانی گۆڤاری "لغة العرب"م وەک لە سەر بەرگەکەی نووسراوە. "لغة العرب" گۆڤارێکی مانگانەی دەولەمەندی زمانەوانی، ئەدەبی و مێژووییە و لە شاری بەغدا بڵاوکراوەتەوە. یەکەمین ژمارەی لە  تەمموزی ١٩١١دا دەرچووە. خاوەنی ڕۆژنامەکە نووسەرێکی بە ڕچەڵەک لوبنانی/ عێراقی بووە و ناوی پوتروس جبرائیل یوسف عەوادە، کە کەم کەس بەم ناوە دەیناسن، چونکە بەناوە ئاینییەکەی، ئەنستاس ماری کەرملی (١٨٦٦ - ١٩٤٧)ناسراوە. جبرائیل یوسف عەوادی باوکی کرستیانێکی لوبنانی بوو و دایکی خانمێکی مەسیحی بەغدایی کە ناوی (مەریەم) بوو. جبرائیل ساڵی ١٨٥٠ هاتووەتە بەغدا و لەوێ ئەو خانمە بەغداییەی خواستووە و لەوێ ماوەتەوە. 
گۆڤاری "لغة العرب" هەر ساڵەی ١٢ ژمارەی لێ دەردەچوو. کاتێ شەڕی یەکەمی جیهانی هەڵگیرسا، تەنها سێ ساڵ و دوو مانگ بوو گۆڤارەکە دەردەچوو، واتا تا ئەو دەمە ٣٨ ژمارەی لێ دەرکرابوو. لە کاتی شەڕدا ڕاگیرا و خاوەنەکەی بە تۆمەتی هاندانی عەرەب و گرنگیدان بە زمان و کولتووری عەرەبی بۆ ماوەی ساڵێک و دوو مانگ بۆ قەیسەری دوور خرایەوە(١٩١٤ – ١٩١٦)، لە دوای ئەو ساڵ و دوو مانگە گەڕێندرایەوە بۆ بەغدا. گۆڤارەکە بۆ ماوەی دوازدە ساڵ دەرنەچوو. لە ساڵی ١٩٢٦ ئەنستاس کەرملی جارێکی تر دەستی کردەوە بە دەرکردنی"لغة العرب"و تا ساڵی ١٩٣١ بەردەوام بوو، کاتێ لە ژمارەی ١٢ی ئەو ساڵەدا بە هۆی باری داراییەوە ڕاگرتنی گۆڤارەکەی بە خوێنەرانی ڕادەگاند. گۆڤارەکە بە سەر یەکەوە ٩ ساڵ دەرچووە و هەر ساڵەی ١٢ ژمارەی لێ بلاوکراوەتەوە. گۆڤارێکی  دەوڵەمەند و پڕ لە زانیارییە و خاوەنەکەی زانایەکی بە ناوبانگی سەردەمەکەی خۆیەتی. لە تەک وتار و لێکۆڵینەوەکانی ئەنستاسدا ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەرانی دیاری ئەو سەردەمەی عەرەب وتاریان لە گۆڤارەکە بڵاودەکردەوە. گۆڤارەکە بووەتە سەرچاوەیەکی مێژوویی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایاتی و کولتووری عێراق و نیمچە دوورگەی عەرەبی لە کۆنەوە تا دەسپێکی سییەکانی سەدەکانی ڕابردوو.  


ئەنستاس کەرملی بۆ خۆی ناوێکی گەورەیە لە بواری لێکۆڵینەوەی زمانەوانی، ئەدەبی و مێژوویی عەرەب بە گشتی و عەرەبی عێراق بە تایبەتی. زانایەکی بە توانای زمان و ئەدەبی عەرەبی بووە و زمانەکانی لاتینی و یۆنانی خوێندووە و زمانی فرەنسیشی زۆر بە باشی زانیوە. کراوە بە ئەندامی چەندین دامەزراوەی زانستی و زمانەوانی وەک کۆڕی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەڵمانی، کۆڕی زانستی عەرەبی لە شام و کۆڕی زمانی عەرەبی لە قاهیرە. 
لە پێداچوونەوەدا بە ژمارەکانی گۆڤارەکەی ئەنستاس کەرملی بۆ دوو خاڵی سەرەکی دەگەڕام، یەکەمیان ئەوە بوو، بزانم لە ژێر ناوی عێراقدا نووسەرانی گۆڤارەکە چی نەخشەیەکیان لە مێشکدا بووە. دووەمیش، چۆن باسیان لە کورد و کوردستان کردووە.   
لە بارەی پرسی یەکەمەوە لە لاپەڕە (٥)ی ژمارە (١)ی ساڵی دووەمی گۆڤارەکە، واتا لە حوزەیرانی ١٩١٢ پێناسەکەی عێراقی ئەو ڕۆژانەم بەرچاو کەوت کە دەقەکەی بەم شێوەیە"عێراقی ئەمڕۆ دەبێت بە دوو بەشەوە، کە هەر یەکەیان ولایەتێکە بەسەری خۆی، ئەمانەش ولایەتەکانی بەغدا و بەسرەن، هەردووکیان گەورەن و چەندین لیوا و ژمارەیەکی زۆر قەزا و هەزاران ئاوایی و ناحیە دەگرنە خۆ. ئەم دوو ویلایەتە ڕۆڵیان گرنگ بووە لە مێژوود، کە خوا حەز بکات لە داهاتوودا باسی دەکەین". دەقی عەرەبی ئەو چەند دڕێرە لە خوارەوەی ئەم وتارە هاوپێچ کراوە. 

نووسەری ئەم چەند دێڕە ئیبراهیم حلميیە، کە بە یەکێک لە پێشەنگەکانی ڕۆژنامەوانی عێراق دادەنرێ و پێگەیەکی تایبەتی لە مێژووی ڕۆژنامەگەری عێراقیدا هەیە. ئەم قسانەی لە وتارێکدا نووسیوە بە ناونیشانی "العراق" و لاپەڕەکانی ٢ – ٩ ئەو ژمارەیەی گۆڤارەکەی بۆ تەرخان کراوە.  
 بڵاوکردنەوەی وتارەکە لە لاپەڕەکانی یەکەمەکانی گۆڤارەکە، کە بۆ باسە گرنگەکان و نووسەرە ناودارەکان تەرخان دەکرا و پەسەندکردنی ئەو بۆچوونانە لە لایەن خاوەنی گۆڤارەکەوە ئەنستاس کەرملی زانا و شارەزا واتایەکی تایبەت دەدات بەم قسانە. 

لاپەڕە (5)ی ژمارە (1)ی ساڵی دووەمی گۆڤارەکە ـ حوزەیرانی 1912


زۆر "خوێنەواری" ئەم سەردەمە ئاگاداری مێژووی پەیدابوونی وڵاتێک نین بە ناوی عێراق، نازانن لە ڕابردوویەکی نزیکدا سنوورەکانی لە کوێ بوونە. بەر لە سەد و دە ساڵ بە دیالەی ئەمڕۆ دەوترا باکوری عێراق، نەک بە کەرکوک و سلێمانی و هەولێر، بەشێکی فراوانی ئەو پارێزگایەی ئەمڕۆی عێراق هەر بە خوراسان نێویئ دەبرا. لە ماوەی یەک سەدەدا عەرەب لەو "شمال العراق"ەوە پەلیان هاوێشتووە و وا لە هەفتەغار و سەرگەڕان و پردێ...تاد تەنگیان بە کورد هەڵچنیوە. 
بۆ ئەوانەی دەیانەوێ وێنەی دروستی عێراق لە جوگرافیای کۆنی عەرەبی و ئیسلامیدا ببینن، داوا دەکەم کتێبە نایابەکەی توێژەری بە توانای کورد دکتۆر ئاوات ئەسعەدی "العراق الجغرافي، مطالعات وافیة في الأدب الجغرافي العربي الإسلامي" بخوێننەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە بەیروت بڵاوی کردووەتەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسی بکەم کە ئەرکی کێشا و دانەیەکی لە کتێبەکەی بۆ ناردم.  
لە ژمارەکانی بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا باسەکان بۆ شار و ناوچەکانی سەر بە هەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسرە تەرخان کراون. هێندەی ئەو دوو ویلایەتەش باس لە نەجد و حیجاز و کوێت و کەنداوی فارس کراوە( هەر بە کەنداوی فارسیش نێویان بردووە). نووسەرانی گۆڤارەکە دوو ویلایەتەکەی عێراقیان بە درێژکراوەی ئەو وڵاتانە داناوە. هەر کەسێ ئەو ژمارانەی گۆڤارەکە  بخوێنێتەوە، زۆر باش لەوە تێدەگات کە کورد و کوردستان بۆ نووسەرانی گۆڤارەکە لە گەل و وڵاتێکی  دراوسێ بەولاوە هیچ نەبوونە. 
هەندێ جار ئاماژە بە کورد کراوە بە بۆنەی ئەو وشە کوردییانەی لە زمانی ڕۆژانەی بەغداییەکاندا بە کار هێنراون. ئاماژە بەوە دەکەن کە زمانی بازاڕی بەغدا وشەی لە زۆر زمانی تر وەرگرتووە کە زمانی کوردیش یەکێ لەو زمانانە بووە.  لە شوێنێکیش باس لە هەڵبژراردنی. ڕاستتر دانانی ئیسماعیل حەقی بەگی بابان دەکات، نوێنەری پێشووی بەغدا لە "مجلسی مبعوثان"ی عوسمانی بە نوێنەری دیوانیە (ژمارە ١٢، حوزەیرانی ١٩١٢، ل. ٤٩١). یا کردنەوەی مەکتەبی جووەکان لە خانەقین(پەیمانی ئیسرائیلی- Israeli Alliance)، کە خواجا ئەلیاهۆ ڕۆبین باری ١٨ حوشتر شتومەکی بەخشیوە بە قوتابخانەکە و لە بەغداوە ڕەوانەی خانەقینی کردووە (ژمارە ٧ ، کانوونی دووەمی ١٩١٢). باس لە ڕووباری جەلەولا دەکات کە لا کاتی خۆیدا ڕووبارێکی گرنگ بووە و ساڵ لە دوای ساڵ ئاوەکەی کەمی کردووە و لە کۆتاییدا وشکی کردووە. ڕەنگبێ ئەم باسانە پەیوەندییان بەوەوە هەبێ کە ئەو ناوچانە زۆر جار سەر بە ویلایەتی بەغدا بوونە.  

سنوری عێراق هه‌رگیز ناوچه‌كانی دیاله‌ی تێنه‌په‌ڕاندووه‌

لە ژمارە (٣)ی گۆڤارەکەدا باس لە هێڕش و پەلاماری والی بەغدا سلێمان پاشای بەغدا دەکات بۆ سەر شنگال و کوشتاری کوردانی ئێزیدی لە ساڵی ١٨٠٩دا. کوشتن و بڕین و تاڵانکردنی شنگال و پەنابردنی کوردانی ئێزیدی بۆ چیای شنگال، هەمان دیمەنە گەمگینەکانی جینۆسایدەکەی داعش لە ٣ ئابی ٢٠١٤ بە بیر مرۆڤ دێننەوە. کوشتنی پیاوان، سەبی کردنی ژنان و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵی کوردانی ئیزیدی بەهەمان میکانیزم جێبەجێ کراوە. (ژمارە ٣، ئەیلوول ١٩١١، ل. ٩٧ – ٩٨). نووسەرانی گۆڤارەکە هیچ هاوسۆزییەکیان بەرامبەر قوربانییەکان پیسان نەداوە، بەڵکو تۆمەتەی دەسەڵاتی ستەمکاری عوسمانییان دووبارە کردووەتەوە، گوایە ئەمانە لە گەڵ هۆزەکانی تردا یاخی بوونە لە دەوڵەت و دەبوایە تەمێ بکرێن.  
لە باسی چاندنی برنجیشدا لە جەلەولا و دیالە ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو برنجە لە ئاکرێوە هێنراوە و لێرە تۆو کراوە. بەڵام بەهەڵە ئاکرێ (عقر)یان خستووەتە نێوان تکریت و مووسڵە. دواتر لە ژمارە یازدەدا لە نیسانی ١٩١٢ ئەو هەڵەیە ڕاست دەکەنەوە و دەڵێن کە برنجی ئاکرێ لە قەلای ئاکرێی پارێزراوە، کە ئێستا شارێکی بە ناوبانگە، هێنراوە بۆ جەلەولا و دیالە. ئەمجا دەڵێ ئاکرێ لە چیاکانی مووسڵە و خەڵکەکەی کوردن و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی مووسڵەوە و بە ئاکرێی حەمیدییەش دەناسرێ، نەک ئەو عقرەی نێوان تکریت و مووسڵ کە لە لاپەڕە ٣٧٥ ژمارە ١٠ ئاماژەیان پێ کردبوو. 
کوردستان بۆ ئەوان وڵاتی دوور و غەریبی بووە، بۆ نموونە لە یەکێ لە ژمارەکانی گۆڤارەکە باسی محمود شوکری ئالوسی کراوە، کە دوژمنانی لە لای دەوڵەت لێیان خوێند و بوونە هۆی ئەوەی  دووربخرێتەوە بۆ وڵاتی دوور. ئەو ولاتە دوورە مووسڵ و سلێمانی بووە.
تێبینی: 
1. هاوڕێیەکی بەڕێز دکتۆر ئەحمەد حەمەد ئەمین ئاگاداری کردمەوە كە خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا لە بارەی تێگەیشتنی ڕاستی و ئەم گۆڤارەوە و د. سەباح مەهدی ڕومەیز لە بارەی هەولێر لەم گۆڤارەدا دوو توێژینەوەیان کردووە. بەداخەوە هیچ یەکێ لەوانە لە بەردەستمدا نین بۆ ئەوەی لە وردەکارییەکان ئاگادار بم. زۆر سوپاس بۆ دکتۆر ئەحمەد.
2. وا دیارە کەسێک بە گوگڵ وتارەکەی وەرگێڕاوە بۆ عەرەبییەکی سەقەت و بە ناوی منەوە بڵاوی کردووەتەوە، بەداخەوە من نایبینم بەڵام هەندێ دۆست و برای بەڕێز ئاگاداریان کردمەوە، هیوادارم لایبات و جارێکی تر کاری وا نەکات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ