له‌ ده‌لاقه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی هیشام ئه‌لمەدفەعی

شێخ ئەحمەدى بارزان چ پێشنیازێكی عه‌بدولكه‌ریم قاسمی ڕه‌تكرده‌وه‌..؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2023.01.13 12:48 AM
4661 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

لە مانگی ئابی ساڵی 1960 وەزیری نیشتەجێبوون بانگیشتی كردم، پێیوتم: كە سەرۆك قاسم ڕازی بووە نیو ملیۆن دینار تەرخان بكرێت بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو بارزانیانەی لەگەڵ مەلا مستەفا گەڕاونەتەوە، بڕیاریشدراوە كە خانوەكان لە مەفرەقی باڤیستان پێش گەرووی عەلی بەگ تا ناحیەی بارزان دروست بكرێن، پێيوتم: تۆ بچۆ لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزان قسە بكە و میرحاجیش لەگەڵت دەبێت.
بەرێ كەوتین بۆ هەولێر لەوێش هەریەك لە ئەندازیار عەبدوڵا ئەربیلی كە ڕاوێژكاری نیشتەجێبوون لە هەولێر و فایەق نادر جێبەجێكاری پرۆژەكە بوون لەگەڵماندا هاتن بۆ لای شێخ ئەحمەد.
چوار سەعاتمان ویست تا گەیشتینە بارزان و ماڵی شێخ ئەحمەد بارزانی كە خاوەن قسەی یەكەم و كۆتایی بوو لە ناوچەكەدا.
دیمەنی خانوەكانی ئەوانەی گەڕابوونەوە لەگەڵ مەلا مستەفا جیاوازتربوو، كاریگەری شكڵ و شێوەی گونده‌كانی سۆڤێتیان پێوە بوو، بەڵام ژیانێكی پڕ نەهامەتی دەژیان بەهۆی خراپی رێگەوبان و سەختی كشتوكاڵكردنەوە.

شێخ ئەحمەدى بارزان 1896 ـ 1969

گەیشتینە بارەگای شێخ ئەحمەد، كورسییەكیان بۆ من دانا لە تەنیشت خۆیەوە، دیوەخانەكەی پڕ بوو لە چەكدار و مورید و خەڵكانی بارزان.
سەعاتێك چاوەڕێمانكرد تاشێخ گەیشت، شێخ كە هاتە ژورەوە هەموویان هەستان لەبەری تا خۆی پێینەوتون هیچیان دانەنیشتنەوە.
بە گەرمی پێشوازی لێكردم و منیش سڵاوی عەونی یوسف وەزیری نیشتەجێبوونم پێگەیاند و پرۆژەكەم بۆ ڕوونكردەوە كە ژمارەیەكی زۆر یەكەی نیشتەجێبوون دروست دەكەین بۆ بارزانییەكان و لەم شێوە خانوە ناخۆشانەی خۆیان دەربازیان دەبێت.

به‌رگى كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی هیشام ئه‌لمەدفەعی


شێخ ئەحمەد وەڵامی دامەوە: سوپاس و ڕێزمان هەیە بۆ سەرۆك قاسم، پێی بڵێ لەبەرئەوەی بەڵێنمان پێداوە كە چەك بەرزنەكەینەوە بەرامبەر هیچ كەسێك ئەگەرنا رۆژانە زێبارییەكان دوو تا سێ بارزانی دەكوژن، بەڵام لەبەر ئەو بەڵێنە بێ دەنگین، سەبارەت بە پرۆژەكەش سوپاسی دەكەین خەڵك لەم ناوچەیە پێویستی بە یەكەی نیشتەجێبوونی چیمەتۆ نییە، بەڵكو پێویستی بە دابینكردنی مۆزەخەی ئاو بۆ ئاودانی بەروبومەكانی و چاككردنی زەوییەكان هەیە بۆئەوەی بەپیتربن بۆ كشتوكاڵكردن، كە جوتیار زەوییەكەی باش بوو و خێری لە بەروبومەكەی بینی ئەوكاتە خۆشی دەتوانێت خانووی باش بكات.
بۆیە شێخ پرۆژەكەی ڕەتكردەوە و ئێمەش گەڕاینەوە.
سه‌رچاوه‌:
كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی هیشام ئه‌لمەدفەعی
یەكێكە لە لوتەكەكانی ئەندازیاریی لە عێراق و بە شێخی ئەندازیاران دەناسرێت و نزیكەی حەفتا ساڵ لەناو جومگەی دەسەڵاتی هونەری و نیشتەجێبوون و نەخشەسازیی عێراقدا بووە.
یاداشتەكانی 670 لاپەرەیە بە قەبارەی گەورە (بە قەدەر بلۆكێك دەبێت) لە ئوردن چاپكراوە.
محەمەد نوری - ڕۆژنامەنووس


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ