ڕێكه‌وتنه‌كه‌ كابوسه‌ بۆ توركیا و ئێران

ڕێكه‌وتنی ئیسرائیل و ئیمارات.. سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.08.14 12:42 AM
1276 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

هێمن سه‌عید فه‌ره‌ج
سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەرێگەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیەوە رێكەوتنی ئاشتی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلی راگەیاند و بە رێككەوتنێكی" مێژووی" ناوی برد وتی" رێككەوتنەكە دەبێتە هۆی هێنانی ئارامی بۆ ناوچەكە".
 ئاشكرایە رێككەوتنەكە بە دەستپێشخەری و چاودێری ترەمپ بوو. بنیامین ناتانیاهۆ و محەمەد بن زاید و دۆناڵد ترەمپ لەرێگەی تەلەفۆنەوە قسەیانكردووە و دوا تێبێنی خۆیان لەسەر رێككەوتنەكە داوە بەیەكتر.
پاش كەمێك لە راگەیاندی رێككەوتنەكە، شێخ محەمەد بن زاید ئال نیهان، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند" رێككەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بۆ كۆتایهێنانە بە خستنەسەر زەوی فەلەستینی بۆ سەر ئیسرائیل". هەروەها رێككەوتنەكەشی بە رێككەوتنێكی دوانەیی نێوان ئیمارات وئیسرائیل بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان ناوبرد. لەبەرانبەردا، بینیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رێككەوتنەكەی بە" رێككەوتنێكی مێژووی" ناوبرد و راگەیاندنی وڵاتەكەشی رێككەوتنەكەی بە "رۆژێكی گەورە بۆ ئاشتی" ناوبرد.

تره‌مپ رێكه‌وتنی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتی به‌ میژوویی وه‌سف كرد

 

ئیسرائیل راهێنان بە سوپای ئیمارات دەكات
رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لەم كاتەدا ئەگەرچی پێشوەختە بوو، بەڵام لەناكاو(Surprises) نەبوو، چونكە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ئیمارات و ئیسرائیل پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەكانیان زۆر پەرەپێداوە تا ئاستی ئەوەی لە ئێستادا سوپای ئیمارات لەلایەن ئیسرائیلەوە راهێنانیان پێدەكرێت، تەنانەت ئیسرائیل هاوكاری هێزە ئاسمانیەكانی ئیمارات دەكات بۆ لێدان لە نەیارەكانی لە لیبیا و سوریا و یەمەن.

ئیمارات دەبێتە پۆلیسی ئیسرائیل لە ناوچەكە
پێش 24 كاتژمێر لە راگەیاندنی رێككەوتنەكە، یوسی كۆهین، سەرۆكی مۆساد لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی رایگەیاند" ئیمارات پۆلیسی ئیسرائیلە و پەیوەندیمان لەگەڵیان دەبێتە هۆی گەرەنتی دابینكردنی پاراستنی ئاسایشمان". هەروەها پێشتریش ئەوەی راگەیاندبوو سەبارەت بە بەرزبوونەوەی گرژیەكانی ئەم دواییەی سەر كەرتی غەززە ئیسرئیل پەیوەندی بە گەورە سەركردەكانی ئیماراتەوە كردووە. 

رێككەوتنەكە دەبێتە كابوس بۆ ئێران
براین هۆك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئاشتی سەبارەت بە رێككەوتنەكە وتی: رێككەوتنی ئاشتی نێوان ئیمارت و ئیسرائیل بە چودێری ترەمپ دەبێتە كابوس بۆ ئێران و وتیشی ئێران تاكە دەوڵەتێكە بەهۆی رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و عەرەب بسوتێت.
هۆك وتیشی: ترەمپ بەو رێككەوتنە دەسكەوتێكی مێژوویی بۆخۆی تۆماركرد، هەروەها وتیشی" رێكەوتنەكە سەركردایەتی نوێ دەهێنێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران تووشی گرفتی گەورە دەكاتەوە".
لەبەرانبەردا، ئێران تائێستا هیچ لێدوانێكی لەسەر رێككەوتنەكە نەداوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی تەنسیمی ئێرانی رێككەوتنەكەی بە" رێككەوتنێكی ئابڕوبەرانە" ناوبرد.

رێككەوتنەكە هێز و ئاراستەی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆڕێت


میسر پاڵپشتی رێككەوتنەكە دەكات
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر پێشوازیەكی گەرمی لە رێكەوتنە كرد و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند" بەگرنگی و بایەخی زۆرەوە لە راگەیاندنی بەیانی هاوبەشی سێ قۆڵی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل و ئیماراتی برام دەروانین بۆ رێگریكردن لە خستنە سەر زەوی فەلەستنی بۆ سەر ئیسرائیل". هەروەها وتیشی" رێكەوتنەكە بەرئەنجامی هەوڵێكی زۆرە بۆ بەرەوپێشچوونی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

مەحمود عەباس داوای كۆبوونەوەی بەپەلە دەكات
ئاژانسی هەواڵی فەرمی فەلەستینی(وەفا)رایگەیاند" دوای راگەیاندی رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بەچاودێری ئەمریكا، مەحمود عەباس، سەرۆكی فەلەستین داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی كردووە بۆ گفتوگۆكرن لەسەر راگەینراوی بەیانی هاوبەشی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل و ئیمارات".
ئاشكرایە، رێككەوتنەكە هێز و ئاراستەی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆڕێت، گورزێك دەبێت بۆ ئێران و هاوپەیمانە شیعییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لەلایەك و توركیا و هاوپەیمانە ئیخوانەكانی لە ناوچەكە لەلایەكی دیكەوە، چاوەڕوانكراویشە ئەم بەرەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا دژایەتی خۆیان بۆ رێكەوتنەكە رابگەیەنن، لەبەرانبەردا بەرەی عەرەبی زیاتر وەك؛ سعودیە و میسر خۆشحاڵ دەبن بەرێكەوتنەكە و پشتیوانی دەكەن. 
بەنسبەت فەلەستینەوە، پرسی فەلەستینیەكان لە پرسێكی نیشتمانیەوە گۆڕا بۆ پرسێكی سەپەرشتیكراو لەلایەن دۆستە سامیەكانیەوە كە پێدەچێت نارەزایەتی خۆیان دەربڕن سەبارەت بەڕێكەوتنەكە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ