
بابەتی سەردانی جۆلانی زۆر قسەی لێکرا و دەکرێت، دەمەوێت زۆر بەکورتی بۆ چەند تەوەرەیەک شرۆڤەی بکەم:
١- پێشوازییەکی سارد و ئەنجامێکی نائومێدکەر.
سەردانەکەی جۆلانی بۆ مۆسکۆ لەمیدیاکنی ئیخوانی و عارەبی چاوەڕوانییەکی زۆری لێدەکرا، گوایە بۆ ڕاستکردنەوەی پەیوەندییەکان، ڕادەستکردنی بەشار ئەسەد، و بەدەستهێنانی قەرەبوو. بەڵام لە واقیعدا زۆر جیاواز بوو. پێشوازییەکە سارد بوو، تەنها بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە پێشوازی لێکرد، کە ئەمەش پێچەوانەی پرۆتۆکۆڵی ڕووسیایە.
لەوەش مەترسیدارتر، جۆلانی پابەند بوو بە هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ ڕژێمی پێشوو واژۆ کرابوون، لەوانەش قەرزەکانی ڕووسیا، سەرەڕای ئەگەری خۆدزینەوە لێیان لە ڕێگەی تیۆری "قەرزە قێزەونەکان" لە یاسای نێودەوڵەتیدا، کە لە عێراق و چەندین وڵاتی ئەفریقیادا جێبەجێ کرا. هەروەها جەختی لە مانەوەی دوو بنکەی ڕووسی لە حومەیمیم و تەرتووس کردەوە، و داوای لە ڕووسیا کرد سوپای نوێ ڕابهێنێت.
٢- سەردانی خنکاوێک وگەڕان بەدوای چڵەپوشێک:
ئەم سەردانە بە "سەردانی خنکاوێک کە بە دوای چڵەپوشێکەوە دەگەڕێت" دەتوانم پێناسەی بکەم. دوابەدوای ئەنجامی شکستە ناوخۆییەکانی لە ڕووی ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەوە و، دوای نۆ مانگ لە پاڵپشتییەکی گەورەی ڕۆژئاوا و عەرەبی، ئەنجامەکان سفر بوون، بۆیە وەک خنکاو لەناو دەریای شکست بەدوای رزگاریکەرێک دەگەڕێت، جا ئەو رزگاریکەرە ئەگەر دوژمنێکیش بێت. جۆلانی ناتوانێت ئەو هەموو بەڵێنانەی بە تورکیا و ئیسرائیل و ئەمەریکا و ئەوروپا و دەوڵەتە عارەبیەکانی داوە جێبەجێیان بکات، لەناو بەڵێنەکان غەرق بووە.
٣- هاوسەنگییەکی مەحاڵ:
پێشتریش باسم لە پەیوەندی ناهاوسەنگی جۆلانی و پۆتین کرد، دیسان ناهاوسەنگە لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بۆیە جۆلانی هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لە نێوان تەوەرەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوادا دروست بکات، بەڵام ئەمە نزیکە لە مەحاڵ بەهۆی ئەو بارودۆخانەی سووریا پێیاندا تێپەڕ دەبێت. سووریا وڵاتێکی لاواز و ماندووە، بە پێچەوانەی سعودیە یان ئیمارات کە دەتوانن سیاسەتی بێلایەنی ئەرێنی پەیڕەو بکەن.
وڵاتانی ڕۆژئاوا داوای دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیایان لە سووریا کرد، تەنانەت سیناتۆرێکی ئەمریکی پاڵپشتی دەسەڵاتی کاتی داوای دەرکردنی بنکە ڕووسییەکانی کرد. ئەمەش سیناریۆی سەردەمی ئەسەد لە ساڵی 2003 دەهێنێتەوە یاد، کاتێک ئەمریکا داوای لێکرد گروپە فەلەستینیەکان دەربکات.
- ٤- دۆسیەی کورد و هەسەدە -بارۆس:
ئەم دۆسیەیە بۆ جۆلانی گرنگە بەڵام ناتوانێت هەنگاو بنێت کورد و هەسەدە و ئەمەریکا رازی بکات، چونکە خاوەن ئیرداەی سەربەخۆ نییە، تورکیا رێگری لێدەکات، هەندێ سەرچاوەی نافەرمی (دڵنیا نیم لە راستی ودورستی) گوایە جۆلانی داوای لە پۆتین کردووە، بەڵکو فشار بخاتەسەر هەسەدە بۆ ئەوەی چارەسەرییەکی بەدڵی تورکیا رازی بێت. ئەم داواکارییە بەپۆتین چارەسەر نابێت، چونکە هەسەدە یا راستتر بڵێم کورد مێژووییەکی نەرێنی و بێمتمانەیی هەیە لەگەڵ روسەکان، روسەکان بێپرینسیپترین دەوڵەتن لەهەمبەر دۆزی کوردان.
- ٥ دۆسیەی ساحل و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان:
دۆسیەی ساحل لە سووریا ڕووبەڕووی گۆڕانکاری ڕاستەقینە دەبێتەوە، چونکە ئیسرائیل، ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگی پێدەدەن بەهۆی غازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. بوونی ڕێکخراوە جیهادییەکان لە کەنار دەریا جێگەی نیگەرانییە بۆ ئەوروپا، و دیمەنی کەنار دەریا ڕووبەڕووی گۆڕانکاری دەبێتەوە کە لەوانەیە سەربازی بن.
- ٦- داهاتوویەکی نادیار:
داهاتووی سووریا نادیارە بەهۆی پشێوی ناوخۆیی و ناکۆکی ناوخۆیی و خراپی دۆخی ئەمنی. نزیکترین سیناریۆکان کە خراونەتەڕوو بریتین لە فیدراڵیزم کە لەوانەیە سووریا لە دابەشبوون ڕزگار بکات، یان لابردنی دەسەڵاتی کاتی و دانانی کەسایەتی نوێ.
بەکورتی و بەکوردی: ئەم سەردانە نابێتە دەربازبوونی جۆلانی لە کێشە و گرفتە گەورەکانی ناوخۆ. لەبنەڕەتدا گەیاندنی ئیسلامی سیاسی بە دەسەڵات بۆ سەقامگیری سووریا نییە، بەڵکو بۆ دروستکردنی قەیرانە، چونکە ئیسلامییەکان ناکۆکی مەزهەبی و تایەفی و شەڕی ناوخۆیی دروست دەکەن. چارەسەرەکە لە دەستورێکی مۆدرێن و رێگاکردنەوە بۆ هێزە عەلمانی و لیبراڵییەکان و کەسایەتییە سەربازییەکان، تا دەوڵەت و سوپا لەسەر بنەمایەکی نوێی پێکەوەژیان و نامەرکەزی-فیدڕاڵی دابمەزرێت.