2500 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نەبوخزنەسەر ده‌وڵه‌تی جوله‌كه‌كانی ڕووخاند

قودس و فه‌ڵه‌ستین.. خاكى جوله‌كه‌یه‌ یان عه‌ره‌ب ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2023.10.23 06:50 PM
1276 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

دیلمان محه‌مه‌د 
مامۆستای زانكۆی سلێمانى ـ به‌شی مێژوو

پێش هەمووشتێک جولەکە و عەرەب لە ڕووی ڕەچەڵەکەوە هەردووکیان سامین، لەبەرئەوە کێشەی جولەکە لەگەڵ عەرەبدا کێشەیەکی نەتەوەییە نەک کێشەیەکی ئاینی، جولەکە پێی وایە ئەو گەلی هەڵبژێردراوی خودایەو دەبێت هەموو ئەوانی دیکە سەر بە جولەکە بن بە تایبەتی سامییەکان، لە بەرامبەردا عەرەب پێی وایە دەبێت ئەوان سەرداربن چونکە زۆرینەن، واتە شەڕی جولەکە و عەرەب بەدرێژایی مێژوو شەڕی پێشەنگی و سەردارییە نەک شەڕی ئاینی. 
لە ڕووی مێژووییەوە جولەکە چ وەک بنەماڵە و چ وەک دین مێژوویەکی دێرینیان هەیە، وەک ئاشکرایە بنەڕەتی دروستبوونی ئەم نەتەوەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی سەرەتایی باوکی پێغەمبەران (ابراهیم) ەوە هەیە، لەوکاتەی پێغەمبەر ابراهیم بانگەوازی بۆ گەلەکەی کرد، کە لە جیاتی بت پەرستی خودا بپەرستن، بەڵام گەلەکەی بڕوایان پێنەکرد و سەرئەنجام حەزەرەتی ابراهیم ڕێگەی کۆچی گرتەبەر و لەگەڵ سارای خێزانی و لوتی برازای  لە سەدەی ۱٨ پ.ز. بڕیاری  کۆچکردنیاندا بۆ شام. حەزرەتی ابراهیم دوای ماوەیەک بڕیاریدا شام بەجێبهێڵێت و ڕویکردە میسر، لەوێ ئافرەتێکی کۆیلەی بە ناوی هاجەرە هێنا و منداڵێکیان بوو بە ناوی اسماعیل، ابراهیم و اسماعیل لە مەککە کەعبەی پیرۆزیان دورستکرد بە مەبەستی خودا پەرستی، دوای نزیکەی چواردە ساڵ حەزرەتی ابراهیم لە خاتوو سارا منداڵێکی بوو ناویان نا اسحاق، لە اسحاقیش حەزرەتی یعقوب لەدایک بوو، دوای ماوەیەک اسحاق بوو بە پێغەمبەر و نازناوی اسرائیلی پێدرا.

په‌رینه‌ی جوله‌كان له‌ میسره‌وه‌ بۆ سینا و رزگاربوون له‌ فیرعه‌ون ـ وێنه‌ی خه‌یاڵی

بەمشێوەیە جولەکە لە بنەماڵەی یەعقوبەوە سەریهەڵدا و تەنها ئەوان بۆیان هەبوو ببن بە جولەکە، حەزرەتی یوسف و یانزە براکەی لە  نەوەی یعقوبن،  لەکاتێکدا یوسف و بنیامین لە یەک دایکن، بەڵام دە براکەی دیکەیان لە دایکێکی دیکە بوون، یوسف لەلایەن براکانی دیکەیەوە دژایەتی زۆر دەکرا و بڕیاری لە ناوبردنیاندا، بەڵام چارەنووسی بە شێوازێک بوو بچێتە میسر و دواتر براکانی دیکەی کۆچیانکرد بۆ میسر و لەوێ نیشتەجێبوون هەتا سەردەمی فیرعەون، بەو شێوەیە گەلی بەنی اسرائیل لە میسر مانەوە، فیرعەون دژایەتی زۆریدەکرد ن و نێرینەکانی لەناودەبردن و پاکتاوی دەکردن، هەربۆیە خودا پێغەمبەر موسا و هارونی بۆناردن، حەزرەتی موسا زۆر هەوڵی لەگەڵ فیرعەوندادا سودی نەبوو، بۆیە خودا فەرمانی بە موسا کرد بەنی اسرائیل لە میسر دەربکات و ڕێگەی دەریا بگرنە بەر لە دەوروبەری ۱۲۰۰ پ.ز. لە ژێر زوڵم زۆرداری فرعەون ڕزگاریان بوو، بەو شێوەیە حەزرەتی موسا جولەکەکان دەگێڕێتەوە بۆ فەڵەستین، لە قورعاندن ئاماژە بەوە کراوە کە دوای ڕزگاربوونیان لەسەریان فەڕزە بچنەوە خاکی فەڵەستین و قودس، (يَا قَوْمِ ادْخُلُوا الْأَرْضَ الْمُقَدَّسَةَ الَّتِي كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ وَلَا تَرْتَدُّوا عَلَىٰ أَدْبَارِكُمْ فَتَنقَلِبُوا خَاسِرِينَ) المائدە ۲۱

خودا فەرمانی بە موسا کرد بەنی اسرائیل لە میسر دەربکات و ڕێگەی دەریا بگرنە بەر لە دەوروبەری ۱۲۰۰ پ.ز لە ژێر زوڵمی فرعەون ڕزگاریان بوو

بەڵام هەندێک لە زانایان دەڵێن ئەم ئایەتە تەنها مەبەستی ئەوە بووە لەوێ بمێننەوە و نەچنە ناو خاکی قودس وفەڵەستین، لە ڕوانگەی مێژووییەوە  بەهیچ شێوازێک عەرەب پەیوەندی بە خاکی فەڵەستینەوە نییە، چونکە عەرەب بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ عەدنانییەکان لە یەمەن لەمە بەدەر هیچی دیکە نییە، دواتر بڵاوبوونەتەوە بۆ ئەو بیست دەوڵەتەی لە ئێستادا لێدەژین.

 بەهەرحاڵ کاتێک جولەکە دێنەوە بۆ فەڵەستین دەوڵەتی یەهودا دروستدەکەن لە سەردەمی حەزرەتی سلێماندا، دواتر چەند پادشایەکی دیکەی جولەکە دەسەڵات دەگرنە دەست هەتا سەدەی ۷ و ٦ پ.ز. کاتێک پادشای بابلی نەبوخزنەسەر کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاشوری دەهێنێت، بە هەوپەیمانی لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی میدیا لە ٦۱۲ پ.ز. پاشان هەوڵدەدان دەسەڵاتی میسریش لەناوببات بە مەبەستی فراوانکردنی سنوری دەسەڵاتی و لەو جەنگەشدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، بەڵام دەوڵەتی یەهودا، کە دەسەڵاتی جولەکەکانە لەبەرامبەر بەڵێنی پێدانی باج و ملکەچی بۆ دەسەڵاتی پادشای بابلی دەمێنێتەوە، پاش ماوەیەک دانیشتوانە جولەکەکان دژی ئەو کارە ڕادەپەڕن و پادشاکەی خۆیان لەناودەبەن و لەگەڵ پاشماوەی سوپای میسر یەکدەگرن دژی دەسەڵای بابلییەکان، بەڵام لە ساڵانی ٥۹۰ -٥٨۰ پ.ز. نەبوخزنەسەری پادشای بابلی هێرشدەکاتەوە سەریان و قودس دەسوتێنێت و تەنانەت خانوەکانیشیان دەڕوخێنێت و ئەوخەڵکە جولەکەیەی کە دەمێننەوە ڕایان دەگوازێت بو بابل و دەیانکات بە کۆیلە.

لەوکاتە بە دواوە جولەکە دەوڵەتی نامێنێت و پەرشووبڵاودەبنەوە، بەتایبەتی کاتێک دەکرێن بە کۆیلە و لە کاری بازرگانیدا دەفرۆشرێن یاخود هەوڵی ڕاکردنیان داوە و خۆیان شاردۆتەوە هەربۆیە بە تەواوی دونیادا بڵاوبوونەتەوە، ئەم بڵاوبوونەوە لە دوای کۆتایی دەسەڵاتی بابلی زیاتر بوو، تەنانەت بەشێکی زۆریان هاتوونەتە خاکی کوردستان و ڕۆهەڵاتی ئاسیاو تەنانەت لە چینیش ژمارەیەکی زۆر جولەکە لە ئێستادا دەژی، بەمشێوەیە جولەکە بە دونیادا بڵاوبوونەوە هەتا ساڵی ۱۹٤٨ز کاتێک دەوڵەتی خۆیان دروستدەکەنەوە بەشێکی زۆری جولەکەکان دەگەڕێنەوە بۆ اسرائیل.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ