هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چاره‌نووسی ئه‌رمینیا یه‌كلاده‌كاته‌وه‌

بۆچی پـۆتیـن باسی به‌ "ئۆكرانیابوونى ئه‌رمینیا" ده‌كات؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2026.06.04 06:26 PM
1706 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

" دەبێت ئەرمینیا حیساباتی هەموو شتێک بکات، بە وردی سەیری بارودۆخەکە بکەن و بڕیار بدەن، قەیرانی ئۆکرانیا لەو هەوڵانەوە دەستی پێکرد کە ئۆکرانیا بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەوروپا دەیدان" ڤلادیمێر پوتین.

وا بڕیارە چەند ڕۆژێکی تر (لە ٧ی حوزەیراندا) لە ئەرمینیا هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی چارەنووس بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان ئاماژە بە پێشەنگایەتیی پارتی لایەنگری ڕۆژئاوا کە پارتی  سەرۆک وەزیرانی ئێستا، نیکۆڵ پاشینیانە (پارتی "پەیمانی هاووڵاتیبوون") دەکەن، لە پێش سەرەکیترین ڕکابەری کە پارتی لایەنگری ڕوسیای "ئەرمینیای بەهێز"ـە و لە لایەن ملیاردێر ساموێل کاراپێسیانەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت، بەڵام خۆ ئەمە تەنها ڕاپرسیە و هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە؛ بەتایبەت بە سەرنجدان بەوەی کە لە ئێستادا ڕوسەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ لێدانی پێگە و چانسی سەرکەوتنی پاشینیان، کە هێڵێکی لایەنگری ڕۆژاوای گرتوەتە بەر و بە کرداریش دەستی بە دوورکەوتنەوە لە مۆسکۆ کردوە.

نیکۆڵ پاشینیان ئه‌رمینیای خستوه‌ته‌ ده‌ستی ئه‌مریكا

ڕای گشتیی ئەرمینیا لە ڕاستیدا لە نێوان دوو جەمسەردایە: لە لایەکەوە ترس و دڵەڕاوکێ لە ڕوسیا (چونکە هێشتا پشتبەستنێکی گەورەی ئەرمینیا بە وزەی ڕوسی و هاوردەکردنی کاڵا جۆراوجۆرەکان لەو وڵاتەوە هەیە، ئەمە بێگومان جگە لە بوونی پێنج هەزار سەربازی ڕوسی کە لە ناو خاکی ئەرمینیا جێگیرکراون)، لە لایەکی تریشەوە توڕەیی و قینیان لە سەرۆک وەزیران پاشینیان بەهۆی ئەو شکستە شەرمەزارکەری لە بەرامبەر ئازەربایجاندا لە جەنگی کۆتایی "ناگۆرنۆ کاراباخ"  هەبوو؛ جەنگێک کە ئبتر تەواوی هەرێمەکە گەڕایەوە ژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی ئازەرییەکان و لانیکەم سەد هەزار ئەرمەنی لەوێوە بۆ ناو خودی ئەرمینیا دەرکران و ئاوارە بوون، هەر بۆیە ئەم شکستە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دادەنرێت کە وایکردووە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دەنگدەران هێشتا دوودڵ بن لە پشتیوانی پاشینیان، ڕێژەکەیشیان دەگاتە لانیکەم ٣٠٪.

پۆتین زۆر توڕه‌یه‌ له‌ سیاسه‌تی نیکۆڵ پاشینیان


لەم نێوەندەدا مۆسکۆ تەنیا بە لێدوان و ڕاگەیەندراو نەوەستاوە، بەڵکو دەستی داوەتە هەنگاوی کرداری؛ هەر لەم مانگەدا ڕوسیا هاوردەکردنی گوڵ، ئاوی کانزایی، شەراب و براندی لە ئەرمینیاوە ڕاگرتووە، بە بیانووی سەرپێچیکردن لە پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان، تەنانەت پێرێش هاوردەکردنی تەماتە، خەیار، بیبەر و شلیکیشی سنووردار کرد، ڕەنگە ئەمە بە ڕواڵەت شتێکی لاوەکی دیار بێت، بەڵام بۆ وڵاتێکی بچوکی وەک ئەرمینیا، هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە بە زیانێکی ئابوریی قورس دەکەوێتەوە، سەرەڕای ئەمانەیش هێشتا مۆسکۆ هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابوریی زیاتر دەکات، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانی دابینکردنی غاز و سوتەمەنی، هەروەها ئەڵماسی خاو و چەندین کەرەستەی تر، جێی ئاماژەیە کە ڕوسیا هێشتا گەورەترین شەریکی بازرگانیی ئەرمینیایە و ئێستا مۆسکۆ ئەم کارتە بۆ زیادکردنی گوشارەکانی لەسەر یەریڤان بەکار دەهێنێت.

سەرەتای ئەمساڵ ئەمریکا و ئەرمینیا ڕێکەوتنامەی پێدانی ڕێڕەوی زەنگەزۆریان بە ئەمریکا بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ واژۆ کرد کە ڕوسیا و ئێرانی بە تەواوی نیگەران کردووە


لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا پۆتین زۆر بە ئاشکرا وتی کە ئەگەر ئەرمینیا لەسەر ئەم ڕێڕەوەی ئێستای بەردەوام بێت، ڕوسیا هیچ ئیمتیاز و نرخێکی تایبەتی بۆ وزە پێشکەش ناکات وەک ئەوەی ئێستا هەیە، زە تەواوی ئەو دەستکەوت و ئاسانکارییە ئابوورییانەی کە لە ئێستادا ئەرمەنییەکان سودی لێ دەبینن، چیتر بوونیان نامێنێت.

ملیاردێر ساموێل کاراپێسیان لایه‌نگری ڕوسیا ده‌كات


بێگومان ئەم قسانە لە خۆڕا نەکراون، بەڵکو ڕاستەوخۆ ئاراستەی گوێی هاووڵاتیانی ئەرمینیا کراون؛ پۆتین هیوادارە لەم ڕێگەیەوە کاریگەرییان لەسەر دابنێت تاوەکو دەنگ دژی پاشینیان بدەن و دەنگ بە لایەنگری ئەو پارتە بدەن کە داوای بەهێزکردن و توندکردنەوەی پەیەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆ دەکات.
شایەنی باسە، سەرەتای ئەمساڵ ئەمریکا و ئەرمینیا ڕێکەوتنامەی پێدانی ڕێڕەوی زەنگەزۆریان  بە ئەمریکا بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ واژۆ کرد، کە ڕوسیا و ئێرانیەکانی بە تەواوی نیگەران کردوە، ماوەتەوە بوترێت کە ئەرمینیا  بەچارەنوسساترین هەڵبژاردندا لەوەتی سەربەخۆی خۆی ڕاگەیاندووە تێپەڕ دەبێت، پێدەچێت دوای هەڵبژاردنەکان ئاگری دووبەرەکی و شەڕی ناوخۆ بەرۆکی ئەو وڵاتە بگرێتەوە.

سه‌رچاوه‌/ پێگه‌ی (ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ)


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ