كێشه‌ی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ توركیا چییه‌ ؟

فەرەنسا.. سه‌ره‌ڕمى دژایه‌تیكردنی فراوانخوازییه‌كانی توركیا

ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵا 2020.08.11 09:21 PM
1542 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا هیچ دەوڵەتێکی ئەوروپی و جیهانیش هێندەی فەرەنسا دژایەتی سیاسەتی داگیرکاریی و فراوانخوازی تورکیا ناکات، ئەمەش بۆتە مایەی گرنگی پێدانی تەواوی میدیا و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی جیهان. فەرەنسا لە لیبیا  دژی دەستێوەردانی تورکیا دەوەستێتەوەو بە مەترسییەکی گەورەشی بۆ سەر ئەوروپا دادەنێت، لە سوریا و عیراقیش دژی لەشکرکێشی و داگیرکاریی  تورکیا دەوەستێتەوە. بەهەمانشێوە لە دەریای سپی ناوەڕاستیش پشتگیری قوبرس و یۆنان  دەکات و دژی پەلاماردان و سیاسەتی فراوانخوازی تورکیا دەوەستێتەوە. هەروەها پێشتریش دژی ئەندام بوونی  تورکیا بوو لە یەکێتی ئەوروپا.  دیارە لەمەشدا کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی و سیاسیی و فەرهەنگی و ئابووری  لە پشت ئەم سیاستەی فەرەنساوە رۆڵیان هەیە. 

ئەندام بوون لە یەکێتی ئەوروپا
یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە هەر لەسەرەتاوە دژی ئەندام بوونی تورکیایە و فشاری زۆریشی خستە دەوڵەتانی تری ئەم یەکێتییە کە نابێت تورکیا بکرێتە ئەندام فەرەنسایە. جا فەرەنسای شیراک یان سارکۆزی یان ئیمانوێل ماکرۆن  بێت، بە چەپ و راستی فەرەنسا دژی ئەندامبوونی تورکیا بوون، لەمەشدا کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و مێژوویی و فەرهەنگی رۆڵیان هەبوو. هەمیشە فەرەنسییەکان پێیان وابوو کە تورکیا چ لە رووی سیستەمی سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگیشەوە، دەوڵەتێکی ئەوروپی نییە و هیچ پابەندی بنەماکانی یەکێتی ئەوروپا نییە. لەمەشدا بۆچوونەکانیان راست دەرچوو، ئەوەتا هەموو جیهان باس لە سیستەمی دیکتاتۆری ئەردۆغان دەکات و چۆن بە دڕندانەترین شێوە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە کوردەوە.
دژی سیاسەتی فراوانخوازی تورکیا لە دەریای سپی ناوەراست
لە ئێستادا ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست بۆتە مەیدانێکی گەورەی ململانێی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، تورکیا لە ئێستادا سیاسەتێکی تەواو دوژمنکاری دژی یۆنان و هەموو ئەوروپا پێڕەو دەکات. هۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم. فشار خستنە سەر ئەوروپایە لە رێگەی کۆچەران، دووەم دەستگرتن بەسەر سامانی سروشتی ئەم ناوچەیە، چونکە یەدەگێکی گەورەی گازی سروشتیی و  نەوتی تێدایە. فەرەنسا لەمەشدا زۆر دژی سیاسەتی تورکایە و بەهەموو شێوەیەک پشتگیری یۆنان دەکات. لە وتەیەکیدا  لە 14/7 بە بۆنەی جەژنی نیشتمانی ئیمانویل ماکرۆن سەرۆکی فەرەسا وتی: پێویستە ئەوروپا پێگە و رۆڵی خۆی لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاستدا بەهێز بکاتەوەو نابێت رێگا خۆش بکات بۆ هێزی تر، کە ئەوان تەحەکوم بەم ناوچەیەوە بکەن و چارەنووسی ئەوروپا  دیاری بکەن. 

ته‌حه‌كومكردنى توركیا به‌ ده‌ریای ناوه‌راسته‌وه‌ فه‌ره‌نسای ته‌واو نیگه‌ران كردووه‌

 

وتیشی: ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست دەبێتە تەحەدییەکی گەورە بۆ ساڵانی داهاتوو، چونکە لە ئێستادا بە دەست کۆمەڵێک کێشوە دەناڵێنێت لەوانە : کێشەی سنووری  نێوان وڵاتان، کێشەی کۆچەر، بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر، هەوڵدانی دەوڵەتان بۆ دەستگرتن بەسەر سامانی سروشتی ناو دەریاکە، کێشەی لیبیا. هەربۆیە بوونی سیاسەتێکی ئەوروپی لەم ناوچەیەدا، کارێکی گرنگ و پێویستە.
پشتگیری قبورس  و یۆنان
هەفتەی پێشوو هەموو هێزی دەریایی یۆنانی کەوتە ئامادەباشییەوە ئەوەش پاش ئەوەی تورکیا دەستیکردووە بە گەڕان و پشكنین بە دوای نەوت  و گازدا لە نزیک سنووری دوورگەیەکی یۆنانی. لە بەرامبەردا رۆژی پێنچ شەممە ١٩/٧  رۆژێک پاش هەوڵەکەی تورکیا، ئیمانویل ماکرۆن لە دیدارێکی لەگەڵ نیکۆس ئەناستاسيادس سەرۆک کۆماری قوبرس لە کۆشكی ئەلیزی لە پاریس ، رایگەیاند: پێش هەموو شتێک پشتگیری خۆمان بۆ قوبرس و یۆنان رادەگەیەنم و دژی ئەو پێشێلکاریانەش دەوەستینەوە کە تورکیا دەرهەق بە سەروەری خاکی قوبرس و یۆنان دەیکات. وتیشی: پێویستە تورکیا سزا بدرێت لەسەر ئەم پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە یۆنان و قوبرس دەیکات .
کێشەی لیبیا
یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە هەمیشە رۆڵی لە لیبیادا هەبووە فەرەنسا بووە. هەمووکاتێک لیبیا بۆ فەرەنسا گرنگ بووە، جا لیبیای قەزافی بێت یان لیبیای گرووپە میلیشیاکان بێت. هەروەها رۆڵی سەرەکیشی هەبوو لە رووخانی رژێمی قەزافی لە لیبیا.  لە ئێستاشدا تورکیا هاتۆتە ئەم وڵاتە و مەرامی داگیرکردنی هەیە، فەرەنسا بەوپەڕی هێز و توانای سەربازیی و ئابووریی و  دیپلۆماتی دژی دەوەستێتەوە. لە دیدارێکیدا لەگەڵ قەیس سەعید سەرۆک کۆماری تونس لە کۆشكی ئەلیزی لە پاریس، ئیمانویل ماکرۆن رایگەیاند: ئەوەی تورکیا لە لیبیا دەیکات، یارییەکی ترسناکە و مایەی مەترسییە بۆ سەر دەوڵەتانی ناوچەکە و تەواوی ئەوروپا. 

فه‌ره‌نسا دژی له‌شكركێشی توركیایه‌ بۆ ناو سنوری عێراق


لەشکرکێشی تورکیا  لە عیراق
هەفتەی پێشوو ژان ئیف لودریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە بەغداد و چاوی بە تەواوەی بەرپرسانی بەغدا و دواتریش هەولێر کەوت. یەکێکە لە ئامانجەکانی ئەم سەردانە دژایەتیکردنی لەشکرکێشی تورکیا بوو، هەرچەندە بە ئاشكرا ئیعلانی نەکرد، بەڵام لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عیراق، لۆدریان رایگەیاند: فەرەنسا داکۆکی و پشتگیری لە سەرەوەری خاکی عیراق دەکات. لەمەشدا ئاماژە بوو بۆ لەشکرکێشی تورکیا. 
بۆچی فەرەنسا هێندە دژی تورکیایە؟!
دیارە وەکو دەبینین لە هەموو مەلەفەکاندا فەرەنسا دژی تورکیا دەوەستێتەوە. هەروەها لەناو هەموو وڵاتانی ئەوروپادا ، تەنها فەرەنسایە هێندە دژی سیاسەتی لەشکرکێشیی و فراوانخوازی تورکیا دەوەستێتەوە، ئەوەش بە بڕوای من لەبەر کۆمەڵێک هۆکار.
١/ زیاتر ئاگاداریی لە مەرامی نهێنی و ئاشكرای تورکیا
فەرەنسا بەحوکمی ئەوەی مێژوویەکی گەورەی لە ناوچەکەدا هەیە و مامەڵەی لەگەڵ تورکەکان بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە، باشتر تورک دەناسێت، هەروەها بە حوکمی ئەوەی دەوڵەتێکی زلهێزی جیهانیشە، خاوەنی دەزگای هەواڵگریی بەهێزەو سەنتەری لێکۆڵینەوەی  ستراتیژیی و سیاسی باشی هەیە، لە هەموو دەوڵەتانی تری ئەوروپا ئاگاداری سیاسەتی نهێنی و ئاشكرای تورکیایە لە ناوچەکە، زۆر باشیش دەزانێت، کە هەموو ئەم سیاسەتانە دژی فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپایە.
٢ هۆکاری ئابووری
فەرەنسا چ لە دەریای سپی ناوەڕاست، چ لە لیبیا یان عیراق و سوریا، کۆمەڵێک بەرژەوەندی ئابووری گەورەی هەیە بەتایبەتی لە بواری نەوت و گازدا، نایەوێت هەموو ئەمانەی بکەوێتە ژێر رەحمی تورکەکانەوە. هەرچەندە ئەوان  بەڵێنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی فەرەنسیان دابوو، بەڵام ئەوان باوەڕ بە تورک  ناکەن.

ماكرۆن تاكه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌وروپایه‌ به‌ ته‌واوی پشتی له‌ ئه‌ردۆغان كردووه‌

٣/ پارێزەری ئەوروپا
فەرەنسا خۆی وەکو زلهێزێکی ئەوروپا دەبینیت و دەیەوێت خۆی بە داکۆکیکاری هەموو ئەوروپا بزانێت، هەمیشەش لە مێژووی ئەوروپادا، فەرەنسا رۆڵی بەرچاوی هەبووە. لە ئێستاشدا تورکیا بۆتە مەترسی گەورە بۆ ئەوروپا بۆیە لە سەنگەری پێشەوەیە.
٤/تورکیا مەترسییە بۆ سەر ئەوروپا
فەرەنسا دەزانێت لە ئێستادا تورکیا بە فیعلی بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئەوروپا، ئەوەش لە رێگەی سیاسەتی فراوانخوازیییەوە، هەروەها دەشزانێت گەر تورکیا بێتە لیبیا، ئەوا بە تەواوەتی هەموو ئەوروپا دەکەوێتە ژێر رەحمی لێشاوی کۆچەر و بارزگانی هۆشبەر کە تورکیا لە دژی ئەوروپا پیادەی دەکات. 
لە دەریای سپی ناوەڕاستیشدا دەزانێت کە سەرەوت و سامانێکی زۆری گاز و نەوتی تێدایە، هەربۆیە نایەوێت ئەمە بکەوێتە ژێر دەستی تورکەکان. هەروەها چ لە رووی مێژوویی و کولتووریی و سیاسیشەوە، فەرەنسا و ئەوروپا بە هەموو شێوەیەک دەبێت پشتگیری لە یۆنان و قوبرس بکەن، چونکە لەمەشدا تورکیا پەلاماردەرەو مێژووییەکی ئێجگار قێزەونشی لەم دوو دەوڵەتەدا هەیە، هەربۆیە فەرەنسا دەیەوێت ئەوروپا داکۆکی لەم دوو دەوڵەتە ئەوروپییە بکات، گەر وا نەکات ئەوا هەموو یەکێتی ئەوروپا هەڵدەوەشێتەوە.
دوا قسە
بەدڵنیاییەوە لە ئێستادا فەرەنسا لە سەنگەری پێشەوەی بەرەی دژ بە تورکیایە، راستە نەیتوانییوە بەشێوەیەکی فیعلی رێگا لە سیاسەتی فراوانخوازیی و  داگیرکاری تورکیا بگرێت، بەڵام کێشەی زۆری بۆ دروستکردووەو توانیویەتی دەنگێکی ناڕازیی باشبێت لە دژی سیاسەتەکانی تورکیا. هەروەها لە داهاتووشدا گەر لەم سیاسەتەی بەردەوام بێت و دەوڵەتانی تر بهێنیتە ناو بەرەکەوە بەتایبەتی ئەمریکا و روسیا، ئەوا بەمشێوەیە دەتوانن  پێکەوە سنوورێک بۆ سیاسەتی داگیرکاری تورکیا دابنێن. نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە فەرەنسا، ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەندامی گرووپی حەوت دەوڵەتە پیشەشازییە گەورەکە و ئەندامێکی گرنگی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاشە. جگە لەوەش خاوەنی هێزێکی سەربازیی گەورەو ئابوورییەکی باشیشی هەیە. هەموو ئەمانەش دەبنە هێزێکی گەورە بۆ ئەم وڵاتە.
سەرچاوەکان:
1. 
ماكرون يطالب أوروبا "بإعادة دورها ومكانتها" في منطقة البحر المتوسط. https://arabic.euronews.com
2. ماكرون-يندد-بـانتهاك-تركيا-لسيادة-اليونان-وقبرص کەناڵی الحرة . /www.alhurra.com
3. ماكرون يندد بـ"لعبة خطيرة" تمارسها تركيا في ليبيا ويعتبرها "تهديدا مباشرا" للمنطقة وأوروبا. کەناڵی  فرانس ٢٤. 
4. / وزير الخارجية الفرنسي يحث على احترام سيادة العراق. کەناڵی سکای نیوز حەرەبی. www.skynewsarabia.com



دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ