دیموكراسیه‌ت له‌ قه‌یراندا

لە ئەمریکا چی ڕوویدا ؟

د.سەردار عەزیز 2021.01.07 11:46 AM
562 جار خوێندراوەتەوە

د.سەردار عەزیز

نوسەر و توێژەر
مامۆستای زانکۆی کۆرک ـ ئیرلەندا


دوێنێ کاپیتۆڵ هۆڵ، کۆنگریسی ئەمریکی، جێگای سەرنجی دونیا بوو. پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا لە چەندین دەیە و بگرە سەدەی ڕابوردودا هەرگیز مایەی سەرنج نەبوە، بەڵام دوێنێ دەستاودەستکردنی دەسەڵات، یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسی توشی قەیران بوو.
ئاپۆڕەکە خەڵکێکی تایبەت بوون. هەموو سپی پێست و هەڵگری سیمبول و دروشمی تایبەت. کۆمێنتارە ئەمریکیەکان نەیاندەزانی چۆن ناویان بنێن، چۆن بیانناسێنن. هەم روداوەکە و هەم ئەنجامدەرانی لە ڕوی ناونانەوە مایەی کێشە بوو. ئایا ئەوەی ڕویدەدا کودەتا بوو، یان ناڕەزایی دەربڕین. کارێکی تیرۆریستی بوو، یان سیاسی؟؟ دەیڤید فرۆم کۆمێنتاری ناسراوی کۆمارییەکان وشەی پۆتچی ئەڵمانی بەکاردەهێنا. دیارە زمانی ئینگلیزی خۆی وشەی نیە بۆ کودەتا، کودەتا فەرەنسییە و پوتچ ئەڵمانییە، بەڵام هەردوکیان بەکاردێن. کودەتا ئاماژەیە بۆ کارێکی ڕێکخرا، پوتچ هەتا ئاستێکی زۆر ڕێکنەخراوە. ئایا ئەوەی ڕویدا ڕێکخراوبوو، یان ڕێکنەخراو؟ بێگومان بە هەموو شێوەیەک ڕێکخراو دیاربوو. ڕەنگە ئەوە گەردەلولەکە بێت کە ترەمپ باسی دەکرد.
ئایا کرۆکی مەسەلەکە چیە؟
ئەگەر گوێ لە وتارەکەی ترەمپ بگریت زۆر شتت بۆ ڕون دەبێتەوە. ترەمپ دژ بە ناڕازییان نەبوو. پەیامی خۆشەویستی بۆ ناردن. بە پێی هەندێک سەرچاوە، تەنانەت ئامادەنەبوو ئەو قسانەش بکات، بەڵام بە فشار، خەڵکانی دەروبەری پێیان کرد. ترەمپ باسی ئەوە دەکات کە وڵاتەکەیان لێدزراوە. ئەمە یەکێک بوو لە هاوارەکانی ناڕازییان، ئەو دزییە بوەستێنە. ئەوە چیە دەدزرێت؟ دزی یانی بردنێکی نا شەرعی بە زۆر یان بە فێڵ. ئەمریکایەک هەیە کە بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەمریکای سپی پێست و ئەنگلۆساکسۆن و پرۆتسانت. ئەم ئەمریکایە خاوەنی ئەمریکا بوە لە دۆزینەوەی ئەمریکاوە هەتا ئەمڕۆ. ئەمڕۆ نایەوێت دەستبەرداری بێت. بۆیە هەست دەکات دزی لێدەکرێت. 

لایه‌نگرانی تره‌مپ له‌ ناو كۆنگرێسدا


دیموکراسی ئەمریکی هەر لە سەرەتاوە قەیرانی یونانی هەبوو. قەیرانی یونانی بە مانای ئەوەی کە دیمو، کە یانی خەڵك مەبەست لێی هەموو خەڵكانی ئەمریکا نەبوو، بەڵکو توێژێکی تایبەت بوو. ووردە ووردە ئەم توێژە تایبەتە بە ناچاریی و بە پێویستی بە سەر توێژەکانی تری کۆمەڵگادا کرایەوە، وەک خەڵكی ڕەش پێست، ئافرەت. بەڵام ئەم کردنەوەیە بەو مانایە نەبوو، کە ئەوان خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینەبن. بەڵکو ببنە بەشێک لە سیستەمێکی داڕێژراو. بەڵام ئێستا لە زۆر ڕوەوە ئەم وەرچەرخانە ڕودەدات، لە ڕوی دیموگرافی، جوگرافی، کۆمەڵایەتی. وەک زۆری شوێنی تری دونیا خەڵكی ئەمریکا بە زۆری دەبنە خەڵكی شارنشین. خەڵكی شار خاوەن ئیپۆسێکی جودایە لە خەڵكی گوند و شارۆچکەکان. ئەم بەریەککەوتنە لە کۆمەڵگای کوردیشدا ڕودەدات. 
 ئەم ئەمریکایە کە ووردە ووردە لە ئاوابوندایە، لە لایەن چەندین گروپ و ڕێکخراو و میلیشیاوە، داکۆکی لێدەکرێت. سیمبول و خیتابی ئەمانە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکی. 
ئەم خەڵکانە ئەمڕۆ هەست دەکەن نەک لە روی سیاسییەوە، بەڵکو لە ڕوی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشەوە ئەمریکایەک سەرهەڵئەدات کە لەگەڵ ئەواندا ناگونجێت. ترەمپ بە هیچ شێوەیەک سەر بەم خەڵکانە نیە. ترەمپ کەسێکی سێکویلاری، شاری، نمایشکارە. زۆربەی تەمەنی دیموکرات بوە و خەڵكی نیویورکە. بۆ زۆرینەی خەڵكی ئەمریکا نیویورک ئەمریکا نیە.
بەڵام توانی ببێت بە نوێنەریان.

 ئەم ئەمریکایە کە ووردە ووردە لە ئاوابوندایە، لە لایەن چەندین گروپ و ڕێکخراو و میلیشیاوە، داکۆکی لێدەکرێت. سیمبول و خیتابی ئەمانە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکی. 

دیارە هەموو پشتیوانانی ترەمپ لەمانە نین، خەڵكی تریش بە هۆکاری لۆکاڵی و تایبەت  دەنگ بە ترەمپ دەدات. بەڵام ئامادەنیە بێت بۆ واشنتۆن بۆ توندوتیژی. دەنگدەری ئایدەلۆژی جودایە لە دەنگدەری دیموکراسی.
لە نێو نوخبەی سیاسی ئەمریکیدا ترەمپ دۆستی کەمە. بەڵام لەبەرئەوەی جەماوەری هەیە، ئەوانەی، بە تایبەتی لە کۆمارییەکان، کە بە نیازی سودبینین بوون لە جەماوەری ترەمپ، پشتیوانی بوون. هەندێکیش هەبوو لە تویتەکانی دەترسا. بەڵام دوێنێ ئەم هاوپەیمانییە فەیکە کۆتایی هات. مایک پێنس پشتیوانی ترەمپ نەبوو. پێنس نوێنەری توێژێکی تایبەتی ئەمریکایە، کە بە ئیڤانجیلیکە مەیسحییەکان ناسراون. هەروەها لیندسی گراهام پشتی تێکرد.

له‌ كۆتا ساته‌كاندا مایك پێنس پشتی تره‌مپی به‌ردا

زۆرینەی ئەوانەی کە پشتیوانی ترەمپن لە کۆمارییەکان ئەوانەن کە بە نیازی خۆ پاڵاوتنن بۆ سەرۆکایەتی لە چوار ساڵی داهاتودا یان خۆ کاندیدکردنەوە بۆ کۆنگریس. وەک زۆر شوێنی تری دونیا بەشێکی زۆری کاری پەرلەمانی نمایش و شۆیە.
لە نێو کۆمێنتارە ئەمریکییەکان حەپەسانێک هەبوو. کە بە ڕاستی بۆ هەر چاودێرێکی ئەمریکی ئەوەی ڕویدا مایەی حەپەسان نەبوو. ناسیونالیزمی ئەمریکی، لە هەموو ساتێکی تری بەهێزترە. ئەم ناسیونالیزمە، توێژی جیاوازی هەیە. لە دەیەی داهاتودا کاتێک ئەمریکا لە ڕوبەڕوبونەوەدایە لەگەڵ زلهێزێکی تری وەک چین، ئەم ناسیونالیزمە دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. لە ماوەی داهاتودا، بە خوێندنەوەیەک بۆ هەردوو بیرمەندی گەورەی ئەمریکی، جۆن ئیکیبێری و جۆن مێرشمایەر، زیاتری باس لە ڕەهەندی فیکری ئەم پرسە دەکەم. 
ڕیتچارد هاس نوسیبوی کە سەردەمی ئەمریکی کۆتایی هات. ڕستەیەکی ئاوس بە مانا و دڵتەنگی. بەڵام چاوەڕوان نەکردنی ئەوەی ڕویدا لە ئەمریکا، جۆرێکە لە غرور و بە تایبەت وەرگرتنی ئەمریکا، بە ئەوەی پێی دەوترێت ئیکسێپشنالیزم.
ئەمریکا دوێنی لە بڕی ئەوەی مایەی سەرنج و لاسایی بێت مایەی نوکتەبوو. تەنانەت کەسێکی وەک مێرکڵ کە بە هیچ شێوەیەک لە نوکتەباز ناچێت، نوکتەی کرد. مێرکڵ لە ماوەی داهاتودا کۆتایی بە ژیانی سیاسی دەهێنێت. لە توێتێکدا نوسیبوی دەستەبەرداربونی من لە سیاسەت زۆر بێتام یان مومل دەبێت، boring.
بەڵام ئەوەی لە ئەمریکا ڕویدا تەنها دیاردەیەکی ئەمریکی نیە. فاشیزیمی نوێ لە ئەڵمانیا زۆر بەهێز و ڕێکخراوە. سەرۆکی فەرەنسی باوەڕی خۆی بۆ دیموکراسی دوپاتکردەوە، بەڵام فەرەنسا قەیرانەکەی لە ئەمریکا قوڵترە. چەندین ساڵە فاشیزم یەکێکە لە ڕکەبەرە سەرسەختەکانی دەسەڵاتی فەرەنسی و بەردەوام لە لوتکەدایە.
 لە کاتێکدا خەڵک بە ئەمریکا پێدەکەنین لە هەمانکاتدا خۆیانیان بیردەکەوتەوە. ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە کە ئەوەی لە ئەمریکا دەبێت هەرزوو دەبێتە مایەی لاساییکردنەوە لە جێگاکانی تر. 
بەڵام دیموکراسی توشی قەیران دەبێت، دەسەڵاتەکانی تر توشی داڕمان دەبن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ