جوامێری سەرکردەیەکی بەعسیی!
موڕتەزا سەعید عەبدولباقی (مورتهزا حهدیسی)، ئەندازیاری بەیانی ئازار و خۆماڵیکردنی نەوت، نەیاری پەیمانی شومی جەزائیر
هەمیشە مێژوو شاوری شۆڕشگێڕیی و شاهانە بۆ بڵحەکان لێدەدا!
لە خۆرئاوای بەغداد، ناوچەی کەڕڕادە، ڕێک لەسەر شەقامی سەرەکی (عەبدولمونعم ڕیاز)دا باڵەخانەیەک لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵی دووەمدا کرایەوە. باڵەخانەکه هۆڵێکی گەورەی تێدابوو، تایبەت بوو بە بۆنە و ئاهەنگ و چالاکییە هونەرییەکان، هۆڵەکه بەشێوەی پلەبەندی و بازنەیی چێکرابوو، چوارسە کورسییەکی لەخۆ دەگرت.
هەوەڵجار هۆڵی فەیسەڵ و پاشان بووە هۆڵی خولد.
شەش ڕۆژ پاش ١٦ تەموزی تاریک، ڕۆژگاری ڕووڕەشی عێراقییەکان، لە ٢٢ی تەموزدا و لە هەمان (هۆڵی خولد)دا، بە فەرمان و فەلسەفەی سەددام حسێن، کۆنگرەیەک کادیرە باڵاکانی بەعسی کۆکردەوه.
لەو ڕۆژەوه هەم پەیوەندییەکانی بەعسی سوریا و بەعسی عێراق خزانە خواری خوارەوەی چاڵی چارەنوسێکی پڕ لە ماری حەوت سەری سیاسەت، هەمیش سەددام پەڕوباڵی پاکترین و پێشمەرگەترینی کادیری باڵای بەعسی کردن.
هەمیشە هونەرێکی گڵاوی گەمەی سیاسیی و ژیانی کۆمەڵایەتی و کلتووری لە عێراقدا، بریتییە لە نەریت یان نەخۆشیی ئیرەیی. ئیرەیی ئەسپابی زۆرن، ئیرەیی ئیشارەیەکی زەقی زەمینە کۆمەڵایەتی و کلتوری و سیاسییەکەیە. شوێنی ئیرەیی لە ڕۆژگارە ڕامیارییەکەدا و لە ژیانی تاک بەتاکی سەردارە سیاسییەکاندا وەک شوێن شەقق و شەپازللەی چارەنوس دیارن، دنیا دەزانێ لە ئەندێشەیەکدا ئیرەیی تێیدا کاربکات، نابەرابەری و جیاوازی و پێشێلکردنی هەق و هەقیقەت دەبێتە ئاوخواردنەوە.
عەلی وەردی بەجوانی بنجی بابەتییانەی ئەم ئیرەییە ڕۆشندەکاتەوە، لە وتارێکی هادی عەلەویشدا لەمەڕ لۆژیکی ئیرەیی گەلێ گەوهەری بەنرخ و بابەتیانەم لەسەر سەرکردەکانی عێراقی شەست و حەفتا و هەشتاکان دەستکەوت. لەم وردەکارییەدا تێگەیشتم، هیچ شرۆڤە و شیکارێکی مێژویی بەبێ پەیوەندی و پردی ئیرەیی، ناتوانێ بپەڕێتە دیوی دنیا دروستەکەی خۆی.
ئیرەیی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەددامدا سیحرێکی سەوداسەرانە بووە. ئیرەیی لە ئەتواری سەددامدا، سوچی گەلێ لە پێشهات و پەیامە خۆفناکەکانی مێژووی هاوچەرخی عێراق بووە. لەم میانەدا تەنها ڕۆڵی سەرکردەیەکی حزبی بەعس بە نموونە دەهێنمەوە.
مورتەزا سەعید عەبدولباقی. هەشت ساڵ لە سەدام منداڵ تر بوو. سوننی بوونەکەی لە سوننی بوونەکەی سەدام تۆختر بوو. سەدام تکریتی و ئەو ئەهلی حەدیسە و بەیاتی بوو. جا لەکن بەیاتییەکاندا بستێک عروبەی ئەوانی دیکە نەیدەخوارد.
لە ڕەوانبێژیدا ڕوویەکی قایمی گەرەک بوو لە پاڵ مورتەزادا زاری بکاتەوە، مورتەزا ڕێک گەمەی بە نەحو سەڕفی سەرلەبەری عەرەبی دەکرد. هیچ دەربڕینێکی نەبوو بە ئیدیۆمێکی ئێجگار واتاداری عەرەبی دەرنەبڕێ. هاوکات مورتەزا میهرەبان و لەسەرخۆ بوو، بەدەگمەن بابەتێکی لەکیس دەچوو، لەهەر کۆڕ و کۆبونەوەیەکدا کاری کردبێ، بێ یەکو دوو دەبووە پێشەنگ. تەنانەت لە گرتن و ڕاوەدونانەکانی سەردەمی قاسمدا قدوەبوونی خۆی سەلماند. لە پەنجاونۆدا خرابوویە زیندان، لەوێ شۆرەتی شۆڕشگێڕیی خۆی چنییەوە، هەر که بەربوو، وەک ئەوەی سروشێکی بۆ دابەزیبێ، دڵی مشێل ئەفلەقی ئاوێتەی ئایندەی عروبە و بەعسیزم کرد.
لێرەوە سەددام سەرکۆنەی خۆی کرد. سەدام سڕڕی سەداقەتی ئەم کابرایە کێچێ بوو لە کەوڵیدا، سەددام ئەیهێناو ئەیبرد نەیدەتوانی نوکەدەرزییەک خەلەلی خیانەتی لێ بدۆزێتەوە. بەتایبەتی وەختێ لە بەڵگەنامەکانی دەزگای هەواڵگری ڕوسیدا ڕووی سەرکردەکانی بەعس هەڵماڵرا، بە ئاشکرا دەزگای کەی جی بی، بەدیلی بەکری دیاری کردبوو. ئەوێدەم ئیلهامی ئازادیخوازی و بوون بە سەرکردە، دەبوو لەو بانگەوە بێت کە سۆڤییەت دەیچپێنێ بە گوێی گەورەکەدا، نەک زاڕۆکەدا. گەورەی گەواهی دراویش بریتی بوو لە مورتەزا.
بەڵێ، مورتەزا لە تەمەنی نەوجەوانیدا و لە کۆنگرەکانی شەشەم و حەوتەم و هەشتەمی بەعسدا، لە شەسەکاندا بوویە ئەندامی قیادەی قوتری و تەواوی بەغدادی بە بزەو بە ڕووی خۆش بە ویقاری ویژدانییەوە بەستەوە. لاوەکان لە لۆژیکی مورتەزاوە یەس یەمی یادەوەری بەعسیبوون و ناسیۆنالیزمی عروبەیان عاشقانە یادگرت.
لەو لقەی بەعسدا کە مورتەزا مەیدانخوازیی کردبێ، لقێکی جەماوەریی جێگەی بووەتەوە. سەدام هیچ ساتەوەختێکی ژیانی هێندەی ئەو ساتانە سەخت نەبوو، کە لاوێکی سمێڵ بۆزی وەک کوڕی سەعید سەرکردایەتییەکی بێوێنەی بەبەرۆکەوە دەکرا.
سەدام ڕقی لە مورتەزا بوو. گەر بۆ هەموو ئەوانەی تر بیانویەکی هەبایە، بیانووی بۆ مورتەزا تەنها و تەنها ئیرەیی بوو. ئیرەیی دەبرد بە تواناکانی، بە زوانزانی و دڵسۆزی و دیپلۆماسییەتی. ئیرەیی دەبرد بە سەداقەت و سیحری جەززابی جەوانەکانی دەوری.
مورتەزا لە حەفتادا بوویە وەزیری کار، گرنگترین و گەورەترین پرۆژەی لەو کابینەیەدا کردەوە، کە مێژوو تا هەتایە باسی دەکات. بەفیتی سەدام لادرا، دیسان کرایە وەزیری ئابووری، پاشتر لە حەفتاویەکەوە تاوەکو ١٩٧٤ بوویە وەزیری دەرەوە. ئەو دەستکەوتانەی مورتەزا لەو قۆناغەدا بەدەستی هێنان، لەمێژووی عێراقدا دەستکەوتی وا نەبوون. بەهەوڵەکانی مورتەزا، داهاتی تاکی عێراقی بەواتای وشە فڕی.
لەڕووی دیپلۆماسییەوە بۆیەکەمجار لە ئەندەنوسیاو چین و هیندەوە هەژمونێکی چڕوپڕی پەیوەندی لەدایک بوون، جیا لە پەیمانی سەداقەتی سۆڤیەت و عێراق، ئەم کابرایە کارێکی زۆر زۆری کرد، تەنانەت بە ئەندازیاری خۆماڵیکردنی نەوتی عێراق ناوزەد کراوە.
ئەم لاوەی کە لە سییەکانی تەمنیدا بوو، توانی سەرچڵانە سیاسەتی خۆماڵیکردنی نەوت بگەیەنێتە لوتکە، مورتەزا موعجیزەی خۆماڵی کردنی نەوت بوو، دیمەنی دیپلۆماسییەتی، گفتوگۆکانی گەواهی زۆرێک لە یاداشتەکانی شاندی گفتوگۆی لەدوایە، چلۆن چواردەورەکەی ئەبڵەقی ئەدەبیات و ئەو دۆسیانە بوون کە بە گورجی گرەوی تێدا بردوونەتەوە.
مورتەزا مرۆڤێکی سادە بوو، ڕاستە بەعسی بوو، بەڵام باوەڕدارانە بناغەی بوونی لێکدەدایەوە. ئاخر ئەو لە ماڵباتێ بوو بەنای کورد و تورکەوە براکانی ناونرابوون، پێی وابوو پەیامی پێکەوەیی بریتییە لە باوەڕ و بازنەی پەیوەندییەکی بەهێز.
لە زۆرترینی دانوستانەکانی لەگەڵ کورددا، مورتەزا بەدڵ و گیان باوەشی بە سەرکردەکانی کورددا دەکرد. هەریەک لە مەحمود عوسمان و مام جەلال و مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی بە باشی ئەم پیاوەیان دەناسی، خودی مەلا مستەفا خۆی وتبوی هەر دانیشتنێ مورتەزای تێدابێ تامێکی تری هەیە، هەست بە ئارامی و ئازایەتی و ڕاستگۆیی دەکەیت. مورتەزا لە دانوستانەکاندا لەبیری دەچوو کە نوێنەری بەغدایە، بەڵێ زۆرجار وەها دەدوا دەتزانی نوێنەری کوردە. کاتێ مرۆڤ بابەتی دووا، دەبێ نوێنەری هیچ لایەک نەبێ دەبێ نوێنەری ڕاستی بێ.
ڕاگەیاندنی بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ قەرزاری قەناعەت و قابیلییەتی مێژوویی ئەم پیاوەیە. تەنها کەسێکیش بوو لەناو حزبی بەعسدا بەهەموو هێزییەوە هەوڵیدا ڕێککەوتنی شومی ١٩٧٥ لە جەزائیر نەکرێ.
ئەو دەیوت:"
وەزارەتی دەرەوەم بۆ ڕۆژێکی وا دەویست، دنیا هەستایە واژۆی ویژانفرۆشی و خاکفرۆشیم نەدەکرد، دەک ئەو دەستە بشکێ کە واژۆیەکی وای کرد".
لەڕاستیدا لۆژیکی سەدام سفر بوو، سفر بوو لە بیری مرۆڤایەتیدا، کابرایەکی پۆپۆلیست بوو، بەڵام مۆرتەزا مرۆڤ بوو، مرۆڤ بەواتای وشە.
ئەو لە حەفتاوچواردا دەستی لە سەرکردایەتی بەعس کشاندەوە، لەکاتێکدا لە هیچ کۆنگرەیەکیش نەبووە هەوەڵ دەنگ نەهێنێ.
هەر ئەوەبوو سڕڕی ڕق و کینەی سەدام، بۆیە سەدام پاش ئەوەی هەڵپەی دەسەڵاتی گرتە دەست، بە پەلە پڕوێ لەو قاعە قەیراناوییەی مێژووی عێراقدا، بەبێ بوونی هیچ بیانوێک، مورتەزای بە زیندانی پانزە ساڵ حوکمدا.
مورتەزایەک ماندونەناسانە مەزنایەتی عێراق و عەشقی عێراق لە دڵیدا لێیدەدا. لەتەواوی سەفارەتەکانی کووەت و سعویەو سوریاو وڵاتانی عەرەبیدا عێراقی بردە ڕیزی پێشی پێشەوەی دانوستان و گرەوی ڕێککەوتنگەلێکی سەرکەوتوو.
دیارترین نمونەی ناوازەی مورتەزا، لە جەنگی تشریندا بوو لە ساڵی ١٩٧٣، ئەوێ دەم لەبەرەکانی جەنگەوە، وەک وەزیری دەرەوە، لە هەماهەنگی میسرو سوریاو وڵاتانی عەرەبیدا، دڵسۆزی و ڕاستگۆیی عێراقی وەها سەلماند، کە ئیسرائیلییەکانیش گەواهی گەورەی بۆ دەدەن. مورتەزا ڕونی دەکاتەوە گەر خیانەت و خاکفرۆشی ئەسەد نەبوایە، ئەستەم بوو ئیسرائیل مێژووی درێژە پێبدایە.
موڕتەزا مرۆڤێکی میهرەبان و مامناوەند بوو، مامۆستایەکی ماتماتیکی ورد و ژیر بوو. بۆیەکەمجار لە ساڵی ١٩٤١ لە شارۆچکەی حەدیسەی سەر بە ڕومادی ڕۆژگاری دایەبەر. لە پەنجاکاندا و وەختێ لە قۆناغی ئامادەییدا بوو، ببوویە شانەی ڕێکخستنی گروپە خوێندکارییەکانی بەعسی عێراقی. پاش ئەوەی لە شەست و دوودا دەبێتە دەرچووی بەشی بیرکاریی، لە فەلوجەدا وەک مامۆستا دادەمەزرێت.
ناوبراو لە خانەوادەیەکی خاکی و لەناو چوار برای دیکەیدا دەستدەدەنە کاری سیاسی و سەرچڵانە دەبنە داینەمۆی گەلێ پێشهاتی گرنگی گەمە سیاسییەکانی ساڵانی حەفتاکانی عێراق. ئەو لەنێو براکانیدا بەناوی: کوردی، تورکی و مخلف...، زووتر زەمینەی چوونە پێشەوەی بۆ دەڕەخسێ.
تا دواجار، دەبێتە دامی دەرگا دۆزەخەییەکەی ڕک و کینی ناخی سەددامەوە. سەددام سەری دەخوات، سەدام پاش ئەوەی لە گوشەیەکی زینداندا لە ١٩٧٩ دا توندی زیندانی دەکات، ساڵێ ناخایەنێ، لەڕوداوێکی تەمومژاوی، لە زینداندا تەرمەکەی بە مردوویی فڕێ دەدەن. ئەوەی سەیرە، دروست لەو ڕۆژەی ساڵیادی خۆماڵیکردنی نەوتی عێراقە، ڕێک لەو ڕۆژەدا، ڕۆحی سەدام گینگل دەخواو ئیرەیی ئەگاتە لوتکەی لامەزهەبی و دەیکوژن. ئەمەیە وەفای وانەکانی دڵسۆزی مرۆڤێک بۆ نیشتمانەکەی.
ئەم چیرۆکەی خوارەوە وادەکات گومان ببەین لە هەموو ئەوانەی لە لوتکەی دەسەڵاتدان، چون چارەنوسی پاکێتی و پاکژی وەهایە، بەدەگمەن ویژدانی زیندوو دەکاتە خاوەن و خودان کورسی دەسەڵات و پلەوپایە.
مادامە مێژوو دەبێت بەگومانەوە بڕوانێتە هەموو ئەوانەی ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە سەرۆک و سەردار و قیادە و قارونن! کە ئەمیر و ئومەرا و ئەولیان، ئەمەیە چی تاققە و تێڕامانی فەلسەفی و سایکۆلۆژی سەدەی بیستویەکەمە باوەڕی بەم تێکست و تیۆرە کورت و کوردییە هێناوە:
مرۆڤی ژیر و بەتوانا، مرۆڤی بە بەهرە و بەهێز، مرۆڤی میهرەبان و بە ئیحساس و ئازا، مرۆڤی عاقڵ و عاشق ئەوانەن کە مێژوو زۆرجار ناویان نابیستێ و نایانناسێ. مێژوو خزمایەتی و ئامۆزایەتی لەگەڵ لۆژیکێکی دەبەنگ و گەلحۆدا دەکا، مێژوو زەماوەندەکانی لە سەر سەنێر و زبڵی زەلامه زوحاکییەکاندایە، مێژوو یەکەم شەوەکانی شەهوەتی دەداتە کادۆی کەودەن و بڵحەکان. مێژووی گوێی لە زەڕە و حەپەی حیکایەتەکانە و هیچکاتێ مرۆڤە مروارییەکی مەراق نەبووە، مێژوو مرۆڤگەلێ دەکاتە ناو، ناسنامەیان تژیە لە تڕحێویی و تەوەزەلیی، پڕن لە کەلتووری کەودەنیی، لێوان لێون لە خیانەت و خاکفرۆشیی، فولن لە فەلسفەی فەرهود و حەکایەتی حیزفرسەتیی. بەڵێ ئەها، ئەی ئەوەنییە، زۆرێک وەک قادرمەی قەدەر لە پێشیاندا دانرابێ چوونەتە چڵەپۆپەی دەسەڵات؟
لەکاتێکدا ناشزانن مێشی نێودەمیان دەرکەن.
ئەی ئەوە نییە لەم ساڵانەی دواییدا لەوڵاتێکدا با ناوی نەبەم ههه خەڵکانێ ڕێک بوونە سەرۆکی کۆمار، کە لەژیانیاندا لۆچی کراسەکەیان تێکنەچووە، نەخێر لە مەجلیسێکدا ملێکیان نەسوڕاندووە، نەخێر ئەلفێکیان ئیزافەی ئینشایەکی یەکی سەرەتایی نەکردووە کە بۆ نمونە لەسەر نیشتمان بێ.
باوەڕتانبێ خەڵکێک بووەتە سەرۆک کۆمار کلکی خۆی و گێزەر جودا ناکاتەوە، لەکاتێکدا دەیانی وەک مورتەزا شێریان بەگوێ دەگرت، لەکاتێکدا دەیانی وەک کوڕی سەعید سڵیان لە شەپۆلی دەریای دنیای سەرمایەداری نەدەکردەوە، لەکاتێکدا هیچ باوەڕکەن هەرچی بڵێین زیادەیە.
لەم وڵاتەدا ئەوەی دەستی قەڵەمی گرت، ئەوەی توانی بیربکاتەوە، ئەوەی هەڵوێست و هونەری ژیانی پێبوو، ئیرەیی چواردەوری، ئیرەیی ئەوانەی ئەبنە خودی خانەوادەو کلتوری کوچەو کۆڵانەکەی، ئیرەیی ڕەفیق و دۆست و دلاوەرەکانی ژیانی، ژەهر دەکەن بە قورگی هەنگاوەکانیدا، بۆیە لەم ململانێ و پاشقولگرتن و پێپێدانانەدا، کابرای کەودەن، وەک کیسەڵی پێشبڕکێکە، کاتێ دەزانیین شاوری شۆڕشگێڕی و شاهانەی بۆ لێدراوه!