چاره‌نووسی كورد چی به‌سه‌ر دێت ؟

گه‌ڕانه‌وه‌ی تره‌مپ.. بۆچی هه‌ڵبژاردنى برده‌وه‌ ؟

ره‌نج نه‌وزاد 2024.11.07 01:32 AM
3346 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

ترەمپ بە دەنگی خەڵک و بە دەنگی کۆلێژی هەڵبژاردن بە ڕێژەیەکی بەرچاو براوەیە. کۆمارییەکان زۆرینە دەبن لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش. ئەم سەرکەوتنە گەورەیەیی ترەمپ و کۆمارییەکان ڕەنگدانەوەی ویستی کۆمەڵگەی ئەمریکایە. دیموکراتەکان لەبەر ئەوەی زاڵن لە دەزگاکانی میدیا و ڕاپرسی و زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە... وێنەیەکی هەڵە و خەراپیان لەسەر ترەمپ درووستکردبوو، لە واقعەوە دوور بوو. 
 لە مانگی ٩ی ئەمساڵەوە دوو جار سەردانی ئەمریکام کردووە بۆ مەبەستی ئەکادیمی و توێژینەوە. ئەو ماوەیە کاتی بانگەشەی دەنگدان و پرسی هەڵبژاردنەکان، بابەتی سەرەکی بوو. سەردان و بەشداری چەندین کۆنفرانس و سیمینار و زانکۆ و ناوەندی توێژینەوەی ئەمریکیم کرد. ئەوەی دەرکم پێکرد چەند خاڵێک بوو:
 ١. لەناوەندە ئەکادیمییەکان و میدیاکان زۆربەی کات ڕاستە لەوانەیە ڕاستەوخۆ بانگەشە بۆ کامیلا هاریس نەکرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ ترەمپیان وا پێشاندەدا کە کەمینەیەکی توندڕەو و دواکەوتوو پشتگیری دەکەن. کەسێکی مەترسیدارە بۆ ئەمریکا و بۆ جیهان... ئەمە مانای بانگەشەیە بۆ دیموکراتەکان و دژی کۆمارییەکان، لە ڕێگەی بەکارهێنان و زەقکردنەوەی چەند سیفەتێکی کەسایەتی ترەمپ. 
٢. لە ڕاستیدا و لە واقعدا زۆر ڕوون دیارە بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگەی ئەمریکی، لە زۆربەی گروپ و چینەکان پشتگیری ترەمپ دەکەن و زۆریان خۆش دەوێت. فاکتەری سەرەکی لای دەنگدەری ئەمریکی ناوخۆییە؛ ئابووری و پرسی تەندرووستی و پەنابەر. ئەم فاکتەرانە تەنیا بەلای گروپە ڕاستڕەو و لادێی و دواکەوتووەکانەوە گرنگ نییە، بەڵکو لای زۆربەی گروپ و چینەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکا بایەخدارە و پێیانوایە ترەمپ گونجاوە بۆ چوار ساڵی ئایندە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانە. 
٣. ئەو گروپ و چینانەی کە موحافیزکارن یان دیندارن، لە مەسیحی و مسوڵمان (جگە لە ئیسلامی سیاسی) و جووەکان، ئەوانەی گرنگی بە خێزان دەدەن و هاوڕا نین لەگەڵ بانگەشەکردن و تەرخانکردنی بودجە بۆ پرسی هاورەگەزخوازی و گۆڕینی ڕەگەز، زۆربەی ئەم خەڵکانە لەگەڵ ترەمپ هاوڕان. 

٤. جیاوازییەک هەیە لە نێوان واقعی ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی لە دەرەوە دەبینرێت و وینای کراوە. تا ئەمرۆش ئاین و مەسیحیەت و بەها کۆنەکانی وەک پاراستنی خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان... لەناو کۆمەڵگەی ئەمریکادا فاکتەرێکی گرنگە و بە ڕوونی دەرکی پێدەکرێت، بە تایبەت لە شارە بچووکەکان و گوند و دەوروبەری شارە گەورەکان. ئەمانەش یەک گروپی کۆمەڵایەتی نین لە ڕووی ئابووری و ئاستی خوێندن و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵکو چەندین گروپ و ئاستی جیاوازن. ئەوەی وای پێشاندەدات کە وا بزانرێت ئەمریکا تەنیا ناوەڕاستی نیۆیۆرک و واشنتۆنە، میدیا و سینەما و وێنەی دەرەوەی ئەمریکایە، کە زیاتر دیموکراتەکان و چەپەکان زاڵن لەو بوارەدا. هاوکات، ئەو ئازادییەیی کە بەشێکە لە کولتوری ئەمریکا، هەر وەک چۆن ڕێگە بە موحافیزکار و دیندارێک دەدات بەو شێوەیە بژێت کە خۆی دەیەوێت، ڕێگە بە کەسێکی تەواو پێچەوانەی ئەوەش دەدات.
 بۆ نموونە پشتگیری لە ئیسرائیل بنەمایەکی گرنگی سیاسەت و حکومەتەکانی ئەمریکایە، بەڵام لە ماوەی یەک ساڵدا زیاد لە ٢ هەزار خۆپێشاندان لەو وڵاتە کراوە دژ بە ئیسرائیل و پشتگیری لە فەڵەستینییەکان. کە ئەمە نە لە خودی فەڵەستین، نە لە ئێران و تورکیا و سعوودییە و قەتەر... ڕووینەداوە. مرۆڤی ئەم ناوچەیەیی ئێمە لەوانەیە قوورس بێت لەو ئازادییە تێبگات، بۆیە زۆر کات وەک درۆ یان وەک بەڕەڵایی و بێ دینی تەماشای دەکات. بەیانییەکی چوومە سەنتراڵ پارکی شاری نیۆیۆرک، گروپی مەسیحی و مسوڵمان و جوو و گروپی پشتگیری لە غەززە و گروپی هاورەگەزخوازەکان هەر هەموویان بە جیا چالاکی و کۆبوونەوەیان هەبوو لە یەک پارک و دەوروبەری. ئازادی لە ئەمریکا ئەوەیە ڕێگە بە هەموویان بدرێت بێ ئەوەی گروپێکیان پەلاماری ئەوی تر بدات و سەرکوتی بکات، یان حکومەت ڕێگە بە یەک دانەی بدات و ئەوانی تری قەدەغە بکات. هەندێک تەنیا وێنەی هاورەگەزخوازەکان دەبینێت و دەیکات بە ناسنامەی ئەمریکا، هەندێکی تر تەنیا مەسیحییەکان یان تەنیا گروپێکی تر دەبینێت... بەڵام لە ڕاستیدا هەموویان بە یەکەوە باشتر ناسنامەی ئەمریکا پێشاندەدەن. لێرەدا باسەکە ئەوە نییە کە ئەمە ئازادییەکی ڕەها و بێ لایەنگرییە، مەسەلەکە واقعێکە و دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت. لە خۆڕا نییە ئەو دەوڵەتە سوود لە تواناکانی هەموو مرۆڤایەتی سەر زەوی بینیووە و دەبینێت. دیموکراتەکانیش زۆر کات دەیانەوێت تەنیا یەک ڕەهەندی ئەمریکا زەق بکەنەوە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەو شکستە گەورەیەیی ئەمجارەیان. 
٥. کەسایەتی و شێوەی قسەکردنی ترەمپ نامۆ نییە بە کۆمەڵگەی ئەمریکا، بەڵکو لەوانەیە نامۆ بێت بە ستایلی ناو کۆشکی سپی. بەڵام دیموکرات و چەپەکان، بە تایبەت لەسەر ئاستی ئەکادیمیا، کۆمەڵێک دەستەواژە هەیە بەکاری دەهێنن بۆ وەسفکردنی هەر کەسێک کە خۆیان بە دڵیان نەبێت، ئەویش پۆپۆلیست/پۆپۆلیزم و ڕەگەزپەرست و دژە بیانی... ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە پرسی پەنابەر و هاتن بۆ ئەمریکا دەبێت یاسایی بکرێت. واتە ناکرێت بە لێشاو خەڵکی مەکسیک و ناوەڕاست و باشووری کیشوەری ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا بە نا یاسایی بێنە ئەمریکا، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراو و یاسایی بێت. ئەمە بۆ ئەمریکییەکان و ئەو بیانیانەی لە ئەمریکا دەژین و بۆ خودی پەنابەرەکانیش بەسوودە. دیموکراتەکان ئەم سیاسەتە وەک سیاسەتێکی دژە بیانی و دژە مافەکانی مرۆڤ پێشان دەدەن. زۆرێک لە ئەمریکییەکان پشتگیری ترەمپ دەکەن بۆ ئەو پرسە. 

٦. ترەمپ لە یەک ڕووەوە نامۆیە بە سیستەم و کۆمەڵگەی ئەمریکا. ئەویش ئەوەیە خەریکە ڕۆڵی تاکە کەس و سەرکردە لە ڕۆڵی دەزگا گرنگتر دەکات. ئەمریکا دەوڵەتێکە پشت بە دەزگاکان دەبەستێت، سەرکردە بەشێکە و لەناو دەزگا کار دەکات و ئاڕاستە دەکرێت. واتە یاسا و دەزگاکان کرنگترن لە سەرۆک و سەرکردە. ترەمپ لەم ڕووەوە خەریکە کولتورێکی جیاواز درووست دەکات. کۆمارییەکانیش لەگەڵ ئەو کولتورە نین، بەڵام لەم هەڵبژاردنە زانیان ترەمپ بەهێزترین کاندیدیانە، دیارە ویستویانە سوود لەو بەهێزییەیی ببینن بۆ بردنەوە. هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا هەست بەوە دەکرا کێبرکێکە لە نێوان ترەمپ و دیموکراتەکانە، نەک لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان. بەڵام دواجار، ترەمپ هەر چوار ساڵی تر سەرۆکە و لەوە ناچێت کاریگەری گەورە لەسەر سیستەم و کولتوری دەزگا و یاساکانی ئەمریکا درووست بکات بۆ ئایندە. 
٧. ئایا بۆ سیاسەتی دەرەوە چی ڕوودەدات؟ لە ڕاستیدا جارێ زووە پێشبینی ورد بکرێت بۆ ئەم لایەنە. نازانرێت ئایا ترەمپ بە فیعلی دەیەوێت چی بکات بۆ پرسەکانی وەک ڕووسیا و جەنگی ئیسرائیل و بەرەی ئێران، و پرسی چین، چی پێ دەکرێت و چی پێ ناکرێت؟ خۆی وتی جەنگەکان کۆتایی پێدەهێنم. ئایا بەڕاستی بوو؟ دەتوانێت؟ دەزگا گرنگەکانی سوپا و هەواڵگری و لۆبییەکان ڕێگەی دەدەن یان نا؟ هەموو ئەمانە لە چوار ساڵی ئایندە دەردەکەوێت. بەڵام ئەوەی ڕوونە چەند بابەتێکە: ئیسرائیل و پوتین دڵخۆشن بە بردنەوەی ترەمپ، ئێران و بەرەکەی نیگەرانن، سعوودییە و ئیماڕات شادن و قەتەر حەزی دەکرد کامیلا هاریس براوە بێت، بەڵام لەگەڵ ترەمپیش لەوە ناچێت کێشەی گەورەی هەبێت. چین ترسی زیاترە لە ترەمپ. وەک دەردەکەوێت بۆچوونی بەرەی چین-ڕووسیا-ئێران سەبارەت بە بردنەوەی ترەمپ لەناوخۆیاندا جیاوازییان هەیە. 
٨. چاودێریکردن و خوێندنەوەی وردی ڕاپۆرتی ساڵانەی دەزگا گرنگەکانی ئەمریکا، وەک ڕاپۆرتەکانی ناو سوپا و هەواڵگری سەبارەت بە پرسە گرنگ و ستراتیژییەکان، ئەوە دەردەخات لەو جۆرە پرسانەدا تێڕوانین و ستراتیژی ئەمریکا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا نایەت لە کاتی ئاڵوگۆری دەسەڵات لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکان. بۆ نموونە لەسەردەمی ئۆباما و ترەمپ و بایدن، یەک تێڕوانین هەبووە بۆ چین کە هەڕەشەی یەکەمە لە پێگەی ئەمریکا. ئێران هەڕەشەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئامرازەکانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەل ئێران جیاوازە. واتە جیاوازییەکان ڕیشەیی و ستراتیژی نین. سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکڕانیا ئەو دەزگانەی ئەمریکا هەمان بۆچوونیان هەیە، ئایا ترەمپ دەتوانێت لێی لابدات یان نا؟ 


٩. دوێنێ ئێوارە کە جارێ ئەنجامی دەنگدانەکانی ئەمریکا ڕوون نەبوو و پڕۆسەکە لە سەرەتا بوو، نەتانیاهۆ گالانتی وەزیری بەرگری لابرد. لای هەندێک ئەمە وەک ئاماژەیەک بوو بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هاتنی ترەمپ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و بەرەکەی. گالانت نزیکترین کەسایەتی ناو حکومەتەکەی نەتانیاهۆ بوو لە ئیدارەی بایدن. هەندێک ڕێگری درووست دەکرد بۆ نەتانیاهۆ لە بڕیار و شێوەی جەنگەکە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، یسرائیل گانتس کرایە وەزیری بەرگری، کە سەر بە باڵی ڕاستڕەوی ئیسرائیلە. لە ئێستادا حکومەتەکەی نەتانیاهۆ تا ئەندازەیەکی زۆر لە لایەن ڕاستڕەوی توندڕەو کۆنتڕۆڵکراوە. ئایا ڕێککەوتن و گفتوگۆی نهێنی کراوە لە نێوان نەتانیاهۆ و ترەمپ سەبارەت بە ئایندەی جەنگەکە؟ ترەمپ بەڵێنی چی داوە؟ جارێ ڕوون نییە. ئەوەی ڕوونە نەتانیاهۆ کە هەژموونێکی گەورەی بەسەر لۆبی جوو هەیە لە ئەمریکا، بە ناڕاستەوخۆ پەیامی بۆ دەناردن کە بردنەوەی ترەمپ لە سوودی ئیسرائیلە. 
١٠. سەبارەت بە کوردستان، هانتی ترەمپ دەکرێت گورزی زیاتر بدات لە ئێران، ئەمە لە سوودی ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت. هاوکات، مەترسییەکی گەورەش هەیە ئەویش ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستانە لە سەردەمی ترەمپ. بە تایبەت ئەردۆگان لە دڵخۆشەکان بوو بە هاتنەوەی ترەمپ. بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد، ویست و سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا مەرج نییە بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت بە هۆی ڕێگری و ڕۆڵی دەزگا سەربازی و هەواڵگری و ستراتیژییەکانی ئەمریکا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ