
لە شەتڕەنجدا یاسایەک هەیە بۆ ژیانیش زۆر گونجاوە، هەرکات دوو یاریزان سێ جار هەمان جوڵەیان دووبارە کردەوە ئیدی بێقسە یارییەکە بە یەکسانبوونی هەردوولا کۆتایی دێت
ئەم حەرەکەی کشانەوەی پەکەکە لە تورکیاش هەمان جوڵەی سووتاندنی چەکەکانیان بوو واتە دووبارە بوو، گەر ئێردۆغان ڕازی نەبوو بە حەرەکەی نوێ ئەوا یارییەکە کۆتایی دێت وەک دوو قۆناغە شکستخواردووەکەی جاری پێشوو لە هابور و دۆڵماباخچە...
جاری یەکەم پەکەکە تێکیاندا کە لە هابور دەستیان کرد بە پۆزلێدانی سەربازی و بەرزکزدنەوەی دروشمی سەرکەوتن، ئیدی هەر لە هابور چوونە ئەودیو لەسەر پاسەکانەوە پەنجەی بەزاندنیان بۆ سوپای تورکیا بەرز کردەوە و کۆتاییان بە پڕۆسەکە هێنا...
جاری دووهەم ئێردۆغان شکستی پێهێنا، هەرچەنە داودئۆغڵوی سەرۆکوەزیرانی مقەبای ناردە دۆڵماباخچە و واژۆی کۆتا خاڵەکانی ڕێکەوتنی پێکرد بەڵام لەبەر ئەوەی ئانکێتەکانی ڕاپرسی لە عەرەفەی هەڵبژاردنی ئەو ساڵەدا نوقڵانەی بەرزبوونەوەی دەنگی دەتەپە و مەهەپایان لێ دەدا، ئێردۆغان دوای دوو ڕۆژ لە ڕێکەوتنەکە شەقێکی لە مێزەکە و ڕێکەوتنەکە هەڵدا و وتی کێشەی کوردی چی و حاری چی، ئێمە عەیامێکە کێشەی کوردمان چارەسەر کردووە، بەم شێوەیە زەنگی جەنگێکی خوێناوی لێدا، چواردە شار یان شارۆچکەیان تەختی زەوی کرد و ئاشتیان خستە گۆڕەوە..

ئەمجارە باخچەلی هاتە پێشەوە کردی بە ئەمری واقع بەسەر ئێردۆغانەوە، ئێردۆغانیش بەنیەتی دەستەبەرکردنی پاڵپشتی دەمپارتی بۆ گۆڕینی دەستوور و مانەوە لە حوکمدا تا ڕۆژی هاتنی عەزرائیل، تا حەدێ ملی ناوە بۆ ئەمرەواقعییەکەی باخچەلی بۆی سازانووە...
بەڵام چەن کێشەیەک هەیە و گەشتووەتە بنبەست..
دەمپارتی مل بۆ داواکارییە دەستوریەکانی ئێردۆغان نادات، ئێردۆغانیش مل بۆ داواکارییە یاساییەکانی پەکەکە نایات چونکە لە سەدا هەشتای خەڵکی تورکیا ناڕازین بەو ڕۆڵەی بە ئۆچئالان دراوە کە حسابی ماندێلا یان کوروجو لیدەر بە قەولی باخچەلی واتە ڕابەری دامەزرێنەری بۆبکرێت. باخچەلی هەر بەئەنقەست ئیمانی نەتەوەپەرستەکانی سووتانووە بەم قسەیەی. ئیدی کەس تێناگات حیکمەت لەم ماڵەباجێنەی ئاشتیخوازانەی باخچەلی چییە
بەڵام کێشەی هەرە گەورە بە ئیجازەی برایانی پەکەکە شتێ ترە کەس باسی لێوە ناکات!! ئەویش ئەوەیە ئۆچئالان نوێنەری ڕاستەقینەی کوردانی تورکیا نییە بەڵکو دەمیرتاش نوێنەریانە، ئەم قسەیەش برایانی پەکەکە قورسە لەسەر دڵیان.

هەتا ئێستا دووجار دەمیرتاش و ئۆچئالان چوونەتە هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە، ئۆچئالان دووجار پاڵپشتی ئێردۆغانی کردووە لە تێپەڕاندنی دەستووری نوێ و هەڵبژاردنەکانی ئیستەنبوڵ بەڵام دەمیرتاش هەردووجارەکە دژی ئێردۆغان وەستایەوە، کوردانی تورکیاش حسابیان بۆ ئاپۆ نەکرد و وەلائی خۆیان بۆ دەمیرتاش دووپات کردەوە..
ئێردۆغان ڕازییە ئاپۆ بەربدات، بەڵام هەرگیز ڕازی نییە دەمیرتاش لە زیندان دەرچێ، چونکە دەمیرتاش ئیرادەی ئازادە و هێشتا دیل نەبووە..
ئێردۆغان نۆ ساڵە بەناحەق لە زیندانی ناوە، وێڕای بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کە بڕیاری لە پێشێلکردنی مافی ئازادی دەمیرتاش داوە و دەستووری تورکیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی خۆی پابەندی بڕیارەکانی ئەو دادگایە کردووە، بەڵام هەر بە نێرەکەری وەک کەیسی شێروان شێروانی لای خۆمان، بڕیاری درێژکردنەوەی وادەی زیندانیکردنەکەیان بۆ پەسەند کردەوە..
هەربۆیە تا دەمیرتاش لە زیندان بێ، حسابکە ئیرادەی کوردانی باکوریش لە زیندانە..

ئەم چەن ڕۆژەی ڕابردووش کە ئێردۆغان بڕیاری درێژکردنەوەی زیندانیکردنی دەمیرتاشی دا بەتەنیا نەبوو!! سەرچاوە هەواڵییەکانیی تورکیا باسیان لەوە دەکرد کە خودی ئاپۆ نامەی ناردووە بۆ کاربەدەستان هەتا دەمیرتاش نەکەنە دەرەوە و پڕۆسەکە توشی کێشە و قڕە نەکەن..
هەرچەنە دەمپارتی هەواڵەکەی بەدرۆ خستەوە، بەڵام بێهۆ نیە باخچەلی پەلەقاژەیەتی پەڕلەمانتارەکانی تورکیا بباتە ئیمڕاڵی کەچی بۆ دەمیرتاشێکی ئازاد و ئاشتیخواز کە دڵۆپێ خوێنی نەڕشتووە نقەی لێوە نایەت!
تورکان دەڵێن بە ورچ دەڵێم خاڵۆ تا پێکەوە لە پردەکە دەپەڕینەوە، یاخود دەڵێن نە جەژنە نە سەیران باشە زاواکەمان بۆ ئەملاولای ماچکردم؟؟؟