مانه‌وه‌ له‌ كۆشكی سه‌لام یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڤێلاكه‌ی مێرگه‌پان؟

ئایا ئه‌مجاره‌ کێ داڵدەی بەرهەم ساڵح دەدات؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.11.06 02:05 PM
4653 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

لە ژیانی سیاسییدا، ڕۆژهەڵاتییەکان درەنگ ئەتوانن دەمامکی ئەو کاراکتەرە سیاسییانە بەر بدەنەوە کە لە بنەمادا خەریکی دادۆشینی داهاتی گشتی و کەڵەگەکردنی سەرمایەیەن و هەموو سازشێک لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا ئەکەن.
ئەمانە سەر بە قوتابخانەی نیۆ-لیبراڵەکانن، کە بارگاوین بە دروشمی گەورە و دانس و خۆنمایشکردنێکی وەها بە ئەستەم ئەتوانی لە نیەتی ئەهریمەنیانەیان بگەیت. 
بۆ ئەم مەبەستە پۆلەتیک بە دەستڕاگەیشتن بە چەند سەرچاوەیەک ڕووماڵێکی فەزیحەتە نەبینراوەکانی (بەرهەم ئەحمەد ساڵەح) ئەکات کە لە نۆڤەمبەری ٢٠١٨ ەدا حیزب و هاوڕێکانی لە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە پێناو کورسی سەرۆک کۆماریدا بە جێهێشت و گەڕایەوە بۆ ناو یەکێتی.
ئایا بەرهەم ساڵەح یەکێتی یە؟. یان لە بنەڕەتدا ئەندازیاری هەڵتەکاندنی یەکێتی ناو یەکێتی و تێکدانی نێو-ماڵی کوردییە لە پێناو خۆیدا؟. 

بەرهەم ساڵەح و یەکەمین دۆڕانی یەکێتی لە ٢٠١٣ 
بۆ ئەم شکستەی (ی،ن،ک) لە هەڵبژاردنە یەکلەدوای یەکەکاندا ئیستێک پێویستە. بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى ساڵى (٢٠١٣)  پارتى دیموکراتی کوردستان و  زۆرینەى یەکێتی و تەنانەت ڕێنمایی و وەسیەتەکانى تاڵەبانیش کە تازە نەخۆشکەوتبو، داوایانکرد بە یەک لیست بەشدارى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى هەرێم بکەن و جیاخوازى دروست نەکەن، بەرهەم ساڵەح بە تاقى تەنها پێداگیرى ئەکرد کە یەکێتى ئەبێت بە لیستى جیا بەشدارى بکات. بەڵگەش بۆ ئەمە کۆنوسى کۆبونەوەکەى هەولێر لەگەڵ پەرلەمانتارەکان و کادرە پێشکەوتوەکانى یەکێتى ماوە.
سەرئەنجام بەرهەم ساڵەح بۆ یەکەمجار بو بە عەڕابى هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتنامەى ستراتیجى یەکێتى و پارتى، دواتر دەرئەنجامى دەنگەکان لە (٢٠١٣) وا کەوتەوە کە پارتى (٧٤٣.٩٨٤) حەوت سەت و چل وسێ هەزار و نۆسەت و هەشتاوچوار دەنگ بهێنێت، یەکێتیش تەنها (٣٥٠.٥٠٠) سێ سەت و پەنجا هەزار و پێنج سەت دەنگى بەدەستهێنا!. کە ئەکاتە نیوە کەمتر لە دەنگەکانى پارتى. 
هەر لە ساڵی (٢٠١٣) ەدا، کاتێک بە بڕیاری هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (ی،ن،ک) فواد مەعسوم لەبری بەرهەم ساڵەح دەستنیشان ئەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی، چەند رۆژێک دواتر بەرهەم ساڵەح کە جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بو لەبەردەم حوسیەنییەکەی سلێمانی بە میدیاکانی ڕاگەیاند " من ئەم دۆخە بە خۆم ڕەوا نابینم، بۆیە ئەندامێتی خۆم لە یەکێتی هەڵ ئەپەسێرم". بەشداری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لەگەڵ یەکێتی نەکرد. 

به‌رهه‌م ساڵح عه‌رابی به‌كارهێنانی هاوڕێكانیه‌تی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی

لەساڵی (٢٠١٧) ەدا، بە بەکارهێنانی پێگەی کۆسرەت ڕەسول عەلی ناوەندی بڕیاریان بۆ لەت کردنی یەکێتی یان دەستگرتن بەسەر یەکێتی دا دامەزراند، لە ساڵی (٢٠١٨) ەدا حیزبی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دامەزراند، لە چەندین شوێندا بەسەرکردایەتی یەکێتی بە قاچاخچی و تاڵانچی ناوبرد، تەنها دە رۆژ دوای تێکشکانی لیستەکەی بەرهەم ساڵەح بە بێ بڕیارو ڕای لیستەکەی لە پڕ گەڕایەوە ناو یەکێتی و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی لە دەرەوەی کۆ-ڕایی کوردیی و حیزبە کوردییەکان وەرگرت. 

هاتوچۆکانی بەرهەم ساڵەح بۆ دەرەوەی وڵات
به‌ پێى مادده‌ى (٧٣) له‌ ده‌ستورى عێراق ده‌سته‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك كۆمار له‌ (١٠) به‌ند پێكهاتوه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌رۆك بۆى نییه‌ ئیمزا له‌سه‌ر هیچ ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ك بكات، ئایا بەرهەم ساڵەح بۆچى ئه‌چێت؟. ئایا ئه‌وه‌ ده‌ستورییه‌ و له‌ ده‌سته‌ڵاتى سه‌رۆك كۆمارى عێراقدایه‌ له‌گه‌ڵ ژوورى بازرگانى ئه‌مریكا و میسر و ئەردەن و ئیمارات و سعودییە كۆبێته‌وه‌ و ڕێككه‌وتن بكات؟. ئەمە بۆ خۆیەتی یان بۆ گەلەکەی؟. 
لە ماوەی کاری سەرۆکایەتی کۆماری بەرهەم ساڵەح دا، بەڕێوەبەری گشتی پێشوی پرۆژەکان لە وەزارەتی کارەبای عێراق ( محەمەد زەیدی) بە چەندین بەڵگەو دانپیانان ئەوەی خستە ڕوو کە لە ساڵی (٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠) ئەو ماوانەی بەرهەم ساڵەح لە بەغدا جێگری سەرۆک وەزیران بوە بڕی (٧٠) ملیۆن دۆلاری تەنها لە یەک گرێبەستی کارەبادا وەک بەرتیل لە کۆمپانیایەکی چینی وەرگرتوە. ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە بەرهەم ساڵەح لە تورکیا جۆرەها کارگەی هەیە و سەلام قەزاز هاوبەشی بوە. ئەمەش رەنگە هۆکارێکی بێدەنگی بەرهەم ساڵەح بێت بەرانبەر گرتنەوەی ئاوی عێراق و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی عێراق. 
‌بە گوێرەی سەرچاوە عێراقییەکان گەشتەکانی بەرهەم ساڵەح هیچ سودێکی بۆ عێراق نەبوەو سەدان ملیۆن دۆلار لەسەر ووڵاتەکە کەوتوە کە تیایدا ڕێژەی بێکاری نزیک بۆتەوە لە (٤٠٪). جگە لەمانە لەو پارانەی کە بەرهەم ساڵەح لە ڕێگەی هێنانی کۆمپانیا بیانییەکانەوە دەستی ئەکەوێت بە نا شەرعی بڕێکی باش بە نوسەران و ناوەندە میدیاییە جیهانییەکان ئەدات تا کاری لۆبی بۆ بکەن و باشتر بایەخی پێ بدەن.!. 

بەرهەم ساڵەح و خیانەت لە هاوڕێکانی 
یەکێک لەو فیگەرە دیارانەی ناو کایەی نوسین و لێکۆڵینەوە کە زۆرترین بەرگری لە بەرهەم ساڵەح کرد لە تەنگانەدا و بە دەنگی ئەوانە بو بە سەرۆک کۆمار، "بەهرۆز جەعفەر " بو، کە بەهەزاران وتارو لێکۆڵینەوەی زانستی لە ناوەندی کوردیی و جیهانی دا هەیە. بە جۆرێک لە ڕای گشتی دا بەهرۆز جەعفەر وەک دیوارێک بۆ بەرگریکردن لە بەرهەم ساڵەح ئەبینرا، هەر لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماریی دا، بەرهەم ساڵەح پشتی کردە هاوڕێ نزیکەکانی کە پێشوتر قەڵغانی ئەو بوون، خۆی دەوروبەرەکەشی قسەی توندی پێوتون، ئەوەش بە نیەتی ئەوەی دووریان بخاتەوە لە خۆی و بۆ خۆی لە بەغدا سەرقاڵی بازرگانی و کاری ژێر بەژێر بێت لە بری مافەکانی گەلی کورد.

به‌ نیگه‌رانیه‌كی قوڵه‌وه‌ سه‌یری ئاینده‌ی سیاسی خۆی ده‌كات

لە بەرانبەر چەند نوسینێکی ڕەخنەییدا، بەرهەم ساڵەح لەبری گوێ لە بەهرۆز جەعفەرو ڕەخنەو پێشنیارەکانی بگرێت، سکاڵای لەسەر تۆمارکرد و بۆ ماوەی (٨) ڕۆژ خوێندکارێکی دکتۆراو سەرۆکی دەزگایەکی توێژینەوەو ڕۆژنامەوانێکی وەک ئه‌وی خستە زیندان، دواتر بە فشارو بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو ناوەندە کوردییەکان لە (٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٠) بە کەفالەت ئازاد کرا. 
نەک هەر ئەمە، بەڵکو لەو ماوەیەی کە پارتی و بارزانی وەک پێویست مامەڵەیان لەگەڵ نەئەکرد، خۆی و پاشان لە ڕیگەی چەند پەرلەمانتارێکی کوردەوە لە بەغدا سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی کیانی هەرێمی کوردستان بون تا وەکو پارێزگاكانى هەرێم بخەنە سەر بەغدا...پاشان رێگەی بۆ مستەفا کازمی خۆشکردبو کە بیکات بە پاڵەوان لە شەقامی کوردیدا، دیارترین پەیامی کازمیش بۆ کورد لەمدواییە ئەوەبو کە ڕێگە نادات پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە دابڕاوەکان. 

لاهور شێخ جەنگی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت
پرسیارێک لێرەدا، بە نا-هاوسەنگی ئەمێنێتەوە، سەیرە بەرهەم ساڵەح بە گوتە باسی رێککردنەوەی عێراق و ئوردن و میسر ئەکات بەڵام ناتوانێت کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی حیزبەکەی چارەسەر بکات؟. لەکاتێکدا یەکێتی کەمی بۆ بەرهەم ساڵەح نەکردوە، بە پێی شایەتحاڵەکان تەنها لە باخەکەی مێرگەپانیدا ناوبراو کۆشکێکی دروست کردوە هەمان دیزاینی کۆشکی سەلامی بەغدایە بۆ ئەوەی هەمیشە وا هەست بکات لە ناو کۆشکدایە.
لەو ماوەیەی بەرهەم ساڵەح لە هەرێمی کوردستان سەرۆک وەزیران بو دەیان دۆنم زەوی حکومەتی خستۆتە سەر زانکۆی ئەمریکی کە خاوەندارێتییەکەی بۆ بەرهەم ساڵەح ئەگەڕێتەوە، لەگەڵ زیاتر لە (٣٥) ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراندنی زانکۆکە. لە سەروو ئەمەشەوە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی پێشووتری زانکۆکەی بەرهەم ساڵەح بەناوی " عەزام عەلوش" خستە لیستی تیرۆرەوە، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە بەناوی پاراستنی ژینگەی عێراقەوە. عەلوش هاوڕێی چل ساڵەی بەرهەم ساڵەح بوە و لە شاری سلێمانی دا هەموو ئیمتیازێکی وەکو شووققە ( لە پاک سیتی) و پاسەوان و مووچەی بەرزی بۆ دابین کردبوو. 

بۆ فشار خستنه‌سه‌ر ماڵی تاڵه‌بانی ئه‌مجاره‌ ده‌یه‌وێ لاهور جه‌نگی به‌كاربهێنێ

ساڵانێکی زۆرە لە ڕێگەی پێدانی ئیمتیازو دروستکردنی بەرژەوەندییەوە بۆ هەریەک لە مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینە بەکاریان ئەهێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لەناو یەکێتی دا. 
هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردنی (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) باڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ پێشوازی سەرۆک کۆمار چووە فڕۆکەخانەی سلێمانی. ڕاشیگەیاند کە پاڵپشتی بەرهەم ساڵەح ئەکەن تاوەکو خولێکی تر پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێتەوە. 
جێی سەرسوڕمانە ڕۆژی دواتر بەرهەم ساڵەح لە پشتەوە بە ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مەحمود سەنگاوییەوە بەناوی بانگهێشتکردنی لاهوری شێخ جەنگی بۆ گەرمیان کەژاوەیەک ڕێک ئەخەن، وەکو پەیامێک ئەیدات بە گوێی ماڵی مام جەلال دا کە ئەگەر پاڵپشتیم نەکەن بۆ کاندیدکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار ئەوا لاهوری شێخ جەنگیتان لێ هان ئەدەم!. دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە گەرمیان و ناوچەی کەلارو چەمچەماڵ و کفری و دەربەندیخان دەریخست یەکێتی دۆڕاو بو بە سێهەمین دەنگ لە دوای نەوەی نوێ و پارتیەوە دەنگەکانی هاتنە ژماردن. لە ئێوارەی (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) دا هێشتا کۆمسیۆن ئەنجامی کۆتایی دەنگدانی پەسەند نەکردبو، هێشتا مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی خۆی لە هەولێر داوای ڕەتکردنەوەی ئەنجامی دەنگەکانی هەولێریان ئەکرد، بەرهەم ساڵەح بەتەلەفۆن لە بەغداوە پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەکرد. 

بەرهەم ساڵەح و دارودەستەکانی لە بەغدا ئەمێنن؟
لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی (١٠ی ئۆکتۆبەر) ەوە تەواوی دۆستەکانی بەرهەم ساڵەح کەوتن، هاپەیمانێتیەکەی یەکێتی و گۆڕان تووشی داکشانێکی کوشندە بویەوە، ماڵی حەکیم و عەبادی کەمترین کورسیان بەدەستهێنا. 
ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەرهەم ساڵەح لە بەغدا کۆتایی پێهات. نەیتوانی بۆ یەک کاتژمێریش سەردانی کەرکوک بکات. دۆستەکانی خۆی لە کوردستان لە دەستدا، مێژووی خۆی خستە ژێر پرسیارەوە. 
بەڵام ئەو توانیویەتی لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا سەدان کەسی نزیکی خۆی لە باڵوێزخانەو قونسوڵخانەکانی عێراق لە دەرەوە جێگە بکاتەوە، یەکێک لەوانە پورزایەکی خۆیەتی بەناوی (ئاراسی گوڵە) کە پلەی عەمیدی هەبوە و تۆمەتبارە لە کەوتنی موسڵ دا بەوەی چەک و کەرەستەی سوپای ڕادەستی داعش کردوە، بەرهەم ساڵەح پلەکەی گەیاندە ئاستی فەریق و وەکو مولحەقی باڵوێزخانەی عێراق لە پاریس دایناوە.

به‌رهه‌م ساڵح و كۆمپانیای قه‌یوان نه‌وتی ئێران به‌ ناو عێراقه‌وه‌ ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ شكاندنی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا و دژایه‌تی سیاسه‌تی واشنتۆنه‌

دەیان کەسی دیکەی لە وەزارەتی نەوت و کارەباو سەرۆکایەتی کۆمار و سێکتەرە جیاوازەکان دامەزراندوە بە پلەی جیاجیا بۆ ئەوەی ئایندەی بەرژەوەندییە تاکە کەسییەکانی مسۆگەر بکات. 
بە سود وەرگرتن لەو پەیوەندییەی لەگەڵ مستەفا کازمی هەیەتی کەسێکی نزیکی خۆی بەناوی "عادل کەریم" کە دە ساڵ جێگری وەزیری پیشەسازی عێراق بوە کردی بە وەزیری کارەبا، ئەمەش لەوێوە دێت کە ڕێککەوتنی لەگەڵ ئوردن و میسر کردوە بەناوی بنیادنانی ژێرخانی کارەباو پیشەسازیی عێراق بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی کۆمپانیا نزیکەکانی خۆی مسۆگەر بکات لەو نێوانەدا. 
خاڵێکی تر، کە کەناڵی (ئەلعەرەبیە) بڵاوی کردەوە لە بارەی ساخکردنەوەی نەوتی ئێران لە رێگەی کۆمپانیای قەیوانەوە گوایە ئەمە نەوتی عێراقە و مامەڵەی عێراقی لە بەغداوە بۆ دروست ئەکرا، بۆ ماوەیەکی زۆر کۆمپانیای قەیوان کە هەمیشە بەرهەم ساڵەح پشکی تیایدا هەبوە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە ژێر چاودێرییدا بوو.
پرسی کورد لە بەغدا پرسێکی مێژووییە، ئایا سەرەرای ئەو شکستە گەورەیەی لایەنە کوردییەکان و کەمی ڕێژەی دەنگدەر، کەسێکی وەک بەرهەم ساڵەح ڕەوانەی بەغدا ئەکەنەوە؟.
ئه‌گه‌رچى له‌ ساڵى (2018) پارتى ئاماده‌بو پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ دوو ساڵ بداته‌ یه‌كێتى له‌گه‌ڵ (3) وه‌زاره‌ت و چه‌ندین ده‌سته‌ له‌به‌رانبه‌ردا یه‌كێتى كاندیده‌كه‌ى خۆى بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار بكشێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌یان نه‌كرد.
بۆ ئه‌م خوله‌ى (2021) یش یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتى ئه‌مجاره‌ش قوربانییه‌كى گه‌وره‌ بدات بۆ پۆستێك بۆ به‌رهه‌م ساڵه‌ح، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ى پۆستى پارێزگاری كه‌ركوك بدات به‌ پارتى له‌ به‌رانبه‌ردا پارتى لارى نه‌بێت له‌ دانانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح دا له‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار. بەمەش یەکێتی بەیەکجاریی قەڵا سەوزەکەی خۆی لە دەست ئەدات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ