ئه‌م قۆناغه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ده‌سپێده‌كات هه‌تا ئێستا، سه‌رده‌می كۆمه‌ڵێك رووداوی گه‌وره‌یه وه‌ك شۆرشی پیشهسازییو جه‌نگه‌كانی یهكهمو دووه‌می جیهانییو جه‌نگی سارد‌و قه‌یرانی گه‌وره‌ی ئابوریی ئهمریكاو پێكهێنانی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها گه‌وره‌بوونی كۆمپانیاكان‌و زۆربوونی دامه‌زراوه‌كانی دهوڵهتو ركابه‌ری نێوانیان، گرنگترینیشیان پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی ته‌كنه‌لۆژیایی پهیوهندیكردنو هه‌مه‌جۆریی میدیایی‌و بڵاوكردنه‌وه روویدا، ئه‌وانه كاریگهریگهری گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌سه‌ر پێشكه‌وتن‌و بایه‌خدان به په‌یوه‌ندیه گشتییه‌كان .
په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان وه‌ك بابه‌تێكی زانستی‌و یه‌كێك له ره‌گه‌زه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی جه‌ماوه‌ریی له‌پاڵ راگه‌یاندن، ریكلام، پروپاگه‌نده، جه‌نگی ده‌روونی، له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌ته‌واوه‌تی ناسراوه‌و جێگه‌ی خۆی وه‌رگرتووه به‌تایبه‌ت له ئهمریكاو ئه‌وروپا، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ین ووردتر له‌باره‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی مێژوویی په‌یوه‌ندی گشتیی له‌م قۆناغه‌دا بدوێین.
بۆ یه‌كه‌مجار زاراوه‌ی په‌یوه‌ندی گشتیی به‌مانا نوێیه‌كه‌ی وه‌ك گوزارشتێكی نێو كێڵگه‌ی كۆمۆنیكه‌یشن، له‌زاری پارێزه‌رێكی ئه‌مریكیی به‌ناوی دۆرمان ئهیتۆن(Dorman Eaton) هاته‌ده‌ره‌وه، له كۆلێژی مافی زانكۆی بیڵ له شاری نیویۆرك ساڵی 1882، كاتێك وانه‌یه‌كی به‌ناونیشانی (The Public Relations and Duties of the Legal Prefession) ـ (په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان و ئه‌ركه پیشه‌ییه یاساییه‌كان) پێشكه‌شكرد، ئه‌و زاراوه‌ی وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌یوه‌ست به به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه به‌كارهێناوه.
ده‌توانین بڵێین په‌یوه‌ندیه گشتییه‌كان چه‌مكێكه ده‌رهاویشه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه‌و له‌مه‌وه ده‌توانین وێنایه‌كی گشتیی له‌سه‌ر ئهركو ئامانجه‌كان‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بخه‌ینه به‌رچاوی خۆمان. كه‌واته ئه‌مریكا نیشتیمانی یهكهمو شوێنی له دایكبوونی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانه به‌مانا زانستیی‌و پیشهییو ئهكادیمیهكهیو له‌وێوه په‌ریه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپاو وڵاتانی دیكه‌ی جیهان.
پاشان ساڵی 1908 تیۆدۆر نیوتۆن ڤه‌یل (1845- 1920)، سه‌رۆكی كۆمپانیای تهلهفۆنو تهلگرافیی ئه‌مریكیی ئه‌م گوزارشته‌ی به‌كارهێناوه له‌كاتی نوسینی راپۆرتی ساڵانه‌ی كۆمپانیاكه، تێیدا داوای ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی جه‌ماوه‌رو دووركه‌وتنه‌وه له هه‌رشتێك ده‌كات دژی ئه‌م بنه‌مایه بێت كاتێك ده‌ڵێت:"....به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان به‌دیده‌هێنرێت به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو ئه‌گه‌ر پێداگیریی بكه‌ین له‌سه‌ر به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی جه‌ماوه‌ر".
سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م وورده وورده په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان هه‌م وه‌ك زاراوه‌و هه‌م وه‌ك چالاكیی گه‌شه‌ی كرد‌و بایه‌خی زیاتری په‌یدا كرد، تائه‌وكاته‌ی ئیڤی لیی ده‌ركه‌وت كه به باوكی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان داده‌نرێت، ئه‌و سه‌ره‌تا وه‌ك رۆژنامهمهنووس كاری كردووه‌و په‌یامنێری رۆژنامه‌ی (New York World) بووه له‌شاری نیویۆرك.
ئیڤی لیی ساڵی 1904 یه‌كه‌مین كۆمپانیای تایبه‌ت به خزمه‌تگوزاریی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی دامهزراندو له به‌یاننامه‌ی كردنه‌وه‌ی كۆمپانیاكه به‌ناوی (Declaration of Principles) ده‌ڵێت:" ئه‌مه نوسینگه‌یه‌كی چاپه‌مه‌نی نهێنی نییه، هه‌موو كاره‌كانی ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ئه‌نجام ده‌درێن، ئێره ئاژانسێكی ریكلامیی بازرگانیی نییه... هه‌واڵ‌و زانیارییه‌كانی ئێمه ووردو دروستن، پلانه‌كه‌مان شه‌فافه كه پێدانی زانیاریی راستی گشتگیره به رۆژنامه‌كان‌و جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر كۆمپانیا‌و دامه‌زراوه‌كان په‌یوه‌ست به بابه‌ته گرنگه‌كان....".
ئیڤی لیی به‌شداریكرد له دانانی بنه‌ماكانی په‌یوه‌ندییه گشتییهكانو به‌ستنه‌وه‌ی به نهزعه تایبه‌ته‌كانی مرۆڤایه‌تییه‌وه كاتێك ده‌ڵێت:" من دۆلار‌و سهنتو پشك‌و قازانجه داراییه‌كان ده‌گۆرم به چه‌مكه مرۆڤایه‌تییه‌كان". بۆیه جۆن هێلیگاسی پسپۆری په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان دژی ئه‌و كه‌سانه ده‌وستێته‌وه لیی به فێڵباز ناوده‌به‌ن، پێیوایه ئیڤی لیی له‌رێی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانه‌وه بۆ هه‌میشه بارزگانییو پیشه‌سازیی گۆری‌و باشترین رێگه‌ی بۆ كاروباری دامه‌زراوه‌كان دۆزییه‌وه، كه زۆر نزیك‌و هه‌ماهه‌نگه له‌گه‌ڵ میدیادا .
مانای وایه ئه‌و هه‌وڵیداوه بهرههمو خزمه‌تگوزارییه‌كانی كۆمپانیا‌و دامه‌زاراوه‌كان ره‌هه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی پێ ببهخشێتو زۆر گۆشه‌نیگای هه‌م بۆ سهرمایهدارهكانو هه‌م بۆ جه‌ماوه‌ر روون بكاته‌وه، له‌وانه‌ش له رووی سیاسیی‌و ئابورییه‌وه به‌وه‌ی رایه‌ڵه‌ی نێوانیان ته‌نها بریتی نییه له كرین‌و فرۆشتن یان پێدان‌و به‌خشین.
دوای ئیڤی لی، ئێدوارد بێرنایس (Edward Bernays) دێت، یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین پێشه‌نگه‌كانی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان، هه‌ندێك به دامه‌زرێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌م بواره‌ی داده‌نێن، ئێدوارد بێرنایس تاكید ده‌كاته‌وه په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان "خولقێنه‌ری رۆحی هه‌ماهه‌نگییو هاوكارییه له نێوان دامه‌زراوه‌كان‌و جه‌ماوه‌ردا"، له‌چه‌ند روویه‌كه‌وه به‌شداریكرد له چه‌سپاندنی رێساكانی موماره‌سه‌كردنی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان له‌رێی جه‌ختكردنه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی قایلاندنو به‌ستیه‌وه به زانسته كۆمهڵایهتهكانی وه‌ك دهروونناسییو كۆمه‌ڵناسییه‌وه، ته‌نانه‌ت به‌شێكی كتێبی (Propaganda)ی ته‌رخانكردووه بۆ سایكۆلۆژیای په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان، هه‌وڵه‌كانی ده‌كرێت به‌م شێوه‌یه بیخه‌ینه روو:
یه‌كه‌م: یه‌كه‌م كه‌س بوو زاراوه‌ی راوێژكاری په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی به‌كارهێنا ساڵی 1920و، دوای گه‌رانه‌وه‌شی له كۆنگره‌ی ئاشتی پاریس 1919 ئۆفیسێكی راوێژكاریی كرده‌وه.
دووه‌م: نوسینی چه‌ند كتێبێك كه به سه‌رچاوه‌ی گرنگی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان داده‌نرێن له‌وانه‌ش: رایگشتی-1923، پروپاگه‌نده-1928، په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان-1952، ئه‌ندازیاریی قایلاندن-1955.
سێیه‌م: یه‌كه‌م كه‌سه هه‌ستاوه به وتنه‌وه‌ی وانه‌ی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان له زانكۆی نیویۆرك، داوای پێویستی خوێندنی بواره‌كه‌ی كردووه وه‌ك ماده‌یه‌كی گرنك له پرۆگرامه‌كانی زانكۆدا.
چواره‌م: به‌وپێیه‌ی سیگمۆند فرۆید، خاڵی ئێدوارد بێرنایس بووه، كاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌بوو له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی‌و توێژینه‌وه‌و كۆڵینه‌وه ده‌رونییه‌كانی كه ئه‌وپه‌ری كاریگه‌یان هه‌بوو له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان، چونكه بیرنیز له پێشه‌نگه‌كانی ئه‌وانه‌یه دهسیانكرد به توێژینه‌وه له رایگشتییو شیكاریی.
ئیڤی لییو ئێدوارد بێرنایس به‌ته‌نها نین له مه‌یدانی موماره‌سه‌كردنی په‌یوه‌ندیه گشتییه‌كان له‌سه‌ر ده‌می نوێ‌دا، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك كه‌سانی دیكه هه‌ن كه شوێنه‌واریی گرنگیان هه‌یه له دهرخستنو به‌ره‌وپێشبردنی هونه‌رو پیشه‌یی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان.
ده‌توانین ئاماژه به‌وه بكه‌ین دوای برینی ئه‌و قۆناغه دووردرێژه له مێژوویی چالاكییه‌كانی په‌یوه‌ندییه گشتییهكانو بڵاوبوونه‌وه‌ی له ئه‌مریكاوه به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپاو جیهان، ئه‌مرۆكه په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان وه‌ك هونه‌رو پیشه له سه‌رده‌می زێرینی خۆیدا له خۆرئاوادا، هه‌ر رۆژێك ئهركو ئامانج‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گۆرانی به‌سه‌ردا دێت به‌پێی جیاوازی كۆمه‌ڵگه‌كان‌و سیسته‌مه سیاسییه‌كان.
سه‌باره‌ت به‌و نارۆشنییو بایه‌خی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆرهه‌ڵاتدا، له‌وانه‌ش هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌یه په‌یوه‌ندی گشتیی چه‌مكێكه زاده‌ی كۆمه‌ڵگه سه‌رمایه‌داریی‌و دیموكراتییو ئابورییه گه‌وره‌كانه، چالاكی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان كه‌م كه‌م له‌و كۆمهڵگایهندا گه‌شی كردووه به‌پێی بارودۆخ‌و ژینگه‌ی خۆیان تا ئه‌وكاته‌ی جێوشوێنی خۆی گرت‌و چه‌سپا.
په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان په‌رییه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگاكانی دیكه وه‌ك ئه‌وه‌ی باز بدات، وه‌ك باقی چه‌مكه‌كانی دیكه به‌تایبه‌ت وڵاتانی عهرهبییو خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌راست وه‌ك دیموكراتی، ئازادیی، سیكۆلاریزم، بۆیه سه‌ره‌نجام ده‌بین به‌ئاسانیی له خاكی ئێمه‌دا شین نابن‌و، چاوه‌روان ناكرێت به‌زوویی جێگه‌ی راسته‌قینه‌و شایسته‌یی خۆی بدۆزێته‌وه، بۆیه هێشتا په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان رێگه‌یه‌كی دورودرێژی له‌به‌رده‌مدایه بۆ ئه‌وه‌ی بگات به هه‌مان ئه‌و ئاسته‌ی له ئهركو گرنگیدا له كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆرئاوادا پێی گه‌یشتووه.