
پەیوەندیی نێوان میدیا و پەروەردە پەیوەندییەكی هاوبەشەو هیچ لایەكیان ناتوانێت دەستبەرداری ئەویدیكەیان ببێت، دەتوانرێت تێبینی ئەوە بكرێت كە ئەم پەیوەندیی و پەیوەستبوونە لەڕێگەی ئەو پەیوەندییە هاوبەشەوە درووست دەبێت كە ئەم دووانە پێكەوە كۆدەكاتەوە؛ هەریەك لە پەروەردە و میدیا گرنگیی بە ڕەفتار و ئاڕاستەكردنی تاك دەدەن، هەردووكیشیان ئامانجیان یارمەتییدانی تاكە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ژیاندا، سەرباری ئەوەی كە هەردووكیان گوزارشت لە كردەی تێگەیشتن و پێگەیاندن دەكەنەوە.
ئامانجە هاوبەشەكانی میدیا و پەروەردە لە چەند خاڵێكدا كۆدەكرێتەوە هەردووكیان ئامانجیان ئەوەیە كە بەباشترین شێوە خزمەتی كۆمەڵگە بكەن,
هەردووكیان دەكرێت بەباشی بەكاربهێنرێن؛ بە ئامانجی پاراستنو پتەوكردنی ئەو بەهاو بنەمایانەی كە باوەڕیان پێیەتی، هەروەها كاركردن لەسەر جێگییركردنو پارێزگارییكردن لەكولتووری كۆمەڵگە
هەردووكیان ئامانجیان بەردەوامیی پەروەردەیە؛ لەپێناوی رەخساندنی زەمینەی بەرهەمهێناندا،
لەڕووی زانستیی و تەكنەلۆژییەوە؛ كەرت و كایەی میدیا پێشكەوتنی گەورەی بەخۆوەبینیوە، بەجۆرێك لەڕێگەی ئامرازەكانی میدیاوە سات بە سات پەیامی جۆراوجۆرى میدیایى ئاڕاستەی وەرگر دەكرێت؛ هەندێك لەو پەیامانە لەگەڵ بەهاو رەوشتو كولتووردا یەكدەگرنەوەو بەشێكیشیان بەمەبەست شێوێنراون و بۆ ئاڕاستەكردنی مندڵانو گەنجان بەكاردەبرێن، ئەوەش وایكردووە ئەو ئامرازانە لەساختەكردنی راستییەكاندا مەترسییداربن بۆیە پەروەردەی میدیایی؛ بۆتە پێویستییەكی گرنگ بۆ ئاشناكردنی منداڵانو هەرزەكاران بەئامانجو رەهەندە جۆراوجۆرەكانی میدیاو پاراستنیان لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو پەیامانەی لەڕێگەی ئامرازەكانی میدیاوە دەگوازرێنەوە.

گرنگیی پەروەردەی میدیایی لەوەدایە كە جەخت لەپەروەردەكردنی تاك لەسەر تێڕامان و بیركردنەوەی رەخنەگرانە دەكاتەوە، چونكە ئەگەر هاووڵاتی هۆشیاربێت، دەتوانێت لەڕێگەی بیركردنەوەی رەخنەگرانەوە لە كەرەستەو بەرهەمەكانی میدیاو چۆنیەتی بەكارهێنانیان تێبگات،سەرباری ئەوەش پەروەردەی میدیای بەشێکە لەمیدیا.
ئامانجی پەروەردەی میدیایی
بەشداریی لەچاندنی بەها باڵاكان و بڵاوكردنەوەیاندا دەكات، بەتایبەت دەستبەركردنی بەهاكانی فێركردن، گەشەپێدانی ئاڕاستەی رەفتاری بنیاتنەر، بوژاندنەوەی ئاستی پەروەردەو هزرو شارستانییو ویژدانی لای وەرگران
لێكدانەوەو روونكردنەوەی سیاسەتی پەروەردەیی بۆ بەشدارییكردن لەسەركەوتنو كارلێكردن لەگەڵ یەكتردا
پاراستنو بڵاوكردنەوەی میراتی پەروەردەیی، هەروەها ناساندنی كەسێتییە دیارەكانو هەوڵە پەروەردەییو زانستییەكانیان
پشتگیریی پەیوەندییكردنى تەواوكاریی نێوان خێزانو خوێندنگە دەكات
راهێنانی خوێندكاران لەسەر نووسین، خوێندنەوە، دەوڵەمەندكردنی مەعریفە كە یارمەتییان دەدات بۆ پێشخستنی ژیانیانو بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندنگەكانیان
جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە نەوەی نوێ سامانی راستەقینەی كۆمەڵگەن، چاودێرییكردنو گرنگیپێدانو پەروەردەكردنیان بەرپرسیارێتییەكە پێویستە هەمووان تێیدا بەشداربن
لەئەستۆگرتنو چارەسەكردنی دۆزو كێشە پەروەردەییو فێركارییەكانی خوێندكاران لەمیدیاكانەوە
ناساندنی پێشكەوتنەكانی ئەمدواییە لەبواری هزری پەروەردەییو تەكنەلۆژیای فێركاری، هەروەها هاندانی خوێندكار لەسەر توێژینەوەی زانستییو رۆشنبیرییو میدیایی
دەرخستنی رۆڵی خوێندنگە وەك ئامرازێكی سەرەكیی بۆ پەروەردەو فێركردن
پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان لێپرسراوانو كارمەندانو خەمخۆرانی پەروەردە لەوڵاتدا، هەروا پەرەپێدانی هۆشیاری بەرامبەر پەیامی مامۆستاو پێگەكەی لەكۆمەڵگەدا
بنەماکانی پەروەردەی میدیایی
قووڵكردنەوەی هەستی نیشتمانی، لەڕێگەی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بەوەی كە رۆڵی خۆیان لەبوژاندنەوەو پارێزگارییكردن لەسامانو دەستكەوتەكانی وڵاتەكەیاندا بگێڕن
جەختكردنەوە لەسەر زمانی دایك كە ئامرازی سەرەكییە بۆ گوتاری میدیای پەروەردەییو گەنجینە كولتوورییەكەی.
رۆشنایی خستنەسەر كۆڵەكە زانستییە پەروەردەییەكان لەپەیامی میدیای پەروەردەیی وەك: مامۆستا، خوێندكار، خوێندنگە، پڕۆگرامو خێزانو بەشدارییكردن لەناساندنی رۆڵو ئەركو مافەكانیاندا
پابەندبوون بەبابەتییبوون لەخستنەڕووی راستییەكاندا و دووركەوتنەوە لەزیادەڕۆیی قسەكردنو رێزگرتن لە وشە
گرنگیەکانی میدیای پەروەردەیی بۆ منداڵان
گرنگی میـدیـای ئاراستەکـراوی منـداڵان، لـە گـرنگی خـودی منـداڵانـەوە سەرچـاوەی گـرتووە، منداڵان گرنگـترین و بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەل و وڵاتـن، گـرنگی دان بە منداڵان، گرنگی دانە بە ئەمڕۆ و بە داهاتوو. چونکە منداڵان بەشێکن لە ئەمڕۆ و هەموو داهاتووشن. کارکردن لە میانەی ئـەوەی کە نـەوەی نوێمـان سامانی راسـتی کۆمەڵـن.
گرنگی میدیـای پەروەردەیی، هەموو لایەنەکانی ژیـانی منـداڵان دەگـرێتەوە، منـداڵ کە لەدایک دەبێت، پەڕەیەکی سـپی نەنـووسراوە، زەوییـەکی بەیـاری نەکێڵـراو و تـۆو نەکراوە، لە ڕێی پـەروەردە و فـێرکردن و رۆشنبیریکردنی، لە رێی داب و نەریت و بەهـاکان و رەوشـت و یاسـا و رۆشـنبیری و زانسـت و زانیـاری، کە لە خـێزانـەکەی و لە باخچـەی منـداڵان و لە قوتابخـانە و لە ژینگەی دەوروبـەری و لەو کۆمەڵگـەیەی لێی دەژی وەریان دەگـرێت.. لـە گـیانلـەبـەرێـکی بایـۆلـۆژییـەوە، دەگـۆڕێـت بـۆ کەسـایەتیـیەکی رۆشـنبیر و کۆمـەڵایەتی و شارسـتانی
پێویستە هانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بواری میدیای پەروەردەیی بدرێت. میدیای پەروەردەیی بە هەموو جۆرەکانییەوە، گرنگییەکی زۆریان بۆ منداڵان هـەیە.. بە کـورتی و بە چـڕی، ئەمـانە بەشـێکـن لە گـرنگـییەکـانی:
١ـ گەشە بە هـەستی بەرپـرسیارێتی لە منـداڵانـدا دەکـات.
٢ـ بـڕوا و متـمانە بەخۆبـوونی منداڵان زیـاتـر و شـیرینتر دەکـات.
٣ـ کـار بۆ چانـدنی بەهـا بەرزەکان دەکات لە دەروونی منـداڵان دا.
٤ـ بە پێی خەسڵەتەکانی قۆناغەکانی تەمەن و تایبەتمەندییەکانی زمان، بە شـێوازێکی ناسک و شـیرین و ئاسان منـداڵان دەدوێنـێت.
٥ـ بنـیادنـای تـەوای منـداڵان.
٦ـ ئاستی رۆشـنبیری و زانیـن فرەدەکات.
٧-دوور کەوتنەوە لە توندو تیژی.