سه‌ركه‌وتنى سۆشیال میدیا به‌سه‌ر میدیا زه‌به‌لاحه‌ ته‌قلیدییه‌كان

سەرکەوتنەکەی ترەمپ.. بۆچى ڕووداوێکی سەیر بوو؟

ره‌نج نه‌وزاد 2024.11.10 12:14 AM
37096 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

بردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە لایەن ترەمپ بە سەرکەوتنێکی مێژوویی و گەڕانەوە مێژووییەکە وەسف دەکرێت لە لایەن زۆرێک لە ئەمریکی و تەنانەت لە جیهاندا. نەیارەکانیشی ناچاربوون دان بەو سەرکەوتنە گەورە و مێژووییە بنێن. بۆچی بردنەوەی ئەمجارەی ترەمپ جیاواز بوو لە بردنەوەی سەرۆکەکانی تر و تەنانەت جیاواز بوو لە سەرکەوتنەکەی ترەمپ لە ٢٠١٦؟
١. لە مێژووی ئەمریکادا ڕووینەداوە یان دەگمەن بووە کە کاندیدێکی سەرۆکایەتی بە ئەندازەی ترەمپ دژایەتی بکرێت لە لایەن میدیا و دەستەبژێر و حکومەت و دەزگاکانیەوە. تا کار گەیشتە ئەوەی سەرۆکێکی پێشوو و کاندیدێکی سەرۆکایەتی ڕۆژانە ببرێتە بەردەم دادگا، بۆ ئەوەی وێنەیەکی وای لەسەر درووست بکەن کە ئەو کەسە سەرۆک مافیا و تاوانبار و کەسێکی بێزراوە، شیاو نییە ببێتەوە بە سەرۆک. 
٢. کارێکی زۆر قوورس و نیمچە مەحاڵە کەسێک بکەوێتە ململانێ بەرامبەر بە دەزگای میدیایی ئەمریکا (میدیا تەقڵیدی و ناسراوەکان). ئەو دەزگانە نەک هەر لەناو ئەمریکا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە درووستکردنی ڕای گشتی و هەقیقەت و ئاڕاستەکردنی مرۆڤ. هیچ کاندیدێک بە ئەندازەی ترەمپ دژایەتی نەکراوە لە لایەن ئەو دەزگایانەوە. کەچی ترەمپ نەک هەر کەوتە ململانێ لەگەڵیان، بەڵکو سەرکەوت بەسەریاندا. لەوانەیە ڕووداوێکی دەگمەن بێت کەسێک بتوانێت لە دەزگا میدییاکانی ئەمریکا زیاتر کاریگەری هەبێت بەسەر کۆمەڵگەی ئەمریکی.


٣. ترەمپ لەو ململانێ قوورسەدا، پشتی بە چەند ئامرازێکی تر بەست؛ لەوانە توانا و وزەی خۆی، دەوترێت نزیکەی ٩٠٠ گوتار و سەردانی هەبووە لە چوارچێوەی بانگەشەی دەنگدان. تەنیا رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان ٧ چالاکی جیای هەبووە لە حەوت شوێنی جیاواز کە گوتار و سەردانی خەڵکی کردووە. زۆر کات لە ڕۆژێکدا چووەتە بەردەم دادگا بۆ بەرگری لە خۆی و پاشان چووەتە ناو خەڵک بۆ بانگەشەکردن. ئەم وزە و توانایە هی کەسێکە کە تەمەنی ٧٨ ساڵە! پاشان ترەمپ و تیمەکەی پشتیان بە ڕاگەیاندنی دەرەوەی میدیا تەقلیدییەکان بەست، وەک سۆشیال میدیا. ترەمپ یەک زەمینەی گرنگی بۆ ڕەخسا بوو کە ئاسان بوو پشتگیری لۆبی جوو-ئیسرائیل بەدەست بهێنێت، ئەمە لە هەندێک بارودۆخکدا قسەی کۆتایی و یەک لاکەرەوە دەکات. ترەمپ زیرەک و وردە، نەچوو لەبەر دەنگی ئیسلامی سیاسی و بەشێک لە مسوڵمان و چەپەکانی ئەمریکا جووەکان نیگەران بکات. بەڵکو وەک هەمیشە پشتگیرییەکی تەواوی ئیسرائیلی دەکرد لە گوتارەکانی. 
٤. ترەمپ لە ماوەی ڕابووردوودا چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆک دەست دەکات بە دژایەتیکردنی دەوڵەتی قووڵ. ئەمە شتێکی دەگمەنە بۆ کاندیدێک بە ئاشکرا باس لەو پرسە بکات و هەڕەشەی لێ بکات. پاشان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بێت. لێرەشدا پەیوەندی باشی نێوان لۆبی جوو-ئیسرائیل وەک بەشێک لە دەوڵەتی قووڵ لەگەڵ ترەمپ، یارمەتیدەر بوو. 
٥. زۆرێک لە کاندیدەکان لەبەر دەنگی چەپ و بەشێک لە گەنجان ناوێرن بە ئاشکرا هەڕەشە و ڕەخنە ئاڕاستەی پڕۆژە و بیرۆکەی وەک گۆڕینی جیندەر و هاورەگەزخوازی و مناڵ لەباربردن... بکەن. ترەمپ بە ئاشکرا دژایەتی خۆی ڕاگەیاند بۆ ئەو پرسانە، دەرکەوت زۆرینەی دەنگدەری گەنجی ئەمریکاش دەنگیان پێداوە. کەواتە زۆرینەی گەنجی ئەمریکا هاوڕای ترەمپن لەو پرسانەدا.


٦. یەکێک لە خاسیەتەکانی ترەمپ ڕاستگۆیی و سادەییە (بە براورد بە سیاسی و سەرکردەکانی تر بە گشتی)، ڕاستە لە بنەمادا کەسێکی ملیاردێر و هەر لە مناڵییەوە لە خێزانێکی دەوڵەمەند بووە، بەڵام ڕەفتار و شێوەی قسەکردنی سادە و میللییە و نواندنی پێوە دیار نییە. هەر بۆیە کاریگەری گوتارەکانی بەسەر خەڵکەوە، زۆر لە میدیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا و گوتارە فەرمی و فێڵاوییەکانی دەستەبژێری دیموکراتەکان کاریگەرترە. ئەمەش هۆکارێکە کە زۆرینەی چینی هەژار و مامناوەندی ئەمریکی دەنگیان پێداوە. زیاتر وەک کەسێکی ڕاستگۆ دێتە بەرچاو، موجامەلەی کەمە. بۆ نموونە ئاشکرا دژایەتی کۆمەڵێک بیرۆکە و پڕۆژە و گروپ دەکات، ئاشکرا پشتگیری کۆمەڵێکی تر دەکات، بێ گوێدانە ئەوەی دژایەتییەکەی ژمارەیەک دەنگی لێ دوور دەخەنەوە. 
بۆ نموونە ڕووبەڕوو و لەبەردەم میدیاکان بە ئەمیری قەتەری وت کارێکی زۆر باشە کە بنکەیەکی سەربازی گەورەمان لە وڵاتەکەت کردووەتەوە بە پارەی خۆتان. یان وتی کە قاسم سلێمانیمان کووشت، ئێران پەیوەندییان کرد وتیان وەڵامێکی ڕەمزی دەدەینەوە قبوڵی بکەن. یا  بە سعوودییەکانی وت ئێوە تەنیا پارەتان هەیە ئێمە دەتانپارێزین، بۆیە وەرن چەکمان لێ بکڕن. جارێکی بەشار ئەسەد وتی ترەمپ و بایدن و هەر سەرۆکێکی ئەمریکا بۆ ئێمە وەک یەکە، تەنیا جیاوازییەکە ئەوەیە ترەمپ ڕاستگۆیە و ئاشکرا دەڵێت پارەی دەوێت و، بەرگی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ناکاتە بەر سیاسەت و داواکارییەکانی. 
٧. گەڕانەوەی ئەمجارەی ترەمپ ڕووداوێکی دەگمەن بوو چونکە لە ٢٠٢٠ هەڵبژاردنەکانی دۆڕاند، پاشان لە ڕێگەی دادگا و میدیا و سیاسەتەوە دەستکرا بە دژایەتییەکی زۆر گەورەی ئەو کەسە، ئینجا چەند جارێک هەوڵی تیرۆرکردنی درا... لەبری ئەوەی سەرقاڵ بێت بە خۆ دەربازکردن و پاراستنی ژیانی و ئەوەی کە هەیەتی، کۆڵی نەدا و دووبارە خۆی کاندید کردەوە و ئەمجارە سەرکەوتنێکی گەورەتری لە ٢٠١٦ی بەدەست هێنایەوە. 


٨. ئەم هۆکارانە و چەندین هۆکاری تر وایان کرد هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئەمریکا لە خودی ترەمپ کورتبکرێتەوە. تەنانەت ململانێکە وا باس دەکرا کە لە نێوان ترەمپ، نەک کۆمارییەکان لەگەڵ  دیموکراتەکانە. ناو و کەسایەتی ترەمپ ئەمجارە نەک هەر پارتی کۆماری بەڵکو خودی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەی داپۆشی. 
٩. دواجار لایەنێک هەیە لە ترەمپ سەرکەوتووتر و جێگیرتر، ئەویش دیموکراسی و یاسایە لە ئەمریکا. لە قوورسترین و ئاڵۆزترین بارودۆخدا، دەنگی زۆرینە و دیموکراسی و ئیرادەی خەڵک یاری پێوە نەکرا و لە کۆتاییدا هەر ویستی ئەو کرایە پێوەری سەرەکی. (ئەمە ڕێژەییە نەک ڕەها). ئەمریکا لەسەر کۆمەڵێک بنەمای زۆر پتەو درووست بووە، بۆیە چەندین نەیار و دووژمنی زۆر بەهێز و گەورەی هاتن و نەمان، خۆی هەر بە بەهێزی مایەوە. بنەماکانی پتەو و درووستن، دەیان قەیڕان و کێشەی گەورە تێدەپەڕێنێت، کە دەوڵەتان هەن بە یەکێک لەو قەیرانانە دادەروخێن. لەناوچەکەی خۆمان ئیسرائیل لەسەر کۆمەڵێک بنەمای پتەو درووستکراوە، تەماشای نەیارەکانی بکەن لەم ٧٥ ساڵەدا و تەماشای ئیسرائیلیش بکەن. 
١٠. ئەوەی لەسەرەوە باسکرا هیچ پەیوەندی بە چوار ساڵی داهاتووی دەسەڵاتی ترەمپ نییە، جارێ نازانین چۆن دەبێت و چی دەکات. تەنیا ئاماژە بە کەسێک درا، کە نموونەی ئیرادە و توانا و باوەڕبەخۆبوون و زیرەکییە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ