هیچ ده‌وڵه‌تێكيش به ‌هانای عێراقه‌وه‌ نایه‌ت

كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كه‌.. ئه‌‌مساڵ عێراق چۆن ده‌ڕوخـێ‌ ؟

هونەر تۆفیق 2021.01.09 09:57 AM
1420 جار خوێندراوەتەوە

دروستبوونی دەوڵەتی عێراق هەر لەسەرەتاوە، پێکهاتەیەکی پێکەوە نەگونجاوە کە زەحمەتە ئومەتی عێراقی لەو پێکهاتە جیاوازانە دروستبکرێت. هەمان مۆزایکی عێراقی لە تورکیا و ئێرانیشدا هەیە، بەڵام ئیمتدادی دەوڵەتی ئێرانی و تورکی ڕەگی لە سەدان ساڵی ڕابردووەوە هێناوە. بەهەر جۆرێک بووە کە لە دەرەوەی ئەم باسەدایە، ئەوان پێشینەیەکی جیاوازیان لەگەڵ پێکهاتەکاندا هەیە بەهەموو زۆر و ستەمەکانیانەوە لەناو مێژووی هاوبەشیانەوە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا بەمیتۆدێکی جیاواز لە دروستبوونی عێراق کێشەی پێکهاتەکانیان داپۆشیووە. 
لە عێراقدا هەر لە سەرەتاوە شیعە و سونە و کورد بە سێ مەرجی تائیفی بەسەر یەکەوە رێککەوتوون. ئایدیۆلۆژیای تائیفی مەرجدارە بە رێککەوتنی هەر تائیفەیەک لەناوخۆیدا بە یەکگرتن و یەکبۆچوونی هاوبەش بۆ بە دوژمن زانینی ئەوی تر. هەرکاتێک ئەو هەستە دەستەجەمعیەی ناوخۆ بۆ بە دوژمن ناساندنی ئەوتر لەبەین بچێت، ئایدیۆلۆژیاکەش کۆتایی پێدێت و یەکگرتنەکە هەڵدەوەشێتەوە، سەرەوەختی پێکدادانی ناوخۆیی دەستپێدەکات، دەپەرژێنە سەر ناکۆک بوون لەناو خۆدا، بۆیە هەمیشە پێکهاتەکانی عێراق ئامادەیی دژبەیەک بوونیان تیادایە، ئایا دژایەتی تائیفەیەک دژ بە تائیفەیەکی تر، یان لەناوخۆی تائیفەیەک خۆیدا. 

له‌ ساڵى 1921 فه‌یسه‌ڵ بووه‌ یه‌كه‌م پادشای ده‌وڵه‌تێكی به‌زۆر پێكه‌وه‌ لكێنراو

ئەم جۆرە دروستبوونە ئیجباریە هەندێکجار ئابووریەکی هاوبەش رێککەوتنی پێکردوون، هەندێکجاری تر باڵادەستی تائیفەیەکیان بەسەر ئەوانی ترەوە ناچاری کردوون دامرکێنەوه بەڵام دژبوونەکە ئەگەر سڕکرابێت هێشتاکە لەبەین نەچووە. بۆیە لەناو ئەو بێ متمانەیەیدا هیچ تائیفەیەکیان ئامادەنییە چەک دابنێت تا ئەوی دیکەیان چەکی بەدەستەوەبێت. 
لەناو ئەو ئاڵۆزیانەی تائیفەکاندا کۆماری سێهەم لە پاش خستنی سەدام لە ٢٠٠٣دا دامەزرا. شەڕی نێوان تائیفەکان بووە جەنگێکی هەرێمی لە نێوان هەرسێ لایەنەکە، شیعە و سونە و کورد. ئەگەرچی لە ڕەواڵەتدا دەستەڵاتیان دابەشکردووە و حکومەتێکی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا لە جەنگێکی پروکێنەردان.  داهاتی نەوت، ساڵانی ڕابردوو نەیهێشتووە لە حەجمی کارەساتی ئەوجەنگە تێبگەن. تا دابەزینی نرخی نەوت. ئینجا کە کار لەکارترازاوە ئێستا ئاسەوارەکانی ئەو جەنگەیان بۆ دەردەکەوێت. 

شیعە و سونە و کورد، ئەگەرچی لە ڕەواڵەتدا دەستەڵاتیان دابەشکردووە و حکومەتێکی هاوبەشیان هەیە بەڵام لە ڕاستیدا لە جەنگێکی پروکێنەردان

بەهۆی موحاسەسەی تائیفی و هەرکەس بۆ خۆی و حیزبە چەکدارەکانیانەوە لە سەرتاسەری عێراقدا،  نەتوانراوە لە ئابووری نەوت زیاتر هیچ داهاتێکی تر لەوڵاتدا دروست بکرێت. لە %59 ی داهاتی نەوتیش بۆ موچەی ئەو لایەنگرانە تەرخان دەکرێت کە لەپێناو زیادکردنی دەنگی هەڵبژاردنەکاندا لە دەزگا حکومی و سەربازیەکاندا دامەزرێنراون .
لە شەش مانگی ڕابردووەوە حکومەتە کاتیەکەی کازمی بڕی 120 ملیارد دۆلاری قەرزکردووە، هەروەها لە بەشەکەی تری عێراقدا ( هەرێمی کوردستان ) بڕی 30 ملیارد دۆلاری تر قەرزکراوە. پێکەوە تا ئێستا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ساڵی ڕابردوو 2020 نزیکەی 150 ملیارد دۆلار قەرزدارن.

عێراق له‌ چاوه‌ڕوانی پشێوی و جه‌نگێكی وێرانكه‌ردایه‌


لە بودجەی ئەمساڵیشدا  2021 نزیکەی 70ملیارد دۆلاری تر نوقسانی هەیە کە بەنیازن ئەویش بە قەرز پڕبکەنەوە. ئەوساکە کۆی قەرزەکانی سەر عێراق دەگاتە 220 ملیارد دۆلار. زیاتر لە %60 ئەو قەرزانەش دەرەکەین، واتە دەبێت قازانجی بخرێتە سەر بە ڕێژەیەکی زۆر کە نزیک دەبێتەوە لە %20 ی کۆی قەرزەکە. 
ئەم ژمارانە ترسناکن، زۆریش ترسناک ! ، مەگەر حکومەتێکی چاونەترسی بێ خەیاڵی وەکو سیاسیەکانی عێراق لە بەردەم ئەم ژمارە قەبانەدا ڕاوەستن. ئەگینا هیچ دەوڵەتێکی تر ناتوانێت لەم ژمارە قەرزە گەورانەی تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچەکراون نەتۆقێت. هیچ هیوایەکیش بۆ چارەسەری نییە، ئەم پڕکردنەوانەش لەپێناو هەستانەوەی ئابووری و وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت نین، بەڵکە تەنیا بۆ دابینکردنی موچەی ساڵ و نیوی 2020 - 2021 کراون. 
ئەم تەڵەیە مسەوگەر تەقیوە بە ئابووری عێراقدا، تا شەش مانگی داهاتوو وڵاتەکە بەهەموو تائیفەکانیەوە دەخاتە بەردەم ئیفلاسی سەرتاسەریەوە. هیچ دەوڵەتێکیش نییە بە ئەمریکاشەوە بوێرێت بەهانای ئەو ئیفلاسەوە بێت، چونکە قەبارەی ئەوەندە گەورەیە، پێدانەوەی، یان ئەوەیە نەوتی عێراقی بۆ ڕەهن بکرێت، ئەوکاتە میللەتێکی بێ دەرەتان و ماڵوێرانی پێوە جێدەمێنێت کە ئامادەیە لە پێناو تێرکردنی برسیەتیەکەیدا هەموو جەنگێک بەرپا بکات، یان ئەوەیە کۆی دەوڵەتەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەڵوەشێنێتەوە و هێزێکی سیاسی - جەماوەری تر پەیداببێت، سەرلەنوێ دەوڵەت بە شێوازەکەی خۆی بینابکاتەوە، ئەمەش لەمساڵدا 2021 ڕوودەدات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ