لەگەڵ نزیکبوونەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024 کەشێکی سیاسیی تەلیسماوی و لەهەمان کاتدا نادڵنیا باڵی کێشاوە بەسەر وڵاتەکەدا. ژمارەیەکی زۆر بەشداربوو کە خۆیان لە کەسانی دیار و خاوەن پێگە و کێبڕکێکاری تازە دەرکەوتوو دەبیننەوە هەموویان لە هەوڵی ئەوەدا سەرنجی دەنگدەران بۆخۆیان رابکێشن.
لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆمارییەکاندا، بەگوێرەی راپرسییەکانی پەیوەندیدار بە رایگشتی، دۆناڵد ترەمپ لە ریزی پێشەوەی رکابەرەکاندایە، ئەگەرچی هێشتا لە بەزم و کێشە یاساییەکان دەربازی نەبووە.
هاوکات کەسێتییە دیارەکانی وەکو رۆن دیسانتیس و نیکی هاڵی وەک دوو کێبڕکێکاری گرنگ بۆچوون و دونیابینیی خۆیان خستووەتەڕوو.
هاوکات لە بەرەی دیموکراتەکانەوە جۆی بایدن هەیە کە وێڕای هەڵکشانی تەمەنی و دابەزینی ئاستە جەماوەرییەکەی چاوی لەوەیە دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، لەکاتێکدا کۆمەڵێک کەسی دیکەی بەدیل لەبەردەمیدا راست بوونەتەوە، لەوانە مارییەن ولیەمسن و کۆنگرێسمانی مینیسۆتا دین فیلیپس.
هەڵبژاردنی ناوخۆیی حیزبی کۆماری لە فلۆریدا رەنگە ببێتە مەیدانێکی گەرمی رکابەران، کە هەشت کاندید لەخۆدەگرێت، لەوانە ریان بینکڵی کە یەکێک بوو لە بەشداربووە چاوەڕواننەکراوەکان. بینکڵی وەک بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکار لە داڵاس بۆخۆی خەرجی ھەڵمەتی بانگەشەکانی دابین دەکات و سەرنجی خستووەتە سەر پرسە گرنگەکانی وەکو قەرزی نیشتیمانی و ھەڵاوسان و چاودێری تەندروستی و پرسی پەنابەران.
ھەڵبژاردنی ناوخۆیی، کە کێبڕکێیەکە براوە تیایدا هەموو گرەوەکە دەباتەوە، لە سێشەمەی گرنگی ساڵی داھاتوو کە بە سوپەر تویسدەی ناسراوە بەڕێوەدەچێت و دەرگای رووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوەکە دەکاتەوە.
بەڵام ترەمپ بەرەیەکی دیکەی کردووەتەوە و دەیەوێت دیسانتیس حاکمی فلۆریدا ناچار بە کشانەوە بکات، بەو ھۆیەوە پشێوی خستووەتە یارییەکەوە.
بەگوێرەی ڕاپرسیەکانی ئەم دواییانە، ترەمپ و بایدن لەنێو دەنگدەرانی سەربەخۆدا لە کێبڕکێیەکی نزیکدان و لەھەمان کاتدا پاڵێوراوە سەربەخۆکانی وەکو رۆبەرت فرانسس کەنەدیی کوڕ و کۆرنێڵ وێست کاریگەری گەورەیان ھەیە.
بەڵام راپرسیە پێشوەختەکان تا چەند پشتیان پێ دەبەسترێن ئەوە جێی پرسیارە، چونکە ھەروەک لە ڕابردوودا بینراوە ئەم جۆرە راپرسیانە نەیانتوانیوە ٣٠٠ رۆژ پێشتر پێشبینی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان بکەن.
هێزێکی پاڵنەری وەکو لیژنەی دیاریکردنی سەرۆک مەسەلەکان ئاڵۆزتر دەکات، ئەمە جگە لەوەی راپرسییە سنوردارەکانی سەر ئاستی ھەرێمەکان لەسەر بنەمای ھەڵبژاردنی ٢٠٢٠ گریمانەکانی خۆیان لەبارەی شێوازی دەنگدانەوە دەخەنەڕوو.
یەکێکیتر لە تەڵەزمە نوێیەکانی شانۆی ھەڵبژاردن ئەو ٢٨٥١ دەنگدەرە تازە تۆمارکراوەیە کە لە راپرسیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ھارڤارد بەشدارییان لە راپرسیەکی رۆژی ١٥ و ١٦ی شازدەی ئۆکتۆبەردا کردووە.
بەپێی راپرسیەکە، ترەمپ بە دەنگی لەسەدا ٤٨ بەرامبەر بە دەنگی لەسەدا ٤١ی بایدن کەوتووەتە پێش.
ئەگەر ئەو دەنگدەرانە لەبەرچاو بگرین کە ھێشتا خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە بۆ دەنگدان بە کاندیدێکی دیاریکراو، ئاستی پشتگیریی ترەمپ بۆ لەسەدا ٥٣ بەرز دەبێتەوە.
ئەمە ھاوکات لەگەڵ ئەو راپرسیانەی دیکە کە نیشانی دەدەن ترەمپ لە ویلایەتە گرنگەکاندا کەتووەتە پێش بایدنەوە. بەڵام ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی بایدن بە بەھێزی ماوەتەوە و ستافەکەشی زۆر بایەخ بەم راپرسیانە نادەن و جەخت لەسەر نادروستیی پێشبینیە پێشوەختەکان دەکەنەوە.
کەڤین مونۆز، دەمڕاستی بایدن، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەڵمەتی بانگەشەکەیان تەرکیزی لەسەر کۆکردنەوەی دەنگدەری جۆراوجۆرە و بە متمانەوە باسی سەرکەوتنی کارنامەی ھەڵبژاردنیان کردووە.
ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەوەوە پەیوەستە کە ھێشتا کاتی زۆر ماوە بۆ ھەڵبژاردن و بواری ئەوە ماوەتەوە گۆڕانکاری چاوەڕوانکراو لە رای گشتیدا رووبدات.
ھەڵبەتە ناتوانین ئەوە پشتگوێ بخەین کە پاڵنەر و بزوێنەرەکانی ھەڵبژاردنی ٢٠٢٤ جیاواز و تایبەتن.
ساحەی کۆمارییەکان تێکەڵەیەکە لە گەنج و پیر، لەلایەکەوە ترەمپ جەماوەرێکی پشوودرێژ و ئارامگری ھەیە و لەولاشەوە دیسانتیس ھەڵوێستی پارێزکارانەی خۆی نیشانداوە و ھاڵیش سەرنجی خستووەتە سەر چینی گەنجان و سیاسەتی دەرەوە. ھاتنە ناوەوەی لەناکاوی بینکڵی پێشبینیکردنی ئەستەم کردووە، بەو پێیەی ھەر لە سەرەتاوە سەرنجی خستووەتە سەر پرسە گرنگ و کاریگەرەکانی وەکو قەرزی نیشتیمانی و چاودێری تەندروستی.
لە بەرەی دیموکراتەکانەوە، فاکتەری تەمەن بووەتە کێشەیەکی گەورە بەو پێیەی بایدن بە ٨١ ساڵ تەمەنەوە خۆی ھەڵبژاردووەتەوە، هاوکات ولیەمسن و فلیپ ھەر لە ئێستاوە خۆیان لە سیاسەتی تەقلیدی دوورخستووەتەوە.
ھەڵبژاردنی ناوخۆیی فلۆریدا، کە لە مانگی مارسی ساڵی داھاتوو بەڕێوە دەچێت، بۆ کۆمەڵێک لە پاڵێوراوەکان ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەیە. بنەمای "براوە ھەموو شتێک دەبات"، ھاوشێوەی ٢٠١٦ کە ترەمپ بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە یارییەکەی بردەوە، کێبڕکێکەی توندتر کردووەتەوە.
ئاڵنگاریی ھەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ لە بەردەم دیسانتیس، کە لە ویلایەتەکەی خۆیدا تیر و توانجی لێ دەدرێت، شانۆی بانگەشەی ھەڵبژاردنی گەیاندووەتە ئاستێک دەکرێت ئاراستەی گوتاری پێش ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکە دیاری بکات.
راپرسیی سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی سیاسەتی ئەمریکی لە ھارڤارد(CAPS)، بە ئەنجامگیرییەکانی ئەم دواییانەی، پرسیار و مشتومڕی لەبارەی ئاراستە و رەوتی کێبڕکێکەوە ھێناوەتە ئاراوە.
بەرفراوانبوونی بەرەی ترەمپ دەرخەری ئەوەیە کە پشتگیرییەکی بەردەوامی ھەیە، بەڵام گرنگە ئەوەمان لەبیربێت راپرسییەکان وێنەیەکی خێرا و کورتی ساتەوەختێکی دیاریکراون و نابنە ئاماژەی دەستنیشانکەر. متمانەی دەستەی بانگەشەکارانی بایدن بە کارنامەی ھەڵبژاردنیان و تەرکیزکردنیان لەسەر کۆکردنەوەی دەنگدەری ھەمەجۆر ئەوە دووپات دەکەنەوە کە داتاکانی راپرسییە پێشوەختەکان دڵنیاییان تێدا نییە.
بەدەر لە کاندیدەکان و راپرسییەکان، ناکرێت دەزگایەکی وەکو ئەنجومەنی دیاریکردنی ھەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک کە بە کۆلێجی ھەڵبژاردن ناسراوە بە کەم سەیر بکرێت.
ساحەی کۆمارییەکان تێکەڵەیەکە لە گەنج و پیر، لەلایەکەوە ترەمپ جەماوەرێکی پشوودرێژ و ئارامگری ھەیە
لەگەڵ نزیکبوونەوەمان لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٤ی ویلایەتە یەکگرتووەکان، گرنگە دەرک بەوە بکەین کە شانۆی سیاسیی وڵاتەکە بەردەوام لە گۆڕاندایە. بەھۆی نادیاریی پاڵێوراوان و کاریگەریی کۆلێجی ھەڵبژاردن و سروشتی رووبەڕووبونەوەی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، قورسە ھەر لەم سەرەتایەوە دەرەنجامگیری بکەین.
لەگەڵ ئەوەی ئامار و راپرسییەکان وێنەیەکی گشتییان نیشانداوین، ھێشتا ناتوانن بە تەواوی لایەنە ورد و ئاڵۆزەکانی ھەڵبژاردنێکمان بۆ وێنا بکەن کە چەند مانگێک ماوە پێی بگەین.
تاوەکو ٥ی ١١ی ٢٠٢٤ شتی چاوەڕواننەکراو لە رێگەیە، بۆیە ھێشتا ھەڵمەتی بانگەشە زۆری ماوە.
لەم گێژاوی ناسەقامگیرییە سیاسییەدا، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تێکەڵەیەکی دژە لە شتی نوێ و باو. دۆناڵد ترەمپ، کە تا ئێستا رۆڵێکی دابەشکەری گێڕاوە و لەھەمان کاتیشدا کەسێتییەکی کاریگەرە، بەردەوامە لە رابەرایەتیکردنی ژمارەیەکی گەورە لە لایەنگرانی و ئەنجامەکانی ئەم دواییانەی راپرسییەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ھارڤاردیش ئەم کاریگەرییەی پشتڕاست کردووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەدا، لەسەدا ١١ی ئەو دەنگدەرانەی ھێشتا بریاریان نەداوە ئاماژەن بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر کە ھێشتا لە بیرکردنەوەدان و ھاوکات دەرخەری ئەوەن کە لایەنگریی سیاسی بەردەوام لە ھەڵبەز و دابەزدایە.
ئەگەر لە تۆپی بلورینیی سیاسی(بۆ پێشبینیکردن) وردبینەوە، وێنەی مێژووییمان دەکەوێتە بەرچاو. راپرسییەکانی سەرەتا، کە بە درێژایی مێژوو ئاماژەیەکی جێ باوەڕ نەبوون، ئەوەمان بیردەخەنەوە کە ئەوەی لە سیاسەتدا نەگۆڕە تەنھا گۆڕانە. کاریگەریی ھەمەلایەنەی ئاڵنگارییەکانی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و دیارنەبوونی پاڵێوراوە فەرمییەکان و بەزمی کۆلێجی ھەڵبژاردن ئەوەندەیتر بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکەن. ھەڵبژاردن بۆخۆی وەک مەتەڵێکە و وەڵامەکانیش بە لێڵی و ناڕوونی دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی شتەکان روون و یەکلا دەبنەوە.
ھەڵبژاردنی ناوخۆیی فلۆریدا وەک تارماییەکی گەورە لە ئاسۆدا بەدی دەکرێت و دیارە کۆی گوتاری کێبڕکێ کۆمارییەکە ئاراستە دەکات. بەرهەڵستیكردنی رۆن دیسانتیس لەلایەن ترەمپەوە كەمێك دۆخەكە ئاڵۆز دەكات و ئەو كێبڕكێیە روون و راشكاوەی تا ئێستا لەئارادا بووە دەگۆڕێت بۆ شانۆیەكی پڕمەترسی.
ئەگەر لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ساڵی 2016 بڕوانینەوە، دەبینین سیستمی "براوە هەموو شتێك دەبات" بەهۆی جەختكردنەوەی لەسەر گرنگیی یەك بە یەكی دەنگەكان كێبڕكێیەكە توندتر دەكاتەوە.
لەگەڵ ئەوەی راپرسییەكان وێنەیەكی كورت و خێرای هەست و سۆزی جەماوەرمان بۆ دەكێشن، زۆربەی جار ئەو تەوژمە شاراوانە لەیاد دەكەن كە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن دیاری دەكەن.
بێباكیی دەستەی هەڵمەتی بانگەشەی بایدن لە راپرسییەكان و پشتبەستنیان بە دەنگدەری جۆراوجۆر دەرخەری نەخشەڕێیەكی ستراتیژییە كە تەنها بایەخ بە ژمارە نادات. نیشانەی باوەڕبوونە بە هێز و كاریگەریی رێكخستنی خەڵكی ئاسایی و دەرككردنە بەوەی رێژەی سەدیی راپرسییەكان لە دونیای ئالۆزی سیاسەتی ئەمریكیدا هەمیشە سەركەوتنی بەدواوە نییە.
هیچ گومانی تێدا نییە ئەو رێگەیەی لەپێشمانە شتی سەرنجڕاكێش و چاوەڕواننەكراوی تێدایە. ئەوەندەی نەماوە وڵاتەكە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پڕ لە كێبڕكێی گەرمی 5ی 11ی 2024 ئامادە بكات.
ململانێی نێوان هێزە سیاسییە دامەزراوەكان و پاڵێوراوە دەركەوتووەكان و هەلەكەسەمای لایەنەكان لەگەڵ راپرسییەكان و هەبوونی كۆلێجی هەڵبژاردن هەموویان رۆڵیان دەبێت لە پەردەلادان لەسەر نهێنییەكانی شانۆ سیاسییەكە.
لەم هاوئاهەنگییەی دیموكراسیدا، هەر نۆتەیەك پاڵێوراوان و دەنگدەران و رووداوە پێشبینی نەكراوەكان لێی بدەن ئاوازی هەڵبژاردنی 2024 بەرهەم دەهێنن، ئاوازێك كە دوا ژێكانی هەر بە ناڕوونی دەمێننەوە.
مەیدانەكە ساز و ئامادەیە و رۆڵگێڕەكان لەجێی خۆیاندان و جەماوەریش، بەوەی خۆی یەكلاكردووەتەوە و بەوەشی هێشتا راڕایە، چاوەڕێی كۆتا قۆناغی گەورەی دیموكراسییەتی ئەمریكییە.