شارى سلێمانی له‌ شێخ مارفه‌وه‌ تا شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانى

بەرزنجییەکان.. له‌ میرنشینی بابانه‌وه‌ بۆ ئێستا

هونەر تۆفیق 2024.07.27 02:27 PM
7889 جار خوێندراوەتەوە

بەشی بیست و یەک
بنەماڵەی بەرزنجییەکان بەگشتی و شێخانی بەرزنجە بەتایبەتی لە مێژووی کۆن و نوێی ناوچەکەدا رۆڵی ئایینی و سیاسی دیاریان هەبووە، هەندێک سەرچاوەی مێژوویی ئەو چالاکیەی بەرزنجیەکان دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام و ساسانیەکان.
بەرزنجیەکان بە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا بڵاون، لە سەرەتای ئیسلامەوە پێگەیەکی ئاینی بەهێزیان بۆخۆیان دروستکردووە، زانای ئاینی دیاریان لێ هەڵکەوتووە.
یەکەم بنەماڵەن سۆفیگەرییان هێناوەتە ناوچەکە و تەریقی قادریان بڵاوکردۆتەوە، تەکیە و خانەقاکانیان لە سەردەمی عوسمانیەکاندا ڕێزی تایبەتی لێ گیراوە و لە لایەن سوڵتانە عوسمانی و پادشا سەفەوییەکانەوە پشتیوانی لێکراوە.

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی باباندا شێخانی بەرزنجە دەستەڵاتیان لەگەڵ میرەکانی باباندا دابەشکردووە، دەستەڵاتی سیاسی و ئیداری بەدەست میرانی ئیمارەتەکەوە بووە و دەستەڵاتی ئاینیش شێخانی بەرزنجە بەڕێوەیان بردووە، تەنانەت تێکەڵاوی کۆمەڵایەتیشیان لەگەڵ بنەماڵەی میرانی باباندا هەبووە و ژن و ژنخوازی لە نێوانیان هەبووە. 
لە پاش کەوتنی ئیمارەتی بابان، دەستەڵاتی سیاسیش کەوتە دەست شێخانی بەرزنجە، بنەماڵەی شێخ مارفی نۆدێ ١٧٥٣-١٨٣٨ ی نوێنەراتی سیاسی خەڵکی ناوچەکەیان کردووە.

 

لە پاش شێخ مارف، کاک ئەحمەدی شێخ ١٧٩٣-١٨٨٧ جێگەی باوکی گرتەوە، لە پاش کاک ئەحمەدی شێخ، شێخ سەعیدی کوڕی کە دەکاتە باوکی شێخ مەحمود ١٨٨١-١٩٥٦ شوێنی گرتەوە.
لە ١٩٠٩ دا کاتێک ئیحاد و تەرەقیەکان دەستەڵاتی سەڵتەنەتی عوسمانیان گرتە دەست، لەگەڵ شێخ سەعیددا لە سلێمانی توشی ناکۆکی بوون، شێخ سەعید ئیتحادیەکانی بە لادەر و مولیحد وەسف دەکرد، بۆیە بریاریاندا شێخ سەعید و بنەماڵەکەی نەفی بکەن بۆ موسڵ، لە پاش ماوەیەک مانەوەیان لە موسڵ، لە جەژنی قوربانی ١٩٠٩ دا شەڕێکی گەورە لە نێوان موسڵاویەکان و دەستوپێوەندەکەی شێخ سەعیددا بەرپادەبێت، لە ئەنجامدا شێخ سەعید و شێخ ئەحمەدی کوڕی دەکوژرێن و شێخ مەحمودی کوڕیشی زیندانی دەکرێت، لەو شەڕەدا نزیکەی ٥٠٠ کەس لە هەردوولا دەکوژرێت، شێخ مەحمودیش دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و پەیوەندی سلێمانی بە ولایەتی موسڵەوە دەپچڕێت.

دەستەڵاتی ئاینی و سیاسی دەکەوێتە دەست شێخ مەحمود، لە ١٩١٤ دا کاتێک بەریتانیەکان هێرش دەکەنە سەر ویلایەتی بەسرە و بەغدا، شێخە عەرەبەکانی ئەو دوو ویلایەتە داوای هاوکاری لە شێخ مەحمود دەکەن، ئەویش بە سوپایەکی هەزار سوارەوە بەهانایانەوە دەچێت و بەشداری شەڕی شوعەیبە دەکات. 

شێخ مه‌حمودی حه‌فید

 

لە پاش ئەوەی لە ١٩١٤ ەوە بەهۆی شکستی والیە عوسمانیەکانی بەغدا و بەسرە لە بەردەم هێرشەکانی بەریتانیەکاندا بۆشایی سیاسی لەناوچەکەدا دروست دەبێت، شێخ مەحمود ئەو بۆشاییە سیاسیە پڕدەکاتەوە، ئیدارەی ناوچەکە دەگرێتەدەست،  لە ١٩١٨ دا لەگەڵ بەریتانیەکاندا دەکەوێتە دانوستان، لە دانوستەکانی لەگەڵ بەریتانیەکاندا هیوای بە پرەنسیبەکانی ویلیسن ( سەرۆک کۆماری ئەمریکا ) دەبێت کە ١٤ مەرجی ئەمریکی بوون بۆ بەشداریکردنیان لەجەنگی جیهانی یەکەمدا، دووان لەو مەرجانە مافی چارەخۆنووسی گەلان بوو لەپاش جەنگەکە.

بەریتانیەکان بەڵێنیان بە شێخ دابوو کە کوردستانی سەربەخۆی تەسلیم دەکەن، شێخ مەحمود بەسەرپەرشتی بەریتانییەکان ( میجەر نوئێل و میجەر دانلیس ) ئیدارەی ناوچەکەی دەکرد، بەڵام دواتر نێوانی لەگەڵ بەریتانیەکاندا تێکچوو، ئەفسەرەکانیانی زیندانی کرد، بەریتانیەکان هێرشیان کردە سەر شێخ مەحمود، سوپاکەیان شکاند و خۆشیان بەدیل گرت، سزای لەسێدارەدانیان کەمکردەوە بۆ نەفی کردنی بۆ هیندستان.
له‌ ١٩٢٢ شێخ مەحمودیان لە هیندستانەوە هێناوە و کردیانە نوێنەری سلێمانی، حکومەتێکی مەحەلی لە سلێمانی بە سەرۆکایەتی شێخ قادری برای پێکهێنا، کاتێک بەریتانیەکان شا فەیسەڵیان وەکو پادشای عێراق ڕاگەیاند ١٩٢٢، شێخ مەحمودیش لە هەمان کاتدا خۆی وەکو مەلیکی کوردستان ڕاگەیاند، شەڕ لە نێوان بەریتانی و شێخ مەحموددا هەڵگیرسایەوە لەبەرئەوەی ئیعترافی بە پادشابوونی فەیسەڵ نەدەکرد لە عێراقدا، بەڵام بەریتانیەکان حکومەتەکەی شێخیان ڕوخاند و شێخ هەڵهات بۆ ئێران.

شێخ قادری حه‌فید و حه‌پسه‌خانی نه‌قیب

 

لە پاش کۆتایی ژیانی سیاسی شێخ مەحمود، کوڕەکانی : شێخ لەتیف و شێخ باباعەلی رۆڵی سیاسی شێخیان دەگێڕا.
شێخ لەتیف ١٩١٧ - ١٩٧٢، لە سیەکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵی برایەتی دامەزراند ، دواتر کۆمەڵەی کوردیەت ( دواتر کە کوردایەتی لێوە دروست بوو ) یان دامەزراند، لە ١٩٤٦ دا ، کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا ، کرایە جێگری سەرۆکی پارتی ( جێگری مەلا مستەفای بارزانی ). 
شێخ بابا عەلی ١٩١٢ - ١٩٩٦ چەند جارێک لە حکومەتەکانی عێراقدا کرایە وەزیر، لە ١٩٤٦ وەزیری دارایی بوو، لە ١٩٥٨ وەزیری گەیاندن و کاربوو، له‌ ١٩٦٣ دا کرایە وەزیری کشتوکاڵ.

هەر لە بەرزنجیەکان سەرکردەی سیاسیی دیکە کە رۆڵی سەرەکیان هەبووە لە دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستاندا، شەهید شێخ شەهاب (خاڵە شەهاب) ١٩٣٢-١٩٧٦ و شاسوارجەلال (شەهید ئارام ) ١٩٤٧ -١٩٧٧ بوون، سۆزانی خاڵە شەهاب ئەندام پارلەمانی کوردستان بوو، وەزیری دارایی ئێستای هەرێمی کوردستانیش ئاواتی شێخ جەناب برازای خاڵە شەهابە، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان د. سامان حسێن مەحمود لە بنەماڵەی بەرزنجییە.

شێخ له‌تیف كوری شێخ مه‌حمودی حه‌فید و مه‌لا مسته‌فای بارزانی

 

عومەر بەرزنجی، باڵوێزی عێراقە لەڤاتیکان و وەکیل وەزیری دەرەوەی عێراق بوو، عەمەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە شێخانی بەرزنجەیە.
هەریەک لە مستەفا کاوە حەفید نەوەی شێخ مەحمود و عیسا رەشید بەرزنجی ئەندامی باڵای ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیمن.
 
شێخانی کەسنەزانیش لە شێخانی بەرزنجەن، مەڵاسی شێخ محەمەد شێخ عەبدولکەریم وەزیری بازرگانی عێراق بوو لە ٢٠١٤ دا، دکتۆر نەهرۆ شێخ مەحمود ئەندام پارلەمانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی یەکێتی نیشتمانی عێراقی بوو.
هەر لە بنەماڵەی بەرزنجیەکان شێخ جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی، پارێزگاری سلێمانی 1980 ـ 1990 لە سەردەمی دەستەڵاتی بەعسدا، دواتر کرایە سەرۆکی مەجلیسی تەنفیزی کوردستان. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ