زانكۆی گه‌رمیان له‌ نێوان حیزب و وه‌زیر و سه‌رۆكه‌كه‌یدا

بۆچى یه‌كێتى گۆڕانکاریی لە پۆستەکانی زانکۆی گەرمیان ڕاگرت ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2024.07.27 09:23 PM
4426 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ڕاپۆرتی تایبه‌ت ـ كه‌لار
 هەفتەی ڕابردوو لەسەر داوای سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و بە فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەریەک لەیاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بۆ کاروباری زانستیی و خوێندنی باڵا و ڕاگری کۆلێجی زانست لە زانکۆی گەرمیان لە پۆستەکانیان بەخشران. 
لادانی ئەو دوو بەرپرسە لەکاتێکدا هات لە ڕۆژی (١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤)ەوە بەئیمزای سەرۆکی حکومەت فەرمانی دانانی (د. ئاراز فەریق زەینەڵ) وەک سەرۆکی نوێی زانکۆی گەرمیان دەرچووە و تائێستا جێبەجێنەکراوە، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ زانكۆی گه‌رمیانى راگه‌یاند: (د. فەرهاد قادر) سەرۆکی زانکۆ دەیەوێت پێش دەستلەکارترازانی خۆی و دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی زانکۆ گۆڕانکاریی لە پۆستی هەموو ڕاگرایەتییەکانیش ئەنجام بدات، کە پلەکانیان بەڕێوەبەری گشتییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەدواداچوونەکان بۆ ئه‌م راپۆرته‌ پێیگەیشتین: بەخشینی ئەو دوو بەرپرسەی زانکۆی گەرمیان و دانانی دوو کەسی دیکە لە جێگەکانیان بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەتایبەت (نوسینگەی قوباد تاڵەبانی و مەکتەبی ڕێکخستن) و (مەڵبەندی دیراساتی گشتی) ئەنجامدراوە.

 ئەوەش ناڕەزایەتی تووندی بەدوای خۆیدا هێناوە و بەوهۆیەوە سەرجەم گۆڕانکارییەکان لە زانکۆی گەرمیان ڕاگیراون و بڕیارە تا هاتنی سەرۆکی نوێی زانکۆی گەرمیان ئەو پرۆسەیە ئەنجام نەدرێت.

سه‌ردانێكی قوباد تاڵه‌بانی بۆ زانكۆی گه‌رمیان ـ كه‌لار


سەرچاوەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەری بەهێز ئەوەیە گۆڕانکاریی لە پۆستەکانی زانکۆی گەرمیان بخرێتە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (2024.10.20)، چونکە ئێستا سەروبەندی هەڵبژاردنە و یەکێتی نایەوێت دەرگای ناڕەزایەتی زیاتر لەخۆی بکاتەوە.
وتیشی: (د. فەرهاد قادر) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بەرنامەی ئەوەی هەبووە پێش ئەوەی سەرۆکی نوێی زانکۆ دەستبەکاربێت سەرجەم ئەو ڕاگرانەی تریش لە پۆستەکانیان ببەخشێت یاخوود جێگۆڕکێیان پێبکات، کە ماوەی یاساییان تەواو بووە. ئەوەش لەکاتێکدا دێت، کە ناوبراو لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو ئەو گۆڕانکارییانەی ئەنجامنەداوە.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە: مەسەلەی نەگەڕانەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پرسی گۆڕانکارییەکان بۆئەوە دەگەڕێتەوە، کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو لایەنانەی سەرەوە لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا لە بارێکی ئاساییدا نییە و ئەوەش بواری ڕەخساندووە تا لەپشت ئەوانەوە دەست بۆ گۆڕانکارییەکان ببرێت.


وتیشی: لە مەسەلەی دانانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانیش دیسان گرفت لەنێوان وەزیر و ئەو لایەنە تایبەتمەندانەی ناو یەکێتی تەنانەت نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانیش درووستبووە، دواجار قوباد تاڵەبانی دەستوەردانی کردووە و بارودۆخەکە هێورکراوەتەوە و گۆڕانکاریی لە پۆستی سەرۆکی زانکۆکە دواخراوە.
بەپێی قسەی سەرچاوە تایبەتەکە: سەرباری ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو بڕیار و هەڵوێستەی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و وەزیری خوێندنی باڵا، کە بەبێ گەڕانەوەیان بۆ حیزب ئەو هەنگاوەیان ناوە، ناڕەزایەتی زۆریش هەیە، کە ئەو بەرپرسە نوێیانەی دانراون خەڵکانی ماندووی ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیین تەنانەت باس لەوەش دەکرێت یەکێتی نیین.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەپاش دواین کۆنگرە و کۆنفرانسی مەکتەبی ڕێکخستن بڕیاریدا پرسی گۆڕانکاریی لە پۆستەکان لەناو زانکۆکان بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەو ناوەندانە بێت، کە لە هەر ناوچەیەک دایناون، بەڵام بەوتەی سەرچاوەکە: لە گۆڕانکارییەکانی زانکۆی گەرمیان دوور و نزیک پرس و ڕاوێژ لەگەڵ ئەو ناوەندانە نەکراوە.

د.ئاراس زه‌ینه‌ڵ له‌كاتی رێزلێنان له‌ خوێندكارێك ـ زانكۆی سلێمانى


هەروەها بەشێکی تری نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکان لەناو زانکۆی گەرمیان بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆکی زانکۆ و وەزیری خوێندنی باڵا دەگەڕێتەوە بۆئەوەی، کە هەریەک لە ڕاگری کۆلێجی پەروەردە ماوەی نزیکەی حەوت ساڵ و ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت زیاد لە شەش ساڵە لە پۆستەکانیان بەردەوامن، بەڵام سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، وەک لەکاتی خۆیدا بەیەک پاکێج هەموویانی نەگۆڕیووە، ئێستاش جیاکاری کردووە و لەبەرامبەر بەخشینیان لە پۆستەکانیان، پۆستی دیکەی بەرزتری بۆ پێشنیازکردوون.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە د. ئاراز فەریق زەینەڵ، کە فەرمانی دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان هەیە بەهەمانشێوە لە بارودۆخەکە نیگەرانە بەتایبەت لەوەی لەلایەک پاش نزیکەی دوو مانگ ڕێگە بە دەستبەکاربوونی نادرێت و لەلایەکی تریش بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی لەلایەن سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بۆ گۆڕانکاری لە پۆستەکان هەیە. بۆئەو مەبەستەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی قخۆی گەیاندووەتە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی و پێیوایە ئەوەی ڕوودەدات پیلانێکی پێشوەختەیە بۆ شکستهێنان بەو پلان و بەرنامەیەی ئەو، کە دەیەوێت چاکسازی و گۆڕانکاری لە زانکۆی گەرمیان ئەنجام بدات.
فەرهاد قادر لە (٢٠/١/٢٠٢٠) لە پۆستی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان دەستبەکاربووە و پێشتریش ئەندامی په‌رله‌مانی عێراق بووە لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی و پلەی پرۆفیسۆری لە شیعر و ئەدەبی کوردی هەیە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ