
زۆرجار هەندێک کەسایەتی لە پشتی پەردەی دیپلۆماسییەوە دەردەکەون کە کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی نەتەوەکان کەمتر نییە لە ڕووداوە سەربازییە گەورەکان. تۆم باراک، ئەو بازرگان و دیپلۆماتکارە ئەمریکییەی بنەچەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆچبەرە مەسیحییەکانی لوبنان و لە ساڵی ١٩٤٧ لە کالیفۆرنیا لەدایکبووە، وردەکاریی ژیانی بووەتە تابلۆیەکی پڕ لە ناکۆکی؛ پیاوێک کە بۆ تورک و عەرەب وەک فریشتەی ڕزگاریی و پارێزەری بەرژەوەندییەکانیان دەردەکەوێت بەڵام بۆ کورد و جوو بووەتە ئەهریمەنێکی مەترسیدار، ئەو کە لە ڕێگەی کارسازیی یاسایی و دامەزراندنی کۆمپانیای گەورەی سەرمایەگوزاری وەک (Colony Capital) سەروەتێکی زۆری لە موڵکوداریی و وزەدا کۆکردەوە، هەمیشە کاریگەریی دارایی خۆی کردوەتە پەیژەیەک بۆ بەدەستهێنانی کێش لە سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆندا، بەتایبەت لە ڕێگەی پەیوەندییە دێرین و نزیکەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا.

ئەم پیاوەی تێڕوانینەکانی زیاتر لە کەرەستەی بازرگانیی کێشراو بەرامبەر دۆلار دەچن، مێژوویەکی درێژی لە دژایەتیکردنی ماف و دەستکەوتەکانی نەتەوەی کورددا هەیە، باراک نەک هەر تەنها پشتگیری لە حکومەتە ناوەندییەکان دەکات، بەڵکو بە ئاشکرا و لە چەندین بۆنەدا دژایەتیی خۆی بۆ فیدراڵیی باشوری کوردستان دەربڕیووە و لەسەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستانیش بە ئەندازیاری پشتەوەی هەڵوەشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دادەنرێت، ئەو بە تێکەڵکردنی لێدوانی بە مەبەست لە نێوان هەسەدە و پەKکەدا، هەوڵی داوە هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوان واشنتۆن و کورد بە گشتی تێکبدات بە چەند هەنگاوێک کە ئەگەر دەستێوەردانی خێرای مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەبووایە، زۆری نەمابوو جگە لە ڕۆژئاوا، دووەم نسکۆی گەورەیش بەسەر باشوری کوردستاندا بهێنێت؛ هەڵوەشانەوەی هەسەدە کەتنێکە لە داهاتودا لە مێژوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا دەچێتە پاڵ کارەساتی ساڵی ١٩٧٥ی باشوری کوردستان و وەک هەڵەیەکی مێژویی گەورە بۆ ئەمریکا تۆمار دەکرێت.

تۆم باراک جگە لە بەرژەوەندی سیاسی بە چەندین بابەتی داراییش لە بەرژەوەندی تورکیا و وڵاتانی کەنداو تۆمەتبارکراوە،

دژایەتییەکانی باراک تەنها سنوری کوردی نەبەزاندووە، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ تێکدانی هاوسەنگییە هەستیارەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلیش لە بەرژەوەندیی ئەنقەرە و بەغدا و دیمەشق، لە هەڵوێستێکی بێ پێشینەدا لە میانی بەشداریی لە پۆدکاستی ماریۆ نۆفەل، ئەم نێردەیەی ئەمریکا بۆ تورکیا و سوریا و عێراق، بە شێوەیەکی ئاشکرا لە سیاسەتی ڕەسمیی وڵاتەکەی لای دا و بەرزاییەکانی گوڵان (جۆلا)ـی بە "خاکی داگیرکراو" ناوبرد، بەمەش بەسەر ئەو دانپێدانانە ڕەسمییەدا بازیدا کە دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٩دا بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر گوڵاندا دەریپڕیبوو. جگە لەوەش، بە گومان خستنە سەر زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە بنکەی ئاسمانیی (ئەبوئەلزهور) لە ئیدلب و پاکانەکردن بۆ ئامانجەکانی ئەردۆگان، باراک ئاگری توڕەیی ناوەندە سەربازییەکانی ئیسرائیلی خۆشکرد، تا ئەو ڕادەیەی ئیسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، تەنانەت لە ڕۆژی شەممەی پیرۆزی جووەکانیشدا (کە کارکردن تێدا حەرامە) هێرشی توندی کردە سەر باراک و قسەکانی بە "پڕ لە ناڕاستی" لەقەڵەم دا.

ئەو پاشەکشێ خێرایەی باراک تەنها چەند ڕۆژێک دواتر لە لێدوانێکدا بۆ ئەسۆشییەتد پرێس پێشکەشی کرد، سەلمێنەری ئەوە بوو کە کۆشکی سپی بە خێرایی گوێی ئەم باڵیۆزەی باداوە تا ڕێگە لە وێرانکاریی زیاتری دیپلۆماسی بگرێت، بەڵام ڕاستییەکە لەوەدا کۆبووەتەوە کە کۆکردنەوەی ڕۆڵی باڵیۆز لە تورکیا و نێوەندگیر لە نێوان ئیسرائیل و سوریادا لە لایەن کەسێکەوە کە زیاتر وەک لۆبیست و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە و پایتەختەکانی کەنداو کار دەکات، هاوکێشەیەکی مەحاڵە، ئەو بە هەوڵەکانی بۆ شەرعیەت پێدانی ڕۆڵی ئێران و 7یZبوڵا لە لوبنان بە ناوی "یاریی ڕوبیک"، و بە بەردەوامیدان بە دژایەتیکردنی مافی کورد و ئاسایشی ئیسرائیل، متمانەی خۆی وەک دیپلۆماتکارێکی بێلایەن بە تەواوی لەدەستداوە.

تۆم باراك بە گومان خستنە سەر زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە بنکەی ئاسمانیی (ئەبوئەلزهور) ئاگری توڕەیی ناوەندە سەربازییەکانی ئیسرائیلی خۆشکرد

تۆم باراک جگە لە بەرژەوەندی سیاسی بە چەندین بابەتی داراییش لە بەرژەوەندی تورکیا و وڵاتانی کەنداو تۆمەتبارکراوە، کە گرنگترینیان لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن وەزارەتی داد لە ئەمریکا تۆمەتبارکرا بەوەی وەکو بریکاری تۆمارنەکراو کار بۆ ئیمارات دەکات، بەڵام دوای دادگاییکردنێکی گەورە و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا لە تەواوی تۆمەتەکان بێبەری کرا. بەڵام ئەمجارەیان وا پێناچێت کە ئیسرائیل و لۆبیەکەی وا بەئاسانی بهێڵن بە سەر باراکەوە بچێت، و دەیان لێدوان و کاردانەوەی گەورەیان دژی باراک هەبوو، وە تۆمەتبار کرا بەوەی کە نزیک بووە لە هەڵگیرساندنی جەنگێکی هەرێمی نوێ لە نێوان تورکیا، ئیسرائیل و سوریا.
باراک هەر زوو داوای لێکرا بگەڕێتەوە بۆ واشنتن بۆ "ڕاوێژکاریی"، وە لە زمانی دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەدا، ئەمە ئەو زاراوەیەیە کاتێک بەکاردێت کە لەسەروبەندی وەرگرتنی تەمبێکردن و سەرزەنشت کردندایت لەلایەن بەرپرسەکەتەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی ئەمەی ووت، "ئێمە ئەوەندە دەمانەوێت ئەو بڕوات، ڕەنگە تەنانەت کەسانێک بەکرێ بگرین تا کەلوپەلەکانی بۆ کۆبکەنەوە و بپێچنەوە."
سەرچاوە:NEW MIDDL EEST