25 ڕۆژ له‌ به‌رده‌م تره‌مپ دا

ترەمپ.. دەبێتە سەرۆکێکی "ئاخیرشەڕ" بۆ ئێران ؟

كاروخ خۆشناو 2020.12.26 10:31 PM
691 جار خوێندراوەتەوە

كاروخ خۆشناو

شاره‌زای كاروباریی ئه‌مریكا
سه‌رۆكی ئینیستیتوتى توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكیی ـ كوردیى

(بزنسمان)ەکان بەگشتی و تڕەمپ بەتایبەتی لە هیچ یاریەکدا حەزناکەن بدۆڕێن، ئەم هۆکارەش وایکردووە تاکو ئێستا تڕەمپ دان بە شکستی خۆیدا نەنێت لە بەرامبەر بایدن، لە ئیستادا تڕەمپ (لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە) توڕە و هەستیار دەردەکەوێت بە هۆی دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەو ڕاستیەش دەزانێت کەوا تەنها (25) ڕۆژی ماوە لە کۆشکی سپی، بۆیە تڕەمپ وەک هەموو سەرۆکێکی پێش خۆی، دەیەوێت شوێن دەستی خۆی لە مێژووی ئەمریکا و جیهاندا بەجێ بهێڵێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا گروپەکانی (حەشدی شەعبی) بەهانە دەدەنە (دۆناڵد تڕەمپ) تاکو شوێن دەستی خۆی لەسەر ڕووی ئێراندا بنەخشێنێت؟ 

قه‌یس خه‌زعه‌لی یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ ده‌سترۆیشتووه‌كانی حه‌شد له‌ ناو چه‌كداره‌كانیدا

دوای حەفتەیەکی تر ئێران و گروپە شیعەکانی عێڕاق لەبەردەم تاڵترین ساڵیادی سەدەی (21)دا دەبن، ئەویش ساڵیادی کوژرانی ئەندازیاری هیلالی شیعی و گەورە فەرماندەی سەربازی ئێران (قاسم سولەیمانی)یە، ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا ئەگەر هەیە ئێران یاری بە ئاگر بکات و چالاکیەک دژی ئەمریکا ئەنجام بدات، بەمەبەستی  تێرکردنی حەزی تۆڵەی شەقامی شیعە و ڕازیکردنی (ڕای گشتی) شوێنکەوتووانی شیعەی ئێران و عێراق، بەڵام ئەگەر هەیە ئەم چالاکیە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە نەکرێت، بەڵکو ناڕاستەوخۆ لەلایەن گروپەکانی حەشدی شەعبیەوە بکرێت، دۆناڵد تڕمپیش پێشوەختە لە ڕێگای تویتەرەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هۆشداری توندی داوەتە ئێران "ئەگەر ئێران یان پڕۆکزیەکانی هەر گورزێک لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بوەشێنن، ئەوا تڕەمپ گۆمەکە دەشڵەقێنێت بەسەر سەری ئێراندا".

به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێران و میلیشیا شیعه‌كان ده‌كات

جموجۆڵە نائاساییەکانی شەوی ڕابردووی شاری بەغدا لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری عێڕاق و گروپی (كتائب اهل الحق) ئاماژەن بۆ ئەوەی کەوا (25) ڕۆژی داهاتوو بۆ عێڕاق سەخت و هەستیار دەبن، چونکە بەغدا بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و عێڕاقیش کەوتۆتە نێوان بەرداشی ئەمریکا و ئێران، ئەگەرێکیش هەیە ئەمریکا باڵوێزخانەی خۆی لە بەغداوە بۆ هەولێر بگۆازێتەوە، بەمەبەستی پاراستنی گیانی دیپلۆماتکاران، چونکە هەولێر پێگەیەکی سەقامگیر و پارێزراوی هەیە، ئەگەرچی گرنگە داڕێژەرانی بڕیار (وەک ڕابردوو) بەردەوام بن لە سیاسەتی (باڵانس و هاوسەنگی ڕاگرتن) لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام لە حاڵەتی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداوە بۆ هەولێر، پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان (گرەنتی) پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە (نوسراوی فەرمی) لە ئەمریکا وەربگرێت.
لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا (کازمی) لە دوو نمایشدا لە بەرامبەر (حەشدی شەعبی) شکستی هێناوە: 
یەکەم/ کاتێک (14) چەکداری گروپی (حزب اللە)ی بە تۆمەتی هێرشی موشەکی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا دەسگیرکردن، بەڵام ناچار بوو لەژێر فشاری (حەشدی شەعبی)دا دوای چەند ڕۆژێک ئازادیان بکات.

كازمی به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستوپێی به‌ستراوه‌

دووەم/ دوای دەستگیرکردنی کەسێکی تۆمەتبار بە هێرشەکانی یەکشەممەی ڕابردوو، ئەم جارەش (کازمی) ناچارکرا دەستگیرکراوەکە ڕادەستی حەشدی شەعبی بکاتەوە.
 ئەم دوو نموونەی سەرەوە پەیامێکی روونە کەوا کازمی و حکومەتەکەی و دامودەزگاکانی ناتوانن بە هیچ شێوەیەک لێپرسینەوە لەگەل میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی)دا بکەن.
بەمانایەکی تر ئەم دوو ئەزموونەی (کازمی) لە ڕابردوودا پێمان دەڵێن: (حوکمی میلیشیاکانی حەشد) زاڵە بەسەر (حوکمی کازمی)دا، ئەگەرچی کازمی ئومێدی مانەوەی خۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەڵچنیووە، بەڵام ئەگەر کازمی بەم لاوازیەی بەردەوام بێت، ئەوا ئەگەرێکی بەهێز هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوودا توشی شکستێکی گەورە بێتەوە، چونکە لەلایەک متمانەی هاوڵاتیان لەدەست دەدات، لەلایەکی تریش متمانەی ئەمریکا لە دەست دەدات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ