ڕێواز فایەق گرێیەكی ئاڵۆزییەكانى ناو یه‌كێتی بوو

یەكێتی لە غیابی مامجەلال.. به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ مه‌ترسیداره‌كانى دوای كۆنگره‌

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر 2023.03.03 11:24 PM
5434 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

به‌شى یه‌كه‌م
لەدوای نەخۆشكەوتنی مامجەلال (درود بۆ گیانی) ژیانی ناوخۆی یەكێتیی روبەرووی واقعێكی دژوار بوویەوە. جاران مامجەلال بەهۆی ئەزموون و كاریگەری خۆی، دەیتوانیی جۆرێك لەهاوسەنگی لەناوخۆ رابگرێت و كەموكوڕیی و گرفتەكانی ناوخۆ دابپۆشێت، هەروەك مامجەلال ئەزمونێكی دوورو درێژی سیاسی هەبوو، وەك كاریزمایەكی گەورە لەعیراق و كوردستان رۆڵی گەورەی هەبوو، واقعبین بوو، مومكین هەڵەی گەورەی بەسەردا تێبپەڕێت، وەك عادل عەبدولمەهدی وتی "ذهب معه التاریخ والمرحلة".
لەگەڵ نەخۆشكەوتنی مامجەلال (درود بۆ گیانی) یەكێتیی كەوتە بارودۆخێكی سەخت. بڕیاردان لەناوخۆ گەلێك زەحمەت بوو، رایەڵەو رێكخستنی حزبیی وەكو جاران نەما. لەماوەی نزیكەی حەوت ساڵ غیابی مامجەلال، هەم ململانێی نێوان گروپەكانی ناوخۆی یەكێتیی قوڵتربوونەوە، هەمیش دووری نێوان مەكتەبی سیاسی و جەماوەری یەكێتیی زۆر زیاتربوو. لەچەند وێستگەیەكی جیاواز، بڕیاری هەڵەو ناكۆك لەگەڵ دیموكراسی و خواستی جەماوەری یەكێتیی درا. لەوانە؛ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم و بەشداربوون لە پرۆژەی ریفراندۆم كە سەرئەنجام یەكەمیان زیانی گەورەی بەدیموكراسی گەیاندو دووەمیشیان زیانی گەورەی بە رۆڵی كورد لەعیراق و ناوچەكە گەیاند. هەر ئەو بڕیارە هەڵانە بوو وایكرد یەكێتیی لەهەڵبژاردنی 2013 دا تەنها 18 كورسی پەرلەمانی كوردستان بەدەستبهێنێت! ئەمەش مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی روبەرووی رەخنەو دۆخێكی زۆر دژوار كردەوە.
لەدوای ریفراندۆم، بارودۆخی ناوخۆی یەكێتیی رۆژ دوای رۆژ سەختتر دەبوو. كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی تادەهات زەحمەتتر دەبوو، رۆژ دوای رۆژ داواو خواستی كۆنگرە كردن زیاتر دەبوو. دەستەو گروپی جیاوازی نێو كادران ئیمزایان كۆدەكردەوەو فشاریان دەكرد، سەرئەنجام لە كۆتایی 2019 كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی لەسلێمانی كرا.

جه‌لال تاڵه‌بانی ڕابه‌ری مێژووی بێ ڕكابه‌ری ی.ن.ك

لەو كۆنگرەیەدا زیاتر لە 1150 كەس بەشداری كرد، جگە لەراپۆرتی كۆنگرە، هیچ گفتوگۆیەك لەبارەی رابردووی یەكێتیی و داهاتووی ئەم حزبە نەكرا! ئەمەش عەیبەیەكی گەورەی كۆنگرەكە بوو. راستیەكەیشی بەهۆی زۆری ژمارەی بەشداربووان، گفتوگۆ كەمێك زەحمەتبوو. ئەوەی لەوێ‌ دەنگی لەسەردرا، ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەرژەوەندی یەكێتیی بوو، هەروەها بەتەزكیە هەڵبژاردنی (د. بەرهەم ساڵح، رێواز فایەق، قوباد تاڵەبانیی) بەوپێیەی ئەم سێیە پۆستی سیادین و بەهۆی پۆستەكانیان ناكرێت سەركردایەتی نەبن، بەڵام لەدەنگداندا، رێگری جەعفەر شێخ مستەفا كرا بەتەزكیە بكرێت بەسەركردایەتی و زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرە دژبوون.
ئەوەی بوو، وەك كۆنگرەكانی دیكەو كۆنگرەیەكی ئاسایی نەبوو. ناكرێت لەنێو كۆنگرەدا گفتوگۆ لەبارەی كارو چالاكیی و گرفت و رەخنەكانی رابردوو نەكرێت! هەروەك ناكرێت حزب لەكۆنگرە نەخشەڕێی داهاتووی خۆی دانەڕێژێت، بەڵام بەوپێیەی 10 ساڵ بوو كۆنگرە نەكرابوو، هەروەها لەغیابی مامجەلال بوو كە چەتری ناوخۆو كاریزمای حزب بوو.
لەوكۆنگرەیە 121 سەركردایەتی هەڵبژێردران، ئەوانەی هەڵبژێردران لەڕێی چەند لیستێكی تەكەتولات  بوون، گەورەترین تەكەتول و زۆرینەی رەهای سەركردایەتی لەڕێی لیستێكەوە بوو كە پێشتر لەچەند كۆبونەویەكی بچوككراوە لەلایەن (ئال تاڵەبانیی) هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانیی و لاهور شێخ جەنگی و قوباد تاڵەبانیی بەبەشداری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدو چەند كەسایەتیەكی دیكەی لەكۆبونەوەیەك رەزامەندی لەسەردرابوو. لەو لیستەدا كە لیستێكی هاوبەش بوو، كوڕانی  كاك كۆسرەت رەسول عەلی و زۆربەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی كۆن جێگەیان كرابویەوە. یەكەم دەنگی كۆنگرە لاهور شێخ جەنگی بوو، بەڵام بەپێی زانیاریی نوێ‌، بەهۆی حەساسیەتی ناوخۆی یەكێتیی، ریزبەندی دەنگەكان جگە لەیەكەم دەنگ، ئەوانی دیكە (دووەم و سێیەم و چوارەم) دەنگی كۆنگرە وەكوخۆی رانەگەیەنرا، ئەوەی راگەیەنرا هەقیقەتی ریزبەندیەكە نەبوو.


سەرباری رەخنەی زۆرو تێبینی و سەرنج لەسەر كۆنگرەو دەرئەنجامەكان. دوای كۆنگرە، هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانیی بەهاوسەرۆكی یەكێتیی هەڵبژێردران. ئیدی دەستكرا بەدووبارە رێكخستنەوەی پەیكەربەندی حزب و كۆبونەوەی سەركردایەتی بۆ رێكخستنەوەی وەزعی ناوخۆو پەیوەندییەكان و دووبارە تاودانەوەی یەكێتیی، بەڵام زۆری نەبرد، ململانێیەكی توند لەنێوان هەردوو هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانیی دروستبوو. 
ئەسڵی ئەم ململانێیە، لە قوباد تاڵەبانیی و رۆڵ و كاریگەری یەكێتیی لەحكومەت و سیاسەتی یەكێتیی بەرامبەر پارتی دەستی پێكرد. دوو ئاراستەی جیاواز لەسەری سەرەوەی یەكێتیی دروستبوو. ئاراستەی یەكەم بریتی بوو لەلاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی كە دژی پەراوێزخستنی سلێمانیی بوون لەهەولێرو دژی بوونی حكومەتی سێبەرو تاكڕەوی پارتی بوون لەحكومەت پشتیوانیان دەكرد. ئەو ئاراستەیە رادیكاڵ بوون و ناڕازی بوون لەكارو ئەدای حكومەت بەرامبەر سلێمانی و رۆڵی یەكێتیی، بەڵام ئارستەی دووەم بریتی بوو لە بافڵ تاڵەبانیی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆك وەزیران لەپشكی یەكێتیی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی. ئەو ئاراستەیە، دژی ئاراستەی یەكەم كاریان دەكرد. هەروەك بافڵ تاڵەبانیی لەكۆڕبەندی هەولێر بەر لەچەند رۆژ وتی "قوباد تاڵەبانیی لەپێناو حكومەتدا بەرامبەر ئامۆزاكەی وەستایەوە" واتە موغازەلەی سیاسەت و كاربەدەستانی پارتیان دەكرد، بۆیە دەبینین كاتێك لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی لە 25ی تەمموزی 2020 هاتە هەولێر چەند رۆژێك مایەوە گوتاری لەدژی سیاسەت و بڕیارەكانی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی داو وتی؛ ئێمە ناتوانین بەمشێوەیە پشتیوانی ئەم حكومەتە بكەین، كەچی رۆژی دوای گەڕانەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بافڵ تاڵەبانیی هاتە هەولێرو سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كردو رایگەیاند ئەوان پشتیوانیی لەحكومەتەكەی مەسرور بارزانیی دەكەن! ئەمەش قەبارەی ناكۆكی و بیروڕای جیاوازی نێوان ئەم دوو ئاراستیەی دەردەخست.

لاهور شێخ جه‌نگی وبافڵ تاڵه‌بانی بوونه‌ هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ـ 2020.2.18


لەماوەی یەك ساڵ و نیوی دوای كۆنگرە، بەریەككەوتنی زۆر مەترسیدار لەنێوان ئەو دوو ئاراستەیە دروستبوو. ئاراستەی یەكەم كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی واجیهەكەی بوو، روبەرووی تاكڕەوی و فەرامۆشكردنی سلێمانیی لەلایەن حكومەت دەبوونەوە، بۆ ئەم مەبەستە پرۆژەیەك لەلایەن سەركردایەتی ئامادەكرا بۆ چەسپاندنی لامەكەزییەت لەسەر بنەمای شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی ئیداریی و دارایی بۆ سلێمانیی، نێردرا بۆ حكومەت بۆ گفتوگۆكردنی، بەڵام دوای چەندین كۆبونەوە، پرۆژەكە لەهەولێر لەلایەن دەرباری قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆك وەزیران دەستكاریكراو گرفتی گەورە لەبەردەم پرۆژەكە دروست بوو، لەكۆتاییدا لەباربرا.
لەپرسی موچەی فەرمانبەران، هەوڵێكی دیكەی ئاراستەكەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی  هەبوو لەناو بودجەی عیراق (2021) بۆ دابینكردنی موچەی پارێزگاكان لەسەربنەمای رادەستكردنی داهات و سیغەیەكی قانونی بۆ دۆزرابویەوە، لەڕەشنوسی سەرەتایی ناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق چەسپێنرا، بەڵام قوباد تاڵەبانیی دژی ئەم پرۆژەیەش وەستایەوەو ئەم هەوڵەی لەباربرد، تەنانەت بەپێی زانیاریی ئەوكاتە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كە ئەوكاتە لەبەغدابوو، زۆر بەتوندی روبەرووی شێروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی یەكێتیی لەلیژنەی دارایی بویەوەو ئەو بڕگەیەیان پێ لابردن كە لەناو پرۆژەی بودجەدا جێكرابویەوە بۆ دابینكردنی موچە بۆ پارێزگاكان بەهەرێمی كوردستانیشەوە. ئەمە بووە هۆی دروستكردنی كەلێنی گەورە لەناوخۆی یەكێتیی.
لەوێستگەیەكی دیكەدا، دەبینین لەوڵامی بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانیی بۆ كۆبونەوەی حزب و لایەنە سیاسیەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم لە نیسانی 2021، سەركردایەتی یەكێتیی بڕیاریدا بەشداری ئەم كۆبونەوەیە نەكرێت، بەڵام قوباد تاڵەبانیی نەك هەر خۆی، بەڵكو رێواز فایەق-یشی لەگەڵ خۆی بردە كۆبونەوەكەو بەشداریان كرد. ئەم بەشداریكردنە بووە هۆی بەیەكدادانی توندی ئەو دوو ئاراستەیە. 

رێواز فایەق، گرێیەكی ئاڵۆزییەكان نێوان هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی بوو

لەپرسی هەوڵی كوشتنی غالب محەمەد لە بەهاری 2021 لەلایەن سێ‌ تۆمەتبار لەسلێمانیی، جارێكی دیكە روبەرووبونەوەی توند لەناوخۆی یەكێتیی دروستبوو. كاتێك قوباد تاڵەبانیی بەدەر لەهەموو قانونێك، "بەپێی قسەی لیژنەی لێكۆڵینەوە" سێ‌ تۆمەتبارەكەی لەبەندیخانەی ئاسایشی سلێمانی دەركردو رادەستی پارتی كردنەوە.
ئەم رووداوە، هەرایەكی گەورەی لەناوخۆی یەكێتیی دروستكرد. كۆبونەوەی سەركردایەتی كراو لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە كرا، ئەنجامی لیژنەكە، بەروونی ئازادكردن و رادەستكردنی سێ‌ تۆمەتبارەكەی بەپارتی خستە ئەستۆی قوباد تاڵەبانیی و داوای گرتنەبەری رێكاری دەكرد لەدژی ئەوانەی سەرپێچیان كردووە.
لەنێو ئەو ئاراستەیە، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی ماوە بەسەرچوو، گرێیەكی دیكەی ئاڵۆزییەكان بوو، چونكە پەیوەندییەكی گوماناویی لەگەڵ پارتی هەبوو! بەشێك لەكارەكانی دەیكردن، پێچەوانەو دژبوون لەگەڵ خواست و ئاراستەی بنكەی جەماوەری یەكێتیی و بڕیاری سەركردایەتی. بۆیە لەیەكێك لەكۆبونەوەكانی سەركردایەتی یەكێتیی، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی زۆر توڕە دەبێت و پێی دەڵێت "تۆ زیگزاگت هەیە".
بەدڵنیاییەوە ئەم پێشەكییەم بۆ ئەوەبوو بچمە ناو رووداوی كودەتای 8ی تەمموزو لێكەوتەكانی. لێرەدا نامەوێ‌ ببمە بەشێك لەئاڵۆزتركردنی دۆخی ناوخۆی یەكێتیی، ئەگەرنا زۆر وردەكاری ترو رووداوی دیكە هەن كە ناكرێت ئێستا قسەی لێبكەین. ئەوەی من مەبەستمە، خستنەڕووی بەشێك لەهەقیقەتەكانی دوای كۆنگرەی چوارەم و كودەتاكەو لێكەوتەكانیەتی..
چاوەڕوانی زیاتر بن..


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ