سەرۆک کۆماری ئێران مهسعود پزیشکیان هاوشێوەی هیچکام لە سەرۆکەکانی پێشوو نییه بەڵکو " ئەنجامی دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و تایبەتە لە ئێران".
هەر لە سەرەتای هاتنەسەر دەسەڵاتی پزیشکیان، ڕۆژنامە ئوسوڵگەراکانی وەک: کیهان، همشهری، وگن امروز و جوان مانشێتی یەکەمیان تەرخانکردبوو بۆ ڕەخنەگرتن لە شورای ڕابەر و هێرشیان کردە سەر پزیشکیان و ڕایانگەیاند: کابینەی دەسەڵاتەکەی بە محەمەد جەواد زەریف بەکرێ داوە، چونکە زەریف سەرۆکی شورای ڕابەر بوو.
بە لەبەرچاوگرتنی پرۆسهی پێرێسترۆیکا (Perestroika) و چاکسازییەکانی میخاییل گۆرباچۆڤی کۆتا سەرۆکی یەکێتی سۆڤیێت، کە دەیویست لە ڕێگەی چاکسازی سیاسیی و ئازادی ڕادەربڕین و چاکسازی ئابووریی و بەرەوپێشبردنی ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، یەکێتی سۆڤیێت لە لێواری هەڵوەشانەوە بپارێزێت، بەڵام کاتی ئەنجامدانی چاکسازییەکانی درەنگ بوو و نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و دواجار بووە مایەی هەڵوەشانەوەی و چەندپارچەبوونی یەکێتی سۆڤیێت.
لەم سەربەنەوە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک سیستمێکی ئایدۆلۆجی لەگەڵ قەیرانگەلێک دەستوپەنجە نەرم دەکات کە هاوشێوەی قۆناغی پێش هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیێتە.
هەرچەندە پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت هەر قەیرانێک لە ئێراندا بێتەکایەوە، ناڕەزایی گەلی ئێران بەم شێوەیەی ئێستا دەبێت و بگرە بە گوڕوتینەوە لە دژی کاربەدەستانی حکومەت دەوەستنەوە، هەر بۆیە بچوکترین ڕووداو لە ئێران گەورەترین ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە و ئێستا کەلێن کەوتووەتە نێوان حکومەت و هاونیشتیمانیانەوە و نەبوونی متمانە بە حکومەت و ڕابەر سەرچاوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانە. لە کاتێکدا حکومەتی ئێران هەرکارێک دەکات بۆ دامرکانەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکان هەر لە فیلتەرینگ و نەهێشتنی هێڵی ئینتەرنێتەوە بگرە هەتا توندوتیژیی و گرتن و ئەشکەنجەدانی دخۆپیشاندەر و نەیارانی.
بەم دواییانە حکومەتی ئێران یەکەم بژاردە لە دامرکانەوەی دەنگی ناڕەزایەتییەکان کە دەیگرێتەبەر، دەستبردنە بۆ سوپا و چەک بهرامبهر هاوڵاتیانی، ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا وەک دوا بژاردە ئەم هەنگاوەی دەگرتەبەر.
