له‌مه‌ودوا نه‌وتی كوردستان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌بێت ؟

نه‌وت له‌ نێوان عێراق و توركیادا.. له‌ 1973وه‌ تا بڕیاره‌كه‌ی دادگای پاریس

زمناکۆ عوسمان 2023.05.01 02:45 AM
3229 جار خوێندراوەتەوە

زمناکۆ عوسمان

نوسه‌ر و توێژه‌ر
ماستەر لە جوگرافیای سیاسی

گرفت وململانێکانی کەرتی ووزەی نێوان هەرێم و بەغداد دواجار لەناوخۆدا چارەسەر نەکراو دادگایەکی نێودەوڵەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی ناچارکرد بە ڕاوەستان لە هەناردەکردنی نەوت و سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ.

لە ساڵی ١٩٧٣ دوای خۆماڵیکردنی نەوت لە عێراقدا حکومەتی عێراق و تورکیا ڕێککەوتن لە هەناردەکردنی نەوت لە عێراقەوە بۆ بەندەری جیهان پاشان چەند ساڵێکی تر لە ماوەکانی (١٩٧٦-١٩٨٠-١٩٨١-١٩٨٥-١٩٨٦) دواجاریش لە ساڵی ٢٠١٠  هەمواری ڕێکەوتنەکەیان کردەوە، لە کۆتا هەموارکردنەوەدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن (پێویستە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە لایەن تورکیاوە بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی بێت، هەروەها لە کاتی سوود بینینی لایەنی سێیەم لە بۆری گواستنەوەی نەوتی نێوانیان پێویستە بەپێی ڕەزامەندی هەردوو لایەنی تورکی –عێراقی بێت، و لەکاتی بوونی ناکۆکی لەنێوانیاندا وچارەسەرنەکردنی گرفتەکانیان پەنا ببەنە بە دادگای ژووری بازرگانی پاریس کە دادگایەکی نێودەوڵەتییە و بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابووریە نێودەوڵەتییەکانەو لە ١٠٠ ئەندام پێکهاتووە و نوێنەرایەتی ٩٠ ووڵات دەکات.
دواتر و دوای بڕیاری سەربەخۆی لە سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ و گرێبەستی ٥٠ ساڵەی هەرێم و تورکیا حکومەتی عێراقی لە ساڵی ٢٠١٤ سکاڵای دژی تورکیا تۆمارکرد بە پێشێلکاری لەسەر کەرتی ووزەی عێراق لە بوارەکانی (گواستنەوە، هەڵگرتن، بەکارهێنان، بارکردن، فڕۆشتن)، بەڵام بەهۆی بارودۆخە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانەوە لەو ماوەیەدا دادگا هەرێمی کوردستانى بە بەشێک لە عێراق دانا و بڕیاری گواستنەوەی نەوتی بە نایاسای دانەنا، بەڵام لەژێر گۆڕانکاری بارودۆخە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بەتایبەت دوای دروستبوونی ململانێکانی کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراقی لە کێڵگەکانی باشووری عێراقدا کە داوای پشکی لە سەدا ٤٠ ئەو کۆمپانیایانەیان دەکرد و هەروەها خوێندنەوەی فەرەنسا بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان و کەمبوونەوەی هەژموونی و زیادبوونی هەژموونی کۆمپانیا ڕوسیەکان بەتایبەت ڕۆزنەفت، هاوشان ویستی لەو ڕێگەیەوە گورزێک لە تورکیا بدات لە بەرامبەر ململانێکردنی کۆمپانیاکانی لە بواری وەبەرهێاندا لە ناوچە ئازادکراوەکانی موسڵدا کە کۆمپانیا تورکیەکان باڵادەست تر بوون بەرامبەر کۆمپانیا فەرەنسییەکان.
بۆیە دواجار دادگاکە لە ٢٣/٣/٢٠٢٣ بە پشت بەست بە هەموارکردنەوەی ڕێکەوتنی نێوان عێراق و تورکیا لە ساڵی ٢٠١٠ دەرەنجامی سکاڵاکەی عێراقی دژ بە تورکیا یەکلاکردەوە لە پەرژەوەندی عێراق، تورکیای تۆمەتبارکرد بە پێشێلکاری لە هەناردە و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان جگە لە ڕاگرتنی نەوت داوای قەرەبووکردنەوەی کرد لە لایەن تورکیاوە بۆ عێراق بە بڕی (١،٤) ملیار دۆلار، لە بەرواری ٢٧/٣/٢٠٢٣ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهان ڕاگیرا.
دوای بریاری دادگا و ڕاگرتنی نەوت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغداد بە ئامانجی بەدیهێنانی چارەسەر و ڕێکەوتن کە دواجار هەرێمی کوردستان بە یەک بژاردە و بە ناچاری کە دەبێت هەر ڕێکبکەون لە ئابووری سەربەخۆوە پاشاکشەی کرد بۆ ڕێکەوتنی ناچاری و لە بەرواری ٤/٤/٢٠٢٣ هەردوولا ڕێکەوتن:
١-ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جیهان بکرێت لەژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەو فڕۆشتن.
٢-داهاتی نەوتی فڕۆشراو بخرێتە هەژمارێکی تایبەتەوە لەژێر سەرپەرشتی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا.
٣-دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی کە ٢ کەس لە هەرێم و ٢ کەس لە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ سەرپەرشتیکردن و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەکە و هەناردەی نەوت.
٤-پێدانی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بە کورد.
لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتننامەیە دەبێتە هۆی یەکخستنی سیاسەتی ووزەی عێراق و فڕۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخی برێنت بەمەش پارەی داهاتی نەوت زیاتر دەبێت، بۆ نمونە ئەگەر بەراوردێک تەنها بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بکەین و چەند سیناریۆیەک بخەینە ڕوو کە تیایدا حکومەتی هەرێم بڕی (١٤٤ ملیۆن ٤٠٤ هەزارو ٤١٢) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە کە تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک نزیکەی (٨٥) دۆلار بووە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فڕۆشراو نزیکەی(١٢ ملیار و٣٣١ ملیۆن و ٤١٧ هەزار دۆلار) بووە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان خەرجیەکانی بەرهەم هێنانی نەوت نزیکەی بەڕێژەی لە سەدا (٥٤) بووە و تەنها ڕێژەی لە سەدا (٤٦) داهاتەکە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، بەم پێیە لە کۆی داهاتی نەوت نزیکەی (٥ ملیار و٧٠٩ ملیۆن ٧٠٤) هەزار دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بەڵام ئەگەر بێت و نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە بفڕۆشرێت بە هەمان ڕێگە و شوێنی هەرێمی کوردستان کە ڕێژەی خەرجییەکەی لە سەدا (٥٤) نرخی یەک بەرمیل نەوتی فڕۆشراوی سۆمۆ بە نزیکەی (٩٥.٤٤) دۆلار فڕۆشراوە بەو پێیە کۆی داهاتەکەی دەبێتە (١٣ ملیار و٧٠٠ ملیۆن و٣٠٧ هەزار) دۆلار لەو بڕە داهاتەش نزیکەی (٦ ملیارو ٣٤٦ ملیۆن ٥٤ هەزار) دۆلار دەبێت بەو پێیە ڕێژەی داهات نزیکەی (٦٣٦ ملیۆن و٣٥٠ هەزار) دۆلار زیاتر دەبێت لە فڕۆشتنی نەوت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ئەگەر بێت و فڕۆشتن لە ڕێگەی سۆمۆوە بێت بە هەمان رێکاری نەوتی عێراق ئەوکاتە کۆی داهات کە (١٣ ملیار و٧٠٠ ملیۆن و٣٠٧ هەزار دۆلارە) تەنها نزیکەی ڕێژەی لە سەدا ٢٠ دەڕوات بۆ خەرجی بەرهەم و گواستنەوەی نەوت و نزیکەی لە سەدا ٨٠ داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت کە دەکاتە (١١ ملیار و٣٧ ملیۆن و ١١٨ هەزار) دۆلار بەو پێیە بڕی داهاتی فڕۆشراو لە ڕێگەی سۆمۆوە (٥ ملیار و ٣٢٧ ملیۆن و٤١٤ هەزار) دۆلاری زیاترە لە فڕۆشتن لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە و کە دوو بەرامبەرە، هەرچەندە بەپێی ژمارەو زمانی ئابووری سودی زیاتە بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا سوودی بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەبێت؟ یاخود بابەتەکە بە سیاسی دەکرێت و دواجاریش ئەوانەی عێراق بەڕێوەدەبەن پێویستیان بە ڕێکەوتنی حیزبی و سیاسی هەیە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ