گێژاوى ململانێى سەرەزلەکان و ملیاردێره‌كانى پایته‌خت

پارێزگاره‌ جوانه‌مه‌رگه‌كه‌.. ململانێى ئابوریى و به‌رژه‌وه‌ندیى جه‌مسه‌ره‌كانى پارتى به‌ره‌و مه‌رگى برد ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.11.21 12:29 AM
3609 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا ـ ڕۆژنامه‌نووس

ئێستا دوای سێ ڕۆژ لە مردنی د. فرسەت سۆفی، بێ ئەوەی بەڵگەیەک یان سەرەداوێک هەبێ، گومانکردن لە مردنەکەی بووەتە باسی ناو خەڵکی ئاسایی و شتەکە لەوە دەرچووە گومانی چەند کەسێکبێ کە لە هەموو شتێکی پارتی بەگومانن.

زۆر کەس دەپرسن: تۆبڵێی ڕاستبێ کە فرسەت کوژرابێ؟
سادەترین پرسیار کە لە گیانلەدەستدانی فرسەت سۆفیدا دروست دەبێ ئەوەیە: کێ دەتوانێ کوڕی مەسعود بارزانی لەناو هەولێردا بکوژێ وەکو لە پەیامی هاوخەمییەکەیدا، بارزانی بە کوڕی خۆی، وەسفی فرسەتی کردبوو؟
وەڵامەکەی ئاسان نییە بۆ کەسێک کە نەتوانێ بێبەڵگە و لە ختوخۆڕایی تۆمەت و تاوان ببەخشێتەوە چونکە لانیکەم ئێستا بچووکترین بەڵگەی سەلمێنەرت لەبەردەستا نییە کە نیشانی بدات د. فرسەت سۆفی کوژراوە.
بەڵام وەڵامی ئەم پرسیارە زەحمەت نییە کە بۆچی دەبێ فرسەت سۆفی بکوژرێ؟
فرسەت پارێزگاری پایتەختی هەرێمی کوردستان بوو، ئەم پارێزگایە لە هیچ پارێزگایەکی تری عێراق و هەرێمی کوردستان ناچێ لەڕووی گەشە و ئاوەدانیی و لەخۆگرتنی ملیاران دۆلار لە پڕۆژەی وەبەرهێنان و پیشەسازیی و بزنسدا. تەنانەت لەم ساڵانەیشدا کە قەیرانی سیاسی و ئابووری هەرێم لە ترۆپکدا ماوەتەوە.
لەناو ئەم پارێزگایەدا بەرژەوەندی و ئابووریی دوو جەمسەری بەهێزی ناو بنەماڵەی بارزانی ...نێچیرڤان و مەسروور بارزانی... لە بەریەککەوتنێکی ڕاستەقینە و سەختدان.
تورکیا بە قورساییەکی گەورەی ئابووریی و سیاسی و ئیسختباراتییەوە، چاوی لەسەر هەولێرە بێ ئەوەی بۆ یەک چرکەیش چاو لەو بەرژەوەندییانە بخڵافێنێ.

ململانێى به‌رژه‌وه‌ندیی و ئابوریی ناو ئۆفیسه‌كه‌ی به‌ نهێنی هێشته‌وه‌

ئەو هەموو پڕۆژەیەی هەڵڕژاوەتە ئەم پارێزگایەوە، ئەو ملیاران دۆلارەی سەرفکراوە یا هێشتا سەرمایەگوزاریی تێدا دەکرێ، بە کەمی تیایاندایە نەئاڵابن بە گەندەڵیی.. قۆرغکاری.. دزی و خۆسەپاندنەوە. هەزاران مەتر زەوی و سەدان پڕۆژەی گەورە و زەبەلاح هەن بە ناقانوونیی و بەرتیل و واسیتە دراون بە خاوەن پڕۆژەکان. بێگومان لە ژینگەیەکی وادا تاقم و پێڕی مافیا ئاسیا هەڵدەتۆقن و ئامادەن تا لێواری مردن و کوشتن، پارێزگاری لەو دەسکەوتە ناشەرعیی و ناقانوونییانەیان بکەن کە بەئاسانیی دەستیانکەوتووە.
لە پەیامی مەسروور بارزانی بۆ مردنی د. فرسەت ئاماژەیەک بەوە دەدات کە د. فرسەت زۆر هاوکاری بووە لە پڕۆژەی چاکسازییدا.
خۆ دیارە چاکسازیی لە پارێزگای هەولێردا، تەنیا چاککردنی رۆتیناتی فەرمانگەو کەمکردنەوەی خەرجیی و زۆرکردنی داهات نییە. بەڵکو وەکو دارژەندنە لە شێری برسی کاتێ دەمی لەناو کەلاکی ئاسکێکی ناسکدایە.
د. فرسەت سۆفی تا زیندووبوو، وەکو پارێزگاری هەولێر چ بەئاشکرا و چ بەناڕاستەوخۆ چەندبارەی دەکردەوە: لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی و قۆرغکاریدا جدین و چاوپۆشیی لە هیچ کەسێک ناکەن!
قۆرغکار و سەرەزلەکانی گەندەڵیی لە هەولێر، بە ئەستەم خەڵکی کەم دەسەڵات و بێ پشتوپەنان. فرسەت باش دەیزانی لە بن کێوێک لە قۆرغکار و گەندەڵاندا وەستاوە، بەڵام پشت ئەستووربوو بە پشتیوانییەکانی مەسروور بارزانی وەکو جەمسەرێکی گەورەی ململانێکانی ناو پایتەخت.

مه‌سعود بارزانی: به‌ مردنی فرسه‌ت سۆفی كوڕێكی خۆم له‌ ده‌ستدا

فرسەت سۆفی کە پارێزگاربوو، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر لەو وێنانەی بڵاودەکرایەوە کە دەچووە ناو خەڵکی سادە و هەژاران، بەڵام لە ئۆفیسەکەی خۆی لەگەڵ ئەو سەرەزلانە چەلەحانێی دەکرد کە چنگیان لە خێروبێری هەولێر گیربووەو نایانەوێ بەناوی چاکسازییەوە، شتێک لەدەست بدەن. هەرگیز ئەمانە نیشان نەدەدران لە میدیا.

ئەگەر فرسەت سۆفی کوژرابێ، کێ دەوێرێ بیکوژێ؟
لەو شوێنانەی پارەی زۆر بە ڕێگای ئاسان دەست مفتەخۆران دەکەوێ، لەو شوێنانەی یاسا وەکو گریس رێگای گەندەڵیی و دزی بێسنوور چەور دەکات، لەو شوێنانەی سەروبنی بەرژەوەندی تێکەڵ دەبن و هیچ هێز و حکومەتێک ناتوانێ لێکیان بکاتەوە، زۆر ئاسانە پێڕ و تاقمی مافیا، گروپی ترسناک لەگەڵ مەسڵەحەتە زەبەلاحەکان ببنە شەریک و هەموو ئاستەنگ و مەترسییەکان ڕابماڵن. ئیتر با ئاستەنگ و مەترسییەکە کوڕی سەرۆکیشبێ.
من هێشتا دڵنیا نیم د. فرسەت سۆفی کوژراوە یان بە کۆرۆنا مردبێ چونکە هیچ بەڵگەیەکم لەبەردەستا نییە، بەڵام دڵنیابووم رێگای فرسەت لە هەولێر پەڕینەوەبوو بەناو مینی شاراوەو ئاشکراو هەندێکی تەوقیتکراودا.

هەولێر بووەتە ماڵێك بۆ بەرژەوەندی سیاسیی و ئابوریی و ئیستخباراتیی وڵاتانی ئیقلیمیی  نێودەوڵەتیی

هەولێر تەنیا پایتەختی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو شتێکە هاوشێوەی عەممانی پایتەختی ئەردەن، کە تێیدا وڵاتانی رۆژئاوا لە عەممانەوە چاودێری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. بارەگا و ئۆفیسەکانیان لەو شارە مۆڵداوە، بەرژەوەندییەکانیان لەوێوە دابەش دەکەن و بووەتە ماڵی دووەمیان لەمبەری زەریا و ئۆقیانووسەکانەوە. بۆیە عەممان تەنیا شاری ئەردەنییەکان نییە بەڵکو لەژێرەوە شاری ئاڕاستەکردنی مەسڵەحەتەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکایە.
هەولێریش بووەتە ماڵێکی تر بۆ بەرژەوەندی سیاسی وئابووریی و ئیستخباراتیی وڵاتانی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی، بۆیە ئەو ملیاران دۆلارەی هەڵڕژاوەتە ئەم شارە بێخاوەن نین و سەرەزلەکان بزانن ملیاران دۆلارەکەیان لە مەترسیدایە، قۆڵی لێهەڵدەماڵن و پێکەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکانیان دەبنەوە.
ئەگەر د. فرسەت بە کۆرۆنا مردبێ شتێکی ئاساییە وەکو مردنی ئەو ملیۆن و چەند سەد هەزارەی لە جیهاندا بە کۆرۆنا مردوون. خۆ ئەگەر کوژرابێتیش ئەوە شتێکی ئاساییە وەکو ئەو دەیان کەسەی لە جیهاندا لە پێناو تێکنەچوونی بەرژەوەندی سەرەزلەکاندا سەریان داناوە.
دیسان دەیڵێمەوە، هێشتا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستا نییە کە کوژرابێ، بەڵام هیچ ئەگەرێکیش دوور نییە کە گومانەکە لەجێی خۆیدابێ. بەس کێ بکوژە و بۆچی کوژرابێ وەڵامەکەی سەخت و ئاڵۆزە بەقەدەر ئەو بەرژەوەندییە ئاڵۆزاوانەی لە هەولێردا بەناو یەکترداچوون!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ