ئاماژه‌كانی دەرکەوتنی خولوسی لەگەڵ سێ بارزانییه‌كه‌دا

پۆستاڵەکانی خولوسی ئاكار.. له‌ ته‌رابلوسه‌وه‌ تا شنگال

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.01.20 12:03 PM
1333 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ڕه‌فعه‌ت

ئەم ژەنەڕاڵە تورکە 69 ساڵەیە دوێنێ میوانی مەسعود بارزانی و کوڕ و برازاکەی بوو. ئەو لە ساڵی ١٩٧٢ کۆلیژی سەربازی تەواو دەکات و پەروەردەی سەربازی و ئایدیۆلۆژی ئەو هی ژینگەی پێش هەڵكشانی ناسیونالیزمی ئیسلامی تورکیییە بۆ دەسەڵات، واتە پەروەردی سەربازی و ئایدۆلۆژی ئەو هی سەردەمی کەمالیزمییە. بەڵام ئەستێرەی بەختی ئەو لەگەڵ هاتنی ئاکەپە، بەتایبەتیش دوای هاوپەیمانی هەریەک لە ئاکەپە و حیزبی فاشیستی گورگەبۆرەکان، مەهەپە، هەڵدەکشێت. خوڵوسی لە ٢٠١٦دا دەبێتە ٢٩هەمین فەرماندەی گشتی هێزەکانی تورک و لە ٢٠٨دا دەبێتە وەزیری بەرگری.
هەڵکشانی بەختی خوڵوسی، رێکەوت نییە. ئەو ژەنەڕاڵە تورکە خەڵکی پارێزگای قەیسەرییە لە ناوەراستی ئەنادۆڵ. خەڵکی قەیسەری بەتێکەڵەیەک لە ناسیوینالیست و ئسیلامی دەناسرێنەوە و ناوچەکە لانکەی ناسیونالیزمی ئیسلامی تورکییە. لە ٢٠٠٢ کاتێک ئاکەپە بۆ یەکەم  جار بەشداری کرد لەهەڵبژاردنەکاندا، لە ٩ کورسی، ٨ کورسی ئەو پارێزگایەی بردەوە. دواتریش، سەرجەم کورسییەکانی ئەو پارێزگایە، زیاتر لە نێوان ئاکەپە و مەهەپە دابەشبوونە. ئەم دابەش بوونە رەنگدانەوەی کەلتووری سیاسی و پاشخانی ئەم پارێزگایەیە.
ئەوەی تورکە ئیسلامییەکان لە تورکە عەلمانییەکان جیادەکاتەوە خەونە. ئیسلامییەکان خەونی زیندوکردنەوەی شکۆمەندی و دەسەڵاتی عوسمانییەکان و عەلمانییەکانیش پارێزگاریکردنی لە کۆمار و بنەماکانی ئەتاتورک. لێرەدا و لەگەڵ هاتنی ئاکەپە خەونی گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورک بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە رۆژێک لە ژێر چنگاڵی عوسمانییەکان بوون دەبێتە کارنامە و پۆلەسی دەوڵەت. واتە خەونی ئیسلامی تورک خەونی فراوانخوازی داگیرکارییە. 

خولوسی ئاكار پیاوی متمانه‌پێكراوی ئه‌ردۆغانه‌


تورک ئەزموونێکی قوڵی داگیرکاری هەیە. یەکەم نیشتەجێبوونی تورکە سەلجوقییەکان لە ناوچەیەکی نزیک قەیسەری بوو. دوای نیشتەجێبوونییان هەنگاو بەهەنگاو پاشەکشەیان بە کورد و رۆمی (یۆنانی کرد) و تەواوی تورکیای ئەمڕۆیان داگیرکرد. تورک ئەزموونێکی دوور و درێژی لەگەڵ داگیرکاری هەیە. لەسەردەمی سەلجوقییەکانەوە پەیڕەوی سیاسەتی هەنگاو بەهەنگاو پەیڕەو دەکەن. ئەم سیاسەتە دەکرێت بە سیاسەتی "جێ  پۆستاڵ"یش پێناسە بکرێت. سەرەتا بە شەڕ یان بە ئاشتی جێ پۆستاڵێک بۆ خۆیان دەکەنەوە. دواتر ئەم پۆستاڵە هەزاران پۆستاڵی تری بەدوادا دێت و گەلانی ناوچەکە لەژێر پۆستاڵ و قامچی تورکدا دەپلیشێنەوە. 
خوڵوسی لەهەر ٢٨ فەرماندەی گشتی هێزە پێش خۆی جیاوازە. دامەزراوەی سەربازی تورک دامەزراوەی کەمالیزمە. خوڵوسی پێیەکی لەناو کەمالیزم و ئەوی تریشی لەناو ئیسلامی فراوانخوازدایە. خوڵوسی دیوە رەق و سەربازییەکەی قوڵایی ستراتیژی ئەحمەد داودئۆغڵووە. دەکرێت داودئۆغلو بە دواترین مونەزیری ئسیلامی فراوانخواز دابنرێت و خوڵوسیش بە ژەنەڕاڵی بەسەربازیکردنی ئەو قوڵاییە ستراتیژییە. 
لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا خەڵوسی نەخشەی تازەی تورکیای بڵاوکردەوە. لەنەخشەکەی خوڵوسیدا لایەکی یۆنان، لە ئیدلیب و حەڵەب و قامشلییەوە تا دەگاتە موسڵ و هەولێر سلێمانی و کەرکوک وڵاتی تورکن. ئەمە بۆ خوڵوسی تەنها خەونێکی ناکردەیی نییە. ئەو بەکردەوە کار بۆ تورکیا خەیاڵییەکەی خۆی دەکات. یەکەم کاری خوڵوسی وەک فەرماندەی گشتی هێزەکانی تورک داگیرکردنی شەهبای رۆژاڤا و دواتریش عەفرین و ئیدلیب و سەرێکانی بوو. ئێستا پۆستاڵەکانی خوڵوسی لە لەتەرابلوسی لیبیا و ئیدیلیب جەرابلوسی سوریا، لە دۆحە و باکۆ و لە ٣٧ بنکەی سەربازی باشوری کوردستان دەبینرێت.

خولوسی ئاكار ده‌ڵێت بۆ ده‌ركردنی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال بارزانی هاوكارییان ده‌كات


خوڵوسی میوانی بارزانییە. تا دوای روخانی رژێمەکەی سەدامیش، هەریەک لە تاڵەبانی و بارزانی لەئەدەبیاتی سیاسی تورکدا وەک سەرۆک خێڵ ناوزەدە دەکران و دواتریش لەئەدبیاتی تورکیدا بارزانی وەک سەرۆکی ناوچەی باکوری عێڕاق ناسرا. باجی ئەم ناسینە تازەیە لەسەر باشوری کوردستن گران کەوت. ئێستا دوای سوریا و رۆژاڤای داگیرکراو زۆرترین بنکەی سەربازی تورک لە باشوری کوردستانن ئەمە جگە لەپرسی نەوت. ئەدهەم بارزانی، تاکە ئامۆزای مەسعود بارزانی کە شانسی دەرکەوتن و قسەکردن لەسەر سیاسەتی پێدرابێت ساڵێک لەمەوبەر باسی لەمەترسی تەواو داگیرکردنی باشوری کرد. ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ""هەر  لە چیای شەکیب، لەسەر سنور لەگەڵ رۆژهەڵات (ئێران) تا دەگاتە باتوف لە  زاخۆ و دهۆک، هەموو ئەو شوێنانە داگیرکراوە لەلایەن تورکیا... قۆناغی دووەم  داگیرکردنی بەشێکی تر دەبێت لە باشوری کوردستان."
خوڵوسی ئێستا میوانی بارزانییە. وەک میدیاکانی پارتی دەڵێن خوڵوسی هاتووە لەسەر دۆخی شەنگال گفتوگۆ بکات. پۆستاڵەکانی خوڵوسی، بەهاوکاری بارزانی لە بەعشیقەی ئێزیدی نشین و لە رەبیعەی نزیک رۆژاڤا و شەنگال هەن، پرسیار ئەوەیە ئایا دوای ئەم سەردانە پۆستاڵەکانی خوڵوسی دەگەنە شەنگالیش؟ ئەوەی مەترسی ئەم گەییشنە زیاد دەکات دەرکەوتنی خوڵوسییە لەگەڵ هەرسێ بارزانیدا و لەتەنیشت ئاڵای هەرێمی کوردستانەوە. 
خوڵوسی میوانی بارزانییە... خوڵوسی دزێوترین و رەزاقورسترین میوانی مێژووە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ