ڕیفراندۆم، پرۆژه‌یه‌ك بۆ دواخستنی دۆزی كورد

ئەو نامەیەی 100 ساڵ كوردی دواخست

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر 2020.10.15 10:36 AM
765 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

سبه‌ى سێ‌ ساڵ بەسەر دەرەنجامی راپرسیەكەی خەڵكی كوردستان تێدەپەڕێت، ئەویش پەلاماری هێزە جیاوازەكانی عێراق بوو بۆ سەر هەموو ناوچە دابڕێنراوەكان و سەرەنجام كەركوك و زۆربەی ئەو شوێنانەی پێشتر هێزی پێشمەرگە رزگاری كردبوون و لە تیرۆرستانی داعش دەیپاراست، لە ڕووی سەربازییەوە كەوتەوە دەست بەغدا.
دەكرا پرۆژەی ڕاپرسی لەبری ئەو لێكەوتە خراپەی لێكەوتبایەوە، دۆزی كوردی پێش خستبا، ئەویش بە قەبوڵكردنی ئەو بەدیلەی كە ئەمریكا لە نامەیەكی رەسمیی بۆ بەشێك لە سەركردایەتی ئەوكاتەی كوردی ڕەوانە كرد، ئەگەر ئەو بەدیلە قەبوڵكرابا، بەدڵنیاییەوە ئێستا كوردستان لە قۆناغێكی دیكەی رزگاریی نیشتیمانیی بوو.
ئەو نامەیە گرنگترین بەڵگەنامەی رەسمیی و پەیمانی ئەمریكایە لە مێژوودا، بۆ چارەسەری كێشەكانی كورد لەم پارچەیەی كوردستان.
جیاواز لە هەموو نامەو بەڵێنێكی ئەمریكا، نامەكەی ریكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوو خاڵی گرنگی تێدایه‌ پێویستە تیشكی بخەینەسەر. 
یەكەمیان: لە نامەكەدا میكانزمی جێبەجێكردنی ئەو پەیمانەی دەستنیشانكردبوو بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و كێشەكانی دیكەی وەك دەسەڵاتەكانی هەرێم و دابەشكردنی سامان و پرسی پێشمەرگە و دەسەلاتی فرۆكەوانیی و..تد

ریكس تیله‌رسن به‌ڵێنێكی گه‌وره‌ی له‌ جانتاكه‌یدا بۆ كورد هێنا

دووەمیان: لەو نامەیەدا سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پەیمانە دەستنیشانكرابوو، لە بەرامبەر ئەو پەپمانەدا كورد تەنها یەك ساڵ چاوەڕێ بكات، ئەگەر نەتوانرا جێبەجێ بكرێت ئەوا رێگا و دەرگای دیكە لە بەردەم كورد واڵا دەبێت.
لە لایەكی دیكە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە 20ی ئەیلولی 2017 واتە تەنها پێنج رۆژ پێش بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە بەیاننامەیەكدا دوای جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ریفراندۆمەكەدا نییە و دانی پێدانانێت. 

پەیمانی بلفۆر كە به‌ریتانیا بە جولەكەیدا تەنها یەك دێڕ بوو 

خاڵێكی زۆر گرنگ ئاماژەی پێكراوە ئەویش دەڵێت "ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هانی سەركردەكانی كوردی عێراق دەدات بۆ ئەوەی بەدیلەكە قەبوڵ بكەن" لەو بڕگەیەدا دڵنیا دەبینەوە كە ئەمریكا نامەیەكی رەسمیی وەك بەدیل بۆ كورد پێشنیار كردووە، تكا لە كورد دەكات قەبوڵی بكات.

نامه‌كه‌ی ریكس تیله‌رسن بۆ بارزانی

ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەو بەیاننامەیە جارێكی دیكە تەئكید دەكاتەوە لەسەر ناردنی نامە رەسمییەكەی تیلەرسن، بۆیە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوە ئەو قسەیە بەتاڵ دەكاتەوە كە دەگوترا "نامەكە ڕەشنوس بووە" ئەمە سەرباری ئەو راستییەی كە "نامەی رەشنوس" لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بوونی نییە. لەوە واوەتر، ئەو نامەیەی بە ناوی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەشێك لە سەركردایەتی كورد ڕەوانە كرا، كورد خۆی لە نوسینیدا بەشداربوو، واتە رەشنوسەكەی لە لایەن كوردەوە ئامادە كرابوو، هەریەكە لە (قوباد تاڵەبانیی و نێچیرڤان بارزانیی و فوئاد حوسێن) لیژنەیەك بوون بۆ نوسینەوەی ئەو رەشنوسە! واتە كورد بۆخۆی نامەكەی نوسی و بۆخۆیشی ڕەتیكردەوە كە ئەمە لە مێژوودا رووینەداوە، نامەیەك خۆت بینوسیت و خۆشت رەتیبكەیتەوە.

بارزانی حسابی بۆ داوا و هه‌ره‌شه‌كان نه‌كرد و ریفراندۆمی به‌رێوه‌برد

ڕەنگە نامەیەكی وەك ئەوەی تیلەرسن ناردی و ئەو پەیمانەی بە كورد درا، نە ئەمریكا و نە هیچ وڵاتێكی خاوەن نفوزو هێز بەهیچ گەلێكی نەدابێت.
پەیمانی بلفۆر كە به‌ریتانیا بە جولەكەیدا تەنها یەك دێڕ بوو ئەویش (ئارسەر بلفۆر) وەزیری دەرەوەی به‌ریتانیا لە نامەیەكدا كە بۆ لۆرد لیونێل ریچەڵد-ی ناردووە پەیمانی دروستكردنی دەوڵەتێك بۆ جولەكە دا، بێئەوەی میكانزم و سەقفی زەمەنی لەخۆ گرتبێت. دوای 30 ساڵ دەوڵەتیان بۆ دروستكرا. 
كەچی پەیمانەكەی ئەمریكا داوای چاوەڕوانی تەنها یەك ساڵی لە سەركردایەتی كورد، بەڵام رەتیانكردەوە! ئەو ساڵەی ئەوان چاوەڕێیان نەكرد، دۆزی كوردی بۆ دەیان ساڵ گەڕاندەوە دواوە، زیانی یەك سەدە خەباتی بە كورد گەیاند.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ