بۆچی شه‌ریف پاشای خه‌ندان پێیوابوو ئه‌سته‌مه‌ هه‌موو كورد یه‌ك سه‌رۆكى هه‌بێت ؟

شەریف پاشای خەندان له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیادا

ره‌نج نه‌وزاد 2019.04.17 01:41 PM
5631 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

بەشی (٢)
جەنگی یەکەمی جیهانی بەرەو تەواو بوون دەچوو، بەریتانیا خۆی ئامادەکردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دابەشکردنی بۆ چەند دەوڵەتێکی نەتەوەیی، بۆیە دەبوو نەتەوەی کورد لەبەرچاوبگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بروسکەیەک بۆ سێر پێرس کۆکس دەنێرێت و تیایدا داوای لێ دەکات چاوپێکەوتێک لەگەڵ شەریف پاشا ساز بکات لە فەرەنسا، ئەو کات شەریف پاشا بە تەواوی فکری گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو و ببووە ناسیونالیست و سەربەخۆیخواز. 

لە ٣/٦/١٩١٨ شەریف پاشا و سێر پێرس کۆکس چاویان بەیەک دەکەوێت وشەریف پاشا داوای لێ دەکات کە حکومەتی بەریتانیا دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دروست بکات وهەر خۆشی (شەریف پاشا) ببێتە سەرۆکی ئەو دەوڵەتە.

بەپێی ئەرشیفی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بارەی کورد و هەوڵەکانی شەریف پاشا بۆ دۆزی سەربەخۆیی کورد کە دکتۆر کەمال مەزهەر بەشێکی زۆری بینیووە لە لەندەن و ناوەڕۆکەکانی وەگێراوەتە سەر زمانی کوردی.

سێر پێرس کۆکس 1864 ـ 1937


هەروەها بەپێی وەگێرانی بەشێکی زۆری بروسکە و نامەکانی شەریف پاشا لە لایەن د. نەجاتی عەبدوڵا لە زمانی فەرەنسیەوە بۆ کوردی؛ شەریف پاشا پێی وابووە بە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگای کوردی بەسەر چەندین هۆز وعەشرەتدا، قورسە بتوانرێت سەرۆکێک بۆ دەوڵەتی کوردی هەڵبژێردرێت، چونکە هەر هۆزە و نوێنەر و ئاغاکەی خۆی بە شایستە دەزانێت و بەمەش هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ دەوڵەتی کوردستان کارێکی ئەستەم دەبێت و دەبێتە مایەیی پشێویی.

لەو بارەیەوە شەریف پاشا دەڵێت پێویستە سەرۆکی دەوڵەتی کوردستان کەسێکی کورد و خاوەن ئەزموونی سیاسی و سەربازی بێت و پیگەی گەورەی هەبووبێت لە دەوڵەتی عوسمانی و لە دەرەوەی ئەو ململانێ ناوخۆییانەی کوردەکان بێت، هەروەها کەسێک بێت هاوبیر وپشتیوانی بەریتانیا بێت تا سیاسەتی دەوڵەتی کوردستان بگونجێت لەگەڵ سیاسەتی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە واپێویستە ڕاستەوخۆ سەرۆکێک هەڵبژێردرێت لە لایەن هاوپەیمانیانەوە بۆ ئەو دەوڵەتە..پاشان شەریف پاشا دەڵێت ئەرکی سەرۆکی ئەو دەوڵەتە کوردییە زۆر قورس وگران دەبێت بۆیە ئەگەر حکومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا ئەو شەرەفەم پێبدەن، ئەوا من ئامادەم لەبەر خزمەتی میللەتەکەم وخزمەتی سیاسەتی بەریتانیا ئەو ئەرکە قورسە بخەمە ئەستۆی خۆم..
ئەم وتانەی شەریف پاشا لە و دانیشتنەی لەگەڵ سێر پێرس کۆکس و هەروەها لە نامەیەکی بۆ باڵۆێزی بەریتانیا لە فەرەنسا لە ٦/٦/١٩١٨ دەخاتە ڕوو.

شەریف پاشای خەندان 1865 ـ 1951


هەر لەو ماوەیەدا شەریف پاشا بەچڕی دەست دەکاتەوە بە خوێندنەوە و لێکوڵینەوەی ئەو سەرچاوە ئەوروپیانەی لەسەر کورد نووسراوە و بەڵگەی و زانیاری زۆر بەدەستدەهێنیت لەبارەی مێژووی کورد و جوگرافیا و پێکهاتەی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردیی، هەر لەو ماوەیەدا پەیوەندی دەکات بە چەندین سەرکردەی دیاری ئەو سەردەمەی کورد وەک سمکۆی شکاك و شێخ مەحمود و سەید تەهای نەهری... بۆ پلاندانان و کارکردن لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان.

پاشان بەشێکی زۆری سەرکردە سیاسیەکانی کورد وەک شێخ عەبدولقادری نەهری و ئەمین عالی بەدرخان و شێخ مەحمودی حەفید...  لەسەر ئەوە رێکدەکەون کە شەریف پاشا بکەنە نوێنەری کورد لە کۆنگرەی ئاشتی پاریس کە لە ساڵی  ١٩١٩  ئەنجامدرا لە بارەی دۆخی جیهان لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، زۆرێک لە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان ئامانجیان ئەوە بوو ئەو کۆنگرەیە مافی سەربەخۆییان بداتێ بە تایبەت ئەو ساڵانە هاوکات بوو لەگەڵ بەیاننامە ١٤ خاڵیەکەی وێڵسنی سەرۆکی ئەمریکا کە جەختی لەسەر مافی گەلان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیان کردبوو.

لە بەشی سێیه‌مدا باسی ڕۆڵی شەریف پاشا دەکەین لە کۆنگرەی ئاشتی پاریس.




دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ