ئێران له‌ قۆناغی پێش هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیه‌تدا

ئایا پزیشکیان کۆتا چانسی کۆماری ئیسلامی ئێرانه ؟

سـه‌ربـاز حـه‌مـه‌ كـه‌ریــم 2026.02.09 12:46 AM
981 جار خوێندراوەتەوە

سـه‌ربـاز حـه‌مـه‌ كـه‌ریــم

وه‌رگێڕ و توێژه‌ر

مامۆستای زانكۆی سلێمانى
ماسته‌ر له‌ مێژووی نوێ و هاوچه‌رخی ئێران

سەرۆک کۆماری ئێران مه‌سعود پزیشکیان هاوشێوەی هیچکام لە  سەرۆکەکانی پێشوو نییه بەڵکو " ئەنجامی دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و تایبەتە لە ئێران".
هەر لە سەرەتای هاتنەسەر دەسەڵاتی پزیشکیان، ڕۆژنامە ئوسوڵگەراکانی وەک: کیهان، همشهری، وگن امروز و جوان مانشێتی یەکەمیان تەرخانکردبوو بۆ ڕەخنەگرتن لە شورای ڕابەر و هێرشیان کردە سەر پزیشکیان و ڕایانگەیاند: کابینەی دەسەڵاتەکەی بە محەمەد جەواد زەریف بەکرێ داوە، چونکە زەریف  سەرۆکی شورای ڕابەر بوو.
بە لەبەرچاوگرتنی پرۆسه‌ی پێرێسترۆیکا (Perestroika) و چاکسازییەکانی میخاییل گۆرباچۆڤی کۆتا سەرۆکی یەکێتی سۆڤیێت، کە دەیویست لە ڕێگەی چاکسازی سیاسیی و ئازادی ڕادەربڕین و چاکسازی ئابووریی و بەرەوپێشبردنی ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، یەکێتی سۆڤیێت لە لێواری هەڵوەشانەوە بپارێزێت، بەڵام کاتی ئەنجامدانی چاکسازییەکانی درەنگ بوو و نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و دواجار بووە مایەی هەڵوەشانەوەی و چەندپارچەبوونی یەکێتی سۆڤیێت.

جەنگی 12 ڕۆژە بۆ ڕێگریکردن بوو لە ڕوودانی جەنگێکی گەورەتر لە ناوچەکەدا

لەم سەربەنەوە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک سیستمێکی ئایدۆلۆجی لەگەڵ قەیرانگەلێک دەستوپەنجە نەرم دەکات کە هاوشێوەی قۆناغی پێش هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیێتە.   

میخائیل گۆرباچۆڤ دواهه‌مین سه‌رۆكی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت


پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت پزیشکیان کۆتا دەرفەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. لەم ڕوانگەیەوە هەرچەندە دەستیکرد بە چەند هەنگاوێکی گرنگ لە چاکسازیی وڵات لە سەرووی هەموویانەوە بڕیاردان دەربارەی یاسای حیجاب اجباری بۆ کەمکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکان، بەڵام پزیشکیان هیچکات ناتوانێت پێرێسترۆیکا یاخود چاکسازییەکی گشتگیر و فرەڕەهەند ڕابگەیەنێت گەرچی خۆی خواستی هەنگاوێکی لەم شێوەیەی هەیە، بەڵام وەک ڕوونە عەلی خامنەیی لە پشت پەردەوە ئاڕاستەی تەواوی پلان و هەنگاوەکانی سەرۆک کۆماری ئێران دەکات و ئەو چاکسازییانەش پێچەوانەی سیاسەتی ولایەتی فقیهـ و کۆمارە.

پزشكیان ناتوانێ هێڵه‌ سوره‌كانی ڕابه‌ره‌كه‌ی ببه‌زێنێ

 

هەرچەندە پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت هەر قەیرانێک لە ئێراندا بێتەکایەوە، ناڕەزایی گەلی ئێران بەم شێوەیەی ئێستا دەبێت و بگرە بە گوڕوتینەوە لە دژی کاربەدەستانی حکومەت دەوەستنەوە، هەر بۆیە بچوکترین ڕووداو لە ئێران گەورەترین ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە و ئێستا کەلێن کەوتووەتە نێوان حکومەت و هاونیشتیمانیانەوە و نەبوونی متمانە بە حکومەت و ڕابەر سەرچاوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانە. لە کاتێکدا حکومەتی ئێران هەرکارێک دەکات بۆ دامرکانەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکان هەر لە فیلتەرینگ و نەهێشتنی هێڵی ئینتەرنێتەوە بگرە هەتا توندوتیژیی و گرتن و ئەشکەنجەدانی دخۆپیشاندەر و نەیارانی.

ئێرانێکی لاواز لە ناوچەکەدا زیاتر خزمەت بە ئەمریکا دەکات وەک لە ئێرانێکی ڕووخاو

بەم دواییانە حکومەتی ئێران یەکەم بژاردە لە دامرکانەوەی دەنگی ناڕەزایەتییەکان کە دەیگرێتەبەر، دەستبردنە بۆ سوپا و چەک به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی، ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا وەک دوا بژاردە ئەم هەنگاوەی دەگرتەبەر. 

نازانرێت ئێران له‌ سه‌رده‌می ئه‌م پزیشكه‌دا چی به‌سه‌ر دێت

 

نابێت ئەوەش فەرامۆش بکرێت ترەمپ یاری بە کات دەکات و لە لایەکەوە نایەوێت دڵی گەلی ئێرانی لێ بڕەنجێت بەوەی وەک پاڵپشتیکەریان دەربکەوێت و لەلایەکی دیکەوە هیچ هەنکاوێکی کرداریی لەو بارەیەوە نەناوە. تەنانەت ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ ڕووخانی سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیە، چونکە  ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئێرانێکی لەبەریەکهەڵوەشاو بە چەندین گەل و نەتەوەی جیاوازی وەک کورد، عەرەب، بەلوچ، تورک، ئازەر، فارس و چەندین ئایین و ئایینزای وەک مسوڵمان، زەردەشتی، مەسیحی، جولەکە، شیعە، سوننە و ... زۆر ئاڵۆز و سەختە، نایهەوێت ئەزموونی عێراق دووبارە بکاتەوە، هەربۆیە ئێرانێکی لاواز لە ناوچەکە زیاتر خزمەت بە ئەمریکا دەکات وەک لە ئێرانێکی ڕووخاو.
چیدی ئێران و ئەمریکا ناچنە ناو جەنگێکی نوێوە و جەنگی (١٢ ڕۆژە)، تەنها بۆ ڕێگریکردن بوو لە ڕوودانی جەنگێکی گەورەتر لە ناوچەکە، دواجار ئێران بە مەرجەکانی ئەمریکا (ترەمپ) ڕازی دەبێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ ئامادەیی دەبێت، جا لە ژێر هەر ناوێکدا بێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ