تونێله‌ تاریكه‌كانی گه‌یشتن به‌ كورسی پارێزگار

ورده‌كاریی ململانێی كه‌ركوكییه‌كان له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدی پارێزگار

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2024.08.22 08:46 PM
115636 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

یه‌كلابوونه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ یه‌كێتى، به‌ دیوێكدا سه‌ركه‌وتنێكی سیاسی به‌رچاو بوو بۆ ئه‌و حیزبه‌ به‌ڵام به دیوێكی تریشدا بووه‌ هۆی دروستبوونی كه‌لێن و ناكۆكی، به‌تایبه‌ت له‌ نێوان ئه‌و جه‌مسه‌ره‌ دیارانه‌ی كه‌ جڵه‌وی به‌ره‌ جیاوازه‌كانی حیزبه‌كه‌یان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌ كه‌ركوك، ئه‌و ناكۆكیانه‌ له‌ئێستادا بووه‌ته‌ پشكۆی ژێر خۆڵه‌میش بۆ یه‌كێتی و له‌ هه‌ر ڕووداوێكی سیاسی ئاینده‌دا به‌ فویه‌ك ده‌گه‌شێته‌وه‌ و ده‌توانێ زۆر ده‌ستكه‌وتی سیاسی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك بسوتێنێ.
ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵا.. سه‌ركه‌وتوویه‌كی بێ ده‌سكه‌وت
ئه‌گه‌رچی ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو له‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ده‌ستیهَنا به‌ڵام وادیاره‌ دۆڕاوی یه‌كه‌می كۆی یاریه‌كه‌ بووه‌ و نه‌یتوانی كاندیدی دڵخوازی خۆی له‌سه‌ر كورسی پارێزگار دابنیشێنێت.
نه‌شئه‌ت شاهوێز، كه‌ پێشتر به‌رێوه‌به‌ری جه‌وازاتی كه‌ركوك بوو، به‌هۆی ئه‌دای باشی له‌و پۆسته‌دا كه‌سێكی قبوڵكراوبوو لای عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان بۆ پارێزگار، كاندیدی دڵخوازی ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵاش بووه‌ بۆ پۆسته‌كه‌.

ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵا نیگه‌رانه‌ له‌ شێوازی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار

به‌پێی زانیارییه‌كانی (سایتى پۆله‌تیك)، پێش هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا (2023.12.18) ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵا به‌ڵێنی به‌ نه‌شئه‌ت شاهوێز داوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگی زیاتر له‌ ڕێبوار ته‌ها بهێنی، ئه‌وا هه‌ر پۆستێكی باڵا به‌ر یه‌كێتی بكه‌وێت به‌ پارێزگاریشه‌وه‌ بدرێت به‌ ئه‌و.
ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ده‌كرێت، رێكه‌وتنێك له‌ نێوان جه‌مسه‌ره‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوكیه‌كان هه‌بووه‌، به‌وه‌ی هه‌ر كاندیدێك زۆرترین ده‌نگی هێنا یه‌كه‌م پۆستی باڵا له‌ پشكی یه‌كێتی وه‌ربگرێت و بافڵ تاڵه‌بانیش ئاگاداری ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ و له‌سه‌ری ڕه‌زامه‌ند بووه‌.
نه‌شئه‌ت شاهوێز، ده‌نگی یه‌كه‌می ناو كاندیده‌كانی یه‌كێتی هێنا و ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵاش پێیوابووه‌ پێویسته‌ پۆستی پارێزگار بۆ ئه‌و بێت نه‌ك ڕێبوار ته‌ها، جگه‌ له‌ ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵاش، ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك و ستافی مه‌ڵبه‌ندیش له‌گه‌ڵ دانانی نه‌شئه‌ت بوون.

(سایتی پۆله‌تیك) زانیویه‌تی، وه‌ك قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ یه‌كێتی به‌ڵێنی به‌ نه‌شئه‌ت شاهوێز داوه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق پۆستێكی باڵای بۆ وه‌ربگرێت.

ئاسۆ ئه‌ڵمانی.. براوه‌ی یاریه‌كه‌ بوو!
پشتیوانی توندی ڕێبوار ته‌ها بووه‌ بۆ وه‌رگرتنی پارێزگار، دواجاریش بافڵ تاڵه‌بانی پشتیوانی به‌ره‌كه‌ی ئاسۆ ئه‌ڵمانی كردووه‌ له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌دا، ئاسۆ ئه‌ڵمانی قسه‌ و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر ده‌ڕوات لای بافڵ تاڵه‌بانی به‌راورد به‌ سه‌ركرده‌ كه‌ركوكیه‌كانی تری یه‌كێتی، به‌وپێیه‌ی ئاسۆ ئه‌ڵمانی خاوه‌نی هێزێكی سه‌ربازیی تۆكمه‌یه‌ ناسراو به‌ (هێزه‌ ڕه‌شه‌كه‌)، هێزیش بۆخۆی بڕیار و ده‌سه‌ڵاته‌، به‌تایبه‌ت له‌ یه‌كێتی سه‌رده‌می ئێستادا كه‌ زیاتر حزبێكی مه‌یل به‌ چه‌ك و عه‌سكه‌ر و مانۆری سه‌ربازییه‌ تا حزبی دانوستان و ڕێكه‌وتن و زۆرینه‌ و كه‌مینه‌. 

ئاسۆ ئه‌ڵمانی ته‌داره‌كی كاروانی ڕێبوار ته‌های بۆ پارێزگار ڕێكخست

كه‌ركوكیه‌ قوبادییه‌كان له‌ كوێی ململانێكه‌دا بوون؟
جه‌مسه‌رێكی تری یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌، كه‌ به‌شێك نین له‌ دوو به‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ و زیاتر به‌ نزیك له‌ قوباد تاڵه‌بانی داده‌نرێن، وه‌ك د.یوسف گۆران، ڕزگاری حاجی حه‌مه‌، ستران عه‌بدوڵا، ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ دانانی هیچ كام له‌ ڕێبوار ته‌ها و نه‌شئه‌ت شاهوێز نه‌بوون، كاندیدیان دكتۆر یوسف بووه‌ بۆ پارێزگار، یان لانیكه‌م ده‌یانویست كه‌سێك بێت كه‌ به‌ فلته‌ری ئه‌مانیشدا بڕوات، به‌ڵام ئه‌م گروپه‌ش به‌رامبه‌ر هه‌ژموونی ئاسۆ ئه‌ڵمانی هیچیان پێنه‌كراوه‌ و ڕێگه‌ی پارێزگاریان بۆ كاروانه‌كه‌ی ئاسۆ ئه‌ڵمانی چۆڵ كرد كه‌ ڕێبوار ته‌های هه‌ڵگرتبوو.
خالید شوانی.. مۆمێكی كوژاوه‌ له‌ داهاتووی كه‌ركوكدا
پێشتر هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه‌ بوون بۆ وه‌رگرتنی پارێزگار، ته‌نانه‌ت سودانی و  پێكهاته‌كانی كه‌ركوكیش ڕازیبوون پێی و ڕه‌نگه‌ پارتیش، له‌ ڕووی كه‌سایه‌تی و ته‌مه‌ن و موناوه‌ره‌ی سیاسیشه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌موویان شایسته‌تر بووبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شانسی ئه‌وی سفركرده‌وه‌ ئه‌و دوو ساڵه‌یه‌ كه‌ بووه‌ وه‌زیری له‌ كابینه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانى.

خالید شوانی، كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك ئه‌ستێره‌ی به‌ختی به‌ره‌و كوژانه‌وه‌ ده‌ڕوات

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (سایتی پۆله‌تیك)، چیتر خالید شوانی متمانه‌پێكراوی باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی نییه‌ و به‌ هاوڕێیه‌كی نزیكی مه‌سرور بارزانی داده‌نێن، ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ش واته‌ له‌ شه‌تره‌نجی ئاینده‌ی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك خالید شوانی هیچ موره‌به‌عێكی به‌رناكه‌وێت تێیدا بوه‌ستێ.
خالید شوانی، جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ پۆستی پارێزگار بۆ خۆی نه‌بوو، هاوكاتیش فرسه‌تێكی باش و رێگه‌خۆشكه‌ر بوو بۆ ڕێبوار ته‌ها تاكو له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات دابنیشێت وه‌ك 55 هه‌مین پارێزگار له‌ مێژووی كه‌ركوكدا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ