فریادڕه‌سی عێراقییه‌كان نه‌بوو

كازمى.. ڕاكێشانی کارتێكی تری سوتاو

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.12.23 11:44 PM
918 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئاسۆ عەبدوللەتیف
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، بۆی دەرکەوت، حوکمرانیکردنی تاریکترین سەردەمی عێراقیەکان دەکات و کەوتۆتە دەریچەیەکی تەسک، دەستی بۆ کۆمەڵە کارتێکی سوتاو برد کە هاوتا نەبوو بەو خەونانەی هەیبوو پێش ساڵێک بەر لە ئێستا کە ریفۆرمی ریشەیی و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و کۆتایی مافیاگەریی نەوت و یاساشکێنی دەوڵەت بوو، هێشتا ئەم کاراکتەرە خوازیاری ئەوەیە خۆی وەک ریفۆرمخوازو پاڵەوانی میدیایی نمایش بکات و ئەوەتا ئەنکەرەی کردە ڕوگەی بەرنامە ریفۆرمسازیەکەی و ئاسان نییە تاران و واشنتۆن ئەم کردەیە بە ئاسانی وەربگرن. 
 دۆخی سیاسی و ئابوریی ئێران_تورکیا و پاشهاتەکانی ئەو دوو جەمسەرە ئیقلیمییە چیتر ئاسان ناگوزەرێ بۆ کازمی و ئایندەکەی، لەپێشدا ئاکەپەو ئەردوگانیزم وەک جاران کاریگەرییان نابێت، ڕەنگە نەتوانێت چیتر تا لیبیاو ناگۆرنۆ کەرەباخ و عەفرین و دەریای رەش بڕوات بەبێ وەستان وەک سەردەمی دۆناڵد ترامپ و زاواکان، ئێرانیش لە ئێستادا بەو نەفەسەکارناکات دژی ئەمریکابوەستێت.
قسەی میمبەر جیاوازە لە فاکت، ئێران کاردەکات بۆ مانەوە و مامەڵە، ئەوەی بۆ گرنگترە تا پەلهاوێژیی و لەشکرکێشی و موشەکبارانی سەفارەتخانەکانی ئەمریکاو هەڕەشە لە دیبلۆماتکاران و دەرکردنی هێزی هاوپەیمانان و کێشەنانەوە بۆ تەنکەی هورموزو تەلئەبیب، چونکە دەزانێت گۆڕینی مۆدێلی دەوڵەت ئاسان بوە، سوننەکانیش ئاڵتەرناتیڤی جددین، کوردیش کارتێکی گرنگە بۆ ئەمریکا، وەک دەزانرێت لە سەردەمی ترامپ ئەمریکا کەشتیی USS ی فڕۆکەهەڵگرو کەشتییە زەبەللاحە موشەکهاوێژەکانی بە پێنج هەزار جەنگاوەریی دەریاییەوە ناردە کەنداو دژ بە ئێران و بە گەرووی هورموزدا گوزەری پێکردو ئەو کارتەشی سوتاند لەدەستی ئەو وڵاتە بەڵام نەیتوانی نزیکی نینۆکە تیژەکانی ئێران بێتەوە.

 هەن پێیان وایە کوشتنی فەخریزادە بەرپرسی دۆسیەی ناوکی و ئەتۆمی ئێران بۆ ئەوەیە ئەو نینۆکانە چیتر سەلامەت نەبن و کوشتن و سڕکردنی هەژمونگەریی تارانە، بەشێکی ئەم کردەیەش پەیوەستە بە کردەی پێداچونەوە بە مەلەفی ئەتۆمی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکاو تیمی نوێی دیموکراتەکانەوە بۆ دانوستانێکی ملکەچانەی ئێران، چونکە ئێران ملکەچ بێت ئەوە عێراق رامکراوەو ملکەچ بوە، بەشەکەی تر پەیوەستە بە کردەی تێکدانی پەیوەندیەکانی ئێران بە عێراق و کورتکردنەوەی دەستی حەشدی شەعبی و حەشدو لیواو کەتیبە چەکداریەکانی تر تاوەکو چیتر عێراق لەو دەستە عەسکەریەدا نەمێنێتەوە، ئەگەرچی ئێستا حەشدی شەعبیش دوباڵی سەرەکین و ناکۆکیەکانیان دوای قاسمی سولەیمانی تەشەنەی سەندوە بەرەو دوبەرەکی و  مەرجەعیەتی نەجەفیش بێلایەن نییەو ئەم هەڵبژاردنەش بە قورسترین پرۆسەی گۆرانکاریی هەژمار دەکرێت.

ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و نوخبەی حوکمڕانی عێراق دەیکەن هەمان ئەو خەونەیە کە ئەردوغان دەیکات بە لەشکرکێشی و لێدان لە سیادەی گەلان

وەک دەزانین لە عێراق فۆڕمێک لە شێوەی سێبەری بەعسیزم کاری پێدەکرێت و کازمیش دەستەوسانەو توانستی کۆتایی ئەو مۆدێلەی نییەو دەرکەوت ئەو فریادرەسەش نییە، 
ئەمریکا دەستی پۆڵاینی دەوێ تا قاچی نەرمی دیموکراسیەت و مێشکی کراوە، وەک چۆن لە تورکیاش عەلمانیەت و سیکۆلاریزمی نەویست و بەکاریزماکردنی ئەردوغان و کاڵکردنەوەی ئازادیەکان و دیموکراسی کردە مۆدێل و کاری بۆکرا. ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و نوخبەی حوکمڕانی عێراق دەیکەن هەمان ئەو خەونەیە کە ئەردوغان دەیکات بە لەشکرکێشی و لێدان لە سیادەی گەلان کەواتە کازمی لەگەڵ ئەو دۆخە عەسکەری و توندەیە کە ئەوەش پرەنسیپێکە دژی بەهاکانی دیموکراسی و چاکسازیی، چەنکە لە سەردەمی کازمیدا عێراق سیادەو ژێرخان و بڕیاری سیاسی گرنگ و سەربەخۆی نەماوە و ئەوەش دۆخی دراوو ئابوریی و رەوشی فەرمانبەران و ژێرخانەکەیەتی و تورکیایەک بەو لاوازییە پێنج ملیار دۆلاری بۆ دەنێرێت و کازمیش قبوڵیەتی، بێبەرامبەریش نابێت ئەو رەشوەیە، لە تورکیاش بنەماکانی عەلمانیەت و دیموکراسی گۆڕاون بۆ کەڵکەڵەی تاکڕەویەکی کوشندە.

کازمی کاتێک پەنا بۆ تورکیا دەبات، تورکیا خۆی بۆتە دەوڵەتی بەرھەمھێنانی مۆدێلی توندرەویی ئاینی

لە عێراقیش مەرجەعیەتێکی مەزهەبی پڕکێشە حوکمڕانە لە تورکیاش ئامادەسازیی دەکرێت بۆ دۆخی ئەردوگانیزمی دینی و سواربوون لەسەر شەپۆل و ھەستی سوننەگەرا، ئەمەش بە تەفرەدانی ئاین و بەکارھێنانی مزگەوت و سەمبولەکانی و دیسان ئەوە لە قازانجی ئەمریکایە بۆ بچوککردنەوەی دەوڵەتی دینیی راستەقینە، لای ئەمریکا یەک دەوڵەتی دینی سەرکەوتوو هەیە ئەویش دەوڵەتی ئیسرائیلە.
کازمی کاتێک پەنا بۆ تورکیا دەبات، تورکیا خۆی بۆتە دەوڵەتی بەرھەمھێنانی مۆدێلی توندرەویی ئاینی بەرامبەر گویلەنیەکان و کوردان و کەمینەکان و ئابوری تەواو لاواز بووە، وەک چۆن دیدی خورافەو زیندوکردنەوەی خەلافەتێکی سوننی لەلایەن ھەندێک تایپی دینی و دەوڵەتی کلاسیکیی ناوچەکەوە بۆ ئەردوغان بۆتە قەڵغان وەک قەتەرو سعودیە، لە عێراقیش دیدی خورافەو شیعەسازیی و مەرجەعیەت و هەژمونگەریی عەسکەریانەی حەشدو ئەو تایپە دینییە بۆتە قەڵغان و هەڵبژاردنیش بەری پێ ناگرێ، ئاخۆ تیمەکەی جۆ بایدن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دەکات؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ