دژوێژی هاوپەیمانیی ئۆراسیایی

چین و ڕوسیا.. لە نێوان بژارەی ناچاریی ستراتیژيی و پاشکۆیەتی جیۆپۆلیتیکيی

د.ئـارام ئـه‌حـمـه‌د 2026.05.22 11:59 PM
1051 جار خوێندراوەتەوە

د.ئـارام ئـه‌حـمـه‌د

مامۆستای زانکۆی راپەرین 
ماستەر لە لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژیی 
دکتۆرا لە پەیوەندییه‌ نێودەوڵەتییه‌كان
بەڕیوەبەری سەنتەری بوار بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیژیی

لە گۆڕەپانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا، گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ لە پێکهاتەی هێزدا ڕوویداوە کە دەتوانرێت بە "پێچەوانەبوونەوەی مێژوویی" ناوزەد بکرێت. 
یەکێتیی سۆڤیەت کە لە سەدەی ڕابردوودا وەک "قیبلەنمای ئایدۆلۆژیی" و برا گەورەی جیهانی کۆمۆنیست دەردەکەوت، جێگەی خۆی بۆ ڕووسیایەک چۆڵ کردووە کە ئێستا لە خولگەی پاشکۆیەتیی چیندایە. ئەمڕۆ مۆسکۆ، کە دوێنێ جەمسەرێکی یەکسانی سیستمی دووجەمسەری بوو، بووەتە "هاوبەشێکی بچووک بۆ دەربازبوون لە خنکانی ئابووری و گۆشەگیریی سیاسی، دەستی بە "پەتی ڕزگارکەر"ی پەکینەوە گرتووە. 
ئەو ڕاگەیاندنە "بێ سنوور"ەی کە لە شوباتی ٢٠٢٢ لە نێوان شی جینپینگ و ڤلادیمێر پۆتین واژۆ کرا، تەنها چەند هەفتەیەک پێش تانکەکانی ڕووسیا سنووری ئۆکرانیا ببەزێنن، زیاتر لەوەی هاوپەیمانییەکی ئۆرگانیک بێت، مانۆڕێکی "ڕیالپۆلیتیک" بوو بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ئۆراسیایی لە دژی هەژموونی لیبڕاڵ-دیموکراتیی ڕۆژئاوا. بەڵام لە ژێر پەردەی ئەم پڕوپاگەندە گەرموگوڕەدا، واقیعێکی ئەسیمەتری (ناھاوسەنگ) هەیە کە تێیدا پەکین مەرجەکانی کایەکە دیاری دەکات.
لە ڕوانگەی جیۆستراتیژییەوە، ئەم هاوبەشییە لە "ناچاریی وجوودی" نەک لە متمانەی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە. چین، وەک زلهێزێکی گەمارۆدراو لە دەریای چینی باشوور لەلایەن "زنجیرەی دوورگەکانی یەکەم" و هاوپەیمانییە سەربازییەکانی ئەمریکا، پێویستییەکی مێژوویی بە ڕووسیا هەیە وەک "قەڵایەکی وشکانیی" و "کۆگایەکی بێبنی وزە و کەرەستەی خاو".
بۆ چین، ڕووسیایەک کە لە ڕۆژئاوا دابڕاوە، سەرچاوەیەکی هەرزانی کەرەستەی خاوە کە گەرەنتی ئاسایشی وزەی پەکین دەکات لە ئەگەری هەر پێکدادانێک لە دەریادا. لە بەرامبەردا، تراژیدیای ستراتیژیی پۆتین لەوەدایە کە بە داگیرکردنی ئۆکرانیا، گەورەترین دەستکەوتی دیپلۆماسیی چینی تێکشکاند؛ کە ئەویش "دروستکردنی درز بوو لە نێوان بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا و واشنتۆن". 

پۆتین و شی جین پینگ ـ په‌كین 2026.5.20

بۆ دوو دەیە، ستراتیژیەتی چین (Wandel durch Handel - گۆڕانکاری لە ڕێگەی بازرگانی) وابەستە بوو بە ڕامکردنی ئەوروپا، بەتایبەت ئەڵمانیا، تاوەکو ئەوروپا وەک جەمسەرێکی بێلایەن بمێنێتەوە و نەبێتە بەشێک لە ستراتیژیەتی "کۆنتێنکردن"ی ئەمریکا. بەڵام دڕندەیی جەنگەکەی پۆتین، ئەوروپای لە وەهمی بازرگانی بەئاگا هێنایەوە و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەتڵەسی لەژێر چەمکی "کەمکردنەوەی مەترسییەکان" (De-risking) لە دژی هەردوو جەمسەری مۆسکۆ و پەکین یەکخستەوە، ئەمەش چینی خستە بەردەم واقیعێکی تاڵ کە تێیدا لەلایەن جیهانی پێشکەوتووەوە وەک "هاوبەشی تاوان" تەماشا دەکرێت.
بۆ تێگەیشتن لە بزوێنەری ناوەکیی ئەم هاوپەیمانییە ئۆتۆکراسییە، پێویستە قووڵ ببینەوە لە "سیمای دەروونی" و مێژووی ژیانی شی جینپینگ. شی، کە وەک "شازادە"ی ناو نوخبەی دەسەڵاتی کۆمۆنیست لەدایکبوو، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا شایەتی پاکتاوکردنی باوکی (شی ژۆنگشۆن) بوو لەلایەن ماو تسی تۆنگەوە. قۆناغی "شۆڕشی ڕۆشنبیری" بۆ شی، تەنها وەرچەرخانێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو تراژیدیایەکی خێزانی بوو کە تێیدا خوشکەکەی خۆی کوشت و دایکی ناچار کرا لەبەردەم جەماوەردا سەرکۆنەی بکات. شی، کە کڵاوی ئاسنی ڕیسوایی لەسەر نرا و وەک "کوڕی دوژمنی گەل" نێردرا بۆ کاری زۆرەملێ لە گوندەکان، لە ناو ئەو ئازارەدا گەیشتە ئەنجامگیرییەکی لێنینیزمانە: "دەسەڵاتی ڕەهای حزب، تاکە مەرجی پاراستنی وڵاتە لە ئانارشی (پشێوی)". بۆ شی، میخائیل گۆرباچۆڤ "خائینێکی سیاسی" بوو کە بە نیەتی چاکسازی، بووە هۆی هەرەسی ئیمپراتۆریەتێک.

پەکین ڕووسیا بە "زیندوویی" دەهێڵێتەوە، بەڵام ڕێگەی پێ نادات ببێتەوە بە زلهێزێکی سەربەخۆ، چونکە چین نایەوێت سەرکێشی بە پەیوەندییە بازرگانییە زەبەلاحەکانی خۆیەوە بکات لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا لە پێناو خەونە ئیمپریالییەکانی پۆتیندا

هەر بۆیە، ستراتیژیەتی شی لە ناوخۆدا بریتییە لە "تۆتالیتاریزمی تەکنۆلۆژی" بۆ ڕێگری لە هەر "شۆڕشێکی ڕەنگاوڕەنگ"، و لە دەرەوەشدا بریتییە لە پشتگیریکردنی پۆتین تەنها تا ئەو ئاستەی کە ڕژێمەکەی مۆسکۆ نەڕووخێت؛ چونکە ڕووخانی پۆتین بە واتای نەمانی پارێزەری وشکانیی چین و گەمارۆدانی تەواوەتی پەکین دێت لەلایەن ڕۆژئاواوە. 
ئەم هاوپەیمانییە، بە پێچەوانەی هاوپەیمانییە دیموکراتییەکان وەک Quad کە پێکدێت لە ( هیندستان، ئوستورالیا، ژاپۆن، ئەمریکا) یان AUKUS کە پێک دێت لە (ئوستورالیا، بەریتانیا، ئەمریکا)،فاکتی "متمانەی بنیاتنەر" و "بەهای هاوبەشە". لە کاتێکدا ڕۆژئاواییەکان لە دەوری سیستمێکی یاسایی و ئارەزوومەندانە کۆدەبنەوە کە تێیدا زلهێزەکان لەلایەن دامەزراوەکانەوە کۆتوبەند دەکرێن، هاوپەیمانیی چین و ڕووسیا لەسەر بنەمای "هەرەمییەکی ڕەق" و "ناچارکردن" داڕێژراوە. 

پۆتین و شی جین پینگ ـ په‌كین 2026.5.20


چین لە دراوسێکانی دەوێت تەنها پاشکۆ بن، و ڕووسیاش بە هێزی سەربازی دەیەوێت سنوورەکان بگۆڕێت. دژوێژییەکە لێرەدایە کە چین ئێستا بە شێوازێکی "نیمچە کۆلۆنیالی" مامەڵە لەگەڵ ڕووسیا دەکات؛  بە جۆرێک مۆسکۆ ناچار دەکات وزەی خۆی بە داشکاندنی زۆر و بە دراوی "یوان" پێ بفرۆشێت، لە دەرەنجامیشدا بە شێوەیەکی نەرم خەریکی دەرکردنی ڕووسیایە لە "حەوشەی پشتەوەی خۆی" کە ئاسیای ناوەڕاستە.  وەک (کازاخستان، ئۆزبەکستان،  تاجیکستان، قیرغستان، تورکومانستان) ئەم وڵاتانە سەردەمێک لە ژێر باڵی مۆسکۆدا بوون، کە چی ئێستا چین وەک جێگرەوەیەکی ئابووریی بەهێزتر دەبینن.
لیرەدا دەکرێت بڵێین پەکین ڕووسیا بە "زیندوویی" دەهێڵێتەوە، بەڵام ڕێگەی پێ نادات ببێتەوە بە زلهێزێکی سەربەخۆ، چونکە چین نایەوێت سەرکێشی بە پەیوەندییە بازرگانییە زەبەلاحەکانی خۆیەوە بکات لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا لە پێناو خەونە ئیمپریالییەکانی پۆتیندا.
لە دەرەنجامدا، ئێمە لەبەردەم "تەوەرەی ئۆتۆکراسییەکداین" کە لە ناوەوە تووشی دابڕان و بێ متمانەییە، بەڵام لە دەرەوە وەک بەرەیەکی یەکگرتوو نیشان دەدرێت. جیهانی دیموکراتی، بە ڕێبەرایەتی واشنتۆن، لە ڕێگەی "یاسای چیپەکان" و "سزاکانی تەکنۆلۆژی"، خەریکی خنکاندنی گەشەی ستراتیژیی چینە.
چینیش، کە لە نێوان بەرداشی سزاکانی ڕۆژئاوا و هاوبەشە نادیارەکەی لە مۆسکۆدا گیری خواردووە، پەنای بۆ جۆرێک لە "خۆڕاگریی سیاسی" بردووە کە تێیدا تەنها هێز و کۆنترۆڵ مەرجە.
تراژیدیای مێژوویی ئەوەیە کە پۆتین، بە ڕاکردنی لە هەژموونی ڕۆژئاوا، خۆی فڕێدایە ناو باوەشی هەژموونێکی چینی کە زۆر بێبەزەییانەتر و ساردتر مەرجەکانی خۆی دەسەپێنێت.
لێرەوە، هاوپەیمانیی پەکین-مۆسکۆ تەنها "وەستانێکی تاکتیکییە" لە بەردەم گەردەلولی مێژوودا، نەک سیستمێکی جیهانیی جێگرەوە کە بتوانێت متمانەی گەلان و دەوڵەتانی سەربەخۆ بۆ خۆی ڕابکێشێت؛ چونکە تەنها جێگرەوەیەک کە ئەم دوو سەرکردەیە پێشکەشی دەکەن، جیهانێکە کە تێیدا "هێز دەبێتە حەق" و "ئانارشی دەبێتە یاسا".


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ